کرێکارانی ژینگە پارێز، تەنها بە سوور بوون و خەباتی یەکگرتوانەیان دەتوانن موچە و شایستە داراییەکانیان بەدەست بهێنن!

لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنه‌یه‌كی دەست کۆمسیۆنی کاروباری کرێکارانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کەوتووە، هەریەك لە کومپانیاکانی خالید شینکی، شکار، بیڤار گارکس، ئۆرانۆس، گەردین و هەرێم، بەهۆی پێنەدانی سلفەی مانگانەوە لەلایەن حوکمەتی هەرێمەوە، بڕیاری ڕاگرتنی کاریان راگەیاندوە و مۆڵەتی ٧ ڕۆژیان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ وەڵامدانەوە و سەرفکردنی سلفەکانیان. بەپێچەوانەشەوە تەواوی کاری پرۆژەکانیان ڕادەگرن. لە بەشێك لە ڕوونکردنەوەکەی کۆمپانیاکاندا هاتووە، کە کرێکار و شۆفێر و کارمەندەکانیان ئامادەنین بەبێ موچە کاربکەن بۆیە ئەمە دەبێتە وەستانی سەرجەم پرۆژەکانیان. ئەمە لەکاتێکدایە کە کۆمپانیاکان ماوەی  ٣مانگ دەبێ موچەیان بە کرێکاران نەداوە و هەر دوێنێش لە ناوچەی پشدەر و بتوێن کۆمپانیای گارێکس به‌ كرێكاره‌كانی ڕاگه‌یاندووه‌ کە موچەی مانگی ٢ یان دەدەنێ بەڵام بۆ مانگی٣ توانای سەرفکردنی موچەیان نییە و فۆرمێکی داوە بە کرێکاران کە ئیمزای بکەن و داوای کردووە نابێت کرێکاران لە حالەتی پێنەدانی موچەکەنیاندا مانبگرن یان خۆپیشاندان بکەن! ئەم داوایە لە لایەن کرێکارانەوە ڕەتکرایەوە و هاوکاتیش کرێکاران کۆمپانیاکان بە بەرپرسی یەکەم دەزانن لە دواکەوتنی موچە و حەقدەستەکانیان و لە ئەگەری دواکەوتنی موچەکانیاندا، بە مافی خۆیانی دەزانن مانبگرن و خۆپیشاندانیش بکەن .

جێگای ئاماژەیە کرێکارانی ژینگەپارێز لە تەکیە و چەمچەماڵ و شۆڕش و بازیان و سەیسدسادق و پشدەر و بتوێن ماوەی مانگێکە بەشێوەی جۆراجۆر لە حاڵەتی مانگرتندان و بە شێوەی جوراوجۆر بۆ خواستی سەرفکردنی موچەی نەدروایان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. بێگومان لەژێر فشارەکانی ئەم خەباتە شکۆدارەی کرێکارانی ژینگەپارێزدایە کە خاوەن کۆمپانیاکانی بەو ئەنجامە گەیاندووە کە کار  ڕابگرن و بۆ ئەوەی خۆیان لە دەستی خواستەکانی کرێکاران دەرکێشن و حەواڵەی سلفە و گرێبەستەکانی خۆیان بکەن کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا هه‌یانه‌ بەبێ ئەوەی کرێکارانی ژینەگەپارێز ئاگادار و لایەنێک بن. بەمەش دەیانه‌وێت مانگرتنی كرێکاران بشکێنن و لە چاوەڕوانیدا بەدیار کێشەی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتەوە ڕایانبگرن و بەبێ موچە کاریان پێبکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کرێکارانی ژینگەپارێز، تەنها بە سووربوون و خەباتی یەکگرتوانەیان، دەتوانن موچە و شایستە داراییەکانیان بەدەست بهێنن!

ئێمە لە کۆمسیۆنی کاروباری کرێکاران لەگەڵ ئەوەدا کە بەتەواوی تواناوە پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێز دەکەین و بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان لە کەناریاندا ڕادەوەستین، هاوکات سەرنجی کرێکاران و هەڵسوراوان رادەکێشین کە لەپێناو بەدەستهێنانی یەکدەنگی و یەکگرتوویی و سەراسەری کردنەوەی نارەزایەتیەکاندا، دەستبەجێ‌ کۆبوونەوەی گشتی کرێکاران لە ئاستی هەرکۆمپانیایەکدا سازبدەن و نوێنەرانی خۆتان هەڵبژێرن و لەدەوری خواستەکانتان کۆببنەوە و ڕیزی سەربەخۆی مانگرتن و ناڕەزایەتیەکان بپارێزن و رێگەمەدەن بە نوێنەرانی کۆمپانیا و شارەوانیەکان و سەندیکاکانی سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتدار، خەبات و هەوڵەکانتان بەلاڕێدابەرن.

ئێمە وەک کۆمسیۆنی کاروباری کرێکاران خاوەن کومپانیاکان و وەزارەتی کار بە بەرپرس دەزانین لە پێشێلکردنی مافی کرێکاران و پیس بونی ژینگەی شارەکان. هەر ئەوانیش بۆ قازانجی سەرمایەداران ئەم دۆخەیان بەسەر کرێکارانی ژینگەپارێز و ڕەوشی ناتەندروستی هاوڵاتیاندا داسەپاندووە. وه‌زاره‌تی كار كه‌ نه‌یتوانیوه‌ و ناتوانێ ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات و موچه‌ی كرێكاران دابین بكات و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ له‌ پاڵ نه‌دانی موچه‌دا، شانی خاڵی كردۆته‌وه‌ له‌ هه‌ر جۆره‌ خزمه‌تگوزرایه‌كی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵك، هیچ ڕه‌وایه‌تیه‌كی بۆ مانه‌وه‌ نییه‌. له‌ كۆتاییشدا داوا له‌ جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و كرێكاران و كارمه‌ندانی ناوه‌نده‌كانی تر ده‌كه‌ین پشتیوانی له‌ كرێكارانی ژینگه‌پارێز بكه‌ن تا داوای دابینكردنی موچه‌كانیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و كۆمپانیاكاندا بسه‌نرێت.

سه‌ركه‌وتوو بێ خه‌باتی یه‌كگرتووانه‌ی كرێكارانی ژینگه‌پارێز

کۆمیسۆنی کاروباری کرێکاران

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٤/٣/٢٠٢٢

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *