ژیان و گوزەرانی خەڵك و پرسی موچەو خزمەتگوزاریەکان!!

وەستامەهدی                              

ژیان وگوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هێندە ئاڵۆزە, گرانە کەسێکی چاودرێر بتوانێ لەسەر تەواوی کێشەو مەعاناتی خەڵکی ئەم وڵاتە قسەبکات. هەرکەسەو لەرووانگەی خۆیەوە سەیردەکاو قسەدەکات. من دەتوانم هەروا سەرەقەڵەمەکانی ئەوکێشانە بەیان بکەم کە وەك نەخۆشیەکی درێژخایەن ماوەی زیاتر لە٣٠ساڵە بەرۆکی بەشی زۆری خەڵکی کوردستانی گرتووەو بێ چارەسەر ماونەتەوە.

کێشەی کارەبا، کێشەی کەم ئاوی، کێشەی بێکاری، کێشەی خزمەتگوزاری گشتی، کێشەی گرانی داودەرمان و پێداویستی رۆژانە، کەمبونەوەی خزمەتگوزاری تەندورستی خۆرایی، کێشەی پەروەردە، دەرکردنی کرێکار لەسەر کارەکانیان… ئەمانە کۆمەڵێک کێشەن کە بۆچینی کرێکار بۆتە بارگرانیەك و ژیانی  کرێکاری سەخت کردووە. کرێکارێك کە مانگانەکەی ناگاتە ٥٠٠هەزاردینار و مانگانە دووجارپارەی کارەبا بدات، جارێك پارەی موەلیدە و جارێکی تریش پارەی کارەبای رەئیسی، ئەمە بۆدەستەبەرکردنی ئاویش هەروایە، بەتایبەت لەهاویندا کاتێك کە پێویستی بەئاوی زۆرتردەبێ ونۆرە ئاوەکەش هەندێ دوادەکەوێ، دەبێ ئاو بەتەنکەر بکڕێت.

بێکاری لەهەموو کێشەکان خراپترە. بەشێکی زۆر لەخەڵك بێکارن و خاوەن خێزانن وهیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە و دەبێ هەم کارەباو هەم ئاوو گشت پێداویستیەکانی ژیانیشیان هەبێت. بەشێک لە گەنجان ئەوانەی کە خوێندیان تەواوکردووەو لەچاوەروانی ئەوەدان دایان مەزرێنن یان کارێکیان دەست ناکەوێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەهەرێمی کوردستان حوکمەت بیمەی بێکاری بە خەڵکی بێکار نادات. کێشەی خزمەتگوزاری گشتی بەتایبەت پاك راگرتنی شارو گەرەك کە سەردەمانێك حوکمەت خۆی تێچوی پاکردنەوەی دەگرتە ئەستۆ، لەئێستادا سەرەرای ئەوەی مانگانە برەپایەك لە خەڵك وەردەگرن بەڵام هێشتا ئەو خزمەتگوزاریە وەك پێویست دابین نەبووە. ئەوکومپانیایانەی کە کارییان لەحوکمەت گرتۆتەوە پارەی کرێکارنادەن بەبیانوی ئەوەی حوکمەت پارەیان بۆسەرف ناکات. پێش هاتنە سەرکاری حوکمەتی هەرێمی کوردستان بەشە خۆراکی مانگانە دەدرا بە خەڵك کە دەیتوانی بەشێك لە پێداویستیەکانی رۆژانەیان پربکەنەوە و جۆری کوالیتی باش بوو. زیاد لە٣٠ساڵە ئەو بەشە خۆراکە کە بەبایعیەکە ناسراوە، نەما و ناشڵێن هۆکاری چییە ئێستا وای لێهاتووە. کەس نازانێت ئەو بڕە خوراکەی وەریدەگرن هی کام مانگەو دەبێ چەند بدات بە بایعەکە. پەروەردەو خوێندن لەدروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە تا ساڵەکانی ٩٠ یش لە باخچەی ساوایانەوە تاکۆتایی خوێندی زانکۆ، دەوڵەت خۆی دەستەبەری هەمووشتێکی دەکرد، بەڵام ئێستا لە باخچەی ساوایانەوە تا کۆتایی خویندنی زانکۆ خەریکە بەتەواوی دەبێت بەپارە. ئەم کێشانەو دەیان کێشەی تری وەك خراپی رێگاوبان کەرۆژانە دەبێتە هۆی روداوی دڵتەزێن و خەڵکانێك گیان لەدەست دەدەن وخەڵکانیکیش دەبنە کەمئەندام.. زۆربەی ئەم کێشانە بەرۆکی بەچینی کرێکارو خەڵکی کەمدەرامەت گرتوە و سەرمایەداران و دەوڵەمەندانیش لە ژیانی شاهانەدا ژیان بەسەر دەبەن.

ئەم کێشانە لەکاتێکدایە حوکمەت لەساڵی ٢٠١٣ وە بەبیانوی چاكسازیەوە هەم بەشێك لە فەرمانبەران و کرێکاران، ئەوانەی لەسەرمیلاکی حکومەتن و لە دامودەزگاکانی حوکومەتدا کاریان دەکرد، یان خانەنشین کراون بەموچەیەك کە زۆرلەوە کەمترە بتوانێت پیی بژی، یان لەوشوێنانەی خۆیان گوازراونەتەوەو دائیرەکانیان هەڵوەشاندۆتەوە. هاوکاتیش بەبیانونی قەیرانی ئابوریەوە بەشێوەی جۆراوجۆر دەستیان بردووە بۆ موچەو لییان بڕیوە یان پاشەکەوتیان کردووە. ئەم کێشانە سروشتی نین و سەرچاوەکانیان دەسەڵات و حوکمەتە. نیشانەی ئەوەیە کە ئەم دەسەڵات وسیستەمە سیاسیە ناتوانێت ئیدارەی خەڵک بکات وە یا نایکات. جیاوازی چینایەتی بەجۆرێكە بەشی هەرەزۆری خەڵك کە چینی کرێکار پێکدەهێنی، ناتوانن ژیانێک دەستەبەر بکەن بۆ خۆیان شایستە بێت. بەشێکی کەمیش کە خاوەنی دەسەڵاتن، هەرچی سەروەت وسامانی سەرزەوی وژێرزەوی هەیە زەوتیان کردووە.

خەڵك بەرێگای جۆراجۆر هەوڵی داوە کە لەرێگای داخوازیەوە وەڵام بەکێشەو مەعاناتەکانی بدەنەوە لەو پێناوەدا سەدان کەس بوونەتە قوربانی و بەناحەق ژیانیان لەدەست داوە یان لەگۆشەکانی زیندان ژیان بەسەردەبەن. تادێت کێشەکان زیاتردەبن، تاوانکاری ودیاردە ناشیرینەکان زیاد دەکەن. ئەم وەزعیەتە بەجۆرێکە بەشێك لەوانەی کە بەهەرشێوەك شتێکیان کۆکردبێتەوە دەیکەنە پارەو سەری خۆیان هەڵئەگرن و روودەکەنە رێگای هاتونەهات و ئەوانەش کە لەدەسەڵاتن توانجیان لێدەدەن .

ئێستا خەرێكە زۆرێك لەخەڵك چیتر چاوەروانی ئەوەنین کە ئەم حوکمەت ودەسەڵاتە کۆتایی بەکێشەو مەعاناتەکانیان بهێنێت. سەرباری ئەوەی نارەزایەتیەکان بەردەوامن و هەررۆژەو لەلایەک و بۆشتێك خەڵك دێتە سەرجادەو ماندەگرێ و کاررادەکرێ. لەکوردستان کێشەی هەرەگەورە کە سەرچاوەی هەمو ئەو کێشانەن کەئاماژەمان پێدان، ئەم سەرگەردانیە سیاسیەیە کە ئەحزابی دەسەڵاتدار تێیکەوتون و ناکۆکیەکانی ناوخۆیان لەهەرێمی کوردستان و ناکۆکی ئەم حزبانە لەگەڵ دەسەڵات و حوکمەتی مەرکەزی ، کە هەر رۆژەو بەبیانویەك ولەسەرشتێك کە راستەوخۆپەیوەندی بە بەرژەوەندی خۆیانەوەیە، کێشە دەکەوێتە نێوانیان و بەوهۆیەشەوە موچە دوادەخەن و ساتوسەودا لەسەر قوتی خەڵك دەکەن .

بۆیە باشکردنی ژیانی خەڵک و کۆتاییهێنان بەکێشەکان بەندە بە کۆتاییهێنانی ئەم جۆرە لەسیستەمی سیاسی و وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەم حزبانەو دامەزراندنی سیستەمی شورایی کە تێیدا خەڵک خۆی مەرجەعە، خۆی یاسادانەرە، خۆی راستەوخۆ بەرێوەبەری کۆمەڵگایە. ئیتر کێشەی ئاو کێشەی کارەبا، کێشەی پەروەردە، کێشە سوتەمەنی، کێشەی بێکاری وهەر کێشەیەك کە هەیە خەڵك خۆی چارەسەری دەکات. دەسەڵاتی خەڵك یەعنی کۆتاکردنی دەستی ئەوانەیە کە بێکارت دەکەن، بێ نان و گوزەرانت دەکەن و بێ موچەو حەقدەست کارت پێدەکەن .

بۆپێشەوەبەرەو کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئەحزابی بۆرجوازی حاکم و ئەوسیستمە سیاسییەی کە خەڵکیان پێ دیل کردووە….

٢٢دیسەمبەری٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *