سێ بابەتی لینین

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سالارحمەسەعید                                      

بابەتی یەکەم                                                   

نامەیەک لە ” لینین “ەوە بۆ ” گۆرکی ”                             

ئەمەی خوارەوە نامەیەکی لینینە بۆ گۆرکی نزیکەی دوو ساڵ پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ نووسراوە کاتێک گۆرکی لەژێر کاریگەری رووناکبیرە بۆرژواییەکان دا بووە و لەپشتگیری لە رووناکبیرەکان گلەیی و گازەندەی هەبووە لە سوپای سوور و بەلشەفیەکان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە رووناکبیرانی بۆرژوایی.

نامەیەک لە لینینەوە بۆ گۆرکی

نامەیەکی نهێنی

١٥ی سپتمبەری ١٩١٩

ئازیزم: ئەلێکسی مەکسیمۆڤیچ گۆرکی

”تانکۆڤ”م بینی و تەنانەت پێش سەردانەکەی ئەو و نامەکەی تۆ، بڕیارماندا لەناو کۆمیتەی ناوەندیدا ”کامینیف و بوخارین” دابنێین بۆ پێداچوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی دەستگیرکردنی رۆشنبیرە بۆرژوا و نیمچە دیموکراتە دەستووریەکان (کادێت) و ئازادکردنی هەموو کەسێک کە بکرێ و ئیمکانی ئازادبوونی هەبێ. چونکە ئاشکرایە و لەڕاستیدا لێرە هەڵە ڕویداوە.

هەروەها ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە کە دەستگیرکردنی کادێتەکان و نیمچە کادێتەکان ڕێکارێکی ڕاست و پێویست بوو. کاتێ بۆچوونی ڕاشکاوت سەبارەت بەم بابەتە دەخوێنمەوە دەستەواژەیەکتم بیردەکەوێتەوە کە لەکاتی گفتووگۆکانماندا بەکارت دەهێنا لە لەندەن و ”کاپری” (دوورگەیەکە لە ئیتالیا) و شوێنی تر کە کاریگەریەکی قووڵی لەسەر داناوم ئەویش:

ئێمەی هونەرمەندان کەسانێکی نابەرپرسین”.

هەروایە!

چی وات لێدەکات ئەم وشە تووڕە نەگونجاوانە بڵێیت؟

كێشەکە، کە دەیان و سەدان لەم ”کادێت” و نیمچە کادێتانە کە لە زینداندا دەبن بۆ چەند رۆژێک بۆ ڕێگریکردن لە پلانگێڕی هاوشێوەی ئەوەی خۆبەدەستەوەدانی قەڵای ”کراسنایا گۆرکا”. پلانگێریەک کە هەڕەشە لە ژیانی هەزاران کرێکار وجوتیار دەکات.

تۆ بیر لەچی تراژیدیایەک دەکەیتەوە؟ کام ناعەدالەتی و کام نادادپەروەری؟ رۆشنبیرانێک لە زینداندا بۆ ماوەی چەند رۆژێک یا تەنانەت چەند هەفتەیەک ئەویش تەنها بۆ ڕێگرتن لە کوشتاری دەیان هەزار لە کرێکاران و جوتیاران؟!

”هونەرمەندان کەسانێکی نابەرپرسن”.

لەم دواییانەدا نامیلکەی ”جەنگ و نیشتمان و مرۆڤ” ی ”کۆرۆلینکۆ”م خوێندەوە کە لەساڵی ١٩١٧دا نووسیویەتی کە خۆت دەزانی باشترین نموونەی” نیمچە کادێت”ە و زۆر نزیک بە مەنشەفیکەکانە. بەڵام چی داکۆکیەکی پووچ و قێزەون و چەپەڵ و داڕزیو دەکات لە جەنگی ئیمپریالیستی ڕازاوە بە دەستەواژەی شیرین!  وردەبۆرژوازی نەگریس ئەسیر و دیلی دەمارگیری و پێشداوەریەکانی بۆرژوازیە. بۆ ئەم بەڕێزانە، کوشتنی ١٠،٠٠٠،٠٠٠ مرۆڤ لە شەڕی ئیمپریالیستی دا شایەنی پشتیوانیە ( بەکردار و لەکاتێکدا ڕازاوە بەدەستەواژەی شیرین دژ بەجەنگ بوونەتەوە). بەڵام مەرگی سەدان هەزار لە شەڕی ناوخۆیی خاوەن موڵک و سەرمایەدارەکان تەنها ئاهوناڵە و ترس و هستیریا دەوروژێنێ.

نەخێر، زیندانیکردنی ئەو ” مرۆڤە بەهرەمەندانە ” بۆ کورتماوەیەک گوناح و تاوان نییە ئەگەر ئەوە وا پێویستکات بۆ ڕێگریکردن لە پلانگێڕی ( وەک ئەوەی ” کراسنایا گۆرکە ”) و مەرگی دەیان هەزار (کەس). ئێمە پلانگێڕیەکانی ” کادێتیەکان ” و ” نیمچە کادێتیەکان ”مان ئاشکراکردوە و دەزانین کە پرۆفیسۆرەکانی نیمچە کادێتەکان بە دڵ و بەگیان یارمەتی پلانگێڕەکان دەدەن، ئەوە ڕاستییە.

هێزی ڕووناکبیری ( توانای فیکری و زیهنی) کرێکاران و جوتیاران لەگەشەکردن دایە و بەهێزتردەبێت لە شەڕیاندا بۆ ڕووخاندنی بۆرژوازی و هاوکارانیان و چینە خوێندەوارەکان و ئەو بەکرێگیراوانەی سەرمایە کە خۆیان بە مێشک و دەماغی گەل و میللەت دەزانن. لەڕاستیدا مێشک و دەماغەکەی نییە، بەڵکو پاشەرۆکەکەیەتی.

ئێمە مووچەی سەرو و مامناوەند دەدەین بەو ” هێزە ڕووناکبیرانە’ ‘ کە خەڵک فێری خوێندن و خوێندەواری دەکەن ( لەجیاتی ماستاوکردن بۆ سەرمایە ). ئەمە ڕاستییە. ئێمەش ئاگامان لێیان دەبێت. ئەمە ڕاستییە. دەیان هەزار ئەفسەر خزمەتدەکەن لە سوپای سووردا و سەردەکەون سەرەرای سەدان خیانەتکار. ئەمە ڕاستییە.

سەبارەت بە چوارچێوەی فیکری و زیهنیت، من دەزانم چۆن لێی تێبگەم ( جارێکیان لێت پرسیم کە ئایا لێت تێئەگەم) . چەند جارێک لە ” کاپری ” و شوێنی تر پێم گووتی: تۆ ڕێگەت بەخۆت داوە بە خراپترین رووناکبیرە بۆرژواییەکان دەورە بدرێی و خۆت داوەتەدەست گلەیی و گازەندەکانیان. تۆ گوێ دەگری لە گریەو زاری سەدان رووناکبیر لە زیندانیکردنی ترسناکیان بۆ چەند هەفتەیەک، بەڵام دەنگی ملیۆنەها کرێکار و جوتیار نابیستی و گوێی لێناگری کە هەڕەشەیان لێدەکرێ لەلایەن ” دێنکین کۆڵچاک و لیانۆزۆڤ و رۆدژیانکۆ و کراسنیا گۆرکا و هەندێ پلانگێری کادێتی تر. من بەتەواوی تێدەگەم کەئاوا دەتوانی کۆتایی بە نامەکەت بهێنی بە وتەیەک کە ” سوورەکان بەهەمان ئەندازەی سپیەکان دوژمنی خەڵکن ”

( جەنگاوەرەکان بۆ سەرەوژێرکردنی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان بەهەمان ئەندازە دوژمنی خەڵکن وەک سەرمایەدارەکان و خاوەن موڵکەکان ). یا لەکۆتاییدا بگەمە باوەڕهێنان بەجۆرێک لە ثیۆلۆژی ( لاهوت و بابەتی پەیوەند بە خودا ) یاخود باوەڕهێنان بە ( قەیسەری باوکمان ). بەتەواوی لەوە تێدەگەم.  لەڕاستیدا و بەراستی تۆ دەمریت * ئەگەر خۆت لەم بارورەوشە دانەبڕی لە ڕووناکبیرانی بۆرژوازی. لەوپەڕی دڵمەوە ئومێدەوارم کە بەزووترین کات جیابیتەوە لێیان دوورکەویتەوە. لەگەڵ جوانترین سڵاودا. لینین.

*بەڵام تۆ نانوسی تا خۆت بفەوتێنی بۆ گریە و ناڵەی ڕووناکبیرە داڕزیو و گەنیوەکان، ئایا ئەوە مەرگی هونەرمەند نییە؟ ئایا ئەوە شەرم و ڕیسوایی نییە؟

وەرگێڕ لە ئینگلیزیەوە سالار

٢٦دیسمبەری ٢٠٢١

*سەرچاوە: هەڵبژاردەکانی لینین، دەزگای بڵاوکردنەوەی پێشکەوتن ( پرۆگرێس ) مۆسکۆ ١٩٧٥ بەرگی ٤٤ لاپەڕە ٢٨٣

 

بابەتی دووەم:

” خەون و ڕاستی ” لاپەڕەیەک لە ”چی دەبێ بکرێ؟” ی لینین ساڵی ١٩٠١

”دەبێت خەون ببینین!” ئەم وشانەم نووسی و نیگەران بووم. خۆم وابینی کە لە ” کۆنگرەی یەکبوون ”دام و سەرنووسەران و هاوکارانی ” رابۆچیە دێلۆ” لەبەرامبەرم دانیشتوون، هاوڕێ ”مارتینۆڤ” لەجێی خۆی هەڵدەستێ و ڕوو لەمن دەکات و بە توندی پێم دەڵێ: ” ڕێگەم پێ بدە کە لێت بپرسم، ئایا ئەنجومەنێکی سەربەخۆی نووسەران مافی خەون بینینی هەیە پێش گەڕانەوە بۆ ڕاوبۆچوونی کۆمیتەکانی حزب؟”. بەدوایدا هاوڕێ ” کریچیڤسکی ” کە لەڕووی فەلسەفیەوە هاوڕێ ” مارتینۆڤ ”ی قووڵتر دەکردەوە ( قووڵبوونەوەی فیکری) و زۆر لەوەوپێشتریش هاوڕێ ” پلیخانۆف ”ی قووڵترکردبووەوە، توندتر بەردەوام دەبێت و دەڵێ: ” من زیاتر پێدادەگرم و ئەپرسم: ئایا مارکسیستێک هیچ مافی ئەوەی هەیە کە خەون ببینێت، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەپێی مارکس، مرۆڤ هەر ئەو ئەرکانە بۆخۆی دیاریدەکات کە دەتوانێ چارەسەریان بکات و تەکتیک پرۆسەی گەشەکردنی ئەرک و وەزیفەکانی حزبە کە پێکەوە لەگەڵ حزب دا نەشونما دەکەن؟ بیرکردنەوەیەکی زۆری ئەم پرسیارە توندانە تەزویەکی سارد بە بڕبڕەی پشتمدا دێنێتەخوار کە وام لێدەکات ئارەزووی هیچ نەکەم مەگەر شوێنێک خۆی تیا حەشاردەم. هەوڵەدەم لە پشت ” پیسارێڤ ”ەوە خۆم حەشاربدەم. سەبارەت بە درزی نێوان خەون و ڕاستی ” پیسارێڤ ”* نووسیویەتی کە : ” درز و کەلێن هەیە ”. خەونەکانم دەگونجێ پێش ڕەوتی سروشتی ڕووداوەکان بکەوێ یاخود دەگونجێ بە ئاراستەیەکی لاڕێدا بڕوات کە هەرگیز هیچ ڕەوتی سروشتی ڕووداوەکانی تیا ڕوونەدات. لە حاڵەتی یەکەمدا خەونەکانم هیچ زیانێکیان نابێت و تەنانەت دەگونجێ یارمەتی وزەو توانای هێزی کرێکار بێت و زیادی بکات. هیچ شتێک لەوخەونانەدا نییە کە ببێتە هۆی شێواندن و پەکخستنی هێزی کرێکاران. بەپێچەوانەوە ئەگەر مرۆڤ بەتەواوی لە توانای خەون بینین بەم شێوەیە بێبەش بوایە و ئەگەر ناوبەناو نەیتوانیایە بەرەو پێش بڕوات و پێشی خۆی ببینێ و لەڕووی عەقڵیەوە بەرووبوومی هەبێت لەیەک وێنەی کامڵ و تەواودا. بەرهەمێک کە دەستەکانی تازە خەریکە شکڵ و شێوە وەردەگرێ، کەواتە ناتوانم وێنای ئەوەبکەم کە چ بزوینەرێک بتوانێ مرۆڤ هانبدات تاکو کارێکی چڕوپڕ و تاقەت پڕوکێن لە بواری هونەر و زانست و هەولی پراتیکیدا ئەنجامبدات. درز و کەلێنی نێوان خەون و ڕاستی هیچ زیانێکی نییە مەگەر ئەو کەسەی خەون دەبینێ بە جدی باوەڕ بە خەونەکەی بهێنێ. ئەگەر بە گرنگیەوە بڕوانێتە ژیان وە تێبینیەکانی خۆی بەراورد بەو قەڵایەی کە لە هەوادایە بکات وە ئەگەر بەگشتی قسەبکەین ئەو بە ویژدانەوە کار بکات بۆ بەدەستهێنانی خەیاڵ و فانتازیەکانی، ئەگەر پەیوەندی هەبێ لەنێوان خەون و ژیاندا ئەوکاتە هەموو شتێ لەجێ خۆیدادەبێ. ئەگەر بەگشتی بە ویژدانەوە کاربکات بۆ بەدەستهێنانی خەیاڵەکانی. ئەگەر هەندێ پەیوەندی هەبێت لەنێوان خەون و ڕاستیدا ئەوکاتە هەموو شتێ باش دەبێ. بەداخەوە، ئەم جۆرە خەونانە زۆر کەمن لە بزوتنەوەکەماندا.

 *پێسارێڤ: نووسەرێکی شۆڕشگێڕی ڕادیکاڵ بووە (١٨٤٠-١٨٦٨). سەرچاوە: لە هەڵبژاردەکانی لینین بەرگی ٢٥ لاپەڕە ٤٩٢.

٢ی دیسامبری٢٠٢١

 

بابەتی سێهەم:

”تۆلستۆی و خەباتی پرۆلیتاریا”

 ڤلادیمیر ئۆلیانۆف لینین

تاوانبارکردنی چینە دەسەڵاتدارەکان لەلایەن تۆڵستۆیەوە بەهێز و توانا و دڵسۆزییەکی ئێجگار زۆرەوە کرا، بەڕۆشنی و ڕوونییەکی تەواو پەردەی هەڵماڵیوە لەسەر ناواخنی پووچی ئەو دامودەزگایانەی کە کۆمەڵگەی نوێی پێدەپارێزێت لە کڵێسا و دادگا و لەشکر و سوپا و میلیتاریزم و زەواجی یاساییەوە تا زانستە بۆرژواییەکان. بەڵام بیروباوەڕو بۆچوونەکانی سەلمانیان کە لە دژایەتیەکی تەواودایە لەگەڵ ژیان و کارو تێکۆشانی گۆڕهەڵکەنەرەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی نوێ واتە پرۆلیتاریا.

مێژوو و ئاکامەکانی شۆڕشی گەورەی رووسیا پیشانیاندا کە بەدڵنیاییەوە ئەوە خەڵک بوون کە خۆیان بینیەوە لەنێوان پرۆلیتاریای سۆشیالیستی هۆشیار بە چینەکەی و بەرگریکارانی موتڵەقی رژێمی کۆن. ئەم جەماوەرە کە لەبنەڕەتدا لە جوتیاران پێکهاتوون پیشانیاندا لە شۆڕش دا کە چەند ڕق و کینەیان گەورەیە بەرامبەر سیستەم و رژێمی کۆن و چەند بەپەرۆشەوە هەست بەو ئازارانە دەکەن کە سیستەم و رژێمی نوێ پێێ گەیاندوون وە چەند گەورەیە ئەو حەسرەت و ئارەزوە بۆ ڕزگاربوون لەدەستیان بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر. هاوکات ئەم جەماوەرە لەشۆڕشدا دەریانخست کە لەڕووی سیاسیەوە هێندە وشیارنەبوون لە ڕق و کینەیاندا و لەتێکۆشانیاندا هاوئاهەنگ و سازگارنەبوون و هەوڵ تێکۆشانیشیان بۆ ژیانێکی باشتر لە سنوورێکی بەرتەسکدا پەنگخواردو بووە.

ئەم ئۆقیانووسە مەزنە مرۆییە، کەتا ئەوپەڕی ناخی هەژێنراوە و سەرەڕای هەموو لاوازی و ڕووخسارە بەهێزەکانی، ڕەنگدانەوەکەی لە ڕاوبۆچوونەکانی تۆڵستۆی دا بینیوەتەوە.

بەخوێندنەوەی کارە ئەدەبیەکانی لیۆ تۆڵستۆی کرێکارانی روسیا باشتر تێدەگەن و فێردەبن کە دوژمنانیان باشتر بناسن، بەڵام بە لێوردبوونەوە لە بیروبۆچوونەکانی تۆڵستۆی تەواوی خەڵکی روسیا تێدەگەن کە لاوازی و کەموکوڕیەکانیان لەکوێدایە، ئەو لاوازی و کەموکوڕیانەی کە ڕێگەی پێنەدەدان کە پرسی ڕزگاربوونیان بگەیەننە کۆتا ئەنجامی و دەبێت لەمە تێبگەین تابەرەو پێشەوە بڕۆین.

ئەم پێشکەوتنە تەگەرەی تێدەکەوێ لەلایەن هەموو ئەوانەی کە تۆڵستۆی وادەناسێنن کە ” ویژدانێکی جیهانی ” و ” مامۆستای ژیانە “. ئەمە درۆیەکە کە لیبراڵەکان بەئەنقەست بڵاویدەکەنەوە بەو ئومێدەی کە سوود لەلایەنە دژە شۆڕشگێڕیەکانی بیروبۆچوونەکانی تۆڵستۆی وەرگرن. ئەم درۆیە دەربارەی تۆڵستۆی وەک ” مامۆستای ژیان ” کەلەپاش لیبراڵەکان دەوترایەوە لەلایەن هەندێ لە کۆنە سۆشیال دیمۆکراتەکانەوە.

خەڵکی روسیا تەنها کاتێ رزگاربوونیان زامندەکەن کاتێ کە تێدەگەن کە ئەوە لە تۆڵستۆیەوە نییە کە دەبێ فێربن تابە ژیانێکی باشتر بگەن، بەڵکو ئەو چینەی کە تۆڵستۆی لە گرنگی و ئەهەمیەتی تێنەدەگەیشت کە بەتەنها دەتوانێ ئەو جیهانە کۆنە لەناوبەرێت و بیڕوخێنێ کە تۆڵستۆی ڕقی لێدەبوەوە. ئەو چینەش چینی پرۆلیتاریایە.

لیۆ تۆڵستۆی: نووسەر و رۆماننوسی بەناوبانگی جیهانی لە ساڵەکانی نێوان ١٨٢٨ تا ١٩١٠ ژیانی بەسەربردوە و خاوەنی رۆمانی ” جەنگ و ئاشتی ” و ” ئانا کارنینا ” یە…

لە ١٨ ی دیسەمبەری ١٩١٠دا لە ” رابوچایا گەزێتە ” دا بڵاوکراوەتەوە.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *