دەبێ دەستبەجێ وەڵام بەداخوازیەکانی خوێندکاران بدرێتەوە و دەستگیکراوەکانیش ئازاد بکرێن

بۆ ماوەی سێ رۆژ خرۆشانی سەراسەری خۆیندکارانی بەشە ناوخۆیەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان سەرتاپای کۆمەڵگای کوردستانی خستە ژیر کاریگەریی خۆیەوە. خوێندکاران بۆ خواستی گیڕانەوەی دەرماڵەو باشکردنی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆیەکان، کە ماوەی ٧ ساڵە بە پاساوی جۆراجۆرەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لێیان زەوتکراوە، شەقامەکانی شارو شارۆچکەکانی کوردستانیان کردە مەیدانی بەرەنگاری و ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنی و میلیشیاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، کە بەشێوەیەکی دڕندانە کەوتنە سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ناڕازی و دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی فراوانی رەشبگیری و سەدان خۆیندکاریان لە کونجی زیندانەکاندا راگرتوە.

 حکومەتی هەرێم لە بری وەڵامدانەوە بە داواکاری خوێندکاران، رێگای سەرکوت و داپڵۆسین و ئەشکەنجەو زیندانیکردنی ئەوانی گرتەبەر و بەوکارەی ئەوەندەی دیکە خۆی خستە بەرامبەر خەڵکی ناڕازی کوردستان و بەتایبەتی گەنجان و خوێندکارانەوە. مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هێزە ئەمنیەکانیان رێك وەکو هێزێكی بێگانە بە خەڵك و خوێندکاران بەجۆرێك بوو کە ڕەفتارەکانی رژێمی بەعسی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان وەبیر خەڵك دەهێنایەوە.

خوێندکارانی ناڕازی کە رۆڵەی خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەت و زەحمەتکێشەکانی کوردستانن، بۆ بەرگری لەژیان و گوزەرانی خۆیان دەنگی ناڕەزایەتیان  دژی دەسەڵاتی نایەکسان و گەندەڵی هەرێم هەڵبڕی. ئەوان نەوەیەکی هوشیارن کە دەزانن بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی کەسوکاریان لەلایەن کۆمەڵێك مافیای دەسەڵات بەدەستەوە زەوت دەکرێت. دەزانن کە ئەوەی داوای دەکەن سەرەتاییترین مافێکی خۆیانەو لێیان زەوتکراوە. ئەوان بۆ بەرگری لەمافی زەوتکراوی خۆیان ڕژانە سەرشەقامەکان. ئەوان بەشێكن لە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەت و مافخوراوی کوردستان بۆیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانیان بەفراوانی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پشتیوانی لێدەکرێ.

ئەو چەکدارانەی کە بە فەرمانی کۆمەڵێك مافیای تاڵانچی تەقە لە خۆێندکاران دەکەن، دەبێ بزانن کە لەسەر حسابی نان و پارووی دەمی کەسوکاری ئەو خوێندکارانە پڕ چەك دەکرێن و خەرجیان دەدرێت. دەبێ ئەوە بزانن کە چارەنوسی ئەوانیش لەوانەی پێشخۆیان کە خەڵکی کوردستانیان سەرکوت دەکرد باشتر نابێ. باشترە ویژدانی خۆیان بکەنە دادوەرو لەپاڵ دەزگای تاوانکاری کۆمەڵێك مافیادا ڕانەوەستن و فەرمانی بەرپرسەکانیان دژ بە خوێندکاران جێبەجێ نەکەن.

 ئەگەرچی تا ئیستا دەسەڵاتداران و حکومەت وەڵامێکی ئەوتۆیان بەخواستەکانی خۆێندکاران نەداوەتەوە، بەڵام دەستیانداوەتە کەمپینێکی تەخوینکردنی خۆپیشاندەران و بەتاوان هەژمارکردنی بەشداریکردنی کەسانی ئازادیخواز لە خۆپیشاندانی خوێندکاران و پشتیوانیکردن لە خواست و ناڕەزایەتیەکەیان. دەیانەوێ لەو ڕێگایەوە هەم خوێندکاران تەریك و بێپشتیوانی بکەن تا بە ئاسانی سەرکوتیان بکەن و گوێ لە جێبەجێکردنی خواستەکانیان بخەوێنن، هەم مافی پشتیوانی و بەشداری خەڵك لە خۆپیشاندان و ناڕەزاتیەکانی توێژە جیاوازەکاندا قەدەغە بکەن، تا بەوجۆرە خەڵك لە یەکتر داببڕن و بەر بە رێکخراوبوون و فراوانبوونەوەو سەراسەری بوونی ناڕەزایەتیەکان و خۆپیشاندانەکان بگرن.

 ئەگەرچی ئێستا بەزەبری هێزو بە سەربازگەکردنی زانکۆ و پەیمانگاکان و گرتن و هەڕەشەو چاوسورکردنەوە و ڕاگرتنی دەوام، بەشێوەی کاتی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران خامۆشکراوە، بەڵام هێزو وزەی خوێندکاران، کە لەماوەی رۆژانی ڕابردوودا گۆشەیەکیان لێ نمایش کرد، توانای ئەوەی هەیە ئەو تەوقە بشکێنێ و دوبارە زانکۆ و پەیمانگا و شەقامەکان ببنەوە بە مەیدانی بەرەنگاری و روبەرووبونەوە. بەڵام بۆئەوەی ئەم ناڕەزایەتیەی خوێندکاران بەسەرەنجام بگات، دەبێ ناڕەزایەتی و بزوتنەوەی خوێندکاران لەگەڵ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی گشتی جەماوەریدا کە ئامانجی کۆتاییهاتنە بەدەسەڵاتی ئێستا، جووت بێت کە هەر ئێستا ئەویش قوڵپ دەدات. هەنگاوی یەکەمیش لە ئاڕاستەیەدا ئەوەیە کە خوێندکاران خۆیان رێکخراو و یەکگرتوو بکەن، رێکخراوی سەربەخۆ و دڵخوازی خۆیان دروست بکەن. بزوتنەوەکەیان پێویستی بە رابەران و پیشرەوایەتیەکی رادیکال وشوڕشگیر هەیە. پێوستیان بەپشتیوانی مامۆستایان و فەرمەنبەران و کرێکاران و ژنان و بەشە ناڕازیەکانی دیکەی کۆمەڵگا هەیە. پێویستیان بەسەراسەری کردنەوەی ناڕەزایەتیەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا بە خۆجیاکردنەوەی ریزەکانیانیان لەو حزب و لایەنانەی بەئیدعای ئۆپۆزسیون بوون دەیانەوێت رەنجی ناڕەزایەتیەکان بکەنە دەستمایەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و شەریك بوون لە دەسەڵات .

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرباری ئەوەی بەتوندی سەرکۆنەی سەرکوت و ئازاردان و لیدان و زیندانی خوێندکاران دەکات و داوا دەکات کە دەستبەجی دەستگیرکراوەکان بەبێ مەرج ئازاد بکرێن، هاوکات پێداگری لەسەر ئەوەدەکات کە خواستەکانی خوێندکاران مافێکی سەرەتاییەو دەبێ دەستبەجێ جێبەجێ بکرێت. مافی فیربوون و خۆیندن بەخۆڕایی و بەهرەمەندبوون لە هەموو پێداویستیەکانی خۆیندن بە مافیکی بێ ئەملاو ئەولاو حاشاهەلنەگر دەزانێت. بانگەوازی کرێکاران  و ئازادیخوازان دەکات فشارەکانی خۆیان بۆ سەر دەسەڵاتداران توند بکەنەوە بۆ دەستبەجێ جێبەجێکردنی خواستەکانی خۆێندکاران و هەروەها ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان لێکەتووە. کۆتاییهینا بە فەزای سەربازی لە ناو زانکۆو پەیمانگاو شارەکاندا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، هاوکات سەرکوتگەریەکانی حکومەتی هەرێم دژ بە خوێندکاران لە ئاستی دەرەوەی کوردستاندا لەقاو دەدات و دەیان حزب و رێکخراو و یەکێتی کرێکاری و رێکخراوی چەپ و کۆمۆنیستی لە ئەوروپا و کەنەداو ئوسترالیاو ئەمریکای لەو پێشێلکاریانە ئاگادارکردۆتەوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *