ئاکامی هەڵبژاردنەکانی عێراق چی بەسەرهات!؟                          

موحسن کەریم                                                            

ماوەی زیاتر لە دوومانگە هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواوبووە، بەڵام تائێستا ئاکامەکانی ڕانەگەیەنراوە. بەپێی بەرنامەی سیاسی بۆرژوازی جیهانی و ناوخۆیی بڕیاربوو هەڵبژاردنەکان کێشەی قەیرانی حکومەت یەکلابکاتەوەو زەمینەی سازدانەوەی دەسەڵات و دەوڵەتی عێراق فەراهەم بکات. گوایە خەڵك لەڕیگای دەنگدانەوە ئەم پرۆسەیە بەسەرەنجام دەگەیەنن و دەوڵەتی بنیاتنراوی بۆرژوازی دوای هەڵبژاردن بەرهەمی دەنگدانی خەڵکەو نوێنەرایەتی ئەوان دەکات.

ئەگەرچی ئێمە کۆمۆنیستەکان هەمیشە ئەوەمان بەڕوونی ڕاگەیاندوە کە دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتێک نیە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون دامەزرابێت، بەڵکو دەسەڵاتێکی میلیشایی دامەزراوە لەسەر بنەمای مۆزایکی تائیفی و نەتەوەیی و ئەتنیکی و مەزهەبی کە لەچوارچێوەی فیدراڵیزمی نەتەوەییدا پێکەوە بەستراوەتەوە، ووتوومانە کە هەڵبژاردن و دەنگدان پرۆسەیەکی ناوبەتاڵ و بێمانایەو بەهیچ جۆرێك نوێنەرایەتی ئیرادەی سەربەخۆ و ڕاستەقینەی خەڵکی عێراق ناکات، بەڵام ئەم راستیە لەماوەی دوو دەنگدانی دواییدا بۆ پەرلەمانی عێراق بەبێ هیچ خەوشێك لەلایەن هاوڵاتیانی زەحمەتکێش و بێبەشکراوی عێراقەوە سەلمێنرا. دەنگدانی ساڵی ٢٠١٨ کە رێژەی بەشداریکردن لەئاستی عێراقدا ٣٠٪ زیاتر نەبوو، هەروەها دەنگدانی هەڵبژاردنی مانگی ١٠ی ئەمساڵ کە رێژەی بەشداری نەکردنی خەڵك چ لەسەر ئاستی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی بەجۆرێك بوو کە خودی حزب و لایەنە دەسەلاتدارەکانیش نەیانتوانی چاوی لێ بپۆشن، شکستی یەکجارەکی ئەو بانگەیەشەیەی بۆرژوازی جیهانی و عێراقی راگەیاند کە گوایە دەسەڵات لە عێراقدا لەرێگای پرۆسەیەکی دیموکراسیەوە و لەلایەن خەڵك خۆیانەوە هەڵدەبژێردرێت، دوای ئەوەی کە بۆ دەیان ساڵ لێی بێبەش بوون و لەلایەن دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری تۆتالیتارەوە حوکمیان دەکرا!

ڕانەگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردنەکان تا ئێستا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە دەنگدان و هەڵبژاردن هیچ جێگایەکیان نیە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، بەڵکو مەنتقی هێزو چەك و میلیشیا حوکم دەکات و هاوسەنگی هێزی سیاسی و پێگەی هەر هێزە لە ناو دەسەڵات و حکومەتدا بەپێی ئەو پێوانەیە یەکلایی دەبێتەوە. جیاکردنەوەی دەنگەکان و ڕاگەیاندنی ئاکامی دەنگدان کارێکی ئەوەندە سەخت نیە کە چەند رۆژو چەند مانگ بخایەنێت! تەکنۆلۆژیای نوێ دەتوانێت لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەنگدانی سەدان ملیۆن کەس جیابکاتەوەو ئاکامەی ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت جیاکردنەوەی دەنگەکان نیە، بەڵکو رێکەوتنی هێزە مییشاییەکانە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا بەپێی هاوسەنگی سیاسی و سەربازی تازەی نێوانیان و پێگەی هەریەکەیان لەناو سیاسەت و کێشمەکێشی نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە کاریگەری سیاسیان لەسەر بارودۆخی سیاسی عێراق هەیە. ئەوە گرێی سەرەکیی دواکەوتنی ئاکامی هەڵبژادنەکانی پەرلەمانی عێراقە.

بەڵام ئەو ڕاستیەی کە هەڵبژاردن و دەنگدان هیچ جێگایەکی نیە لە دیاریکردنی شێوازی دەسەڵاتی عێراق، لەلایەن خەڵکەوە بەئاسانی بەدەست نەهاتوە. خەڵکی عێراق و کوردستان بە ئەزمونی چەندین ساڵ لە بێمافی و هەژاری و برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتایی و بنەڕەتیەکان و تاڵانکردنی پاروی دەمی خۆیان و دەوڵەمەندبوونی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدار و چەکبەدەستەکان ئەوەیان بەدەست هێناوە. ئەوان بەنرخی قوربانی بوونی هەزاران کەسیان لە جەنگ و ململانیكانی نێوان دەستەوتاقمە ئیسلامی و ناسیۆنالیستیەکان لەسەر بەشکردنی پۆستی دەسەڵات و سامانی عێراق، بە نرخی لەدەستدانی سەدان کەسیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزاتیەکانیان بۆ داواکاریە سەرەتاییەکانی ژیان و گوزەران بەو ئاکامە گەیشتوون کە دەنگدانی ئەوان تەنها زنجیری بیمافی و هەژاری و برسێتیان ئەستورو توندتر دەکاتەوە، سامانی بەرپرسانی حزبە میلیشاییەکانیش بەرەو ئاسمان هەڵدەكێشێت! هوشیاربونەوەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتكێشی عێراق بە مافەکانی خۆیان وناسینی بەرژەوەندیەکانیان لەلایەك و ناسینی ماهیەت و جەوهەری ئەو دەسەڵات و حزبانەی کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، لەلایەکی ترەوە،  ئەو پرۆسەیەی بەئێستا گەیاندوە. بەوەی گەیاندوە کە ئیتر لەجیاتی دەنگدان بەو حزبانە بۆئەوەی خواستەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن، خۆیان بێنە مەیدانەوە دژ بەو دەسەڵات و حزبانە و بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان. ئەم پرۆسەیە پرۆسەی هوشیاربوونەوەی چینایەتی و ناسینی بەرژەوەندیە جیاوازە چینایەتیەکانە لەلایەن خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراق و کوردستانەوە.

ئەحزابی میلیشایی دەسەڵاتداری عێراق، ئێستا پرۆسەی بنبەستی سیاسی خۆیان بەسەردەبەن. قەیرانی سیاسی و قوڵبونەوەی کێشمەکێشی نێوانیان و بنبەستێکی سیاسی کە تێی کەوتوون، لەناو گێژاوی سیاسی و بێئاسۆییدا قەتیسی کردوون. ئاسۆی دەرچوونیان لەم بنبەست و زەلکاوە سیاسیە لێڵ و ناڕۆشنە. دەستێوەردانی دەوڵەتانی بۆرژوایی ئەمریکاو ئێران و تورکیاو دەوڵەتانی کەنداو.. لەکاروباری عێراقدا لەرێگای پشتیوانی ئەم میلیشیاییانەوە، ئەوەندەی دیکە بارودۆخەکەی ئاڵۆزو سەخت کردوە. هاتنەمەیدانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و بێبەشکراوی عێراق وکوردستان فاکتەرێکی گرنگە لە دروستکردنی ئەو قەیران و بنبەستەی هێزەکانی بۆرژوازی و میلیشیاکانی تێی کەوتوون. هەر ئەو فاکتەرەش دەتوانێ ئەم بنبەست و داخرانەی ئێستا بە قازانجی خەڵك یەکلایی بکاتەوە. ئەگەرچی ئەم فاکتەرەی خەڵك لەئێستادا لە قۆناغی هێوربوونەوەدایە، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانەوەی دوور نیە.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *