پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ داكۆكی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا ئه‌كه‌ین!

خراپتربوونی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و دابین نه‌بوونی پێداویستیه‌ ته‌ندروستی و پزیشكیه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تره‌ دژ به‌ جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی كوردستان كه‌ له‌ درێژه‌ی نه‌دانی موچه‌ و زیادكردنی باج و ڕسومات و سه‌پاندنی گرانی و هه‌ژاریه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداران پیاده‌یان كردووه‌. ده‌سه‌ڵات كه‌ ته‌نها حكومه‌تی سه‌رمایه‌دارانه‌، هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كانی فه‌رامۆش كردووه‌ و خۆی له‌ دابینكردنیان بۆ هاوڵاتیان دزیوه‌ته‌وه‌ و كردوونیه‌ته‌ قوربانی‌ له‌ پێناو كێبڕكێ و قازانجی كۆمپانیاكانی سه‌ر به‌ ورد و درشتی به‌رپرسه‌ حزبی و حكومیه‌كان. وه‌ك ئه‌بینین پێداویستی نه‌خۆشخانه‌كان دابین ناكرێ و بگره‌ له‌وه‌ش خراپتر به‌هۆی هه‌لومه‌رجی خراپی ئه‌وانه‌وه‌ نه‌خۆش تیایاندا نه‌خۆشتر ئه‌كه‌وێ. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و پشكنین و داووده‌رمانانه‌ی له‌ خه‌سته‌خانه‌كاندا پێشتریش هه‌بوون، باجێكی وایان خراوه‌ته‌ سه‌ر كه‌ وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلیه‌كان پاره‌ له‌ خه‌ڵك ئه‌كێشێته‌وه‌.

نه‌خۆشخانه‌ی هیوا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گرنگه‌كان و نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ له‌ شاره‌كانی كوردستان و عێراق و هه‌ندێ وڵاتی دراوسێشه‌وه‌ ڕوویان تێكردووه‌ و سوودیان لێوه‌رگرتووه‌، له‌م فه‌رامۆش كردن و بێبه‌ش كردنه‌ی ده‌سه‌ڵات بێبه‌ری نه‌بووه‌. ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ به‌ ده‌ست نه‌بوونی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری پێویست و مه‌واده‌كانی پشكنین و نه‌دانی موچه‌ی كارمه‌ند و دكتۆره‌كانی و هه‌تا پشتگوێخستنی خۆبه‌خشه‌كانیه‌وه‌ ئه‌ناڵێنێت. ئێستا ئیتر ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ناوبراو ئه‌كات.

پێشتر هه‌وڵی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ داخستنی ته‌واوه‌تی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا به‌ ناڕه‌زایه‌تی و یه‌كگرتوویی و پشتیوانی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و خه‌مخۆران پاشه‌كشه‌ی پێكرا و سه‌رینه‌گرت. ئێستا به‌ سیاسه‌تی پشتگوێخستن و دابین نه‌كردنی پێداویستیه‌كانی ئه‌یانه‌وێ ئه‌و مه‌رامه‌یان بچێته‌ سه‌ر. له‌م تاوانه‌دا هه‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌م حكومه‌تی عێراق به‌رپرسن له‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ مانه‌وه‌ و دابینكردنی ده‌رمان و پێداویستیه‌كانی تری نه‌خۆشخانه‌كه‌. ده‌سه‌ڵاتداران قازانجی خۆیان و كۆمپانیاكانیان و كێبڕكێ و ململانێی نێو خۆیانیان پێشخستووه‌ و بۆیان گرنگ نییه‌ به‌ به‌رچاوی خۆیانه‌وه‌ مه‌رگی نه‌خۆشانێكی شێرپه‌نجه‌ ببینن. دیاره‌ مه‌رگی خه‌ڵكی بێبه‌ش و هه‌ژار مایه‌ی پاره‌ و سه‌رمایه‌ی زیاتره‌ بۆ ئه‌وان.

ئێمه‌ پشتیوانی له‌ هه‌ر هه‌وڵێك ئه‌كه‌ین كه‌ له‌پێناو مانه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا و دابینبوونی ده‌رمان و پێداویستیه‌كانی پشكنین و چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌دا به‌گه‌ڕكه‌وتووه‌ و به‌گه‌ڕئه‌كه‌وێ. هه‌ر لێره‌وه‌ پشتیوانی خۆمان بۆ (ده‌سته‌ی داكۆكیكار له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا) ڕائه‌گه‌یه‌نین و به‌ ته‌واوی تواناوه‌ له‌ كه‌نار هه‌وڵه‌كانیاندا ڕائه‌وه‌ستین. خه‌می كه‌سوكاری نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ و خه‌می نه‌خۆشخانه‌ی هیوا به‌ خه‌می خۆمان ئه‌زانین و داكۆكی له‌ مانه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ئه‌كه‌ین. به‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی هه‌ردووك حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقی ئه‌زانین كه‌ نه‌هێڵن ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ بكه‌وێت و بفه‌وتێت و ته‌واوی پێداویستیه‌كانی بۆ دابین بكه‌ن.

هه‌ر له‌م ڕێگه‌یشه‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو ئه‌ندامان و دۆستانی حزب و خه‌ڵكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست ئه‌كه‌ین كه‌ به‌ كاری خۆبه‌خشانه‌یان و به‌ شێوه‌ی گونجاوی خۆیان پشتگیری و هاوكاری (ده‌سته‌ی داكۆكیكار له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا) و ئه‌و كارمه‌ند و پزیشكانه‌ بكه‌ن له‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیاندا.

حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان

١٣ ی ئایاری ٢٠٢٢

Check Also

کتێبی: ١٠٩٣، لێکدانەوەی دانیشتنەکانی کۆنگرەی دووەمی حزبی سۆشیاڵ دیموکراتی روسیا

١٩٠٣، لێکدانەوەی دانیشتنەکانی کۆنگرەی دووەمی حزبی سۆشیاڵ دیموکراتی روسیا بەشی دووەم  چاپی یەکەم: ٢٠٢٢ موحسن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .