کۆتاییهێنان بەودۆخە ئاڵۆسکاوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، هاتنە مەیدانی هۆشیارانەو ڕیزی سەربەخۆی جەماوەری پێویستە!

دەشتی جەمال    

هەلومەرجی سیاسیی عێراق و کێشەمەکێشی لایەنە سیاسییەکانی نێو باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی دوای زیاتر لەسێ مانگ لە سیناریۆ و ساختەکاری بۆ بەشکردنی دەسەڵات و پۆست و داهاتی کۆمەڵگا بۆ پێکهێنانی حکومەت لەعێراقدا، ئەمجارەش چۆتە  گرەوی ململانێ وکێبەرکێی هەردوو جەمسەری دابەشبووی نێو ئیسلامی سیاسی شیعە کە لایەکیان باڵی سەدر و سوننەن و خۆیان بە براوەی هەڵبژاردن دەزانن و ئیدعای پێكهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی دەکەن و ئەمریکاو دەسەڵاتدارانی خلیج لایەنگری ئەم جەمسەرەن و هەروەها لایەکی تر کە لە هێزەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەی سەر بە ئێران کە مالکی لەدەوڵەتی یاسا و حەشدی شەعبی و بەشێك لەسوننەکانن و هێزە تایفییەکان پێكهاتوون و بەشێکیش بەحساب بڕیاری مانەوە بە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حکومەتەیان ڕاگەیاندوە کە لەسەر دەستی ئەو هێزانە پێكدێت. بەمجۆرەش مەسەلەی ئارایشتدانەوەی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لەعێراقدا بەقەیرانی خنکێنەر و قوڵی حکومەتدا گوزەردەکات. کەبێگومان ئاکام و لێکەوتەی فراوان لەسەر ڕەوتی خەباتی چینایەتی دادەنێ.

بێگومان ئەم دۆخەش بۆتە سەرچاوەیەك بۆ ئەو لێکترازانەی کە لە نێوان حزب و لایەنەکاندا سەریهەڵداوە و لێرەشەوە ڕیزبەندی سیاسی تازەی نێوان لایەنەکان لەحاڵەتی شکڵگرتندایە. بەڵام ئەم ڕووداوانەو ئەم گۆڕانکارییانەی کە هێزەکانی چینی بۆرژوازی لەڕەوتە ئیسلامیەکانەوە تا ناسیونالیزمی عەرەبی و تا حزبە قەومیەکانی کوردستان، دەرهاویشتەی دوو مەسەلەی سەرەکییە؛

یەکێکیان ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵکە بەرامبەر بەمانەوەی ئەو هێزانە کە لە وەڵامدانەوە بەخواستەکانی خەڵکی بۆنان و ئازادی وخۆشگوزەرانی و ئەمنییەت و ئاسایش و فەراهەمکردنی مافە فەردی و مەدەنی و یاساییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا، وە قڵشتی نێوان خەڵك و دەسەڵاتی بەوپەڕی خۆی گەیاندوە کە بەسزای بەشدارینەکردن لەهەڵبژاردنی ئەم لایەنە جەردەو تاڵانچیانە و دروشمی “ارحل”ی ناڕەزایەتییەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ شکڵی گرت و خوازیاری کۆتایی ئەم دەسەڵاتە میلیشایی و تایفییانەن.

لایەنێکی تریش ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە لەسایەی کێشمەکێشی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکاندا هاتوونەتە ئاراوە کە ئەویش شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکاو لاوازیی پێگەی لە ناوچەکە و کۆتاییهێنان بەجەنگی بەوەکالەت، دووفاکتۆرن کە هەڵقوڵاوی ئەو هەلومەرجە تازەیەن کە هاتۆتەئاراوە و فشاری گەورەی داناوە لەسەر پێكهێنانی حکومەت و سەرلەنوێ سازدانەوەی دەوڵەت لە عێراقدا. ئەم ڕەوەندە تازەیە تێپەڕکردنی دۆخێکە بۆ دۆخێکی تر، بەجۆرێك لێکترازانی لەنێو ڕیزەکانی بۆرژوازی لە عێراقدا و هاوپەیمانیی هەندێك باڵ ولایەنی سیاسی دروستکردوەو پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی قورسکردوە.

ئەمجارە ناسیونالیزمی عەرەبی زەربەخواردووی پێشوو خەریکە ملی لاری بەرزدەکاتەوە کە لەگەڵ باڵی سەدری ئیسلامی سیاسی شیعە خۆی جووتکردووەو سعودیە و قەتەرو ئیمارات و تورکیاش تەواوی هەوڵەکانیان بۆ توندکردنەوەی جەبهەی خۆیانە. لایەکی تریش ئێرانە و باڵەکانی لایەنگرێتی لە ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراق کە خۆی لە حەشدی شەعبی و بەشێك لەسوننەکان دەگرێتەوە، کام لایەیان دەستی باڵای دەبێت وە زووتر خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەو دۆخەتازەیەدا، شەڕی ئەوانە، تەجروبەی چەند ساڵی ڕابردوو نیشانیداوە بەتەوافق یان بێ تەوافق ڕێکەوتن یان ڕێك نەکەوتنی و هاوپەیمانی ئەم هێزانە هیچیان لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە سەرجەم ئەو هێزو لایەنە سیاسییانەی بەشدار لەو پرۆسەیەدا خەمو هەمیان مەسەلەی ئابووری و بازاڕە، شەڕی ئەوان شەڕی دەسەڵات و پۆست و حکومدارییە لەسەر حسابی هەژاری و بێکاری و نەبوونی تەواوی خزمەگوزارییە گشتییەکان و هەڕاجکردنی کەرتی حکومی و درێژەدانە بە سیاسەتی سك هەڵگوشین بەسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراقدا، تەئمینکردنی حەوزەی کاری هەرزانە و قازانجی زیاترە لەسەر حسابی خەڵکی بەشمەینەتی عێراق وکوردستان.

لەجەرگەی ئەم دۆخە سیاسییەدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی و پارتی دۆسیەی پۆستی سەرۆك کۆماری عێراقیان کردۆتە دەروازەیەك بۆ شاردنەوەی تەواوی گرفتە ناوخۆییەکانی قەیرانی دەسەڵات و بنبەستێك کە تێیکەوتوون بەرامبەر بەناڕەزایەتییەکانی خەڵك. بەلێدوان و قەوانی سواوی فیدرالیزمێك وەك سیستەمێکی دابەشکردنی قەومی و مەزهەبی کە ١٩ساڵە لە عێراقدا پیادەی دەکەن، کە جگە لە خولانەوەی هێزەکانی شیعەو سوننە و کورد لەبازنەیەکی داخراوی شەڕی بەرژەوەندی و شەریكبوون لەداهاتی عێراق و پۆستە سیادییەکان و تاڵان و بڕۆ بۆخۆیان و بێکاری وهەژاری و برسێتی و بێموچەیی و ئاوارەیی و دەربەدەری، هیچی تری بۆ خەڵکی کوردستان لێ سەوزنەبووە.

لەنێو ئەم دووجەمسەرە دابەشبووە و هاتنەپێشەوەی ڕەوەندە تازەیەدا تا ئێستا پارتی بەرەی سەدری ئیسلامی سیاسی شیعەو خلیج و تورکیای هەڵبژاردووەو بەشوێن بەرزکردنەوەی جێگاوڕێگای خۆیەوەتی لەنێو ئەو دابەشبوونەدا و هەرچی یەکێتییشە لەبەرەی ئێران و حەشدی شەعبیدا ڕاوەستاوەو کێشەیان لەگەڵ پارتی درێژکراوەی ئەو بەرەو بەرژەوەندییە ناکۆکانەن کەدەیەوێت بارودۆخی سیاسیی عێراق و حکومەتەکەی بەئاڕاستەی یەکلاییکردنەوەدا بەرێت.

خەڵکی کوردستان لەکایەی سیاسی نێوان دەسەڵاتدارانی قەومی و ئیسلامی ناوەندو دەسەڵاتدارانی ناسیونالیزمی کورد تەنهاو تەنها زەخیرەو سەرمایەی چەرخاندنی ئەم کێشەو ململانێیانەن. لەکاتێکدا خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان هیچ قازانج و بەرژەوەندی و تەباییەکیان لەگەڵ بەرژەوەندی ئەو لایەنانەی نێو ئەو دووبەرەیە نیە، ئەوە شەڕ و کێشەی دووباڵی بۆرژوازییە، بۆرژواناسیونالیست و بۆرژوا ئیسلامی. ئەوان دەیانەوێت وەك پاڵەوانی نەتەوەیی و بەرگری لە نیشتیمان وخ اکەوە ڕامان بکێشنەوە نێو جەنگی دەسەڵاتی خۆیان تا زیاتر پایەکانی دەسەڵاتدارێتی خۆیان قایم و بەهێزبکەن بەرامبەر بە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان. وەڵامی شایستە ڕاوەستانەوەیە بەدژی هەردوو ئەوبەرەیە. هەربۆیە ئەم هەلومەرجە بوار دەکاتەوە بۆ دەخاڵەتی جەماوەری ناڕازی وه اتنەوە مەیدانیان بە گوڕ و تەوژمێکی نوێوە لەدەوری ئاسۆیەك کە ڕووی لە هەڵپێچان و کۆتاییهێنان بێت بەڕۆڵی ئەو هێزە کۆنەپەرست و ئیسلامی و قەومیانە تا ئاستی خستنەڕووی بەدیلی سیاسی بۆ حکومەت و دەسەڵاتی ئێستا لە عێراق و کوردستاندا. ئەمەش ئەرکێکی ڕانەوەستاو دەخاتە ئەستۆی کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتییەکان چ لە ئێستا وەیان ئایندەدا، بە نەخشەو بەرنامە، هەنگاوبەهەنگاو گەورەکردنەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە بەڕووی ئەم دەسەڵات و حزبانە. کۆمەڵگای عێراق و کوردستان ئەزموونی دەسەڵاتی ئەم حزب ولایەنە سیاسی و قەومی و ئیسلامییانەی کرد کە هیچیان لەژیان و گوزەرانی خەڵك نەگۆڕی. ئێستا ئیتر لە گۆڕنان و هەڵپێچانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەی ئەوان و گۆڕینی بەسیستەم و دەسەڵاتێکی پشتبەستوو بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەو دەسەڵاتدارێتی خەڵکییە.

هەر حزب و لایەنێکی سیاسی کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراق و کوردستاندا جووتە، پێویستە سەربەخۆ و ڕێکخراو لەپێناو سەرخستنی ئەرکەکانی ئەم قۆناغەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان تەواوی هەوڵ و تەقەلای خۆی بخاتەگەڕ و لەپێناو دابینکردنی ڕابەرییەکی هۆشیارو شۆڕشگێڕ، بەئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەو ڕزگاری کۆمەڵگا لەدەست هەموو ئەو هێزانەی کە خولقێنەری ئەم دۆخەن، تێبکۆشێت.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *