وەڵامی خەڵکی ناڕازی بە کێشمەکێشی کۆنەپەرستانەی لایەنەکان لەسەر پۆستەکانی سەرۆکایەتی، پەرەدانە بە بزووتنه‌وه‌ی جەماوەری لە پێناو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەدا!

پاش کۆتایهاتنی بەناو هەڵبژاردنە ڕیسواکەی پەرلەمانی عێراق، هەراوهوریا و کێشە و ململانێی لایەنە قەومی و ئیسلامیەکان، لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەت، فەزای کۆمەڵگای داگرتوە. لەم کێشمەکێشەدا هەم بازاڕی سات و سەودا و هەم پیلانگێڕی و هەڕەشە و هاوپەیمانی کۆنپەرستانە، هەموو سنورێکی بەزاندوە و هەم بازاڕی کڕینی دەنگی ئەندام و کتلە پەرلەمانیەکان و ڕیاکاری و بەخشینەوەی درۆ و فریوکاری گەرمکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کارنامەی سەرجەم کاندیدەکان شتێک نییە جگە لە گەندەڵی و دزی و بەتاڵانبردنی داهاتی کۆمەڵگە. ئەم تاقمە قەومی و دینیە کۆنەپەرستانەی کە گوایە لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکدا پێشبڕکی لەسەر ئەو پۆستانە دەکەن، هەر هەمان ئەو لایەنانەن کە نزیکەی بیست ساڵە ژیانی جەماوەری کرێکار و ستەمدیدی عێراقیان نوقمی نەهامەتی و کۆنەپەرستی و جەنگ و تیرۆر و سەرکوت و برسێتی کردوە .

کێشمەکێش و هەراوهوریای ئەم هێزو لایەنە بۆرژوازیانە، لەسەر دەسەڵات و بەتاڵانبردنی داهات و قایمکردنی پێگەی خۆیانە لە ناو هەلومەرجی تازەی عێراقدا. هەلومەرجێک کە دوای ناکامی و کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە و پەرەگرتنی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جەماوەری و راپەرینی ئۆکتۆبەر و سەرئەنجام شکستی دەوڵەتی محەسەساتی هاتوەتەکایەوە، لە ئەنجامدا هاوکێشەی سیاسی پێشوی ‌هێزەکانی لەعێراقدا تێکداوە. واتە ئەو سیستەم و پرۆسە سیاسیە شکستی خوارد کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە جەنگ و کاولکاری بە ناوی دیموکراسی و نیزامی پەرلەمانیەوە لەسەر بنەمای قەومی و دینی و تایفەگەری بەرپایان کرد. هاوکاتیش بزووتنه‌وه‌ی ناڕەزایەتی جەماوەری کە فاکتۆرێکی کاریگەر بوو لە بەشکست کێشانی ئەو پرۆسە سیاسیەدا، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو قەیرانی حکومەتیەی کە تائێستا لە ئارادایە.

لایەنێکی تری ریاکاری و فڕوفیشاڵی براوەکانی سیناریۆی هەڵبژاردن سەبارەت بە چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵک، ڕووی لەوەیە کە ئەم بزووتنه‌وه‌ جەماوەریە خامۆش بکاتەوە.

شەڕ و دەعوای ئێستای لایەنە بۆرژوازیە قەومی و دینیەکان لەسەر دەسەڵات و پۆستە سەرەکیەکان، دەرهاویشتەی ئەم ئاڵوگۆڕانەیە کە بە تایبەتی دوای کۆتایهاتنی جەنگی بە وەکالەت و شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا و کشانەوەی لە ناوچەکە هاتوەتە ئاراوە. ئەم دۆخە هێزهاوسەنگیەکی تازەی دروست کردوە و سەرجەم ڕەوت و باڵەکانی بۆڕژوازی، لە هەوڵی ئەوەدان پێگەی خۆیان لەناو ئەم هێزهاوسەنگیە تازەیەدا و لەپرۆسەی سەرلەنۆی سازادنەوەی دەوڵەت لە عێراقدا بەهێز بکەن. کێشە و ململانێی ئێستای نێوان ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە و سوننە، مانۆری هێزە میلیشیاییەکانی سەر بە ئێران و حەشدی شەعبی، تادەگات بە قوڵبونەوەی قڵشت و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی و مزایەدەی سیاسی کتلە بچوکه‌کانی ناو پەرلەمان، سەرجەم دەرهاویشتەی ئەم دۆخە تازەیەیە و لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی خۆیانە لەو هاوکێشە سیاسیە تازەیەدا کە لە عێراقدا بەڕێکەوتوە. هەموو ئەمانەش نەک تەنیا هیچ پەیوەندیەکیان بە خواست و ئامانجەکانی خەڵکی عێراق و بزووتنه‌وه‌ی ناڕەزایەتی جەماوەریەوە نییە، بەڵکو پێشبرکێیە لەسەر بە تاڵانبردنی زیاتری قوتی خەڵک و ساغکردنەوەی سیستەمێکی سیاسی کۆنەپەرستانە و تاساندنی دەنگی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جەماوەری.

یەکێتی و پارتی کە دوای بنبەست و شکستی ستراتیژی سەربەخۆی سیاسی و ئابورییان، لە پێشبڕکێدان لەسەر گەڕانەوە بۆ بەغدا، لەگەڵ لایەنە ئیسلامیە کۆنەپەرست و تائیفەگەرە شیعی و سوننەکان و ئەو میلیشیا ئینسانکوژانەدا کەوتونەتە هاوپەیمانی کە بە هێرشی ملهوڕانەیان ئیرادەی خەڵکی کوردستانیان هاڕی و وەکو خۆیان دەڵێن “لە سەدا پەنجاویەکی خاکی کوردستانیان” خستە ژێر پۆستاڵەوە. بەمپێیەش ئەوە یەکێتی و پارتی و لایەنە بۆرژوا ناسیونالیستەکانە کە ئامادەن بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانیان دەستبخەنە نێودەستی کۆنەپەرسترین لایەنی ئیسلامی و قەومی عەرەبیەوە و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانە ببەستن کە خەڵکی کوردستانیان نان بڕاو کرد و  لەشکرکێشییان کردە سەر خەڵکی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.

کێشمەکێشی یەکیتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری کارتۆنی عێراق، کە لەژێر پەردەی خزمەتکردنی خەڵک و بەهیزکردنی پێگەی کورد و بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی تاڵانگەرانە و گەندەڵ و ستەمکارانەی ئەم دوو حزبە، خەڵکی کوردستانیان گیرۆدەی جۆرەها نەهامەتی و نەداری و بێدەرەتانی کردوە. ئەم دوو حزبە لە کاتێکدا بە فڕوفیشاڵی بەرگری لە خواستەکانی خەڵکی کوردستان، پێشبرکێیانە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، کە کۆتایهێنان بە دەسەڵاتیان بوە بە ئامانج و ئارەزویەکی گەورەی خەڵکی کوردستان و بزووتنه‌وه‌یەکی ناڕه‌زایه‌تی جەماوەری بەرفروان بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتیان  لە مەیداندایە. هەر بۆیە هەراوهوریا و کێشمەکێشی ئەم لایەنانە نەک هەر هیچ پەیوەندیەکی بە ماف و خواستەکانی خەڵکەوە نەبوە و نییە، نە لە عێراق و نە لە کوردستان، بەڵکو لە دوالێکدانەوەدا پێشبڕکێیە لەسەر بەتاڵانبردنی قوتی خەڵک و خامۆش کردنی ئەو  بزووتنه‌وه‌ جەماوەریەیە کە هەم لە کوردستان و هەم لە عێراقدا بۆ هەڵپێجانی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی ئەم هێزە قەومی و دینیانە لە مەیداندایە. سەرۆک کۆماری کارتۆنی و سیستەمێکی کۆنەپەرستانە ئەگەر لە پارتی بێت یان لەیەکێتی، سەرۆکی حکومەتێکی گەندەڵ و ستەمکار، ئەگەر سەدریبێت یان مالیکی، هەر هیچ لەو واقعیەتە تاڵە ناگۆڕێ، کە خەڵکی مەحرومی سەراسەی عێراقی گرفتار کردووە. وەڵامی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان بەم کێشمەکێشە تەنها یەک شتە؛ پەرەپێدانی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جەماوەری هاوپەیمان و هاوچارەنوسی خەڵکی عیراق و کوردستان، لەپێناو راماڵینی هەموو ئەم هێزە کۆنەپەرست و ستەمکار و تاڵانچیانە و بەرپاکردنی سیستەمێک کە پشتی بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک بەستبێت و خواست و ئامانجە دەمودەستەکانی خەڵک لە نان و ئازادی و خزمەتگوزاری مەیسەر و فەراهەم بکات.

مەکتەبی سیاسی

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٥/٢/٢٠٢٢

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *