پارە دەست بەسەرا گیراوەکان و تەسفیەحساب!

موحسن کەریم:
لەکاتێکدا هەواڵی دەست بەسەراگرتنی سەدان ملیۆن دۆلاری دزراوی خەڵکی کوردستان لەلایەن میلیشیا دەسەڵاتبەدەستەکانی کوردایەتیەوە، لە بانکەکانی لوبناندا بڵاودەکرێتەوە، کرێکاران و کارمەندانی حکومەت هێشتا مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتوە. لە بەردەم بانکەکانی سلێمانیدا خانەنشین لەسەرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیدا گیان لەدەست دەدەن. دەیان ملیار دۆلاری کرێکاران و کارمەندانی حکومەت بەناوی پاشەکەوتی مووچەوە دەستی بەسەردا گیراوە. خەستەخانە حکومیەکان لەبەر نەبوونی داوو دەرمان و پێداویستی تەندروستی خەریکن دادەخرێن! خۆڵ و خاشاك لەناو شارەکاندا کەڵەکە بووە بەهۆی ئەوەی کە حکومەت شایستەی دارایی نادات بە کۆمپانیاکان و ئەوانیش کرێی کرێکارانی ژینگە نادەن و کرێکاران لەبەرامبەر نەدانی هەقدەستەکانیاندا کاری پاکردنەوەیان ڕاگرتووە. پرۆژەی خزمەتگوازری گشتی و رێگاوبانەکان و خزمەتگوزاری شارەوانی لە سفر نزیک بوونەتەوە و بەهۆی خراپی رێگاوبانەکانەوە ساڵانە دەیان کەس دەبنە قوربانی. هەزاران گەنج و هاوڵاتی ئامادەبەکار هیچ جۆرە کارێکیان دەست ناکەوێ و لەلایەن حکومەتەوە هیچ جۆرە هاوکاریەکی دارایی ناکرێن…. لەولاشەوە بەدانانی چەندین جۆر باج و سەرانە لەسەر خەڵك و گرانکردنی پێداویستیە سەرەکیەکانی خەڵك وەکو نان و کاڵا خۆراکیەکان و ….تاد. بارودۆخەکە بەجۆرێکی لێهاتوە کە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی دەستیان لە قورگی هاوڵاتیان گیرکردوەو ووردە ووردەخەریکن هەناسەیان لێ دەبڕن! لەو لاشەوە بەپرسانی هەولێرو سلێمانی یەکتری تۆمەتەبار دەکەن لەو بارودۆخەو دەیانەوێ خۆیان لەژێر باری بەرپرسیارێتیدا دەرباز بکەن.
بەڵام ئەو روداوە بەڵگەیەکی روونی ئەو ڕاستیە دەردەخات کە ئەم حزبانەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەسەڵاتی کوردستانیان ڕادەستکراوە، بەردەوام خەریکی تاڵانکردنی سامانی کوردستان بوون و هەن. هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاودەکرێتەوە لەسەر پڕکردنی بانکەکانی دەرەوەی کوردستان لە پارەی دزراوی خەڵك و کڕینی موڵک لە ووڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا و تورکیاو ووڵاتانی کەنداو …. تەنها گۆشەیەکی ئەو تاڵان و دزیەی ئەم مافیا فەرمانڕەوایانە دەیکەن، دەخاتەڕوو. ئەوان زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەستیان بەسەر داهاتی کوردستاندا گرتوە… لەماوەی ئەم سی ساڵەدا سەدان ملیار هاتۆتە کوردستانەوە، لەڕێگای مەرزەکان و گومرگ، فرۆشتنی نەوت و وەرگرتنی کۆمەك و هاوکاری لە ئەمریکاو ئەوروپاوە بەناوی پرسی کوردەوەو هەروەها لەرێگای باج و سەرانەی ناوخۆوە لە خەڵك. بەڵام لەو ماوەیەدا کەمترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بە خەڵك نەکردوە و بگرە ئەوانەشی کە پێشتر هەبوون نەیان هێشتوون. بێجگە لە دزینی دەیان ملیار مووچەی کارمەندان و کرێکارانی حکومی وتاد….
ئاشکرابوونی ئەم تاڵان و دزیەیان تەنها لوتکەی کێوێکی سەهۆڵی ناو دەریایەکی پانوپۆڕە لە دزی و تاڵانی کە زیاتر لە٣٠ ساڵە لەسەری بەردەوامن.. بەڵگەی ئەوەیە کە ئەمانە کۆمەڵێك چەتەو رێگرن و خەریکن ژیانی دانیشتوانی کۆمەڵگایەکی ٥-٦ ملیۆنی وێران دەکەن. بۆیە ناکرێ خەڵکی کوردستان بەدیار مەرگی خۆیانەوە دابنیشن! ناکرێ خانەنشین لەسەرەی مووچەیەکی ٢٠٠ هەزار دیناریدا گیان لەدەست بدات. ناکرێ نەخۆش بەدەم ئازار و ژانی نەخۆشیەوە چاوەڕێی مەرگی بکات! ناکرێ خەڵک کاربکەن و هەقدەستی کارەکەشیان پێ نەدرێ و لەلایەن بەرپرسان و کوڕ و کچ و نەوەکانیانیانەوە بدزرێ و بکرێ بە ڤێلاو کۆشك لە ووڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا و لە باڕو قومارخانەکان و لە گەعدەکانی ڕابواردنی خۆیاندا سەرفی بکەن! ناکرێ چارەنوسی کۆمەڵگایەك بەدەستی ئەمانەوە بێت کە هەریەکەیان سەریان بە دەوڵەتێکی کۆنەپەرست و دژی مرۆییەوەیەو ئامادەن ژیان و ئایندەی دانیشتوانەکەی بکەنە بارمتەی ململانێ و بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەو دەوڵەتانە لەپێناو مانەوەی خۆیان وەکو حاکمی دوو زۆنی سەوزو زەرد! کاتی ئەوەیە خەڵکی کوردستان، کرێکارو زەحمەتکێش و کەمدەرامەت، کارمەندان و کرێکارانی حکومی ، مامۆستایان و خانەنشیان و …تاد. رێگا لەو تاڵانکاریە بگرن . رێگا لەو وێرانبوونەی کۆمەڵگا و تاریکبوونی ئایندەی خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان بگرن! کاتی ئەوە هاتوە تەسفیە حساب لەگەڵ ئەم مافیایانەدا بکەن کە لەسەر حسابی خوێن و قوربانی ئەوان و کەسوکارو کوڕو کچی ئەوان بوونە خاوەنی دەیان ملیار دۆلار و کۆشك و ڤێلاو کۆمپانیا و … لە ناو کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان…کاتی ئەوەیە هەموو ئەوەی دزیویانە دینار دینار لێیان وەربگیرێتەوەو دەرگای زیندانەکانیشیان بۆ بکەنەوە لەپای ئەو هەموو دزی و تاوانەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کردویانە!

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *