شێوازی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان.. حزبی شیوعی کوردستان لەکوێدا ڕاوەستاوە!

خەسرەو سایە:
کێشەو ناکۆکی ئەمجارەی نێوان حزبەکانی بەشدار لەپەرلەمانی کوردستاندا، لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی داهاتوو، گیرساوەتەوە. لەسەرێکی ئەم کێشە و ناکۆکیەدا پارتی ڕاوەستاوەو داکۆکی لەشێوازی یەکبازنەیی هەڵبژاردنەکە دەکا و هەریەک لە یەکیەتی و ئەو لایەنانەی کەخۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ناوزەد دەکەن، لەوانەش یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ، پێداگرن لەسەر شێوازی فرەبازنەیی، بەمجۆرەش هەڵبژاردنی داهاتوو بۆتە تەپەتۆرێک و لەملی شوشەکەدا گیری کردوە. بەڵام حزبی شوعی کوردستان لەکوێی ئەم ناکۆکی و کێشەیەدا ڕاوەستاوە؟
ئەوەی کە نەبەز مستەفا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان ئاشکرای کردوە ئەوەیە کە حزبی شیوعی لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری دەکاو “لەگەڵ یەكبازنەیی” هەڵبژاردنەکەو “جەخت لەسەر مانەوەی یاسای هەڵبژاردن وەك خۆی دەكاتەوە”، ئەمەش بەڕۆشنی حزبی ناوبراو لەڕیزی پارتی و لەکەنار هەمان ئەو هەڵوێستەوە کە لەسەر “یاسای هەڵبژاردن” هەیەتی، ڕادەگرێ. بێگومان هەڵویستێکی ئاواش نەک هەر ناتەبایە لەگەڵ ئەو ئیدعایە و هەوڵانەی کە بۆ “چەپبوون” و پێکهێنانی “بەرەی چەپ” خستویەتیەگەڕ، بگرە بەتەواوی پێچەوانە و دژ بەهەڵوێستی خەڵکی ناڕازی و ئەو جەماوەرەیە کە خواستی وەلانانی ئەم سیستەم و ئەم دەسەڵاتەی هەیە و ڕۆژانە بە ناڕەزایەتیەکانی خۆیان تەعبیر لەم خواستەیان دەکەن. تەنانەت ئەم هەڵوێستەی حزبی شیوعی لەکاتێکدایە کەباش دەزانێت ئەوە خەڵکی توڕەو ناڕازی کوردستان بوو کە نایەکی گەورەیان نا بەڕووی پارتی و سەرجەم ئەو حزبانەوە کە هیوایان لەسەر هەڵبژاردن و پەرلەمان هەڵچنیوە و دەیانەوێت وانیشان بدەن کە سیاسەت لەکوردستان لەدەرەوەی هەڵبژاردن وهۆلێ پەرلەمان و کێشەی نیوان ئەم لایەنانەوە کفرێکە دژ بەئەزمونی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورد. ئەزمونێک کە دژایەتی خۆی بەهەزارو یەک شێوە بەرامبەر بەژیان و گوزەران و حورمەتی ئینسانیی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش نیشانداوەو سەراپا پڕە لەگەندەڵی و تاوان و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی. بەداخەوە بایکۆتکردن وبەشداری نەکردنی لەسەدا هەشتای خەڵکی کوردستان لەهەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراقدا، کە زۆرێنەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی خستە دەرەوەی بازنەی ئەو یاریە گڵاوەوە کە پارتی و یەکیەتی و حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان، ناویان ناوە هەڵبژاردن و پەرلەمان و دیموکراسی، تا جەماوەری ناڕازی کوردستان لەشۆڕش و ڕاپەڕینی شۆڕشگێرانە دور بخەنەوە، کەچی ئەم کاردانەوەیەی جەماوەر، هێشتا حزبی شیوعی کوردستانی قانع نەکردوە، بەوەی کەخەباتی چینایەتی و سیاسەت لەکوردستاندا گۆڕاوە و لەدەرەوەی چوارچێوەیەکدایە کەپارتی و یەکیەتی دیارییان کردوە. بەواتایەکی تر حزبی شوعی چاو دەنوقێنی و پشت لەزۆرینەی بەرەی بایکۆت دەکاو پاساو بۆ شێوازی” هەلبژاردنی یەکبازنەیی” دێنێتەوە و “جەخت لەیاسایی بوونی” هەڵبژرادنێک دەکاتەوە کەپارتی لەسەر سەری ڕاوەستاوە، بەم کارەشی نەک هەر هاوهەڵوێست دەبێت لەگەڵ پارتیدا، بەڵکو لەخوار ئەو هەڵویستەشەوە ڕادەوەستێ کەیەکگرتوو، کۆمەل ونەوەی نوێ لەژێرناوی “شیوازی هەڵبژاردندا” بەرامبەر بەپارتی گرتویانە. بەڵام پاساوەکانی حزبی شیوعی کوردستان بۆ ئەم هەڵویستەی لەزمانی ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیەوە چیە؟
نەبەز مستەفا دەڵێت: “دەنگدان مافێكی هاوڵاتییەو تەنها بۆ ماوەی چوار ساڵ هاوڵاتی متمانە دەدات بە نوێنەرەكەی لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە”، “حزبی شیوعی لەگەڵ یەكبازنەیی هەڵبژاردنەو جەخت لەسەر مانەوەی یاسایی هەڵبژاردن وەك خۆی دەكاتەوە، هاوكات دیاریكردنی سیستەمی هەڵبژاردن لە هەر وڵات و هەرێمێك گرنگی تایبەتی خۆی هەیە كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە داهاتووی ژیانی خەڵكەوە هەیە”.
“هەر یاسایەكی هەڵبژاردن سلبیات و ئیجابیاتی خۆی هەیە، بەڵام ژینگەی ئەو ناوچەیە بڕیار دەدات كە چ یاسایەك خاڵی ئیجابیاتی زیاترەو هەروەها كەشێكی دیموكراسیتر دەدات بە پرۆسەكە”.!!
“جیا لەمە (یەكبازنەیی) زیاتر پارێزگاری لە كۆدەنگی پرسە نیشتمانییەكان دەكات.. ”
ئەگەر پاساوەکانی حزبی شیوعی بۆ ڕاوەستان لەکەنار پارتیدا ئەوەبێت کەشیوازی یەکبازنەیی “موتمانەی هاوڵاتیان دەدات بەنوێنەرەکەی” وەیا ئەوەی “سیستەمی هەڵبژاردن پەیوەندی راستەوخۆی بەداهاتووی ژیانی خەڵکەوە هەیە وکەشێکی دیموکراسی تر دەدات بەپرۆسەکە و زیاتر پارێزگاری لە كۆدەنگی پرسە نیشتمانییەكان دەكات” .. ئەوا پاساوەکانی لایەنگر لە شێوازی فرەبازنەیی و ئەوەی کە یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ دەیڵێن لەمە کەمتر نیە و ئەوانیش لەڕاوەستانەوەیاندا بەرامبەر بەپارتی باس لە دیموکراسی و مافی نوێنەرایەتی ناوچەکان و پرسی نیشتمانی و فرە ڕەنگی و بەرژەوەندی خەڵک دەکەن!. بەڵام ئەگەر لایەنگرانی فرەبازنەیی ئەمجۆرە لەپاساوی پروپوچ بدەن بەگوێی خەڵکدا تا هەژمونی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بشکێنن و ئەو ترسەی کە لە تەزویرکردنی دەنگەکاندا هەیانە برەوێننەوە، ئەوە حزبی شیوعیە بەپاساوەکانی پەڕۆی سپی هەڵبڕیوە، بەرامبەر بەهەژمونی پارتی و ئەو تەزویر و ساختەکاریەی کە بەنیازە لەپشتی داکۆکی کردنیەوە لە”شیوازی یەکبازنەیی” لەم هەڵبژاردنەدا بیباتە پێشەوە، . ئێمە نازانین کە حزبی شیوعی کوردستان بەم هەڵوێستەی و بەم پاساو هێنانەوانەی چ ئیمتیازاتێک و چ بەڵێنێکی لەپارتی وەرگرتوە کە ئەگەر دەنگی نەهێنایەوە لەزۆرینەی کورسیەکانی خۆی کورسیەکی پێببەخشێت، بەڵام ئەو ناکۆکیە بەدەردەخات کاتێک سکرتیری حزب، کاوە مەحمود، لەسەدەی بیستویەکدا کەوتۆتە شوێن “لۆکاچ و مارکس و شۆڕش و فەلەسەفەی گۆڕانکاریەوە”. بەڕاستی دەبێ خەڵکی کوردستان بەکام قسەو بەکام هەڵویستی ئەم حزبە باوەڕ بکەن!.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لەم کێشەو ناکۆکیەکدا کە لەسەر شیوازی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، لەنێوان حزبەکاندا سەری هەڵداوە، نە”بەرژەوەندی ومافی هاوڵاتیان” و نە نوینەرایەتیکردنی “دەنگی خەڵک لەپەرلەماندا” جێگای هەیە، بەڵکو ئەوەی جێگای هەیە هەموویان شیوەنی هێنانەوەی دەنگ و بەدەستهێنانی کورسیەکانی پەرلەمان دەکەن. بەواتایەکی تر هەموو حزبەکان لەپارتی و لایەنگرانیەوە تا یەکیەتی و ئەوانەی خۆیان بەئۆپۆزسیۆنی پارتی هەڵخستوە تا حزبی شیوعی کوردستان، درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن و هەمویان بەشوێن ئەوەوەن کە بە چ شێوازاێک دەتوانن دەنگ و کورسی زیاتر بەدەست بهێنن، ئەمەشیان لەدۆخێکدایە کە دەزانن خەڵکی کوردستان بەڕێژەیەکی زۆر بەشداری لە گاڵتەجاڕیەکدا ناکەن کە نوێنەرانی ئەحزابێکی گەندەڵ و خاوەن کۆمپانیا و فاشیل لەپەرلەمانێکی کارتۆنیدا بەناوی ئەمانەوە نوێنەرایەتی بکەن و لەئەنجامیشدا هەر پارتی و یەکیەتی زۆرینەی کورسیەکان ببەنەوە.
بێگومان ئەم لەکەنار ڕاوەستانەی حزبی شیوعی لەپاڵ پارتیدا و ئەم هەڵویستە ڕاستڕەوانەیەی نامۆ نیە، بەتایبەتی بۆ حزبێک کە هێشتا پێیوایە “قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی ونەتەوەیی” تەواو نەبووە و هێشتا بۆرژوازی کورد بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە، هەروەها پێیوایە کە”قەوارەی هەرێمایەتی کوردستان و ئەزمونەکەی” دەستکەوتی “گەلی کوردستانە” و لەگۆشەیەکیدا بەرهەمی ئەو قوربانیدانەیە کە لەڕابردودا حزبە ناسیۆنالیستەکان داویانەو حزبی شیوعیش تێیدا بەشدارە. بۆیە نابێ دەستبەرداری بێ و سەرەڕای هەر ڕەخنە و گلەییەک کە لە یەکیەتی و پارتی هەیەتی، دەبێ دەستی پێوەبگری و لەهەمان ئەو چوارچیوەیەدا سیاسەت بکات کەئەوان بەناوی دیموکراسی و هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە ڕەنگیان بۆ ڕشتوە و ئێستاش ناچارە لە نێو ناکۆکی و کێشەی حزبەکاندا لەسەر شیوازی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان، لایەنێک هەڵبژێرێت.
بەڵام ئەگەر حزبی شیوعی کوردستان ئەزمونی ٣٠ساڵەی دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکیەتی بەو هەموو تاوان و دەردەسەریەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناویانە، بە بنەمایەک وەرنەگرێ لە هەڵویستگرتندا بەرامبەر بەهەڵبژرادنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر چاو لەو هەموو فرتو فێل و تەزویر و دەنگ دزینە ئاشکرایە بنوقێنی کە لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا لەلایەن یەکیەتی وپارتیەوە کراوە، ئەوا ئەو قەیرانە سیاسی و حکومەتیەو ئەو بنبەست و ناکامییەی کە دەسەلاتدارێتی بۆرژوازی کوردو ئەزمونەکەی تێیکەوتووە و لەبەرامبەریدا جوڵانەوەیەکی فراوانی جەماوەری لەکرێکاران و زەحمەتکێشانی خستۆەتەڕێ و هەر ساتە و هەر ڕۆژە بۆ خواستی نان و کار و موچەو خزمەتگوزاری یەخەی دەگرێ، بەسە بۆئەوەی کە ئەو قاچە دەربێنێت کە لەگەمەی هەڵبژاردن و پەرلەمانە کارتۆنیەکەی پارتی و یەکیەتیدا چەقیوە و دەست لەسیاسەتی ڕاستڕەوانە هەڵگرێ و لەکەنار هیچ لایەنێکی ئەم ناکۆکی و کێشەیەدا ڕانەوەستێت کە لەسەر شیوازی هەڵبژاردن سەری هەڵداوە. رابەرایەتی حزبی شیوعی کوردستان دەبێ ئەوە باش بزانن کە بەسیاسەتی دووفاقی، واتە بەدانانی قاچێکی حزبەکەیان لەنێو سیستەمێکی سیاسی و بازنەیەکدا کە ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد کێشاویانە و بەرگی دیموکراسیان بەبەرداکردووە و ئەو قاچەی تریان لە نێو “بەرەی چەپ” و خەڵکی ناڕازیدا دابنێن، نەک گەورە نابنەوە و دەنگەکانیان هەڵناکشێت، بەڵکو زیاتر لە خەڵکی ناڕازی دوردەکەونەوە و خەبات و تێکۆشانی دڵسۆزانی نێو حزبەکەیان بەهەدەر دەدەن و پێشکەش بە بۆرژوازی کوردو حزبەکانی دەکەن.. ئایا کادران و ئەندامانی دڵسۆز و ئومێدەوار بەمارکسیزم و چینی کرێکار و باوەڕدار بەشۆڕش و ڕاپەڕینی جەماوەری، وەک ڕێگایەک بۆ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، ئەم هەڵوێستە ڕاستڕەوانەیەی سەرکردایەتیەکەیان تا سەر قەبوڵ دەکەن و لەکەنار ئەم جۆرە لەهەڵویست و سیاسەتکردنەی حزبەکەیانەوە بێدەنگ دەبن؟ بۆ وەلامی ئەم پرسیارە، دەبێ چاوەڕیی داهاتوو بین..

saya.xasraw@yahoo.co.uk
٩/٢/٢٠٢٢

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *