کرێکاران هیچ بەرژەوەندییەکیان لەجەنگی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیدا نیە!

وتەی دەشتی جەمال لە مەراسیمی یەکی ئایار لە لەندەن

٣٠/٤/٢٠٢٢

هاوڕێیان!

ئازادیخوازان!

یەکی ئایار ڕۆژی یەکێتی و هاوپشتی وهاوخەباتی ئەنتەرناسیونالیستی چینی کرێکار لە ئێوەو سەرجەم کرێکاران پیرۆز بێت.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا کرێکارانی جیهان ڕۆژی یەکی ئایار بەرز ڕادەگرن و بەرەو پیری ئەم ڕۆژە دەڕۆن کە چینی بۆرژوازی و دەوڵەتە ڕەنگاوڕەنگەکانی کۆمەڵگای بەشەرییان لەنێو جەنگ و میلیتاریزم و تاریکستانێکدا ڕاگرتووە. ململانێی هێزە ئیمپریالیستەکان و جەنگیان لەسەر دابەشکردنەوەی دنیا و هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕی سەرمایەدارییە، جیهانیان لەگەڵ جەنگ و نائەمنی و کوشتار و ئاوارەیی و برسێتی و هەژاری و نەهامەتی گەورە  بەرەو ڕوو کردۆتەوە.

لاپەڕەی هەر ڕۆژەی ڕۆژنامە و میدیا و شاشەی تەلەفزیۆنەکان، پڕ بووە لە هەواڵی دڵهەژێن و تابلۆی جەنگ و ئینسان کوژی بەکۆمەڵ، وێرانکاری و ئاوارەیی ملیۆنی، دەستدرێژی بۆسەر مافەکانی کرێکاران و ژنان و مناڵان و بازاڕی کۆیلە فرۆشی، کارنامەی وەحشیگەری هێز و گروپ و ئەحزابی قەومی و فاشیستی و ئیسلامی دەبینین کە چۆن بەربوونەتە گیان و ژیانی کۆمەڵگای بەشەری.

ئەمە لە پاڵ درێژەکێشانی قەیرانی ئابووری کە بەشێکی جیانەکراوەی نیزامی سەرمایەدارین، پەتای کۆرۆنا کە دوو ساڵ زیاترە دەستی لە یەخەی کۆمەڵگای بەشەرییەت نەکردۆتەوە و ڕۆژانە ترس لە ژیانسەندنەوەی ئازیزانمان مەترسییەکە بەسەر شانمانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی برسیکردن و لێگرتنەوەی ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، بێکاری بەکۆمەڵ بۆتە چەکێك بەدەست چینی بۆرژوازی و دەوڵەتانی سەرمایەدارییەوە و ئاستێکی بێوێنەیان لە هەژاری و فەلاکەت و بێکاری بەسەر چینی کرێکار و کۆمەڵگادا داسەپاندووە، تەنها و تەنها لەپێناو قازانجی سەرمایە و داهاتی دەوڵەتان و کۆمپانیاکانە.

سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان بۆ ڕاگرتنی ئەم سیستەمە پێچەوانە و نایەکسانە بە هەموو توانایانەوە بە دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینی سوپا و میلیشیا و پۆلیس و دەزگای موخابەراتیان، بە ئاین، نەتەوە، سنووری دەستکردی وڵاتان، بە جیاکاری و ڕەنگی پێست، ڕەگەز، جنس و تەمەن و…تاد وەك ناونیشان و کەرەستەی دابڕان و لێکترازانی ڕیزەکانی کرێکاران بەکار دەهێنن. بە ئایدۆلۆژیا ڕەنگاوڕەنگەکان هەوڵ دەدەن کرێکاران بەگژ یەکتردا بکەنەوە.. کەوایە ڕۆژی یەکی ئایار ڕۆژی بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەوانە و بەرز ڕاگرتنەوەی ناسنامەی چینایەتی و نێونەتەوەیی و هاوبەشی هەموو کرێکارانی جیهانە.

ئەمڕۆ لە عێراق و کوردستاندا، لە وڵاتێکدا کە بەرانبەرکێ و دوژمنایەتی ئاینی و نەتەوەیی هەموو ڕۆژێك گیانێکی تازەی دەکرێتەوە بەبەردا، کەمایەتییەکی تاڵانچی و مافیا بە نرخی هەژارکردن و برسیکردنی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی عیراق و کوردستان سامان و سەرمایە کەڵەکە دەکەن. ئەم دەستە و تاقمە کۆنەپەرستانە بە دنەدانی گیانی شۆڤێنیزم و مەزهەبگەرایی و نەتەوەپەرستی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی خۆیان دەپارێزن. تاڵانچێتی و گەندەڵی ئاشکرایان لەژێر پەردەی کوردایەتی و سوننەگەرایی و شیعەگەرایی دەشارنەوە. هەموو چەند ماوە جارێك هەڵبژاردنەکان دەکەن و دوژمنایەتی و ڕق و کینەی نەتەوەیی و مەزهەبی. دەمە زەرد دەکەنەوە.

لە کوردستان کرێکاران لەسایەی باڵادەستی مافیاکانی نەوتدا لە سادەترین مافەکانیان بێبەشن، بە بیانووی جۆراوجۆر تەنانەت موچە و هەقدەستی کرێکاران و فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا نادرێت و دەسەڵاتی مافیایی کوردایەتی گوزەران و بژێوی ڕۆژانەی خەڵکی کردۆتە بارمتەی ململانێی کۆنەپەرستانەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و شانی خۆیان لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی خەڵك خاڵی کردۆتەوە، کۆمپانیای حزب و میلیشیاکانیان دەستیان بەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگادا گرتووە و سەراپای کۆمەڵگای کوردستانیان لەنێو گێژاوی سیاسی و قیرانی ئابووریدا ڕاگرتوە. مونافەسەی ئەم حزبانە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سامانی کۆمەڵگا و هەڵخستنی دۆخی لەبار لەبەردەم بازاڕی سەرمایەداران و کۆمپانیا ئابووری و بازرگانیەکاندا، ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵکی سپاردوە بە نائارامی و کێشمەکێشی هێزی ئیمپریالیستی جیهانی و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە.

کرێکارانی کوردستان بە درێژایی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی بەردەوام لە بێمافی و هەلومەرجی سەختی کار و کەمی کرێ و سەعاتکاری زۆردا ڕەنجی کێشاوە و ساڵانە ژمارەیەکیان بوونەتە قوربانی ڕووداوەکانی شوێنی کار. نەبوونی یاسایەکی کاری پێشڕەو لە کوردستان، هەلومەرجی کار و ژیانی ئەم چینەی سپاردووە بە بازاڕی سەرمایە و خاوەن کۆمپانیاکان و ئاوەڵا بوونی دەستیان لە چەوسانەوەی بێسنووری کرێکاراندا.

کرێکارانی کوردستان ئەمساڵ لە دۆخێکدا بەرەو پیری ئایار دەچن کە ناڕەزایەتییەکی جەماوەری فراوانی زەحمەتکێشان لە مەیداندایە و وەلانانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی کردۆتە یەکێك لە خواستەکانی ئەم جوڵانەوەیە کە لەجەوهەردا چینی کرێکار و زەحەمتکێشان بزوێنەر و پێکهێنەریەتی، ئەتوانێ هێزێکی گەورەی ئاڵوگۆڕبەخشی کۆمەڵایەتی بێت و کوردستان بەرەو دەورەیەکی شۆڕشگێڕانە ببات و سەرەنجام حسابی چینی کرێکار لەگەڵ دەسەڵاتی حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکان یەکلا بکاتەوە.

ئەمەش تایبەتمەندی ئایاری ئەمساڵە و دەبێ کرێکاران وەك خاوەنانی کۆمەڵگا واوەتر لە داخوازییە سنفیەکانی خۆیان بڕۆن. واتە جێگاوڕێگای چینی کرێکار و بزووتنەوەکەی لەوەدایە کە وەك هێزێکی ئاڵوگۆڕبەخش و شۆڕشگێڕانە ناڕەزایەتی جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدە، لە ژنان و لاوان و بێکاران و مامۆستا و خوێندکاران بەلای خۆیدا ڕاکێشێ. ئایاری ئەمساڵ بکاتە سەرەتای هێنانە مەیدانی بزووتنەوەیەکی یەکپارچەی چینایەتی بۆ ئاڵوگۆڕپێدانی کۆمەڵگای کوردستان.

ئەوانەی سەرەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە چینی بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەی چ لە کوردستان و چ لە جیهاندا، هیچ ڕێگاچارەیەکیان لە بەرنامەدا نیە بۆ باشکردنی ژیان و چارەسەری کێشە ئینسانییەکانی ئەم سەردەمە، هاوکات ئەم دۆخە چینی کرێکار و جەماوەری بەشمەینەت و ئازادیخوازان بانگەواز دەکات بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئاڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی و بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاری.

یەکی ئایار ڕۆژی یەکێتی و ناڕەزایەتییە بۆ ژێرەوژوور کردنی نیزامی سەرمایەداری ‌و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێی بێ چین ‌و چەوسانەوە. هێزێك کە دەتوانێت ئەم ئاڵوگۆڕە سیاسییە ئەنجام بدات، هێزی ڕێکخراو و یەکگرتووی کرێکارانە و خەباتی ئەنتەناسیونالستی چینی کرێکارە.

با ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانە بەرامبەر بەم سیستەمەی کە سەرچاوەی مانەوەی بەدبەختی و کۆیرەوەرییە کە بەرۆکی بە کۆمەڵگای ئینسانی گرتووە لەپاڵ هاوچینەکانمان لە هەر جێگایەك هەین درێژە پێبدەین.

ئێمە ئەمڕۆ بەشێکین لەو ناڕەزایەتییە جیهانییەی چینی کرێکار لە دنیادا و پەیامی یەکی ئایاری ئەمساڵ بەرامبەر بەم دۆخەی کۆمەڵگای بەشەری تیا نقوم کراوە ئەوەیە، کرێکاران هیچ بەرژەوەندییەکیان لەجەنگی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیدا نیە و پێویستە بە خەباتی هاوبەش و ئیتەرناسیونالستیان لەدژی جەنگی سەرمایەداران ڕاوەستن بۆ ئاڵوگۆڕپێدانی شۆڕشگێرانە و ڕزگاری کۆمەڵگای بەشەری، ئەمە یەکێکە لە خواستە هاوبەشەکانمان لەگەڵ چینی کرێکاری جیهانی و جەماوەری هوشیاردا دژ بە جەنگ و میلیتاریزم. کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبەکانی بەرژەوەندییەکی دابڕاویان نیە لە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و ئاڵای یەکێتی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کرێکارانی جیهان بەرز ڕادەگرێت و لە ڕیزی پێشەوەدا بۆ گۆڕینی جیهان و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران بەوپەڕی تواناوە تێدەکۆشێت.

بەرز و بەڕێز بێت یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی چینی کرێکار

بژی یەکی ئایار.. بروخێ نیزامی سەرمایە و سەرمایەداری!

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *