کارەباش دەدرێت بە کەرتی تایبەت !

مستەفا باهر

زیاتر لە ٣٠ی ساڵە حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان بە هاوکاری و یارمەتی حزبە  ئیسلامیەکان، دەسەڵاتدارن لە کوردستان. ساڵ لەدوای ساڵ حزمەتگوزاریەکانی وەک (کارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ، تەندروستی، پەروەردە، ڕێگاوبان ، سوتەمەنی..هتد)، لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات. بۆیە ئەمەش دەکەن تاوەکو هەمو سێکتەرە خزمەتگوزاریەکان  بکەن بەکەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی خۆیان سودمەند بن لێی.

ئەگەر سەیری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکەین کە حزبە دەسەڵاتدارەکان شانازی پێوەدەکەن و بەدەستەخوشکی پاریسی دادەنێن. لە وەرزی زستاندا لە یەکەم بارانباریندا بەهۆی خراپی  ئاوەڕۆوە ساڵانە لافاودەبێت. چەندەها کەس دەبن بە قوربانی. لە وەزری هاوینیشدا کەمئاوی بوە بەگەورەترین کێشەی خەڵکی هەولێر، بەتایبەتی گەڕەکە هەژار نشینەکان، تاوەکو ئێستا دەسەڵاتداران دەستیان بۆ هیچ چارەسەرێک نەبردوە. بێگومان لە هەوڵی ئەوەدان ئەمیش بدەن بە کەرتی تایبەت، وەک چۆن کاتێک کە ویستیان سێکتەری تەندروستی  بدەن بەکەرتی تایبەت، سەرەتا کەوتنە فەرامۆشکردنی خەستەخانە حکومیەکان، تاوەکو خەڵک ناچاربێت بۆئەوەی چارەسەروەرگرێت ڕوو بکاتە خەستەخانەی کەرتی تایبەت. ئێستا لە کوردستان وای لێهاتوە ئەگەر نەخۆشکەوتیت و پارەت نەبوو دەبێت چاوەڕوانی مەرگ بکەیت. سێکتەری پەروەردەشیان بەهەمان دەرد بردوە، ئێستا قوتابخانە تایبەتەکان لەگەڵ قوتابخانە حکومیەکان جیاوازێکی زۆری هەیە. ئەوەی کەمێک ئیمکاناتی هەبێت منداڵەکانی دەخاتە قوتابخانەی تایبەت. بەردەوام ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە سێکتەری خزمەتگوزاری  بەتەواوی فەرمۆشدەکەن بۆئەوەی بدرێن بە کەرتی تایبەت، سودمەندی سەرەکیش لەمە تەنها پارەدارو کۆمپانیا حزبیەکانە.

ماوەی زیاتر لە ٣٠ ی ساڵە ڕۆژانە قسەی لەسەر کارەبا دەکرێت. ساڵانە لەکاتی وەرزەکانی سەرما و گەرمادا، بڕی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەهەرێمی کوردستان بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو دەڕوات و بەتێپەڕبوونی چەندین کابینە و پاش چەندین بەڵێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، هێشتا پرۆسەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییانی هەرێم ساڵ لەدوای ساڵ کەمتر دەبێت ، کابینە لەدوای کابینە بەڵێن دەدەن بۆ چارەسەرکردنی بەڵام تاوەکو ئێستا نەک چارەسەرنەکراوە، بەڵکو ساڵ لەدوای ساڵ کارەبای نیشتمانی بەرەو خراپتر دەڕوات.

بەگوێرەی  ووتەی  وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ، هەرێمی کوردستان پێویستی بە٤٥٠٠ بۆ ٥٠٠٠ هەزار میگاوات کارەبا هەیە ، بەڵام لە ئێستادا تەنها ٢٧٠٠ میگاوات بەرهەم دەهێنریت. کە دەکاتە نیوەی پێویستی بەکارهێنەرانی کارەبا. لەگەڵ دەستبەکاربونی وەزیری کارەبای هەموو کابینە یەک لەدوای یەکەکان، بەڵێن دەدەن بەچارەسەرکردنی ئەم کێشە موزمینە. ئەوەتا وەزیری کارەبای ئەم کابینەیە “کابینەی نۆ ” (کەمال محەمەد ساڵح )  جێبەجێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک بە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشەی بەردەم سێکتەری کارەبا دەزانێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: “گرێبەستی پێوەری زیرەک لە ساڵی ٢٠١٧ واژۆکرا کە لەبەر چەند هۆکارێک راوەستا، بەڵام لە مانگی هەشتی ٢٠١٩ دەستکرا بە جێبەجێکردنەوەی و تا ئێستا لەهەموشارەکانی کوردستان بەشی  زۆری   پێوەری زیرەک دانراوە، دانانی پێوەری زیرەک سەدا ٨٠ی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکات، چونکە بە پلەی یەکەم زێدەڕۆیی لەسەر کارەبا ناهێڵێت”.

بەڵام ئێستا هەموو خەڵکی کوردستان دان بەو ڕاستیەدا دەنێن کە پێوەری زیرەک نەک نەبوە هۆی باشترکردنی کارەبا بەڵکو خراپتربوو. بۆ نمونە لە مانگی کانووی دووهەمی ساڵی  ٢٠٢٢ لەبەشی زۆری گەڕەکەکانی شاری سلیمانی مولیدە ئەهلیەکان ڕۆژانە زیاتر لە ١١ کاتژمێڕ کارەبایان داوە، هەموو ڕۆژێکیش سەرلەبەیانیان ٤ کاتژمێڕ کارەبا نەبوە،زۆریک لە شەوانیش کارەبا نەبوە. هەرچەندە  وتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت رۆژانە ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانیمان داوە، بەڵام بە هەمو حسابێک وەزارەتی کارەبا ڕۆژانە لە ٥ بۆ ٦ کاتژمێر زیاتر  کارەبای نەداوە لەو ماوەیەشدا چەندینجار دەکوژێتەوە.

بۆیە جەنابی وەزیر کەمال محەمەد ساڵح ئەمجارە بە ڕاشکاوی ووتی “چارەسەرکردنی کۆی کێشەکە لەرێگای کەرتی تایبەتەوە دەبێت”. لەوبارەیەوە و دەڵێت: “کارەبا چوار سێکتەری سەرەکییە کە بریتیین لە بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردن و کۆنتڕۆڵکردن، وەکو وەزارەتی کارەبا دەتوانم بڵێم لە سێکتەری بەرهەمهێنان سەدا ٨٥ی کەرتی تایبەتە، هەروەها وێستگەکانی ماس، کار و قەیوان بڕی پێنج هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن، بەڵام سێکتەری دابەشکردن زۆر پێویستە ئەویش بکەین بە کەرتی تایبەت، دوای دانانی پێوەری زیرەک ئەوا دابەشکردنی کارەباش دەبێت بە کەرتی تایبەت و چارەسەرکردنی دروستیش ئەمەیە”.

هەربۆیە دەسەڵاتدارن بەرەو جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دەڕۆن کە زۆر دەمێکە نەخشەیان بۆ کێشاوە، ئەویش بەتایبەتکردنی سێکتەری کارەبایە. بۆ ئەم مەبەستەش هەرئێستا پرۆژەی بەتایبەتکردنی کارەبا بۆئەوەی بدرێت بە کەرتی تایبەت، هەموی تەواو بووەو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندایە بۆ واژۆکردن لەسەری،  بەبۆچونی من لەم ماوەیەدا واژۆی لەسەر دەکرێت. چونکە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دەیانتوانی و  دەتوانن کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن ، چونکە ئەوەتا خودی وەزیر دەڵێت ” ئێمە ژێرخانیکمان هەیە کە دەتوانین بڕێ ٦٧٠٠ میگاوات کارەبا بەرهەم بهێنین، بەڵام بەهۆی نەبونی سوتەمەنیەوە ناتوانین ئەو بڕە بەرهەم بهێنین”

لە راستیدا جیگای پرسیارە دەسەڵاتێک کە خۆی نەوت و غاز بەرهەم دەهێنیت نەتوانیت لە ماوەی ٣٠ی ساڵی دەسەڵاتداریەتیدا ئەو کێشەیە چارەسەربکات و سوتەمەنی دابین بکات بۆ وەزارەتی کارەبا. ئاشکرایە ئەمەیان بۆیە نەکردوە تاوەکو کارەباش وەک سێکتەرەکانی تەندروستی و پەروەردە بەتەواوی بدەنە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی خۆیان سودمەند بن لێی و خەڵکی هەژاری کوردستانیش ئەگەر پارەیان نیە وەک چۆن منداڵەکانیان ناتوانن لە قوتابخانە تایبەتەکان بخوێنن، وەک چۆن نەخۆشەکانیان چارەسەر ناکرێن و دەبێت چاوەڕوانی مەرگ بکەن، ئاواش دەبێت بە تاریکی ڕۆژ بکەنەوە ،چونکە کارەبا دەدرێت بەوکەسانەی کە خاوەن پارەن.

خەڵکی کوردستان ئەگەر دەیانەوێت ( کارەبا،ئاو، موچە، تەندروستی ، ڕێگاوبان ، دادگای دادپەروەر، پەروەردە) و هەمو خزمەتگوزاریەکانی باشبێت و دەستیپێیان بگات، دەبێت ئەم دەسەڵاتە  وەلانێن، چونکە  تاوەکو ئەم  حزبانە دەسەڵاتداربن لە کوردستان، ژیانی خەڵکی خراپتر دەبێت، باشتر نابێت.

٨/٦/٢٠٢٢

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *