لەیادی تیرۆرکردنی هاورێیان شاپور عبدالقادر و قابیل عادل دا, یادی خەباتکارانەتان بۆ هەتاهەتایە بەنەمری دەمێنێتەوە…

مستەفا باهر: 
٢٤ساڵ بەر لەئێستا، بەرەبەیانی ڕۆژی ١٨ی ٤ی ١٩٩٨ کاتژمێر ٨:٥٠ خولەک، باندێکی تیرۆریستی مرۆڤکوژی ئیسلامی، دوو ڕابەری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و دوو ئینسانی شۆڕشگێر و دوو ڕابەر و دووسیمای خۆشەویستی ئاوارەكان و یەکێتیی بیکارانیان تیرۆر کرد. هەرچەندە ئەم كردەوە تیرۆریستە راستەوخۆ ئیسلامیەکان ئەنجامدەری بوون، بەڵام ڕوونە بە بێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئەنجامدانی کارێکی وەها لەناو جەرگەی شارێکی وەک هەولێردا، ئەستەم بوو. چونکە لەو کاتەدا تیرۆریستێکی وەک مەلا بەشیر لە مزگەوتەوە بەئاشکرا فتوای کوشتنی کۆمۆنیستەکانی دەدا و داوای داخستنی رۆژنامەی کۆمۆنیستەکانی دەکرد. پارتیش وەک پیشەی هەمیشەی کەوتە هاوکاریکردنی ئەو بەرە کۆنەپەرستە، هەر بۆیە دەزگاکانی پارتی دوای ئەوەی کە هاوڕێیان تیرۆر کران، لەباتی ئەوەی لیکۆلینەوە لەو کارە تیرۆریستیە بکەن و هاوکاری کەسوکارو هاوڕێیانیان لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بکەن بۆگرتنی تیرۆریستان و فتوادەرانێکی وەک مەلا بەشیری کۆنەپەرست ڕاپێچی بەردەم دادگا بکەن، بەڵام لەزمانی فازل میرانیەوە ستایشی کراو بەرگری لێکراو پاشان کردیان بە جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی!
سەرەڕای ئەوە، پارتی بەبیانووی پاراستنی ئاسایشی شارەوە بنکەی یەکێتی بێکاران و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتانی لە هەولێر داخست و ڕۆژنامەی یەکسانی بڵاوکراوەی (رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان ) یان قەدەغەکرد. هەروەها هەوڵیان دا کە هەڵسوڕانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاقیش قەدەغەبکات بە سود وەرگرتن لەو بارودۆخەی هاتبوە ئاراوە، دوای تیرۆرکردنی ئەو دوو هاوڕێیەی ڕابەری حزب، بەڵام ڕاوەستاوی و پێداگری و گیانبازیی هاورێیانی حزب ئەو سیاسەتەی پارتی پووچەڵکردەوە. تا پارتی ناچار بوو کە بەیاننامەی هاوبەش لەگەڵ حزبدا دەربکات و بەڵێنی بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانە و ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی تیرۆریستان بکات. ئەوەبوو دواتر لە سیناریۆیەکی گومانلێکراودا چەند کەسی هێنانە سەر تەلەفزیۆن و گوایە ئەوان بەو کارە تیرۆریستیە هەستاون. بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەو کەسانەی تۆمەتبارکرابوون بەو کردەوە تیرۆریستیە نەك لەسەر ئەو تاوانە، بەڵکو لەسەر کاری دیکە لەناو هەولێردا داگایی و سزا دراون!
پارتی بەم کارەی دووپاتی کردەوە کە دژی هەموو بەرەیەکی ئازادیخوازە و دژ بەو کەسانەیە کە هەوڵ دەدەن بۆ باشترکردنی ژیانی هەژاران و بەرگری لە مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکیشان و ژنان دەکەن. پارتی بەم کارەی دووپاتی کردەوە کە هەمیشە پاڵپشت و یارمەتیدەری بەرەی کۆنەپەرستیە.
شاپور و قابیل… دوو رابەری شۆرشگێر و دوو شۆرشگێری رێگای دنیایەکی باشتر بوون. هەموو ژیانیان تەرخانکرد بۆ بەدیهاتنی دنیایەکی باشتر. تا ئەوکاتەش ململانێی چینایەتی نیوان دارا و نەدار، هەژار و دەوڵەمەند هەبێ، تا ئەو کاتەی ململانێی نێوان کرێکارو سەرمایەدار مابێت، خەبات و تێکۆشانی هاوبیرانی شاپورو قابیل و بەردەوام دەبێت. بەرزوو بەڕیزبیت یادی ئەو دوو هاوڕێ تیکۆشەرە.

٨نیسانی ٢٠٢١

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *