تۆنی بلێر و قاسم سولەیمانی تاوانبارن نەک پاڵەوان

نوری بەشیر

ئەم ڕۆژانە لەلایەن هەردوو حکومەتی بەریتانیا و ئێران و دارودەستەکانیانەوە خەریکی پاڵەوانسازین بۆ دوو تاوانبار، تاوانبارانێک کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، کۆمەڵکوژی و تاوانی ئەمانەی بیرناچێتەوە.

ئەم حکومەتانەی کەمایەتی کە کۆمەڵگە بەزۆری دەسەڵاتی نەگریسی سیاسی و ئابوری و سەربازی بەڕێوە دەبەن، هەر بەو شێوەیەش دەیانەوێت تاوانبارانی کۆمەڵکوژی بکەنە پاڵەوان.

ئەم دەسەڵاتدارانەی سەرمایەداری پێیانوایە بەرەی  ئازادیخواز و مرۆڤدۆست لە دنیادا نوستووە. لەکاتێکدا ئەم حکومەتانە لە هەندێ شوێنی دنیادا بەکرێگیراوی سەربەخۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەم مەیدانی پاڵەوان بازیە، ئەوا ڕیزی ملیۆنی خەڵک لەدنیادا پێچەوانەی ئەمانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

یەکەم:

لە بەریتانیا خەڵاتی پاڵەوانێتی لەسەر پێشنیاری دەوڵەت و لەلایەن مەلیکەوە درایە تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا. بلێر لەگەڵ جۆرج بوشی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا کە بەگەورەترین تاوانبارانی کۆمەڵکوژی لە کۆمەڵگەی عێراق دادەنرێن بەوەی بڕیاری جەنگی عێراقیان دا.

ئەو تاوانبارانە و حکومەتەکانیان هۆکاربوون لە کوشتنی سەدان هەزار ئینسان و ئاوارەیی چەندین ملیۆن کەسیتر و نوقمکردنی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان لە گیژاوی ئایندەی نادیارو دەسەڵاتداری هێزی ملیشیای ئیسلامی و قەومی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دژی ئینسان کە تا ئێستاش درێژەی هەیە.

لە کاتێکدا هەر ئەوکات ریزی چەندین ملیۆنی خەڵک لە بەریتانیا و دنیادا ڕژانە سەر شەقامەکان بەدژی جەنگ بەڵام تۆنی بلێر و بۆشی کوڕ بێباکانە جەنگێکیان بەڕێخست کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق و کوردستان باجەکەی ئەدەن، هەروەک چۆن گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراق خەڵکەکەی باجەکەیان دا.

لە یەکەم ساتەکانی بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵەی دانی خەڵاتی پاڵەوانی بە تۆنی بلێر وەک پاڵەوانی بۆرژوازی و حکومەتی  سەرمایەداران لە جەنگ و کۆمەڵکوژیدا، ناڕەزایەتی زیاتر لە یەک ملیۆن ئیمزا بەدژی ئەم بڕیارەی حکومەتی بەریتانیا و مەلیکەی دەستپێکراوە، کە دەڵێن بلێر بەهیچ شێوەیەک شایستەی خەڵات نیە.

لەکاتێکدا لە ئاستی دنیادا بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست ناڕەزایەتیان بەم بڕیارە دژی ئینسانیە دەردەبڕن، داوای دادگاییکردنی ئەم تاوانبارانەی بەڕێخستنی جەنگ و پاڵەوانە دەستخۆێناویانە دەکەن کە دەستیان لەبرسیکردن و کوشتاری خەڵکدا هەبووە، بەڵام ئەم حکومەتانە تاوانباران دەکەن بە پاڵەوان بۆ ئەوەی ڕوخساری دزێوی ئینسانکوژی و برسیکردنی خەڵک و جەنگەکانیان لە سوریا، یەمەن، عێراق، ئێران، سودان، سۆماڵ و کوردستان بە جوانی نیشانبدەن، ئەمەیە کارنامەی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەیان لەهەر جێگایەکی ئەم دنیایەدا.

دووەم:

لە یادی دوو ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی کە فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران بوو لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا. ئەم پاسدارەی جمهوری ئیسلامی وەک فەرماندەیەکی تیرۆریست لەدنیادا دەناسرێت. جمهوری ئیسلامی ئێران خۆی وەک رژێمێکی هاری سەرمایەداری ئیسلامی سەرچاوەی نەهامەتیە نەک تەنها بۆ خەڵکی ئێران بەڵکو لەناوچەکەدا کە بەردەوام تاوانباری وەک سولەیمانی دروستدەکات. حکومەتی ئێران بۆ ساڵیادی ئەم فەرماندە تاونبارە تیرۆریستەی لەناوخۆی ئێران و دەرەوەدا لەرێگای سەفارەتەکانی و ئەلقە لەگوێکانیەوە بە یادکردنەوە و پەیکەر بۆ دروستکردن و وێنە هەڵواسینی دەیەوێت، وەفای خۆی بۆ ئەم ئینسانکوژە بخاتە بەردەم هاوشێوەکانی ئەم پاسدارە.

 ئەوەی جێگای دیاربوو لەم یادەی سولەیمانی تیرۆریستدا حزبەکانی کوردایەتی؛ یەکێتی و پارتی و سەرانیان وەک نۆکەرێکی ئەڵقە لەگوێی جمهوری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە گەرمتر لە جمهوری ئیسلامی ئەم یادە دەکەنەوە و فراوانتر و دڵسۆزانەتر لە جمهوری ئیسلامی ئێران شێوەن بۆ ئەم تیرۆریستە دەکەن و وەک پاڵەوانی رزگارکەری خەڵکی کوردستان نیشانی دەدەن.

لە کاتێکدا لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازی؛ ئێران و عێراق و کوردستانەوە پەیکەر و وێنەی ئەم جەلادە تیرۆریستە دەسوتێنرێت. بەڵام سەرانی حزبەکانی ناسیونالیزمی کورد بەگەورەو بچوکەوە شیوەنی بۆ دەکەن و دەیانەوێت بە پاڵەوان بیناسێنن.

خەڵکی عێراق، لوبنان، سوریا، یەمەن و کوردستان کە گەلێک نەگبەتیان بەسەردا هاتووە بەهۆی سولەیمانی و حکومەتە تیرۆریستەیەکەیەوە، کەچی ناسیۆنالیزمی کورد یادی دەکەنەوەو بە کەسێکی باش دەیناسێنن. لەکاتێکدا سولەیمانی یەکەمین کەسێک بوو کە خومەینی بۆ سەرکوتی شۆڕشگێران و ئازادیخوازانی کوردستان ئەو ئەرکەی پێسپارد.

قاسم سولەیمانی و حکومەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکەی بەسەدان کەسیان لەئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە کوردستان تیرۆر کرد. ئێستاش حکومەتەکەی قاسم سولەیمانی رۆژانە ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی ئێران و کوردستان لە زیندانەکان توند دەکات و لە سێدارە دەدات، بەڵام سەرانی حزبەکانی کوردایەتی مەراسیم بۆ قاسم سلێمانی دەگێڕن.

سەرانی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی کوردایەتی فێرن ڕۆژێک بەسەری سەدامیاندا هەڵداو رۆژێکیتر لەسەر قەبری خومەینی ئەگریان و جارێکیتریش بەسەر ئۆردوگاندا هەڵدەدەن کە هەموویان نەک تەنیا دژی خەڵکی کوردستانن بەڵکو دژی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی عێراق و ئێران و تورکیاشن.

ئەم حزانەی کوردایەتی هەرگیز درێغیان نەکردوە لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتی میلیشیاو بنەماڵەیی خۆیاندا ئەگەر کوشتارگەی ئینسانیش دروست بکرێت، هەروەک چۆن پێشلەشکریان کرد بۆ هێنانەوەی حەشدی شەعبی بۆ کوردستان، پێشلەشکریان کرد بۆ دەبابەکانی دەوڵەتی تورکیا، پێشلەشکریان کرد بۆ دەبابەکانی سەدام حسین و هەروەها کاتێک بوش و بلێر ویستیان لە عێراق بدەن ئەمان دەستەودامان چاوەڕیی بڕیاری جەنگ بوون  بەرامبەر خەڵکی عێراق، ئەوەش ئەنجامدراو ئێستا ئەوان لەسەر خوێن و لاشەی ملیۆن ئینسان دەژین و بە دەستکەوتی دەزانن.

لەکاتێکدا ئەم دوو حکومەتەی سەرمایەداری لە ئێران و بەریتانیا ژمارەیەک لە ئەڵقەلەگوێیان لە چەشنی ناسیونالیزمی کورد، وەک کەمایەتیەکی نوێنەرانی بۆرژوازی و سەرمایەداران دەیانەوێت تاوانبارانی وەک تۆنی بلێر و قاسم سولەیمانی بکەنە پاڵەوان، بە ملیۆن خەڵکی ئازادیخوازو مرۆڤدۆستی جیهان نە بلێر بە شایستەی خەڵاتی پاڵەوانێتی دەزانن و نە سولەیمانی بە شایەنی یادکردنەوە و رێزگرتن دەزانن، بەڵکو ئەمانە وەک تاوانباری جەنگ و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی دەناسن و هەر حکومەت و حزب و کەسایەتیەکیش بەرگری لەمانە بکات، وەک ئەوان سەیریان دەکەن.

٩ی جەنیوەری ٢٠٢٢

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *