لافاو و زریان

جه‌مال موحسین         

سه‌رباری هه‌ژاری و بێده‌ره‌تانی و چه‌ندین ده‌رد و به‌ڵا، ئه‌مجاره‌ مردنی خه‌ڵكی هه‌ژار به‌ لافاو كسپه‌ی له‌ دڵی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان هه‌ستاند. لافاوی ئه‌م دواییه‌ و مه‌رگی چه‌ند كه‌سێك چه‌ند مه‌سه‌له‌ی به‌رجه‌سته‌ كرده‌وه‌. یه‌كێكیان جارێكی تر و هێنده‌ی تر توڕه‌یی و نه‌فره‌تی خه‌ڵكی بێبه‌شی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران زیادكرد. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بێتوانایی و بێباكی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ژیانی خه‌ڵك ده‌رخسته‌وه‌.

٣٠ ساڵه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌گریسه‌ كه‌ هی چینی دارا و سه‌رمایه‌دارانه‌ خه‌ڵكی كوردستانی خستۆته‌ ڕۆخی فه‌نابوون. ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا گرتووه‌. خۆیانی نوقمی پاره‌ و خۆشی و كۆشك و ڤێلا له‌ناو كوردستان وده‌ره‌وه‌یدا كردووه‌ و له‌ملاشه‌وه‌ خه‌ڵكی ده‌ستەنگ و بێبه‌شی هێنده‌ی تر به‌ ناخی نه‌بوونی و هه‌ژاری و كرێچێتی و ده‌یان ده‌رد و به‌ڵای تردا بردۆته‌ خواره‌وه‌. ده‌یان شه‌ڕی ناوه‌ته‌وه‌ و ئاگره‌كه‌ی ئازیزانمانی سووتاندووه‌.

شه‌ڕ ئه‌بێ، ڕۆڵه‌ی هه‌ژار تێدا ئه‌چن و بۆ ئه‌وانیش ئه‌بێته‌ خێر و خۆشی و بازرگانی. نه‌خۆشی بڵاوئه‌بێته‌وه‌، بۆ ئه‌وان ئه‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی پاره‌ و سامان، له‌كاتێكدا ژیانی هه‌زاره‌ها خه‌ڵكی ده‌سته‌نگ ئه‌هاڕێت. كاره‌ساتی سروشتی ڕووئه‌دات بۆ ئه‌وان ئه‌بێته‌ خێر و له‌ژێر ناوی ’’خێر وسه‌ده‌قه‌‘‘دا به‌شێك له‌و پاره‌ و كۆمه‌كه‌ی به‌ ناوی خه‌ڵكه‌وه‌ دێته‌ ده‌ستیان دابه‌شی ئه‌كه‌ن و ئه‌و باقیه‌كه‌ی تری خۆیان ئه‌یدزن… سووته‌مه‌نی نابێ، هه‌ر باجه‌كه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار ئه‌یدات. ئاو نابێ، خه‌ڵك ئه‌خنكێ، ئاو زۆر ئه‌بێت یان لافاو هه‌ڵئه‌ستێت، هه‌ر خه‌ڵك ئه‌خنكێ… له‌ یه‌ك ڕسته‌دا هه‌ر خودی بوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ڵا گه‌وره‌كه‌یه‌ به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكه‌وه‌!

لافاوی ئه‌م دواییه‌ی شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری كه‌ بووه‌ مایه‌ی خنكانی چه‌ند كه‌سێكی تر، جارێكی دیكه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی دوپات كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نانه‌ت له‌ دروستكردنی خانوبه‌رە و وه‌به‌رهێناندا كه‌ زۆر خۆیانی پێوه‌ بائه‌ده‌ن، ته‌نها و ته‌نها سود و قازانجی خۆی له‌به‌رچاوه‌ نه‌ك سه‌لامه‌تی و پارێزراوی ژیانی خه‌ڵك. نمونه‌یه‌كی زۆر ساده‌ی دروستكردنی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری و شێوازێكی ئه‌ندازیاری په‌ڕپوت كه‌ لە دروستکردنی شوقه‌كانی نیشته‌جێبوونی هه‌ژاراندا بەکارهاتوە ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌رئه‌خات. ئاخر ئه‌وان زه‌وی و زاریان بۆ داگیركردنه‌ نه‌ك پڕۆژەیەك كه‌ ببێته‌ مایه‌ی سه‌لامه‌تی و دابینبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و حەوانەوە. هه‌ربۆیه‌ كاتێكیش كاره‌ساتێكی وه‌ك لافاوه‌كه‌ ڕووئه‌دات، به‌ په‌له‌پروسكێ ئه‌كه‌ونه‌ خێردابه‌ش كردن له‌ پاره‌یه‌ك كه‌ خۆیان له‌ خه‌ڵكیان دزیوه‌ و میدیاكانیشیان ئه‌كه‌ونه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی فریوكاری تاكو فه‌زاحه‌تی ئه‌وه‌یان بشارنه‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌رپرسن له‌وه‌ی چه‌ند ساڵه‌ حسابێكیان بۆ چاككردنی ئاو و ئاوه‌ڕۆی شار و شارۆچكه‌كان نه‌كردووه‌ و نایكه‌ن…

ئه‌توانین به‌ سه‌ده‌ها تاوان له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بژمێرین كه‌سەرەنجام  تاكه‌ ئه‌نجامێك پێی بگەین ئه‌وه‌یه‌ کە ئیتر مافی مانه‌وه‌ی نه‌ماوه‌. مه‌حكومیه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ لای خه‌ڵكی بێبه‌ش گه‌یشتۆته‌ ئاستی ئه‌وه‌ی كه‌ ئیتر له‌به‌رامبه‌ر لافاوی نه‌هامه‌تی و نه‌گبه‌تیدا، توڕه‌یی و بێزاری خه‌ڵك ببێته‌ زریانێكی شۆرشگێڕانه‌ی ئه‌وتۆ كه‌ ئیتر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ڕاماڵێت و كۆشك و ته‌لاریان بكاته‌ وێرانه‌. له‌سه‌ر داروپه‌ردوی ئه‌م وێرانه‌یه‌شیان ده‌سه‌ڵاتی بنیاتنراو له‌سه‌ر ئیراده‌ و به‌شداری ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌ش دابمه‌زرێنێ. زریانی ئێمه‌ بۆ كۆتایی هێنانه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و به‌ڵایانه‌ی تا ئێستا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان هاتووه‌.

٢٤ ی دیسێمبه‌ری ٢٠٢١

Check Also

سەبارەت بەکشانەوەی کوتلەی سەدر لەپەرلەمانی عێراق

گفتوگۆ لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف ئۆکتۆبەر: ئەوە لەهیچ کەس شاراوە نیە کە بارودۆخی سیاسی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .