گفتوگۆ لەگەڵ مەهدی ڕەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب

گفتوگۆ لەگەڵ مەهدی ڕەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارەت بە بڕیارنامەی “بزووتنەوەی کرێکاری و سەرخەتی ئەرکەکانی ئەم دەورەیەی حزب” پەسەندکراوی کۆنگرەی پێنجەمی حزب.

ئۆکتۆبەر: کۆنگرەی پێنجەمی حزب لە مانگی دێسەمبەری ٢٠٢١ بەسترا، بڕیارنامەیەکی سەبارەت بە بزوتنەوەی کرێکاری و سەرخەتی ئەرکەکانی حزب پەسەندکرد. بنەمای پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە بۆ چی دەگەڕیتەوە؟

مەهدی ڕەسوڵ: بەشێوەیەکی گشتی بنەمای بەڵگەنامەی “بزوتنەوەی کرێکاری وسەرخەتی ئەرکەکانی..” بۆ دوو واقعیەت دەگەڕیتەوە: یەکەم: هەروەک ئەوەی کە بەڵگەنامەکە ئاماژەی پیداوە، بزوتنەوەی کرێکاری لەکوردستان پێی ناوەتە قۆناغیکی تازەوە، واتە دەورەیەکی تازە لەناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانی کرێکاران، لەفەزای سیاسی کوردستاندا سەری هەڵداوە. شێوەکانی خۆنواندنی کرێکارانیش لەم دەورە تازەیەدا بریتیە لە مانگرتن ودەست لەکارکێشانەوە و نارەزایەتی بەکۆمەلی کرێکاران بۆ خواستەکانیان، لەناوەندەکانی کاردا، بەڵگەی جموجوڵیکی کۆمەلایەتیە وتەعبیرە لەخەباتێکی زیندووی ڕۆژانەی کرێکاران بۆ باشکردنی دۆخی کارو ژیانیان. بەڵام کاتێک سەرنج لەم جموجۆڵە کرێکاریانەو ئەم نارەزایەتیانە، لەپەیوەند بە دۆخی ئیستای کوردستانەوە دەدەین کە قەیرانێکی قوڵی ئابوری و سیاسی یەخەی بەدەسەلاتداران گرتوە و نارەزایەتی جەماوەری کەوتۆتە بەرامبەر دەسەلاتەوە، بەپیویست ئاسۆیەکی کار دەخاتە بەردەم حزبی ئێمە و هەر ڕەوتێکی کۆمۆنیستیەوە، ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئەم زەمینە واقعیەی خەباتی چینایەتی کرێکاران وجەماوەری زەحمەتکێش کار بکەین وبەرەو پێشەوەی  ببەین. دووەم، حزبی ئێمە بەدوای دەورەیەک لەکار لەنێو کرێکاران و کارکردن لەسەر خەباتی ڕۆژانەی ئەم چینە، توانیویەتی جێگایەک پەیدا بکا و ڕۆڵیک لەراستای هوشیارکردنەوەو یەکخستنی هەڵسوراوانی کرێکاریدا بگێڕێ.. لەسەر ئەم بنەمایانە کۆنگرەی پێنجەمی حزب باسکردن لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و ئەم قۆناغە تازەیەی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوەو پاش قسەوباس و لێکدانەوەیەکی چڕوپڕ لەسەر لایەنە بەهێزو لاوازەکانی، بڕیاریاری دا بەڵگەنامەیەک ئامادەبکات و سەرخەتی بەرنامەی کاری خۆی بە ئاڕاستەی بەرەوپێشبردنی ئەم بزوتنەوەیە بەرەو قۆناغیکی بالاتر، بخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە.

ئۆکتۆبەر: لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێ کە بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێستادا لە قۆناغی بەرگریدایەو خاوەنی رێکخراوی سەربەخۆ و بەهێز و ڕابەر و هەڵسوڕاوانێکی بەرجەستەو ناسراو نیە. ئەگەر ئەمە بارودۆخی بزوتنەوەکە بێت، بەلای ئێوەوە سەرەکی ترین خاڵە بەهێزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لەکوردستان لەئێستادا چیە؟

مەهدی ڕەسوڵ: سەرەتا ئەوە بڵێم خودی ئەوەی کە کرێکاران خەریکە دێنە جواب و دفاع لە خواستەکانیان دەکەن و لە ناوەندەکانی کاردا خەریکە قسەکەرەکانیان دەردەکەون وجۆرێك لە رێکخراوبون هەیە جا هەر شێوەیەك بێت، ئەوە بەهێزترین خاڵە کە چینی کرێکار لەکوردستان تێیدا دەردەکەوێت. لەلایەکی تریشەوە خودی ئەم دەرکەوتنەی چینی کرێکار ئەگەر لەفەزای سیاسی ئێستای کوردستاندا وەربگرین، کەقەیرانێکی قوڵی ئابوری و حکومەتی لەئارادایەوە و نارەزایەتیەکی فراوانی جەماوەری، لەمامۆستایان و کارمەندان و گەنجانی بێکارو دەرچوانی دانەمەزراوی زانکۆکان و هاوڵاتیانی کەمدەرامەت لەدژی گرانی و نەبونی خزمەتگوزاریەکان و ئەو باجگیریەی کەحکومەت دەستی داوەتێ، ئەوا بزوتنەوەی کرێکاری لەپێگەیەکی بەهێزدا دادەنێ، کە ئەگەر وەڵام بە کێشەو گرفتەکانی بەردەمی بدرێتەوەو ببێتە خاوەنی ڕابەران و ڕێکخراوەی جەماوەری خۆی و بەئاسۆیەکی کۆمۆنستیانەوە برەوی پێبدرێت، ئەوا بزوتنەوەی کرێکاری و چینی کرێکاری کوردستان ئەتوانێت و ئەو قابیلیەتەی هەیە کە ببێتە ناوکۆکەی نەک هەر هێزێکی ئاڵوگۆڕبەخش، بەڵکو وەک رابەری نارەزایەتیە جەماوەریەکان وبنەمای هەر ئاڵوگۆرێکی کۆمەڵایەتی و شورشگیرانە و نزیكبونەوەی ئەم چینە لەدەسەڵات شوێن بگرێت.

 ئێمە بەم جۆرە لەخالە بەهێزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری دەروانین و خەباتیش دەکەین بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم یەکپارچەیی کرێکاران و بزوتنەوەکەیاندایە. بەتایبەتیش حزبی ئێمە لەبەرامبەر هەرجۆرە سونەت و رەوتێك رادەوەستێت کە ریزی یەکگرتووی کرێکاران بەناوی نەتەوەو رەگەزو کرێکارانی ناوخۆو بیانی، بێکارو لەسەرکار، پارچە پارچە بکا.

ئۆکتۆبەر: بەجیا لەخاڵە لاواز وبەهێزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری، بەلام کرێکاران وەک خۆیان لەگەڵ کێشەی جواروجۆر بەرەوڕوون ئەگەر بکرێ ئاماژە بەسەرەکیترینی ئەو کێشانە بدەن.

مەهدی ڕەسوڵ: بێگومان کرێکارانی هەربەشێک لەگەڵ کێشەی تایبەت بەرەوروون؛ لەوانە کەمی مووچە و زۆری ماوەی سەعاتکار و مەترسیەکانی شوینی کار و.. ، بەلام بەگشتی کۆمەڵیک کێشە یەخەی بەکرێکاران گرتوە و بوونەتە کۆسپێک لەبەردەم خەبات و نارەزایەتیەکانی ئێستایاندا، لەوانە نەبوونی یاسای کار، لەئارادابوونی بێکاریەکی فراوان و سیستەمی گرێبەستی کاتی و دەسەڵاتێک کە بەکۆمپانیاکان دراوە، لەپاڵ ئەو فشارانەی کە دەسەلات لەژێرناوی “چاکسازی”دا رووبەڕوی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتی کردۆتەوە.. ئەمانە سەرەکیترین کێشەو گرفتیان بۆ ژیان و گوزەرانی کرێکاران بەگشتی دروست کردوە، بەڵام تا ئەو جێگەیەی کە بەبزوتنەوەی کرێکاری ئێستا بەگشتی دەگەڕێتەوە، نەبوونی ڕێکخراوە جەماوەریەکانی کرێکاران و رابەریەکی سەراسەری و ئاسۆیەکی خەباتکارانە کەڕەوتی نارەزایەتیەکان و خەباتی ئێستای کرێکاران ئاراستەبکات، دەتوانرێ وەک گرفتە سەرەکیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئاماژەی بۆ بکرێت. بەڵام دیسانەوە دەمەوێت ئەوە بڵێمەوە کە کەخەبات و ناڕەزایەتی ڕۆژانەی ئەم چینە هەرچەندە پەرتوبڵاو و ناڕێکخراویش بێت، بەڵام هەر یەکەمین سەنگەری ئەم چینەیە بەرامبەر بەهێرشی بەردەوامی بۆرژوازی ، بۆیە دەبێ خەبات بکەین بۆ هەڵگرتنی ئەو گرفتانەی لەسەر ڕیگایەتی و ڕیگاچارەو هەنگاوی عەمەلی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

ئۆکتۆبەر: بڕیارنامەکە کۆمەڵێك هەنگاو و سەرخەتی سیاسی دیاریکردوە بۆئەوەی بزوتنەوەکە بەسەر ئەو گرفتانەیدا زاڵ بێت. پێتانوایە کام لەو هەنگاوانە هەنگاوی یەکەمن و جێبەجێبوونی ئەوانی دیکە بەندە بە پێشڕەویکردن لە کەنارخستن و وەلانانی ئەو گرفتانەدا؟

مەهدی ڕەسوڵ: سەرەتا ئەوە بڵێم کە زاڵبوون بەسەر هەر گرفت و بەربەستێکی سەر ڕیگای بزوتنەوەی کرێکاری، بەندە بە هاتنەمەیدانی یەکگرتووانەی کرێکاران و ڕۆشنی خواستەکانیانیەوە. هەروەک وتراویشە هێزی چینی کرێکار لەڕیکخراوبوون و یەکگرتووبونیدایە. لەم سۆنگەیەشەوە گرنگترین مەسەلە بۆ حزبی ئێمە کارکردنە لەسەر یەکگرتووکردنی کرێکاران لەئاستی سەراسەریدا لەسەر ئەو خواستانەی کە هاوبەشن لەئاست هەموو بەش و ناوەندەکانی کاردا، بێگومان ئەم یەکگرتووبونەی کرێکارانیش بەندە بە هێنانەمەیدانی ڕیکخراوەی جەماوەری کرێکاریەوە، لەوانە شورا کرێکاریەکان. بەواتایەکی تر ئەگەر کرێکاران بەیەکگرتویی و ڕیکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریەوە لەئاستی سەراسەریدا لەمەیداندا بێت، ئەو توانایەش بەدەست دێنێ کە وەلام بە نەبوونی یاسای کار، گرانی، بێکاری و زۆر گرفتی تریش بداتەوە، واتە هاوکێشەی هێز وابگۆڕی کەدەسەلات و خاوەنکارەکان لەئاست هەر ناوەندێکدا ناچاربکات مل بەخواستەکانی کرێکاران بدات.

ئۆکتۆبەر:  وەک دواین پرسیار حزب لەئیستدا چ ئەولەویاتێکی سیاسی- عەمەلی لەپێش پێی خۆی داناوە؟

مەهدی ڕەسوڵ: لەئیستادا بەسەر کەوتن گەیاندنی هەر نارەزایەتیەکی کرێکاری ئەگەر بۆخواستێکی بچوکیش بێت بۆ نمونە دانی موچە بەبی لێبڕینەوە لەکاتی خۆیدا، بۆ ئێمە گرنگە و لە ئەولەویەتماندایە، چونکە هەرجۆرە سەرکەوتنێکی کرێکاران لەخەباتی ڕۆژانەیاندا، ئاستی یەکگرتوبوون و هوشیاریان دەباتە سەرەوەو متمانەو باوەڕبوون بەهێزی چینایەتیان پەرەپێدەدات. بەلام ئەگەر مەسەلەی یەکگرتوبون و ڕیکخراوبونی چینی کرێکار لەڕیکخراوە جەماوەریە سەربەخۆکانی خۆیاندا وەک ئەڵقەیەکی سەرەکی بۆ پێشرەوی زیاتری بزوتنەوەی کرێکاری کوردستان لەئیستادا لەبەر چاوبگرین، ئەوا حزبی ئێمە کارکردن بۆ پێکهێنانی کۆڕوکۆمەلی خەباتکارانە و پێکهاتنی دەستەکانی ناڕەزایەتی کرێکاران لەئاست هەر ڕشتەو ناوەندێکی کاردا، لەم ڕیگایەشەوە هاوکات هەوڵدان بۆ هێنانەکایەوەی ڕابەریەکی سەراسەری کە بەشەکانی نارەزایەتیە کرێکاریەکان لێکهەلپێکێ و لەئەنجامدا ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان لە پەرشوبلاوی دەرکێشێت، لەپێشینەی کارە عەمەلیەکانی حزبە لەئێستادا. بەڵام دیارە هەموو ئەم کارانە بە ڕۆڵی کرێکارانی کۆمۆنیست و هەڵسوراوانی رادیکاڵ و پێشرەوی ناو بزوتنەوەی کرێکاریەوە گرێی خواردوە. بۆیە لایەنێکی ئەولەویاتی کارمان بەهێزکردنی ئەم مەیلەیە لەناو بزوتنەوەی کرێکاری ئێستای کوردستاندا. مەیلێک کە تاسەر پەیگیرەو بەرژەوەندی چینی کرێکار لەیەکگرتووکردنی هەموو بەشەکانیدا دەبینێتەوە.

لەرووی سیاسیشەوە، سەرەکیترین ئەرکێک کە حزب لەبەردەم خۆیدا دایناوە ئەوەیە کەجولانەوەی کرێکاری و چینی کرێکار واوەتر لە بزوتنەوەی داخوازی ڕشتەیی و ڕۆژانەی خۆی بروا و وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و یەکپارچە بەرامبەر بەدۆخی سیاسی ئیستای کوردستان و ئەو گێژاو و بنبەستەی کەدەسەلات تێی کەوتوە دەرکەوێت. بزوتنەوەیەک کە نەک هەر بۆتە ناوکۆکەی جولانەوە جەماوەریەکان بۆ ئاڵوگۆری شۆڕسگێرانە بەلکو وەک بەدیلێک لەبەرامبەر دۆخی ئیستادا دەربکەوێت. واتە ئاسۆی رزگاریبەخش و سۆسیالسیتی چینی کرێکار ببێتە یەک ئاسۆ و ئاڵتەرناتیڤی سیاسی و کۆمەلایەتی بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەلاتی ئێستاو سەرجەم ئەو دۆخەی کە کۆمەلگا پێیدا تێپەڕدەبێت. بەئاستێک کە ڕیگاچارەی چینی کرێکار ببیتە وەلامی هەر چین و توێژێکی نارازی کۆمەلگا.

Check Also

گفتوگۆ لەگەڵ خەسرەو سایە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزب سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەرێمی کوردستان

ئۆکتۆبەر: نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوو بڕیاری سەبارەت بە هەرێمی کوردستان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *