‌هێرشی دەولەتی تورکیا بۆ سەر هەرێم

گفتوگۆ لەگەك عەبدوڵا مەحمود

ئۆکتۆبەر: رۆژی ١٨ی مانگ دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی فراوانی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەست پێکردوە. هەروەکو دەزانن بەردەوام تورکیا هێرشی چەکداری دەکاتە سەر کوردستانی عێراق و دەیان بنکەی سەربازیشی لەناو هەرێمی کوردستاندا دامەزراندوە. بیانووی بەردەوامی تورکیاش بوونی هێزەکانی پەکەکەیە لە کوردستانی عێراق. ئێوە چۆن لەو پاساوەی تورکیا دەڕوانن و هۆکاری ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورکیا چۆن لێك دەدەنەوە؟

عبداللە محمود: بەجیا لەپەکەکە کە هەمیشە بەوێنەی پاساوێک لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیاوە بەدەستەوە گیراوە، لەدنیای واقعیشدا، پەکەکە خۆی پاساوێکە و بەئامانجگرتنی پەکەکەو لاوازکردنی یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشی تورکیایە. بەڵام پەکەکە تەنها پاساو و ئامانجێکە لەناو چەندین ئامانجی گەورەتر و فراوانتردا.

دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ئەزمەیەکی قوڵی ئابوری و دارایی چارهەڵنەگر بەرەو ڕووە. بەتایبەتی داڕمانی بەهای لیرەی تورکی کە بە دوا ئاستی خۆی گەیشتووە و ڕێگایەیک بۆ دەربازبوونی نابینرێت. تادێت تورکیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرەو تەریکبوونەوە دەچێت. “ئاک پارتی” وەکو حزبی دەسەڵات بەدەست دەرگیرە لەگەڵ ئەزمەیەکی ناوخۆیی و توشی پارچەپارچەبوون بووەو چەندین ساڵە کێرڤی بەرەو داکشان دەچێت. ئەردۆغان، رووبەڕووە لەگەڵ نارەزایەتی ڕیزەکانی بۆرژوازی تورکی و تەنانەت ناڕەزایەتی خودی کادرە بەرجەستەکانی حزبەکەی، تادەگاتە لێکترازان و بەرەو پەراوێزچوون. بەجیا لەوانە تورکیا دەرگیرە لەگەڵ چوونەسەری ئاستی بزوتنەوەی نارەزایەتی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، هەروەها دەرگیرە لەگەڵ پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان.

هەموو ئەو دۆسیانە بەجێگایەک گەیشتووە کە دەوڵەتی تورکیا و ئاک پارتی ناچار کردووە بەدوای دەروازەیەکدا وێڵ بێت، تا قورسایی ئەو هەموو گرفت و ئەزمە قوڵە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و  دیبلۆماسییەی لەسەریەتی کەم بکاتەوە، یان لانی کەم سەرنجی رای گشتی ناوخۆ و دنیای دەرەوە لەسەر کێشە کەڵەکەبووەکانی بگوازێتەوە بۆسەر پرسی ئاسایشی سنورەکان و بوونی پەکەکە.

هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان و بۆ سەر پەکەکە بە پاساوی بەرگری لە ئاسایش و سنورەکانی، تەنها گۆشەیەک و هۆکارێک لە ئامانجەکانیەتی، بەڵام ئامانجەکانی تری لەوانە، دەستێوەردان لە پرۆسەی سیاسی عێراق و ڕۆڵگێران لە پرۆسیسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراقدا، بۆئەوەی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بەرچاو بگرێت و پێگەی هیزە تورکیەکانی سەربەخۆی بەهێز بکات. گوشار دروستکردن لەسەر حكومەتی عێراق، تا گوشار لەسەر دەسەلاتی هەرێم زیاتر بکات تا زۆرتر مل دەسەڵاتی ناوەند بدات و ئەو  رێژە لە سەربەخۆیی سیاسی و ئابوری و ئیداری، دەسەڵاتی هەرێم، کەمتر و کەمتر تا رادەی نەهیشتنی بباتە پیشەوە. هەروەها دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت پاراستنی سنورەکانی هەرێم، بسپێردرێت بە دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی بەغدا و هیزەکانی عێراق بەرپرس بکات لە هیرشی پەکەکە بۆسەر خاکی تورکیا، و بەپرسیاریەتی هەڵگرتن لە گوشار هێنان بۆ پەکەکە تا سنورەکانی بەکار نەهێنێت لەدژی تورکیا…تاد… دیارە لەگەڵ ئەوانەدا کە تورکیا خوازیاری قوتبی بوونەوەی دەسەڵاتی بەغدا و داسەپاندنی هەژمونیەتی بەسەر قەوارەی هەرێمدا، بەڵام هاوکات دەیەوێت تا ئەوکاتەی دەسەلاتی سیاسی هەرێم توانایی هەیە، وەکو گوێلەمستی خۆی بەکاربهێنێت، بۆ هاوکاری زیاتری تورکیا و دژایەتی کردنی پەکەکە و یەپەگە…

لەوانەش واوەتر دەوڵەتی تورکیا بەهێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان بە پاساوی بوونی مەترسی پەکەکە، دەمێکە خوازیاری ئەوەیە کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیا، ببەستێتەوە بە پەکەکەو حاشا لەپرسی سیاسی خەڵکی کورد و ملدان بەرێگاچارەی کارسازی خەڵکی کوردستان لە تورکیادا بکات. جیا لەوانە دەوڵەتی تورکیا زۆر دەمێکە وەکو قوتبێکی ناوچەیی خۆی نیشان دەدات و دەیەوێت ئەو رۆڵەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بۆ بەڕەسمی بناسرێت. دەستێوەردان و هێرشکردن و سنوربەزاندنی دەوڵەتی تورکیا، لە عێراق و کوردستانەوە بۆ سوریا و لیبیا و ئازەباینجان و ئەرمەنستان و …تاد، دروستکردنی هێزی کۆنەپەرستی کرێگرتە و موچەخۆر بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی، هەموو لەو چوارچێوەیەدایە کە وەکو هێزێکی باڵادەست و ناوچەیی ببێتە یاریچی و قوتبێکی ناوچەیی دانپیانراو.

ئۆکتۆبەر: بەبڕوای ئێوە چی وایکردوە تورکیا بتوانێ بەوجۆرە دەستێوەردانی سەربازی بکات لە کوردستانی عێراقدا؟ ئایا ئەمە لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێوەدەوڵەتی و مافی سەروەریدا ناکۆك نیە؟ ئەگەر هەیە بۆچی نە عێراق و نە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەوبارەوە هیچ کاردانەوەیەك نیشان نادەن؟

عبداللە محمود: دەستێوەردانی تورکیا و هاوکات ئێران، لە دۆخی سیاسی هەرێم و ناوچەکەدا لە بنەرەتدا لەلایەکەوە بۆ بوونی بۆشایی سیاسی ئەمنی و دەستکورتی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر هەرێم و لەلایەکی تریش بۆ ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی ناوەندی و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەگەڕیتەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا.

رێکەوتنی حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورکیا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی دەسەڵاتی بەعس و بەدوای کەوتنی رژێمی بەعسدا نەک درێژەی پێدراوە، بەڵکو بەرینترکراوەتەوە. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بەپێی ڕێکەوتنی لەگەڵ عێراقدا پێشوتر دەیتوانی بەقوڵایی دە کیلۆمەتر بێتەناو هەرێمی کوردستانەوە، ئەوا لەسەردەمی حکومەتی مالیکییەوە ئەو ١٠ کیلۆمەترە کراوەتە ١٥ کیلۆمەتر، هەروەها دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بەتایبەتیش دەسەڵاتی زۆنی زەرد، بەتەواوەتی وابەستەی دەوڵەتی توکیایە و بۆتە نۆکەرپیشەی دەوڵەتی تورکیا، هەر ئەوەش وایکردووە دەوڵەتی توکیا چەندین سەربازگە، لە هەرێمدا جێگیربکات و دەزگا هەواڵگرییەکانی دەستئاوەڵا بن و هەرکاتێکیش ویستی لەشکرکیشی بکات و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی بەچاوساغی پیاوانی دەسەڵاتی کوردی لە قوڵایی کوردستاندا، کادر و هەڵسوڕاوانی پەکەکە بکەنە نیشانە و تیرۆریان بکەن.

دیارە هێرشی ئەمجارەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان، جیاوازی لەگەڵ هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی رابردوو هەیە. جیاوازیەکەش ئەوەیە کە دنیا بەشێوەی گشتی و بەتایبەتی ئەمریکا و رۆژاوا سەرقاڵ و فۆکەسیان لەسەر جەنگی ئەمریکا و روسیا لە ئۆکرانیایە. ئەوە نەک بواری داوە دەوڵەتی تورکیا بەشێوەی بەرینتر هێرش بکات، بەڵکو دوور نیە ئۆکەی دەوڵەتی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژاواشی لەپشت بێت، بەتایبەتی کە لەئێستادا، ئەمریکاو رۆژاوا خوازیاری ئەوەن لە ئارایش و ململانیی تازەی دنیادا، تورکیا بەرەو کەمپی خۆیان و رابکێشن، یان لانی کەم دوری بخەنەوە لەوەی پشتیوانی لە روسیا بکات.

بێگومان ئەو هێرش و ملهوریەی دەوڵەتی تورکیا، بەپێی بنەماکانی یاسای نێو دەوڵەتی پێشێلکارییەکی ئاشکرا و ژێر پێخستنی هەموو پێودانگە نیودەوڵەتیەکانە. بەڵام نابێ بیرمان بچێت، دەمێکە خودی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، کەوتوونەتە ژێر هەیمەنەی بەرژەوەندخوازی زلهێزەکانی دنیا و ئەوەی باکیان پێی نەبێت، پابەند بوونە بەو رێکەوتنامەو پەیماننامە نێو دەوڵەتیانەوە. هەر ئەوەشە وایکردووە لەبەرامبەر بەو هەموو دەستدرێژی و ملهورییە سەربازیانەی لە گۆشەو کەنارەکانی دنیادا روودەدەن بێدەنگ یان هاوکار بن. بێدەنگەی دەوڵەتی عێراقیش بەجیا لەوەی رێکەوتنی رەسمی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەیە، کە ئەو رێکەوتنە رێگری لەهێرش و دەستێوردانی تورکیا ناکات لە سنورەکانیدا بە قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر،  هاوکات دەوڵەتی عێراق لە ئێستادا بەدوای قوتبیکردنەوەی دەسەڵاتەوەیە لەو ڕاستایەشدا لاوازتر بوونی دەسەڵاتی هەرێم، یەکێک لە ئامانجەکانیەتی… بۆیە بێدەنگەی هەڵبژاردووەو ئەگەریش بێتە دەنگ، جگە لە ئیدانەیەکی شەرمنۆکانە، کە زۆتر بەیانی بێدەنگیەکەی دەکات زیاتر نابێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە خودی حکومەتی عێراق حکومەتێکی لاوازو بێسەروبەرەیەو توانای هیچ کاردانەوەیەکی کرداری نییە و خۆی لەلایەن ئێران و ئەمریکاوە دەستێوەردانی تێدا دەکرێت…

ئۆکتۆبەر: بەبڕوای ئێوە هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان و خەڵكی کوردستان دەبێت چی بێت و چی بکەن تا پێش بەم ملهوڕی و دەستێوەردانە چەکداریانەی تورکیا و دەوڵەتانی ناوچەکە بگرێت و سنورێکی بۆ دابنێت؟

 عبداللە محمود: من لاموایە دەبێ هەڵوێستی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان لێک جیابکرێتەوە. حزبەکانی دەسەڵات خۆیان هاوکار و چاوساغی لەشکرکیشی و ملهوری دەوڵەتەکانی تورکیا و ئیرانن و دەمێکە دەسەڵاتی هەرکام لە زۆنەکان، دابەشی سەر لایەکیان بوون. پارتی و هاوپەیمانەکانی پاڵیان داوە بەدەوڵەتی تورکیاوە و یەکیتی و هاوپەیمانەکانیشی پاڵیان داوە بەئیرانەوە و تەنانەت ئەو خۆبەستنەوەیە هۆکارێک بۆ مانەوەی دەسەڵاتیانە بەسەر زۆنەکاندا. ئەگەر ئێران هێرش بکات ئەوا پارتی لە زۆنی زەردەوە ئیدانەیەکی شەرمنۆکانەی دەکات و ئەگەریش تورکیا هێرش بکات، یەکێتی بەهەمانشیوە، ئیدانەیەکی شەرمنۆکانەی دەکات. بۆیە نابێ چاوەروانییەک لەوە هەبێت کە پارتی  و یەکیتی و هاوپەیمانە حزبیەکانیان، هیچ کاردانەوەیەکی جدی لەخۆیان نیشان بدەن. ئەوەی کە پێویستە و دەبێت بەدژی ئەو هێرشانەو ئامانجی ئەو هێرشانەدا بێتەمەیدان، بلۆکی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و حزب و ڕیکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکانن.

ئەو بزوتنەوە نارەزایەتییە جەماوەرییەی کە چەندین ساڵە خواستی ڕاماڵینی دەسەڵاتی هەیە، هۆکاری دەستێوردانی دەرەکی و دەیان مەینەت و موسیبەتی وەکو برسێتی و گرانی و بیکاری و ویرانکردنی خزمەتگوازرییەکان و دزی و تاڵانی ئاشکرا، بە پارتی و یەکێتی دەزانیت، هەر ئەوانیش دەتوانن بە هاتنەمەیدانیان و بە وەرێخسستنی خۆپیشاندانی جەماوەری فراوان و ملیۆنی دنیای بێدەنگی بۆرژوازی بێدار بکەنەوە، ببەنە گوشار بەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکەو تورکیاوە تا دەست لە ملهوری و لەشکرکێشی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێمدا، هەڵبگرن. هێرش و ملهوری وڵاتانی ناوچەکە، لەگەڵ مانەوەی دەسەڵاتی بۆرژازی کورد ئاوێزانی یەکتری بوون و تێکۆشان بۆ دەستکۆتاکردن و کۆتایهێنان بە هێرش ملهوری وڵاتەکانی ناوچەکە  بە پلەیەکی زۆر گرێی خواردووە بە ڕاماڵینی دەسەڵاتی بۆژوازی کوردەوە.

کاری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکانە، کە رۆڵی رابەری و هێنانەمەیدانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ملیۆنی بەدژی ملهوری و هێرشی سەربازی ولاتانی ناوچەکەو لەوانە تورکیا، لە ئەستۆ بگرن. لە ئاستی ناوخۆدا و لە ئاستی دنیای دەرەوەشدا، بە وەرێخستنی ئاکسیۆنی نارەزایەتی لە بەردەم و قونسوڵیەکانی دەوڵەتی توکیا، و یوئین و ریکخراوە نێو دەوڵەتییەکان گوشار دروست بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە دەستێوەردان و هێرشی بەردەوام و نەپساوەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردسان. لەوانەش واوەتر بۆ کۆتاییهینان بەو لێکەوتانەی لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا، لە کوشتار ئاوارەیی و سوتماککردنی شوێنی کارو ژیانی خەڵک، روودەدەن.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *