خرۆشانی خوێندکاران بەشێکە لە جەنگی چینایەتی!

  چەند رۆژە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان شەقامەکانی شاروشارۆچکەکانیان کردۆتە مەیدانی بەرەنگاری دژی دەسەڵاتی میلیشایی بۆرژوازی کورد و حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی. هێزی ئەو بەرەنگاریە بەجۆرێکە کە سەرتاپای کۆمەڵگای کوردستانی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوەو دەسەڵاتیشی تووشی ترس و هیستریا کردوە. چەک بەدەستانی حکومەتی کوردایەتی، بەعس ئاسا سەرقاڵی سەرکوت و داپڵۆسینی خوێندکارانن، بەڵام خوێندکاران چاونەترسانە ڕوبەروویان دەبنەوەو رۆژبەڕۆژ جەربەزانەتر دێنەوە سەرشەقامەکان. سۆزی خەڵك لەگەڵ خرۆشانی خوێندکاراندا بەجۆرێك فراوانە کە بەئاسانی دووری و ناحەزبوونی دەسەڵاتی کوردایەتی بە خەڵکی کوردستان نمایش دەکات و وەکو دەسەڵاتێکی دوژمن لەلایەن خەڵکەوە ناودەبرێن. کار بەو ڕادەیە گەیشتوە کە مامەڵەی دەسەڵاتی کوردایەتی لەگەڵ خۆپیشاندەران و خوێندکاراندا لەگەڵ مامەڵەی دەسەڵاتی رژێمی بەعس و جەلادەکانی ئەو رژێمەدا بەراورد بکرێن!
ناڕەزایەتی خوێندکاران بەڕواڵەت بۆ خواستی گێڕانەوەی دەرماڵەیە کە لەلایەن حکومەتی خۆماڵی کورادیەتیەوە لێیان زەوت کراوە، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیە ئاکامی پەنگخواردنەوەی ناڕەزایەتیەکی قووڵی کۆمەڵایەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێشی کوردستانە کە لەسایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورددا تەنانەت خەریکە باجی هەڵمژینی هەواشیان لەسەر دابنێن و هەرچی خزمەتگوزاری گشتیە ڕادەستی بازاریان کردوەو باری سەرشانی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەت و زەحمەتکێشیان بەجۆرێك گران کردوە کە ئیتر قابیلی تەحەملو کردن نەماوە! خوێندکارانێك کە رژاونەتە سەرشەقامەکان و داوای دەرماڵەو خزمەتگوزاری و بایەخدان بە خوێندنی حکومی و زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان دەکەن، لەڕاستیدا رۆڵەی خێزانە کرێکاری و زەحمەتکێش و کەمدەرامەتەکانی کوردستانن، کە لەسایەی دەسەڵاتی کوردایەتیەوە، کرێ و مووچەکانیان تەنانەت بەشی دابینکردنی ژیانێکی کولەمەرگی ناکات. ئەوان رۆڵەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەن کە حکومەت مووچەکانیانی خستۆتە ناو قورگی شێرەوەو ژیانی هەژاری و نەدارییان بەسەردا سەپێنراوە! خوێندکارانی ناڕازی بەم خرۆشانەیان بەرگری لە ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دەکەن. بەرگری لە کرێ و مووچەی دایک و باوکیان دەکەن و لەو رێگایەوە دەیانەوێ بەشێکی کەم لە موچەی دزراوی خێزانەکانیان وەربگرنەوە. خرۆشانی خوێندکاران بەشێکە لە جەنگێکی چینایەتی کە هەر ئێستا بەڕێکەووتوە. جەنگێك لەپێناو ژیانێکی یەکسان و شەرافەتمەند بۆ هاوڵاتیانی کوردستان. جەنگێکە دژ بە نایەکسانی و تاڵانکردنی داهاتی خەڵك لەلایەن دەستەیەکی مافییایی دەسەڵات بەدەستەوە کە ژیانێکی شانەهانەیان بۆ خۆیان و دەستوپێوەندەکانیان دروست کردوەو زۆربەی کۆمەڵگای کوردستانیان لە بێمافی و هەژاری و نا عەدالەتیدا ڕاگرتوە. هەر ئەوەشە کە ئەوای کردوە خرۆشانی خوێندکاران جێگای پشتیوانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی زەحمەتکێش و کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان بێت. ئەوان بەو بەرەنگاریەیان بەرگری لە بەهاکانی ژیان دەکەن. بەرگری لەمافی یەکسانی ژیان دەکەن بۆ دانیشتوانی کوردستان.
ئەم خرۆشانەی خوێندکاران سەرەنجام دەبێت بگۆڕدرێت بۆ بزوتنەوەیەکی فراوانی خوێندکاران ولاوانی کوردستان، کە بتوانێ وەکو بەشێكی پێشڕەو لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستاندا جێگا بگرێت. دەبێ لەڕووی رێکخراوەیەوە خۆی رێك بخات و لەڕووی سیاسیەوە ببێتە خاوەنی ڕابەریەکی سیاسی شۆڕشگێر و ڕادیکاڵ. دەبێ هەموو تاڵە دەزوەکانی بە بزوتنەوە بۆرژواییەکانی کوردستان بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستی و شێوە لێبراڵەوە بپچڕێت. ئەم خوێندکارانەی ئێستا بۆ خواستی گێڕانەوەی دەرماڵە و ئاڵوگۆڕ لەسیستەمی خوێندندا هاتونەتە مەیدان، ناچارن دوای تەواوبوونی خوێندنەکانیشیان بۆ خواستی دامەزراندن و بەدەستهێنانی فرسەتی کار دوبارە بێنەوە سەرشەقامەکان، وەکو چۆن ساڵانی رابردوو هاوڕێکانی ئەوان کە پێشتر خوێندنیان تەواوکردبوو چەندینجار ئەو کارەیان کرد. ئەوان هێزێکی کاری کارامەو شارەزای داهاتووی کۆمەڵگای کوردستانن، کە دوبارە دەبێت لەپێناو دابینبوونی ژیاندا یەخەی دەسەڵاتی کوردایەتی بگرنەوە، بۆیە پرسی خۆڕێکخستن و رێکخراوبوون و دەستڕاگەیشتن بە سیاسەتێکی ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی کە تەعبیر بکات لە ئامانج و ئومێدەکانیان و بەهرەمەندبوون لە رابەریەکی سیاسی شۆڕشگێر و سۆشیالیست یەکێکە لە مەرجەکان و پێداویستیەکانی بەردەوامی و گەشەو پێشرەویی ئەم جموجوڵەی خوێندکاران و بزوتنەوەکەیان لەم نەبەردە چینایەتیەدا کەدەستیان پێکردوە.
سەرکەوتنی خوێندکاران لەم نەبەردەی ئیستایاندا و بەدەستهێنانەوەی مافی خەرجکردنی دەرماڵەو باشکردنی دۆخی خوێندن لە زانکۆو پەیمانگا حکومیەکاندا، دەبێتە دەسپێکێکی مەزن لە ڕەوتی بزوتنەوەی خوێندکاران و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستاندا بەگشتی و پاشەکشەیەك بەسەر دەسەڵاتی کوردایەتیدا دەسەپێنێ لەبەرامبەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستاندا.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *