ته‌نها چینی كرێكاری یه‌كگرتوو ئه‌توانێ جیهان له‌م زه‌لكاوه‌ ده‌ركێشێ!

له‌ كاتێكدا به‌ره‌و یه‌كی ئایار ئه‌چین كه‌ دنیا به‌ تونێڵێكی تاریكدا گوزه‌رئه‌كات. له‌ قه‌یرانه‌ ئابوری و داراییه‌كان و شه‌ڕه‌ به‌ وه‌كاله‌ته‌كانی ده‌یه‌ی پێشوو و په‌تای كۆرۆناوه‌ بگره‌ هه‌تا جه‌نگی ئێستا له‌ ئۆكرانیا، هه‌موو ئه‌مانه‌ خه‌ڵكی جیهانی وردوخاش كردووه‌.

بۆرژوای جیهانی به‌ نوێنه‌رایه‌تی زلهێزه‌ ئیمپریالیستیه‌كان له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بۆ ڕۆژئاوا، نیشانیان داوه‌ كه‌ ئاماده‌ن جیهان له‌ هه‌لومه‌رجێكی كاره‌ساتبارتردا نوقم بكه‌ن. جه‌نگی ئۆكرانیا كه‌ به‌شێكه‌ له‌ كێبڕكێی نێوان ناتۆ، ئه‌مریكا، ئه‌وروپا، ڕوسیا و چین، هه‌لێكی زیاتری داوه‌ته‌ ده‌ست وڵاتانی بۆرژوا_ئیمپریالیستی تا هه‌رچی زیاتر به‌ڵا به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا بهێنن.

سه‌رباری كوشتاری زۆر و گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ و ئاواره‌بوونی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌ ئۆكرانیا، بوژاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌وتاقمی نازی و فاشی له‌ جیهاندا، وه‌ پاڵپشتی كردنی ده‌وڵه‌تان له‌م گروپانه‌ كه‌ ته‌نها بۆ كێشمه‌كێشی خۆیان له‌گه‌ڵ ڕكابه‌ره‌كانیاندا به‌كاریان بهێنن، سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و جیاكاری، میلیتاریزم و زیادكردنی بودجه‌ی كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی، هه‌واڵی درۆیینه‌ و شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌كان له‌ خه‌ڵكی و… هتد. هه‌موو ئه‌و كێشه‌ و ئاسته‌نگیانه‌ن كه‌ بۆرژوازی جیهانی ئه‌یه‌وێ به‌وێنه‌ی ’’پێوانه‌ی ئاسایی‘‘ جیهانی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا بیانسه‌پێنێ.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هه‌ڵئاوسان، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك و سوته‌مه‌نی و كاره‌با و پێداویستیه‌ ڕۆژانه‌ییه‌كان، زیادبوونی ڕێژه‌ی بێكاری و هێرش بۆ سه‌ر مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی كرێكاران هه‌ڕه‌شه‌ن نه‌ك ته‌نها بۆ سه‌ر چینی كرێكار له‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كاندا، بگره‌ له‌ جه‌رگه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتووشدا.

ئه‌وه‌ی له‌ئارادایه‌ به‌شێكه‌ له‌ كێشمه‌كێشی چینایه‌تی نێوان چینی باڵاده‌ست و چینی كرێكار. بۆرژوازی جیهانی ئاره‌زوو ئه‌كات هه‌موو ئه‌م كێشانه‌ بكات به‌ تایبه‌تمه‌ندی ژیانی ملیاره‌ها له‌ خه‌ڵكی كرێكار، له‌ كاتێكدا خۆیان هه‌ر ئێستاش سه‌رمایه‌ی زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ ئه‌كه‌ن. چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ كاتێكدا به‌مجۆره‌ ئه‌كه‌ن كه‌ باش ئه‌زانن ئه‌وه‌ پرۆلیتاریای جیهانی و چینی كرێكاره‌ كه‌ یه‌ك به‌ یه‌كی پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رهه‌م ئه‌هێنن، هه‌تا چه‌ك و چۆڵی بۆرژوازی خۆشی كه‌ بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ سه‌رمایه‌كانیان به‌هۆی ئه‌و جه‌نگانه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵیانگیرساندووه‌.

له‌ ڕاستیدا هێزی ئه‌سڵی بزوێنه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ده‌ستی پرۆلیتاریا و چینی كرێكاردایه‌. هه‌ربۆیه‌ ئه‌بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش له‌ ده‌ستی ئه‌واندا بێت. ئه‌مه‌ش ته‌نها و ته‌نها به‌ یه‌كگرتوویی نێونه‌ته‌وه‌یی چینی كرێكار مه‌یسه‌ر ئه‌بێت. پرۆلیتاریا پێویسته‌ له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و وڵاتیشدا یه‌كگرتوو بێت.

ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا جیهانی پیائه‌ڕوات، ته‌نها به‌ چینی كرێكار تێئه‌په‌ڕێندرێت. ئه‌توانین وه‌ك چینێكی یه‌كگرتوو ڕووبه‌ڕووی ئه‌م جه‌نگ ببینه‌وه‌. هه‌روه‌ك چۆن بارگرانیه‌كانمان له‌ ئاستی جیهانیدا بۆته‌ مایه‌ی سود بۆ باڵه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار، په‌رت په‌رت بوون و په‌رشوبڵاویشمان ئه‌بێته‌ مایه‌ی درێژه‌كێشانی موسیبه‌ته‌كانمان. پێویسته‌ له‌ ڕوانگه‌یه‌كی سۆشیالیستیه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی بۆرژوازی جیهانی و وڵاته‌كانی خۆشمان ببینه‌وه‌. نه‌ چینی كرێكاری ڕوسیا و نه‌ هی ئۆكرانیا هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كیان له‌م جه‌نگه‌دا نییه‌ و ئه‌وان به‌شێكن له‌ چینی نێونه‌ته‌وه‌ییمان.

چینی كرێكاری كوردستانش به‌شێكه‌ له‌و خه‌باته‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ی تێئه‌كۆشێ بۆ كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ و ئه‌و میحنه‌ته‌ی‌ جیهانی گرتۆته‌وه‌.

بژی به‌ره‌ی سۆشیالیستیی چینی كرێكاری نێونه‌ته‌وه‌یی دژ به‌ جه‌نگ و میلیتاریزم و ئاواره‌یی و برسێتی و هه‌ڵئاوسان!

ڕێكخراوی ده‌ره‌وه‌ی

حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان

٢٥ ی ئه‌پریلی ٢٠٢٢

Check Also

ئۆکتۆبەری ژمارە ٤٨ کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە

ئۆکتۆبەری ژمارە ٤٨ ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان                  …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *