دەرماڵە ی خوێنکاران مافێکی دەستوریە!

وەستامەهدی         

لە هەرێمی کوردستان ماوەی چەندساڵێکە خوێنکارانی زانکۆۆ پەیمانگان دەرماڵەکانیان پێنادرێ. دەستبردن بۆبرینی دەرماڵەی خوێنکاران هاوزەمان بوو لەگەڵ برێنی دەرماڵەی فەرمانبەران و راوەستانی دامەزراندن و لێگرتنەوەی موچەی مامۆستاو فەرمانبەرو کرێکارانی کەرتی حکومی .

دەرکردنی ئەم بریارە لەلایەن حوکمەتەوە بۆئەوەبوو کە حوکمەت لەو قەیرانە دەرباز بکات کەتێی کەوتبوو. ئەم بریارەی حوکمەتی هەرێم بریارێکە تەواو پێچەوانەی دەستوری عێراقەو تەنانەت پشت بەستوو نییە بەهیچ یاسایەك کە لە پەرلەمانەوە دەرچوبێت .

لەدەستوری کاتیی عێراقی ساڵێ ١٩٧٠هاتووە دەڵێ خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی تا دواقۆناغی زانکۆ بەخۆراییەو دەوڵەت دەستەبەری هەموو پێداویستیەکانی خوێنکار دەکات و هەموو ئەو مامۆستاو بەرێوەبەرو سەرۆك زانکۆیانەش ئەگەر لەو سەردەمە خوێندبێتیان ئەو راستیە دەزانن. هاوکات لەدەستوری تازەی عێراقدا کەساڵی ٢٠٠٥ دەرچووە لە مادەی ٣٤ لەبرگەی ئەلف هاتووە ” زانست فاکتەرێکی بنەرەتییە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگاو مافێکە دەوڵەت دەستەبەری دەکات و فێربون لە قۆناغی سەرەتاییدا ئیلزامییە و دەوڵەت لەسەریەتی نەخوێندەواری نەهێڵێت”. برگەی دوی هەمان مادە ئەڵێ ” فێربونی خۆرایی مافی هەموو عێراقیەکە لە بنەرەتیەوە تاخوێندنی باڵا”.

بۆیە تەنانەت بەپێی دەستوری عێراقیش، خوێنکاران مافی خۆیانە داوای دەرماڵەکانیان بکەن، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی کە لەخێزانی دەست کورت و هەژارن. کێشە و پرسەکانی خوێنکاران کێشەی هەموو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشەو نابێ خۆیان بەجیاواز لەوان بزانن و خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشیش نابێ کێشەی دەرماڵە تەنها بەکێشەی خوێنکارەکان بزانن. هاوکات خۆپیشاندان و مانگرتن و دەست لەکارکێشانەوەش مافن و گشتیان لەدەستوردا باسیان لێکراوە. سەرۆکی وەزیران و کاربەدەستانی حوکمەت باش دەزانن کە خوێنکاران مافی خۆیانە داوای دەرماڵەکانیان بکەن، بەڵام ئەوان نایانەوێ ئەم مافە بەڕەسمی بناسن و نایانەوێ بچنەژێر باری دابینکردنی دەرماڵە بۆ خوێندکاران. بۆیە هەوڵیان بۆئەوەیە کە بەهەرشێوازێك بێت مل بەو خواستە نەدەن.. لەسەرکوتەوە دەستیان پێکرد و پڕوپاگەندەی بێبنەماو چواشەکارانە دەکەن کە گوایە دەرماڵە لەهیچ شوێنێکی دنیادا نادرێ بە خوێندکار، تا ئەوەی کە بەناوی گوێگرتن لە داخوازیەکانیان دەیانەوێ ناکۆکی بخەنە ناو ریزەکانی خوێندکارانەوەو پارچە پارچەیان بکەن. بەڵام پڕوپاگەندەکەی سەرۆك وەزیران و سەرکوتی دەزگا ئەمنیەکان و هەوڵەکان بۆ دروستکردنی دوبەرەکی لەناو خوێندکاراندا هیچیان دادی دەسەڵات نادات و خوێندکاران ئەوەندە هوشیاریان بەدەست هێناوە کە بزانن مافەکانیان چیەو چۆن بۆ بەدەستهێنانیان تێبکۆشن.

ئەم خەباتەی خوێندکاران دەستیان بۆبردوە بەشێكە لە خەباتی گشتی خەڵك و  ئەگەر بەوردی شرۆڤەی بۆبکەین، دەبێ سەرەنجام رووەو گورینی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە هەنگاو بنێت، چونکە کاتێك حوکمەت و دەزگای قەزایی وئەمنی نەتوانن دەستورو یاسایەك جێبەجێبکەن کە خۆیان بەشدارن لە دانانی ئەو دەستورو یاسایانەدا، ئیتر مانای وایە ئەو حوکمەت و دەسەڵاتە توشی بنبەستی سیاسییەو چیتر ناتوانێت کۆمەڵگا بەرێوەبەڕێت و دەبێ خەڵکی نارازی لەبنەوە رێشەکێشی بکات و دەستورو یاسای باشترو دامودەزگای باشترو حوکمەتێکی باشتر دابمەزرێنێ.

ئێسیا خەڵك بەخوێنکارو ماموستاو کرێکارو فەرمانبەرو بێکارو هەموچینوتوێژێکەوە خەرێکە لەو بنبەستە سیاسیوئابوریە تێدەگەن کە دەسڵاتدارانی هەرێم تیی کەوتون بۆیەئەخێر هەنگاو ئەبێ بریارێکی حاسم بێت و هەمومافە زەوتکراوەکانی خەڵك بگێرێتەوە .

بۆپێشەو بەرەو گێرانەوەی مافە زەتکراوەکانمان

٧/١٢/٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *