مانگرتن و ناڕەزایتەیە کرێکاریەکان لە جیهاندا

فینلەدا، نایجیریا، ئەمریکا و هندستان

لە پەیجی فەیسبوکی کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

فینلەندا:

لەیەکەم ڕۆژی ساڵی نوێدا مانگرتنی سێ هەزار کرێکار لە فینلەندا بووە داخستنی گروپی کۆمپانیای دروستکردنی کاغەزی UPM

ئاژانسی ڕۆیتەرز – ڕۆژی ١ی جەنیوەری ٢٠٢٢ نزیکەی سێ هەزار کرێکاری سەر بە گروپی کۆمپانیای فینلەندیی UPM دەستیان دایە مانگرتن، کرێکاران پێشتر لە ڕێگای یەکێتی‌یە کرێکارییەکانەوە ڕایانگەیاندبوو گەر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا لە دانوستانکانی دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستی کۆن لە ٣ی دیسەمبەری ٢٠٢١ و داڕشتنەوەی گرێبەستی نوێ نەگەیشتنە هیچ دەرئەنجامێک ئەوا لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەست ئەدەنە مانگرتن.

گروپی کۆمپانیای دروستکردنی کاغەزی UPM پێشتر لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای تر لە دانوستانەکاندا کشانەوە پاش ئەوەی ڕایانگەیاند خوازیارن لەپێناو بردنەسەری قازانجی کۆمپانیاکان بە خاڵەکانی هەلومەرجی کارکردن و کرێ‌ی کرێکاراندا بچنەوە، کە سێ یەکێتی کرێکاریی نوێنەرایەتی کرێکاران ئەکەن لە دانیشتنەکاندا پێ‌ی ناڕازین.

لە ئەگەری نەگەیشتنە هیچ ڕێکەوتنێکی پێشوەختە تاکو ٢٢ی جەنیوەری مانگرتنی کرێکاران درێژەی هەیە.

نایجیریا:

بەرنامەڕێژی بۆ داخوازی چەسپاندنی لانی کەمی کرێ لە چەند ولایەتێکی نایجیریا

سەرۆکی کۆنگرەی کرێکارانی نایجیریا (ئایوبا فلیبوس وابا) لە پەیامی ساڵی نوێ‌دا داوای لە کرێکاران و خەڵکی ٧ ولایەتی وڵاتەکە کرد لە ساڵی نوێدا مانگرتنی سەرتاسەری و گەورە بۆ چەسپاندنی یاسای لانی کەمی کرێ بەرپا بکەن. ئەگەرچی یاسای لانی کەمی کرێ لە نایجیریا لە ئاپڕڵی ٢٠١٩ەوە بڕیاری لەسەر دراوە بە بڕی ٣٠هەزار نایرا (٧٠دۆلار) لە مانگێکدا بەڵام لە هەندێکی شوێنی وڵاتەکەدا هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئایوبا ڕایگەیاند :” جێ‌ی داخە سەرباری سەختبوونی چەند هێندەی باری ئابوری هاوڵاتیان لە ماوەی دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە بەڵام هێشتا ئەبێت داوا لە ژمارەیەک ولایەت و خاوەنکار بکەین یاسای چەند ساڵی ڕابردوو بچەسپێنن”.

نایجیریا بە یەکێک لە بەسامانترین وڵاتەکانی ئەفریکا هەژمار ئەکرێت بەڵام هەژاری و نەبوونی بەربینی زۆرینەی کۆمەڵگای گرتووە. بە پێ‌ی لێکدانەوەی بانکی جیهانیی لانی کەم 47.3% ی دانیشتوانەکەی (یانی لانی کەم ٩٨ ملیۆن هاوڵاتیی) لە هەژاریدا ژیان ئەکەن، ٣٣% یان بێکارن، نایەکسانی ژنان و پیاوان سیمایەکی دیاری وڵاتەکەیە و زۆرینەی ژنان نەخوێندەوارن، سێ لەسەر چواریان نەخراونەتە قوتابخانە، ئەگەرچی ٧٩%ی هێزی کار لە لادێکاندا ژنانن بەڵام نایەکسانی لە لوتکەدایەو خاوەندارێتی زەوی لە لایەن ژنانەوە پێنج هێندە لە پیاوان کەمترە و تیرۆرسیتەکانی بۆکۆ حەرامیش هەر ماوە جارێک کوشتارگایەکی گەورەی تیادا ئەنجام ئەدەن.

بە پێ‌ی راپۆرتەکانی ئۆکسفام تەنها سامانی پێنج لوتکە دەوڵەمەند $29.9 ملیار دۆلارەو کیفایەتن بۆ کۆتایی پێهێنانی هەژاری لەو وڵاتە، ئەگەر ڕۆژانە لە سامانی هەرە دەوڵەمەندترینیان بە بەهای ١ ملیۆن دۆلار خەرج بکرێت ئەوا پێویستیمان بە ٤٢ ساڵ ئەبێت تاکو سەرمایەکەی کۆتایی پێدێت. تەنها بڕی ئەو قازانجەی لوتکە دەوڵەمەندێکیان لە ساڵێکدا بەدەستی ئەخات بەسە بۆ دەرکێشانی ٢ ملیۆن هاوڵاتی لە هەژاریی.

هاملتۆن – ئەمریکا:

کرێکارانی سکای ستی لە هاملتۆن دەستپێکی ناڕەزایەتی کرێکارییەکانی ساڵی نوێیان کردەوە

هەر لە یەکەمین ساتەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی ٢٠٢٢ و بە دیاریکراوی لە ١٢:٠١ خولەکدا کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری خواردن و خواردنەوە لە سکای ستی لە هاملتۆن – ئەمریکا یەکەمین زەنگی ناڕەزایەتی کرێکارییان لێدا و توڕەیی خۆیان دژ بە کەمی کرێ دەربڕی و خوازیاری هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە شوێنە گەشتیارییەکانی تر بوون. سەرەتاکانی ساڵێکی نوێ‌ی پڕ لە کێشمەکێش و توندبوونەوەی زیاتری ململانێ‌ی چینایەتی، و بێدەنگ نەبوون لە بەرامبەر نادادپەروەرییەکانی سیستمی سەرمایەداری پیشانی هەمووان دایەوە.

ناڕەزایەتی کرێکاران تەنها دوای یەک خولەک لە دەستپێکردنی ساڵی نوێ پەیامێکی گەورەی چینایەتی‌یە و درێژکراوەی هەمان ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنانەیە کە ماوەیەکە بە گوڕو تینێکی چینایەتی مەزنەوە ڕووداوەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ی لەنێوخۆی ئەمریکا نەخشاندووە. بە پێ‌ی دواین لێدوانی ناوەندی بەدواداچوونی ناڕەزایەتیەکان تەنها لە ٢٠٢١دا ئەمریکا زیاد لە هەزار مانگرتنی کرێکاریی لە شوێنە جیاجیاکان بەخۆوە دیوە کە دیارترینیان مانگرتنەکانی کرێکارانی کۆمپانیاکانی کیللۆگ، نابیسکۆ، زیاد لە سەد هەزار کرێکارانی کەرتی تەندروستی، زیاد لە دە هەزار کرێکارانی کۆمپانیای جۆن دیریی، شەست هەزار کرێکارانی شانۆ لە هۆلیود …هتد بوون.

سەرمایەداریی سیستمێکی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە کوژە، لە کاتێکدا لە سەرەتاکانی ساڵی پاردا زیاد لە ١٠٠ ملیۆن مرۆڤ ڕۆچوونە ئەوپەڕی هەژارییەوە بەڵام لە هەمان کاتدا سامانی تەنها ١٠ کەس لە لوتکەی هەرە ملیاردێرەکان بە بڕی ٥٠٠ ملیار دۆلار زیاد کرد. ئیلۆن مەسک وەک هەرە دەوڵەمەندترین سەرمایەداری ئەمریکی( خاوەنی ٣٠٠ ملیار دۆلار) تەنها لە ساڵی پاردا سەرمایەکەی بە بڕی ١٢١ ملیار دۆلار زیاد کردووە، بێرنارد ئارنۆڵت وەک دەوڵەمەندترین سەرمایەداری ئەوروپیی سەرمایەکەی ٦١ ملیار دۆلار زیاد کردووە لە ساڵی پاردا.

بە پێچەوانەی دۆرۆ دەلەسەی دیموکراسیی بۆرژوازیی، کە هاوڵاتیان یەکسانن و هەمان ماف و ئەرکیان هەیە بە پێ‌ی یاسا، کۆمەڵگا دابەشبووی دوو چینی دژ و بەرامبەر یەکە، کە کەمینەیەکیان خاوەنی هەموو شتێکە لەکاتێکدا هیچ بەرهەمێکی نییە، لەگەڵ چینێکی مەزنی کۆمەڵایەتی کە خوڵقێنەرو بەرهەمهێنەری هەموو سامانی دنیایە و کەچی خۆی خاوەنی کەمترین و کەمترین پێداویستییەکانی ژیانکردنیەتی.

ساندیگۆ – ئەمریکا:

کرێکارانی پاککردنەوە لە ساندیگۆ بەردەوامن لە مانگرتنەکانیان

پاش یانزە خولی دانیشتن و دانوستاندن لەسەر پرسەکانی هەلومەرجی کارکردن و کرێ، گرێبەستی نوێ لە نێوان یەکێتی کرێکارانی Teamsters Local 542 و بەشی خزمەتگوزاری گشتی لە ساندیگۆ – ئەمریکا هیچ دەرئەنجامێکی نەبووە و سەرجەم ٢٥٠ کرێکاری پاککردنەوە بە مەرجەکانی کۆمپانیای خزمەتگوزاری پاککردنەوە ناڕازین و لە ٢٠ی دیسەمبەری ٢٠٢١ ەوە بەردەوامن لە مانگرتنەکانیان.

لەبەردەوامی مانگرتنەکانی کرێکاراندا پانتاییەکی بەرین لە شەقامەکان خۆڵ و خاشاکی زۆریان لێکۆبووەتەوە و لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا وێنەکانیان بڵاو ئەکرێنەوە، بەشی خزمەتگوزاری گشتی داوای لە دانیشتوان کردووە خۆیان خۆڵ و خاشاکی ماڵەکانیان بەرنە دوو بنکەی سەرەکی لە ئۆتای و سایکامۆڕ تا ئەو کاتەی ڕێکەوتن لەگەڵ کرێکاران بە ئەنجام ئەگات و ئەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

کرێکاران لە ڕێگای یەکێتییەکەیانەوە ڕایانگەیاندووە:” لە مانگرتنەکەیان بەردەوام ئەبن تاکو کۆمپانیا بە خواستی زیادکردنی کرێ و هەلومەرجی باشتر و سەلامەتتر بۆ سەرجەمیان ڕازی ئەبن”، ” ئێمە دڵسۆزی کارەکانمانین و تەنانەت لە کاتی شوێن داخستنەکانی پەتاکەشدا هەر بەردەوام بووین لە کارکردن، ئەرکەکانی خۆمان خۆشئەوێت بەڵام نەبوونی هیچ سەلامەتییەک لە شوێنکار و نەبوونی گرێبەستێکی دادپەوەرانەی کارکردن پرسێکی چەوتەو پێویستی بە ڕاستکردنەوەیە”

هیندوستان:

مانگرتنەکانی کرێکارانی تەندروستی لە پونجاب – هیندوستان

شانزە هەزار کرێکارو کارمەندی تەندروستی لە پونجاب- هیندوستان لە مانگرتندان کە لە نێویاندا ٩٥٠٠ کرێکاری یەکەی ئەرکی خێرای تەندروستی نیشتمانیی (NHM) و ٢٥٠٠ کارمەندانی فرە ئەرک لە (MPHW) ، سێ هەزار پەرستار و ١٢٠٠ دەرمانسازی تێدایە.

لەسەرەتای دامەزراندنی کرێکارانی تەندروستی لە (NHM) بە شێوەی گرێبەست وا بڕیاردا کە ٦٠%ی مووچەکانیان لە لایەن ناوەندی تەندروستی و ٤٠%یشی لە لایەن دەوڵەتەوە دابین بکرێت. ژمارەیەک لە کرێکاران ماوەی زیاد لە ١٠ ساڵە بەو جۆرە کارئەکەن بەڵام هێشتا زۆرینەیان مووچەکانیان لە نێوان ١٨-٢٠ هەزار ڕوپییەدایە (٢٤٠-٢٧٠ دۆلار) و لەگەڵ کارمانەدانی تردا جیاوازی زۆریان هەیە و خوازیاری کرێ‌ێ یەکسانن وەک هاوەڵەکانیان. لە ١٦ی نۆڤەمبەرەوە دەستیان داوەتە مانگرتن. لە قەرەبووکردنەوەی ٤٠%ی کرێکارانی مانگرتوودا ناوەندەکان کاری زیاتر بە کارمەندە دامەزراوەکان ئەکەن و لە هەندێک شوێندا نەشتەرگەرییەکان وەستێنراون و بە ناچاریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نەخۆشەکان ڕوویان لە نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت کردووە.

کارمەندانی فرە ئەرک لە (MPHW) ماوەیەکی زۆرە لە لایەن حکومەتی مەحەللیەوە دەرماڵەکانی هاتووچۆ، ناوچەی دوورەدەست، و ناوچە سنوورییەکانیان لێبڕاوە، جگە لەوەش دەرماڵەکانی یەکپۆشیی و شتن لە پەرستارەکانیش بڕاون.

وێنەکە : ڕێپێوانی ژمارەیەک کرێکارە – ١١ی دیسەمبەر ٢٠٢١

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *