قەیرانی حکومەتی و بنبەستی سیاسی!

موحسن کەریم      

زیاتر لە دوو مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەنجام دراوەو تائێستا نەتوانراوە حکومەتێکی نوێ پێک بهێنرێت. هێشتا حکومەتی کازمی، وەکو حکومەتی کاربەڕێکەر کە بڕیاربوو کارە سەرەکیەکەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت، کاروباری سیاسی و حکومی عێراق بەڕێوە دەبات! ئەو هەڵبژاردنەی کە دەبوایە قەیرانی سیاسی و حکومەتی کۆتایی پێ بهێنێ، خۆی بوە بەشێك لە پرۆسەی قوڵکردنەوەی قەیرانەکەو ئاسۆیەکی تاریکی خستۆتە بەردەم هێزە بۆرژوازیە ئیسلامی و ناسیۆنالیستیەکان و بگرە سەرەگێژی بۆ ئەو دەوڵەتانەش دروست کردوە کە دەوریان هەیە لە مەشهەدی سیاسی عێراقدا.

ئەوەی وایکرد خودی هەڵبژاردن ببێتە فاکتەرێکی قوڵکردنەوەی قەیرانی سیاسی و حکومەتی، هەڵوێستی خەڵکی عێراق و کوردستان بوو بەرامبەر بەو هەڵبژاردنە. بەشداری نەکردنی زۆربەی هەرە زۆری خەڵک، بنبەستی ئەو بارودۆخە سیاسیەی ڕاگەیاند کە ناویان ناوە پرۆسەی سیاسی. خەڵك شەرعیەتی سیاسی و یاساییان لەو هێزانە سەندەوە کە لەدوای ٢٠٠٣وە دەسەڵاتی سیاسی عێراق پۆستەکانی حکومەت لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن. بەوەش سەرجەم ئەو هێزانە تووشی قەیران و بگرە بنبەستی سیاسی هاتوون. سەرجەمی ئەو هێزانە ناتوانن بەدیلێکی سیاسی و حکومەتی بۆ ئایندەی عێراق بخەنەڕوو. رێك نەکەوتن و ململانێی نێوانیان بەهۆی ئەو گورزەوەیە کە لەلایەن خەڵکەوە لە پەیکەری هەمویان دراوە. ئەوان بێ ئاسۆو بێ بەدیلی سیاسی و بێ پێگەی جەماوەری کە مامەڵەی سیاسی پێوە بکەن، ماونەتەوە. ئێستا بۆرژوازی لە بنبەستی سیاسی و حکومەتیدا پەلوپۆ دەکوتێ.

بەڵام ئەم هەلومەرجە ناتوانێ تا سەر بەوجۆرە بمێنێتەوە. بنبەستی سیاسی و حکومەتی یان سەردەکێشێتە هەڵسان و خرۆشانێکی دیکەی جەماوەری و جەماوەری خەڵکی عێراق بڕیاری خۆیان دەدەن، یاخود بۆرژوازی دەبێت ڕێگایەك پەیدا بکات بۆئەوەی لەو زەلکاوەی تێی کەوتوە رزگاری ببێت! ئێستا بارودۆخی سیاسی عێراق لەسەر لێوارێکە دەبێ بەدیوێکدا بکەوێ. بۆرژوازی عێراقی و دەوڵەتانی ناوچەکەو ئەمریکاو بگرە ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکانیش هەموو هەوڵیان بۆئەوەیە کە جڵەوی بارودۆخەکە لەدەستیان دەرنەچێ و بەهەر نرخێك بوە ئەو دەورانە شڵەژاوو قەیرانگرتوە تێپەڕێنن. بەڵام ئایا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی عێراق و کوردستان دەستەوەستان دادەنیشن تا بارودۆخی سیاسی بە زیانی ئەوان یەکلابکرێتەوە!؟ ئایا خرۆشانی جەماوەری ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ کە فاکتەری سەرەکی بوو لە قوڵکردنەوەی قەیرانی سیاسی و حکومەتی عێراق تا سەرەنجام حکومەتی عادل عبدلمهەدی روخاندو کازمی  بە کورسی دەسەڵات گەیاند، بەو ڕادەیە پاشەکشەی کردوە کە فرسەت بداتەوە بە بۆرژوازی تا خۆی سازبداتەوە، یان ئەگەری ئەوە هەیە کە بەسەر وەهم و کەموکوڕیە سیاسی و رێکخراوەییەکانی خۆیدا زاڵ ببێت و جارێکی دیکە بە تەوژم و توانایەکی دیکەوە بێتەوە مەیدان و مۆری خۆی بدات لە ئایندەی سیاسی عێراق؟

ئەو بارودۆخەی کە بوە هۆی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی جەماوەری و خرۆشانی خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق نەك وەکو خۆی ماوەتەوە، بەڵکو زۆر خراپتر بووە. ژیان و گوزەرانی خەڵک لەجاران خراپتر بووە. نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی، نەبوونی مافە سەرەتاییەکان، تیرۆرو تۆقاندن، سەرکوتی ئازادی و مافە فەردیەکان، گەندەڵێ و تاڵانی داهاتی گشتی لەلایەن هێزو گروپە چەکدارە دەسەڵاتدارەکانەوە، دەستێوەردانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە لەرێگای بەکرێگیراوەکانیانەوە لەناو گروپ و حزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکاندا، نەبوونی ئارامی و ئاسایش و … تاد. هەموویان رۆژانە ژیان و جەستەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەهاڕن. ئەمانە هەمان ئەو زەمینە سیاسی و کۆمەڵایەتیەن کە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خرۆشانێکی دیکەی جەماوەری دەستبەردەکەن. بەڵام ئەرکی ڕابەرانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریە کە ئەزمون لە کەموکوڕیەکانی پێشوو وەربگرن تا بتوانن لەئەگەری سەرهەڵدانەوەی خرۆشانی جەماوەریدا دەوری پێشرەوانە ببینن و زەمینەکانی سەرکەوتن مسۆگەر بکەن. تەیارکردنی جەماوەر بە هوشیاری سیاسی شۆرشگێڕانەو دوورخستنەوەیان لە ئاسۆی سیاسی بۆرژوازی و هێزو ڕەوتە بۆرژواییەکان و رێکخستنیان لەناو رێکخراوەی جەماوەری و حزبی و لە کۆبونەوەی گشتی و لەناو شوراکاندا… دەرکەوتن وەکو بەدیلی دەسەڵاتی بنبەست و قەیرانگرتووی بۆرژوازی .. ئەو مەسەلانەن کە دەتوانن کۆمەك بە تێپەڕاندنی کەموکوڕیەکانی پێشوو بکەن.

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *