کاتی ئەوەیە پێیان بڵێن: کش مەلیك!

موحسن کەریم                                   

ماوەی سی ساڵە دەسەڵاتی هەرێمیان بەدەستەوەیە، بەڵام کۆمەڵگەی کوردستانیان دوو سی ساڵی بەرەو دواوە گێڕاوەتەوە. خۆیان ملیارەها دۆلاریان لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی خەڵك کەڵەکە کردوەو ژیانی شاهانەیان بۆ خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان دابین کردوە، کەچی خەڵکیان موحتاجی نانی شەوکردوە. ملیارەها دۆلاریان لە فرۆشتنی نەوت دەست کەوتوە کەچی نەوت بۆ خۆگەرمکردنەوە  بەنرخی بازاڕی جیهانیش دەست خەڵك ناکەوێ.  دەبێ لەم سەرمای زستانەدا و لەناو کڕێوەی بەفردا هەڵ لەرزن و رەق ببننەوە! خۆیان نەوت و گاز فرۆشن کەچی قەیرانی گازیان بۆ خەڵك دروست کردوە… خۆیان ڤێلاکانیان وەکو ئاسمانی پڕ لە ئەستێرە بە کارەبای نیشتمانی ڕازاوەتەوەو خەڵکیش چەند کاتژمێرێك کارەبای نیشتمانی هەیە! باران نابارێ کێشەی بێئاوی بۆ خەڵك دروست دەبێت و باران دەبارێت لافاو ماڵ وحاڵی خێزانە هەژارەکان وێران دەکات و ژیانیان دەخاتە مەترسیەوە. خۆشیان مێشێك میوانیان نیە. هەموو شتێك بۆ ئەوان بە زیادەوە هەیە، بەڵام بۆ خەڵك قاتوقڕیە.

نەخۆشخانە حکومیەکان بەرەو پوکانەوە دەچن و خۆیان دەیان نەخۆشخانەی تایبەتیان دروست کردوە بۆ روتاندنەوەی خەڵکی کرێکار و هەژارو کەمدەرامەت. خێزانێکی کرێکاری بەهەزار دەردیسەر دەتوانێ کرێ خانوەکەی دایبن بکات، بەڵام ئەوان ریزە ڤێلاو باخ و ئاپارتمان و شاری هاوچەرخیان هەیە. خوێندنی گشتی و خوێندنگەو زانکۆ حکومیەکان خەریکن دەبن بە مۆزەخانە و خۆیان دەیان زانکۆی ئەهلیان کردۆتەوەو کردویانە بە بازاڕێکی گەرمی کاسبیکردن. هیچ خزمەتگوزاریەك نەماوە کەچی بە دەیان جۆر باج و سەرانە لە خەڵك دەستێنن! کێشەی ئاوی خواردنەوە هەموو هاوینێك سەرهەڵدەداتەوە. کێشەی کارەبا هەموو هاوین و زستانێك وەکو هەریز سەوزدەبێتەوەو بنبڕ نابێت، کەچی ئەوان باس لە حکومەتی دامەزراوەیی دەکەن!

دەسکەوتنی کار بۆ دەیان هەزار گەنجی ئامادە بەکار بوەتە سەراب و خەونی وەدی نەهاتوو! نەدانی هیچ بیمەیەکی بێکاری لەلایەن حکومەتەوە پێیان، ناچاری کردوون بە گیرفانی بەتاڵ رۆژ بەشەو بگەیەنن و بیبەش بن لە هەموو خۆشیەکانی ژیانی گەنجێتیان! نەدانی بیمەی خانەنشینی بە دەیان هەزار کرێکار و زەحمەتکێش کە لەکەرتی حکومیدا کارناکەن و تەمەنی کارکردنیان بەسەرچوە، ئەوانی ڕوبەڕووی هەژاری ڕەهاکردۆتەوەو دەبێ دەست لە کەسوکاریان پان بکەنەوە یان دەستفرۆشی بکەن تا رۆژانە ٥-٦ هەزار دینار پەیدا بکەن بۆ بەڕێچوونی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان! هەزاران خاوەن پێداویستی تایبەت لەو بڕە هاوکاریە بێبەش کراون کە تەنها دەیتوانی چەند رۆژێکیان بەڕێ بکات و ژیانێکی سەخت و لارەملی بەسەر دەبەن! …

ئێستا دەکرێ بەپێودانگی دەوڵەتداری و حکومەتکردنی تەنانەت خراپترین حکومەتی بۆرژواییش لەمسەر تا ئەوسەری دنیا، حکومەتێك پەیدا ببێت وەکو حکومەتی هەرێم کە هیچ جێگایەکی لە ژیانی خەڵکەکەیدا نەبێت!؟ حکومەتێك بێت بە هەموو مانایەك بووبێتە بار بەسەر خەڵکەوە. مەگەر دەسەڵاتەکەی بزوتنەوەی تاڵیبان بتوانێ کێبڕکێی حکومەتی هەرێم بکات لە خراپی و نامۆبوون و دژ بوونی لەگەڵ ژیانی خەڵکەکەیدا!؟ حکومەتی هەرێم بەڕاستی بوە بە بارێکی سەنگین و قورس بەسەر خەڵکەوە. نەك هیچ شتێك پێشکەشی خەڵك ناکات بەڵکو تا بۆی بکرێت ئەوەشی هەیەتی لێی بسەنێتەوە! ئیتر ئەم حکومەتە لەڕوانگەی ژیان و گوزەران و بەرژەوەندی و ئایندەی خەڵکەوە هیچ خێرێكی نەماوە تەنها شەڕ و نەهامەتی نەبێت. ئەم حکومەتە بەهەموو پێودانگێك ئیتر کاتی ئەوەی هاتوە لەلایەن خەڵکەوە پێی بوترێت: کش مەلیك! خەڵکی کوردستان خۆیان زۆر باشتر دەتوانن هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەی کە لێێ بێبەشن، بۆخۆیانی دابین و دەستبەر بکەن. کرێکارو کارمەند و ئەندازیارانی فەرمانگەی کارەبا دەتوانن کارەبا بۆ خەڵك دابین بکەن. دکتۆرو پەرستار و کارمەند و کرێکاری خەستەخانەکان دەتوان خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ خەڵك دابین بکەن. بەهەمانشێوە کارمەندان و کرێکارانی فەرمانگەو دامەزراوەکان دەتوانن خزمەتگوزاریەکان دابین بکەن، بەڵام مەرجی وەدیهاتنی ئەمانە ئەوەیە کە خەڵك ئیرادە بکەن و خۆیان رێکخراو بکەن لە هەموو ناوەند گەڕەکێکی شارو شارۆچکەکاندا، شوراکانی خۆیان دروست بکەن و دەست بگرن بەسەر داهاتەکانی کوردستان و سامانی تاڵانکراوی خۆیان لای بەرپرسانی تاڵانچی حکومەتی مافیایی هەرێم!

Check Also

سەبارەت بەکشانەوەی کوتلەی سەدر لەپەرلەمانی عێراق

گفتوگۆ لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف ئۆکتۆبەر: ئەوە لەهیچ کەس شاراوە نیە کە بارودۆخی سیاسی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .