تاوانباری کوشتنی “دێکان”، ئەو سیستەمەیە کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دایانسەپاندوە!

دەشتی جەمال       

رۆژی هەینی رابردوو لە مەراسیمێکدا کە راستەخۆ لەلایەن “ویستگە نیوز”ەوە دەگوێزرایەوە تەرمی “دێکان تارق نوری” ئەو کچەی دوو مانگ لەمەوبەر تەرمەکەی لە گەڕەکی بەکرەجۆ بەکوژراوی دۆزرایەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر تەرمەکەی لە پزیشکی داد ڕاگیرابوو، دواتر لە گردی سەیوان لە گۆڕستانی ژنانی بێ ناونیشان بەخاك سپێردرا. کوشتنی دێکان ئەو ڕووداوە  جەرگبڕ و دڵتەزێنە و نامرۆڤانەیە بووکە فرمێسکی لەچاوی هەموواندا قەتیس کرد و ڕایچڵەکاندین، تاوانێك لە نەریتی کۆنەپەرستی و خێڵەکی و پیاوسالاری دەسەڵات و سیستمێك سەرچاوەی گرتووە کە یەکێتی نیشتمانی تێیدا حاکمە.

 ئەوەی دەمەوێت لەم نووسینەدا سەرنجی ئێوەی سەبارەت بەم تاوانە قێزەونە ڕابکێشم، بڕیارێکی قوباد تاڵەبانی یە وەك جێگری سەرۆکی حکومەت و بەرپرسی حزبێکی دەسەڵاتداری بزووتنەوەی کوردایەتی کە لەلایەن بەڕێز ئاشتی خان لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو مەراسیمەدا پێشکەشیکرد.  بڕیارەکەی جێگری سەرۆکی هەرێم ئەوە بوو کە “نابێت هیچ ژنێكی کوژراو بەبێ ناونیشان بنێژرێت”. قوباد تاڵەبانی بەم بڕیارە و بە خۆهەڵواسین و بەرگریکردن لە کەیسی “دێکان”ەوە دەیەوێت بوارێك پەیدا بکات تاوانەکە بەلاڕێدا بەرێت و هەزاران تاوانی تری ژنکوژی کە نازناوی گۆڕی بێ ناونیشانیان لێنراوە لە زهن و فکری کۆمەڵگادا بسڕێتەوە و دەسەڵاتەکەیان بێبەری بکات لەو هەموو تاوان و قوربانییەی بەرامبەر بە ژنان کراوە و دەکرێت، بەڵام ئەمە جگە لە فریودان و خۆڵکردنە چاوی خەڵك و بەلاڕێدا بردنی کەیسەکە، هیچ شتێکی تر نیە، بۆیە دەبێ بکەرانی بەسزای توندی خۆیان بگەینرێن کە قوباتد تاڵەبانی چاوی خۆی لێ دادەخات.

لەو کاتەوەی حزبەکەی قوباد تاڵەبانی لەسەر کارە، دەستی جەلادانی پیاوسالاری بۆ کوشتن و لەخوێن هەڵکێشانی ژنان ئاوەڵاتر بووە. وەك هەمیشە تاوانباران پەناگای سەلامەتی خۆیان لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەی ئەودا پارێزراو بووە و بکوژانی ژنانیش وەك هەمیشە لەسزادان دوور خراونەتەوە وەیان بەڕێگەی سوڵحی عەشایری مەلەفی تاوانەکەیان داخستووە. جەنابی قوباد تاڵەبانی و حزبەکەی لە چەند دەهەی ڕابردوودا لە پشت چەوساندنەوە و بێمافی، ئیغتساب و خەتەنەی کچان و کۆیلایەتی ژنانەوە ڕاوەستاون، پارێزەری جیاکاری و نایەکسانی ژنان و پیاوان بوون. بەڵام ئەوەی وا دەکات ئەو ڕاستییە تاڵانەی کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا جێگای نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵکی بەڕووی تیرۆری ژنان و بێمافییان وە هەموو ئەوانەشی سەنگەریان بەرامبەر خواستەکانی ژنان گرتووە، گەشتۆتە ئەوپەڕی ناتوانن بێمافی بەرچاوی ژنان بشارنەوە تا ئێوەشی وا لێکردوە بەڕواڵەت خۆتان وانیشان بدەن گوایە “بەم بریارەتان هەنگاویك لەدژی ژن کوشتن بچنە پێشەوە تا ناڕەزایەتییەکانی ژنان و کۆمەڵگا بەرامبەر بەم دیاردە قێزەونە هێور بکەنەوە و بەرگی سپی بکەن بەبەری دەسەڵاتەکەتاندا.

تەنانەت لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی “دێکان”دا بە وتاری مەلایەك ئیفتیتاحی مەراسیمەکەی دەکەنەوە تا پاساو بۆ شەریعەتی ئیسلام بکات لەو تاوانە و پەیامی نەجاتی ژنان نیشان بدات لەکاتێکدا ژنان و کەسایەتی ئینسانی و کۆمەڵایەتییان، لە زەوتکردنی ئازادی فەردی و مەدەنییەکان، ئازادی جل پۆشین، خوێندن، کارکردن، خزاندنی ژنان بۆ نێو کونجی ماڵەوە، وە کردنیان بە کۆیلەی ماڵ، سەپاندنی فەرهەنگی ژەنگرتووی پیاوسالاری تا تەحقیر و سوکایەتی بە ژنان کەمیان نەهێناوە و ئەوەی پێیان کرابێت بەرگرییان لە پلەدوویی ژنان و پاشکۆی بۆ پیاو لەڕووی ئابوورییەوە و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە، …تاد. ئێستە گوایە مەلاکان سنگی دڵسوزی بۆ مافەکانی ژنان دادەڕن. کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سەرانی دەسەڵات ماف و ئازادییەکانی ژنان و مەدەنییەتی کۆمەڵگای کوردستان هەمیشە وەك کارتێکی خۆسازدان لەگەڵ ئیسلامییەکان و ڕاکێشانیان بۆ نێو هاوکێشە سیاسییەکان، وای نیشان بدەن لە پاڵ دەسەڵاتی ئێوەدا ئیسلام و سوننەتەکانی پایەدارن لە کۆمەڵگادا. بەڵام بەم هەنگاوەشتان کۆنەپەرستی پیاوسالاری بەسەر ژیانی رۆژانە ی خەڵکی مەدەنی توندتر دەکەنەوە.

خەڵکی کوردستان لە ماوەی ٣٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ئێوەدا شاهیدی ئەوەن کە ژنان چ ژیان و گوزەرانێك بەسەر دەبەن، هەر لە کوشتنی ناموسی، نەبوونی ئازادییە فەردی و مەدەنییەکان تا مەلەفێکی گەورە لە تاوان کە دەرهەق بە ژنان کراوە، تەنانەت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش نەیانتوانی نکۆڵی توندوتیژی و کوشتار و بێمافییەك بکەن کە لە کوردستاندا وە لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەی ئێوەدا بەڕێوە دەچێت وە زیاتر لەمانەش هەڕەشەی هەمە ڕۆژەی تیرۆر و کوشت و بڕی ژنان لەسەر هەر ژنێکی ئەو کۆمەڵگایە توندتر بۆتەوە. تەنانەت کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی، بەداخەوە (نەقیب محمد لەتیف) کە لەمانگی ڕابردوودا لەکاتی کارەکەیدا کوژرا تا ئێستا بکوژانی  ونن و دەستگیر نەکراون.

لە سایەی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەی ئێوەدایە ئەو سوننەت و فەرهەنگ و ئایدۆلۆژییە بۆرژوازییە کە رۆژانە لە دامێنێکی زۆر گەورە و فراواندا بە خستنە ئیختیاری پارە و پولێکی زۆر لە میدیاکاندا دەمەزەرد دەکرێنەوە، “دێکان”یش لە کۆمەڵگایەکی ئاوادا گەورە بووە کە دەسەڵاتەکەی سوننەتی ناسیونالستی و ئیسلامی تێیدا ئاوێزان و زاڵ کردوە لە کۆمەڵگای کوردستاندا.

ئەوەی پێویستە بوترێت خەڵکی کوردستان چیتر تەحەمولی دەسەڵاتی عەشیرەتگەری ئێوە و پارتی ناکات، ئایندەی کوردستان و چارەنووسی مەدەنییەت و ئینسانییەت لە گرەوی بەهێزبوون و فراوانبوونەوەی وەلانانی ئێوەوەیە. بۆیە پێویستە ژنان و پیاوانی ئازدایخواز و یەکسانیخواز بەرامبەر بەم بڕیارە ڕیاکاریانەدا بوەستن و ئایندەی کوردستان و سسیستەمی دەسەڵاتدارێتی داهاتووی کوردستان دیاری بکەن.  دێکان و ئەو هەزاران ژنەی تیرۆر و قەسابی کراون ئەسیری دەستی سوننەت و فەرهەنگ و ئایدلۆژیایەکن کە هی قوباد تاڵەبانی و حزبەکەی و سیستەم و دەسەڵاتێکن کە کۆمەڵگای کوردستانی لە قاڵبداوە. کوردستان پێویستی بە ئاڵوگۆڕی بنچینەیی هەیە بۆ سیستەمێکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران. گەر قوباد تاڵەبانی و هاوشێوەکانی دەیانەوێت ڕووی خۆیان سپی بکەن کەس دەستی نەگرتوون، بەرپرسیارێتی نیشان بدەن بۆ پاراستنی گیان و ژیان و گوزەرانی ژنان و بکوژی دێکان و هاوشێوەکانی سزا بدەن.

٨/٢/٢٠٢٢

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *