ناکۆکیەکانی پێکهێنانی دەسەڵات لە بەغداد

عوسمان حاجی مارف                                     

ناجێگیری سیاسی لە عێراقدا کێشەو گرێ کوێرەیەکە کە هەرجۆرە ڕێکەوتن و پێکهاتنێك لە نێوان ئەو هیزە سیاسیە میلیشیایی و مافیاییانەی بەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە سەر شانۆی سیاسی عێراق هەڵسوڕانی سیاسی و گەمەی هاوسەنگی هێزو بازرگانی بەدەسەڵاتەوە دەکەن، لە ئاستێکی دیاریکراودا بە بنبەستی خۆی گەیشتووە. گومان لەوەدا نیە کە نەک نەیانتوانیوەو نەیانویستوە ئارامی بۆ هەلومەرجی سیاسی عێراق دابین بکەن، بەڵکو ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەیان بەئاستێکی زیاتر و زیاتر و مەترسیدارتر گەیاندووە.

ئەو حاڵەتەی کە بەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری٢٠٢١دا پێشهات کە زۆر بە ئاشکرا شکستخواردن و ڕێژەی ناهاوسەنگیەکی وەها لە هێزەکانیان دەرهات، کە لە ناو کێشمەکێشی پێکهێنانی حکومەتدا دەرگیر بون و لەبەرامبەر گەورەترین سەرگەردانی و ناکۆکیدا هێزەکانیان لاسەنگ ڕاوەستان. هەربۆیە ئەو پرسیارە دێتە سەرمێزی هەریەک لەو هێزە تائیفی و ناسیۆنالستانە، ئاخۆ کام حکومەت ئەتوانن پێک بهێنن؟ حکومەتی زۆرینە یان حکومەتی هاوپەیمانی؟ ئیستحقاقی هەڵبژاردن یان هاوسەنگی هێز؟ کێشەکەیان لە دوریانێکدایە کە هەر کامیان هەڵبژێرن، ڕێگاچارەیەك ناخاتە بەردەمیان تا بتوانن کۆتایی بە قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی و ناجێگیری سیاسی و بنبەستی خۆشیان بهێنن، چونکە نەك هیچ پێشبینیەکی لێ ناکرێت بۆ وەڵام بە نائارامی دۆخی سیاسی عێراق، بەڵکو ناتوانێ کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان خۆشیان دامرکێنێتەوە.

ئەم واقعیەتە ئاکامی دەخالەت و ڕۆڵ و کێشمەکێشی سی ساڵ زیاتری هەوڵی باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک تاکە جەمسەرێکی زلهێزی دنیا بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ و گوندەیی خۆی بەسەر تەواوی دنیای سەرمایەداریدا، کەمایەی داروخان و تێکدانی تەواوی شیرازەی بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ناوچەکە و بە نۆکەرگرتن و بەگەرخستنی چەندین هێزی کۆنەپەرستی ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرست بوو. لە هەمان کاتدا ئەو هێزە سیاسیانەش بونە بەشێکی سەرەکی لە زیاتر تێکدان و داسەپاندنی ئەوپەڕی دۆخی نالەبارو وێرانکاری و گێژاوی سیاسیدا، بە مانایەک “جێگیر”بونی ناجێگیری سیاسیە.

 ئێستاش لە ئاکامی پاشەکشەو بنبەست و شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو جیهاندا، ئاڵوگۆڕ لە هاوسەنگی هێزی ووڵاتانی تری زلهێزی دنیای سەرمایەداری و کێبڕکێ و وەستانەوەیان لە بەرامبەر ستراتیژو سیاسەتەکانی ئەمریکادا، ڕویداوەو دەورانێکی تر لە کێشمەکێش و قەیرانی سیاسی خستۆتەسەر دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری لەسەر گۆڕینی پێگەی هێزە سیاسیەکان و ڕەوەندی ئاڵوگۆڕ لە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بە جۆرێکی تر داناوە. پێشهاتەکان ئەوەمان پێدەڵیت کە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی و پێگەی ئەرێنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بەرێخستنی هەڵبژاردنێکی ڕیسواو شکستخواردو ئایندەی حکومەتی عێراقی خستۆتە ناو تونێلێکی تاریکەوە کە چەند دەروازەی لێڵ و ناڕۆشن نیشان ئەدرێت بۆ هاتنە دەرەوەیان لەو تونێلە.

نائینسجامی و قەیران و بێسەروبەری هێزە سیاسیەکان لە مابەینی بڕیاردان لەسەر حکومەتی زۆرینەو پەیڕەوی دەستور، لە بەرامبەر حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتن، کەوتونەتە ناو گێژاوو دروشمی بێسەروبەری وەهاوە، کە نە حکومەتی زۆرینەی سەدرو بارزانی و حەلبوسی کۆتایی بەو دۆخە نالەبارەی نێوانیانن دەهێنێت، نە دەتوانن بە پێکهینانی حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتنی نێوان بەرەی شیعەو کوردو سونە ئەم کێشەو قەیرانە تێدەپەڕێنن. هەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراق لەبەرامبەر ئەو چاوەڕوانیانەی ئاڵوگۆڕێکی تازەی بۆ ئایندەی عێراق هێناوەتە پێشەوە، تەواوی هاوکێشەکان گۆڕدراون لە چۆنیەتی دەخالەتی ئێران و تورکیاوە تا جێگاوڕێگای ئێستای ئەمریکاو بەرامبەرکێ لەگەڵ ڕەقیبەکانی لە روسیاو چین، هەروەها هەوڵ و ڕۆڵی ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ناوچەکەو عێراقدا. دوای سی ساڵ لە سەرگەردانی و کارەسات و گێژاوی سیاسی، دەورانێکی تر لە پاشەکشەو لێکترازانی هاوسەنگی و پێگەی بەشێکی زۆرلە هێزە میلیشیاکان بونەتە ئەمری واقع، کە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان بە هیچ یەک لە حکومەتی زۆرینەو حکومەتی هاوپەیمانی بەرێوەنابرێت وە ئایندەی عێراق کوردستان تاریکتر دەکات. ئەگەر ئاڵوگۆڕێک لەسەر ڕێدایە دەبێت تەواوی ئەو هێزە سیاسیە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرستانەی کە چەندین ساڵە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، بکەونە بەر لێشاوی ئەو ئاڵوگۆڕەو کۆتاییان پێ بهێنرێت، دەنا ئاڵوگۆڕ هیچ مانایەک نابەخشێت.

کێشەکان بە ئاقاری ئەوەی سەرۆک کۆمار مافی کێیەوە دەبێت بۆ کێ بێت گاڵتەجاڕیە..!، حکومەتی زۆرینە یان حکومەتی ڕێکەوتن یان نێوەندگیری و هەرجۆرە حکومەتێک لە نێوان گەمەی سیاسی ئەو هیزانەدا پێک بێت، ئەوە ئەو بەڵا بەردەوامەیە کە نزیک بە بیست ساڵە یەخەی خەڵکی عێراقی گرتووە لە ڕودانی کارەسات و نائارامی و ناڕۆشنی چارەنوسی سیاسی عێراقدا.

ئەم هەراو کێشمەکێش و شەڕەی ئێستایان لەسەر سەرۆک کۆمار یان چۆنیەتی پێکهینانی  جۆری حکومەتەکەیان، بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزی هەر لایەنێکیانە کە بە قازانجی خۆی کاری لەسەر دەکات. گەر سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت دەستکەوتێکی زیاتر لە پێگەی سیاسی بەدەست دەهێنێت و زیانی گەورە دەبێت بۆ یەکێتی، بەڵام سەرۆک کۆمار گەر بۆ یەکێتی بێت تەنها دەتوانێ ئاستی هاوسەنگی هێزەکەی ڕابگرێت و تەنها بەر بەو زلەیە بگرێت کە پارتی لە ئێستادا دەیەوێت لێی بدات، دواتر چی تر ڕووئەدات ئەوە پەیوەستە بەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕێرەوی چارەنوسی ناوچەکەدایە.

هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەش بەرەیەکە کە ئامانجی گورز وەشاندنە لە بەرەیپێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی شیعەو کەمکردنەوەی دەوری ئێران لە عێراقدا، بەڵام ئەم بەرەی حکومەتی زۆرینەیە گەر حکومەتەکەش پێکبهێنن، لەو واقعیەتەوە کە ناتوانن حکومەتێک پێک بهێنن مەرکەزیەت بۆ عێراق دابین بکات، سەرکەوتو نابن، چونکە ناتوانن پێگەی ئەو حزبە میلیشیایانەی تر لە ناوچەکانی نفوزی خۆیاندا کەم کەنەوە. بەهەمان شێوەش حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتن ئەو ئەزمون و قەوانە سواوە دەبێت کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی بەغداد و  شارەکانی خواروی عێراق توانیان نمونەکەی پێشتری وەک حکومەتی عادل عبدالمهدی هەڵوەشێننەوە. بە گشتی پێکهێنانی هەرجۆرە حکومەتێک لە نێوان نەخشەو سیاسەتی ئەم هێزە میلیشیایانەدا دەرگیر بە قەیرانێکی  قوڵ و ناکۆکیەکە ناتوانێت حاڵەتێکی نۆرماڵ و گونجاو لە دەسەڵاتی سیاسی بدات بەدەسەتەوە.هەر بۆیە جەماوەری ناڕازی عێراق و کوردستان یەک هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە ئەویش ڕاماڵینی تەواوی ئەو هێزە میلیشیاییانەیە بە خۆیان و دامودەزگاکانیانەوە.

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *