ڕاگەیاندنی کۆتایی پلنیۆمی ٢٥ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

ڕۆژانی ٧ و ٨ ی تەموزی ٢٠٢٢، کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی  زۆرینه‌ی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ڕاوێژکاران و هاوڕێ عادل ئەحمەد لە حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی عێراق و میوانانێک،  پلنیۆمی ٢٥ ی خۆی بەست.

پلنیۆم، سەرەتا بە ووتەیەک لەلایەن هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیته‌ی ناوەندی و بە سرودی ئەنتەرناسیونال و خولەکێک ڕاوەستانی بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە ژیان و خەباتی هاوڕێیانی گیانبەختکردوی ڕێگای ئازادی و سۆشیالیزم، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. دواتر په‌یڕه‌وی بەڕیوەچونی پلنیۆم  و دەستوری باسەکان لەلایەن ئامادەبوانەوە پەسەندکرا.

دەستوری باسەکانی پلنیۆم بریتی بوو لە:

١/ راپۆرت

٢/ دۆخی سیاسی کوردستان و هەنگاوەکانمان

٣/ ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان

٤/ رێکخستن

٥/ شێوەکاری رابەری

٦/ سەرخەتی ئەولەویاتەکانی کاری حزب بۆ دەورەی داهاتوو.

٧/ بڕیارەکان

٨/ هەڵبژاردن

لە بەندی راپۆرتدا، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بەشێوەی نووسراو ڕاپۆرتی شەش مانگی ڕابردووی کار و هەڵسوڕانەکانی حزب و ئۆرگانەکانی، پێشکەش کرد و دواتریش لەلایەن هاوڕیانەوە قسەوباسی هەمەلایەنە لەسەر لایەنەکانی هەڵسوڕانی ئەم دەروەیەی حزب و ئۆرگانەکان کرا و لەئەنجمدا پلنیۆم بە تێكرای دەنگ دەورەی رابردووی هەڵسورانی حزبی بە ئیجابی هەڵسەنگاند و چەندین هەنگاوی لە راستای برەودان بە کاری داهاتوی خسته‌ به‌رده‌م حزب.

لە دەستوری دووەمدا کە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسی کوردستان هاوڕێیان عەبدوڵا مەحمود و عوسمانی حاجی مارف لە باسێکی هاوبەشدا، دۆخی کوردستانیان لەبەر ڕۆشنایی کاریگەریەکانی ئەوزاعی جیهانی و گۆرانکاریەکان لە عێراق و ناوچەکە و قوڵبونەوەی قەیرانێکی هەمەلایەنە کە یەخەی بەباڵو رەوتە بۆرژوازیەکانی گرتوە، خستە بەر باسەوە. هاوڕێیان لەسەر ئەوە ڕاوەستان کە قوڵبوونەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوریەکان لەلایەک چینی بۆرژوازی و ڕەوتەکانی لەگەڵ بێتوانایی لە پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبەردنی کۆمەڵگادا، بەرەوڕووکردۆتەوە و لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێک نەهامەتی زیاتری بەسەر ژیان و خەباتی کرێکاران و زەحمتکێشاندا داسەپاندووە. دۆخێکی ئاواش پێویستیی دەورکەوتنی هەرچی زیاتری حزبی وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕ و دەخاڵه‌تگەر کە بتوانێت پێدوایستیەکانی سەرکەوتنی خەباتی کرێکاران و جەماوەری  ناڕازای ئامادەبکات، به‌رجه‌سته‌تركردۆته‌وه‌.. لە کۆتایی قسەوباسەکانیشدا هاوڕێیان چەند هەنگاوێکی سیاسی و عەمەلییان پێشنیار کرد تا حزب لە هەڵسوڕانی داهاتودا لەبەرچاویان بگرێت. وەک ئەنجامیکێش لەم باسە، پلنیۆم مەکتەبی سیاسی ڕاسپارد، کە لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە پێشنیارکراوەکەی هەردوو هاوڕێ و سەرنج و قسەوباسەکانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڵگەنامەیەک ئامادە بکات.

سێهەمین دەستوری باسەکانی پلنیۆم کە بریتی بوو لە باسی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و چۆنیەتی رێکخستنی و بەسەرکەوتن گەیاندنی، هاوڕێ رێبوار ئەحمەد لە باسێکدا، ناوەڕۆکی چینایەتی ئەم ناڕەزایەتیانە و توانا و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خستە بەرباسەوە. لە ئەنجامدا تەکیدی لە سەراسەریکردنەوەی ناڕەزایەتی بەشەکانی جەماوەر و ڕێکخراوکردنی لە یەک بزووتنەوەی سیاسی، سەربەخۆی چینایەتی و شۆڕشگێرانەدا کرد و سەرنجی حزبی بۆ لای ئاسۆدارکردنی ئەم بزووتنەوەیە و دابینکردنی ڕابەریەکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە ڕاکێشا.. دوای دانی سەرنج و قسە و باسێکی هەمەلایەنەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، پلنیۆم جگەلەوەی بەڵگەنامەیەکی ئه‌م باسەی پەسەندکرد، هاوکات مەکتەبی سیاسی راسپارد، کە هەنگاوی پێویست، بە هاوکاری لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، بخاتە دەستوری سەرەکی کارەکانی داهاتویەوە.

دەستوری چوارەمی کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێکخستن، هاوڕێ ئالان مارف لە باسێکدا، بە ڕەخنەگرتن لە نه‌ریت و شێوە ناکۆمەڵایەتیەکان ڕاوەستا و تەئکیدی لەسەر شێوەکار ونه‌ریته‌كانی ڕێکخستنی حزبی و کۆمۆنستی و پێکهێنانی کۆمیتە کۆمۆنسیتیەکان، وەک پایەی ڕێکخراوەیی مەحەلی و کاری حزب لە شوێنی کار و ژیاندا کردەوە. لە ئەنجامدا، سەرنجی پلنیۆمی بۆ بەدەستەوەگرتنی چەند ئاڕاستەیەک لە کاری ڕێکخستنی کۆمۆنیستی ڕاکێشا. به‌ دوای قسه‌وباس و خستنه‌ڕووی سه‌رنجی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیدا، پلنیۆم بریاری دا کە مەکتەبی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی ئەم باسە کۆمیسیۆنی رێکخستن دامەزرێنێ و پلاتفۆرمێک ئامادە بکات.

دەستوری پێنجەمی کۆبونەوەکە بریتی بوو لە شێوازی کاری رابەری. لەم پێوەندەدا هاوڕێ عەبدوڵا مەحمود باسێکی پیشکەش کرد و دوای بەشداری هاوڕێیانی کۆمیته‌ی ناوەندی لە قسەوباسەکاندا، پلنیۆم مەکتەبی سیاسی راسپارد لەبەر رۆشنایی بەڵگەنامەیەکی پێشنیارکراو بۆ ئەم دەستورە و سەرنجەکانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، بەڵگەنامەیەک دەربارەی شێوەکاری ڕابەری وەکو تەواوکاری بەڵگەنامەی مەنسور حکمەت و گرفتەکانی ئێستا لە شێوەکاری رابەری حزب ئامادە و پەسەند بکات.

لە دەستوری سەرخەتی ئەولەویاتەکانی کاری حزب بۆ دەورەی داهاتوشدا هەریەک لە هاوڕێیان فواد سادق و خەسرەوسایە لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامەیەکی ئامادەکراو بۆ بەردەم پلنیۆم قسەوباسێکی هاوبەشیان پێشکەشکرد و لەوێدا سەرەکیترینی ئەو کارانەیان خستەروو کە حزب لە ڕاستای بەکردەوە دەرهێنانی سیاسەت و پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی پێنجەمی حزب بۆ دەورەی داهاتوو دەکەوێتە سەر شانی. پلنیۆم بە دوای قسەوباسی هاوڕێیاندا بەڵگەنامەکەی بە هەندێك دەستکاری بجوکەوە پەسەندکرد.

لە تەوەرەی بڕیارەکاندا، پلنیۆم سێ بریاری کۆمیسیۆنی مالی و کۆمیسیۆنی کاروباری کرێکاران و بریاری ناساندنی حزبی پەسەند کرد… هاوکات پلنیۆم مەکتەبی سیاسی ڕاسپارد بۆ په‌سه‌ندكردنی چەند بریارێکی تر کە بە بۆنەی کەمی کاتەوە نەتوانرا لە پلنیۆمدا قسەوباسیان لەسەر بکرێت.

کۆتا بڕگەی دەستوری پلنیۆم هەڵبژاردن بوو. سەرەتاش پلنیۆم بە تێکرای دەنگ هاوڕی عوسمانی حاجی مارفی وەکو سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و پاشان هاوڕێیان هەریەک لە هاوڕێیان:”خەسرەو سایە، ئالان مارف، عەبدوڵا مەحمود، دەشتی جەمال، رێبوار ئەحمەد، مەهدی رەسوڵ، جەمال موحسین، فوئاد سادق، ئازاد مەجید” ی وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد.

پلنیۆم دوای دوو رۆژ لە کاری چرو پر، بە وتاری سکرتێری کۆمیتەی ناوه‌ندی و بە سرودی ئەنتەرناسیونال کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

راستەوخۆش بەدوای تەواوبوونی کارەکانی پلنیۆمدا، مەکتەبی سیاسی لە یەکەمین کۆبونەوەی خۆیدا، بەتێکڕای دەنگ هاوڕێ خەسرەو سایەی وەکو سەرۆکی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد.

٩/٧/٢٠٢٢

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *