ئایا جۆبایدن لەسەفەرەکەیدا سەرکەوتو بوو؟

مستەفا باهیر

لە ناوەڕاستی مانگی تەموزی ئەمساڵدا “جۆ بایدن” سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەفەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد. سەرەتا سەردانی ئیسرائیلی کرد و پاش ئەوەی کە “محمود عەباس”ی  لە فەلەستین بینی، لە تەلئەبیبەوە ڕاستەو خۆ بەرەو سعودیە سەفەری کرد. بەمەش ” بایدن”  بوو بەیەکەمین کەس کە لە تەلئەبیبەوە بەفرۆکە ڕاستەوخۆ بچیتە سعودیە. لەدوای ئەم سەفەرەی “بایدن” هێڵی گواستنەوەی فرۆکەوانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە  دەستی پێکرد کە لەوەوپێش نەبوو، بەهۆی ئەوەی سعودیە دەوڵەتی ئیسرائیلی بە فەرمی نەناسیوە . سەفەرەی “جۆبایدن” بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆتە جیگای قسەوباسی کەنالەکانی راگەیاندن وهەر دەوڵەتە و هەر لایەنە لەگۆشەنیگای جیاوازەوە لەسەر ئەم  سەفەرە دەدوێن. بەشێک  پێیانوایە ئەم سەفەرەی بایدن پەیوەندی بە پرسی وزەو رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە هەیە. بەشێکی دیکە پێیوایە بۆکۆکردنەوەی بەرەیەکی دژ بە ئیرانە لەناوچەکەدا تاوەکو سنورێك بۆ نفوزی ئێران دابنێن و رێگانەدرێ ببێتە خاوەن چەکی ئۆتۆمی. بەشێکی دیکەش پێیانوایە بۆ پشتیوانی ئیسرائیلەو هەندێکیش پێیانوایە بۆ ئەوەیە ناتۆیەکی عەرەبی دروست بکات تا وەک هێزێک بەرامبەر بە ڕوسیا و چین لە ناوچەکەدا بوەستنەوە.

لە ناوخۆی  ئەمریکاشدا  مشتوومڕی زۆر لەبارەی سەردانەکەوە  دەکرێ، بەڵام بۆچوونێکی باو کە دەخرێتەڕوو ئەوەیە کە “ئیدارەی بایدن بەهۆی قەیرانی وزەوە ناچاربووە  ڕوو لە سعودیە بکات، ئەمەش کاتێکی هەڵەیە بۆ ئەم سەردانە ، چونکە ئەمریکا ناتوانێت لەم کاتەدا ئەو ئامانجەی بپێکێت.”  هەر لەم بارەیەوە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، دەڵێت ” بایدن  وڵاتانی ناوچەکە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت هاندەدات. هەروەها  ڕوانگە و ستراتیجیی خۆی بۆ پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژ هەڵاتی نێوەڕاست دەخاتە ڕوو”.

ئەوە دروستە لە  ئێستادا نەک تەنها ئەمریکا، بەڵکو ئەوروپاو هەموو جیهان  بەهۆی شەڕی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا توشی قەیرانی  ووزە و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان بوەتەوە، ڕوونە کە  ئەمریکاش لەو بارەیەوە نیگەرانی هەیە، بەتایبەتی لەسەر بەرزبونەوەی  نرخی نەوت و گاز. بێجگە لەمانەش ، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ، نیگەرانی گەورەی بۆ  حکومەتی ئەمریکا دروستکردووە. بەڵام  بەڕای من ئەمانەهەموی گریمانەن و دەکرێت بایدن لەسەفەرەکەیدا لەسەر ئەم بابەتانە قسەوباسی کردبێت، بەڵام ئەوەی کە خاڵی جەوهەریە لەسەفەرەکەی بایدندا بەرئەنجامی دۆخێکە کە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وجیهان بەگشتی  تێکەوتوە. ئەمریکا  لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست توشی شکستێکی گەورە بووە.  لە زۆربەی ناوچەکان ناچار بە پاشەکشەکردن کراوە. هەربۆیە  کۆشکی سپی بایەخێکی کەمتری بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدا.  بەڵام شەڕی ئۆکرانیا و دروستبوونی قەیرانی وزەو دەرکەوتنی هێزی تر لەناوچەکەدا، کۆشکی سپی و بایدن ی  ناچارکردوە کە سواری فڕۆکە ببێت و ڕوو لە سعودیەو  ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات. هەموو ئەو ڕەخنانەشی کە پێشتر لە حکومەتی سعودیەی دەگرت  دەربارەی پرسی مافی مرۆڤ، پشتگوێ بخات و هەوڵبدات لە زوترین کاتدا ئەو بۆشایەی کە  ئەمریکا دروستی کردوە پڕبکاتەوە. هەروەک  بایدن لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی لە تەلئەبیب  بە ڕوونی ووتی ئەم ناوچەیە جێناهێڵین بۆ ڕوسیاو چین.

بەگشتی دەتوانین بڵێن ئامانج لە سەفەرەکەی  سەرۆکی ئەمریکا ، دانی پەیامێکە بە  سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە، کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە رۆڵی پێشەنگانەی  خۆی لە ناوچەکە و هیچ بۆشاییەک بۆ چین و روسیا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێناهێڵێت. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگە و لە پێشینەیە بۆ ئەمریکا. هەروەها دەیەوێت پییان بڵێت  ئێوە هێشتا بۆ ئەمریکا گرنگن و پێویستە ئێوەش لە ڕوو بەڕوو بوونەوەی قەیرانە جیهانییەکاندا لە نێویاندا پرسی وزە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی چین و گرژییەکان لەگەڵ روسیا و هەروەها لەئاستی سیاسەتی ئەمریکا بۆ ناوچەکە پشتیوانی  ئەمریکا بکەن.

بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بایدن لەم سەفەرەیدا  دەتوانێت سەرکەوتوو بێت؟ ئایا دەتوانێت  ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوەو کە خۆی دانی پێدادەنێت و رێگا بگرێ لە پەرەسەندنی نفوزی چین و ڕوسیا لە ناوچەکەدا!؟ ئایا دەوڵەتانی ناوچەکە ئامادەن هێلکەکانی خۆیان وەکو جاران بخەنە ناو سەبەتەی ئەمریکاو بەرژەوەندیەکانیەوە لەناوچەکەدا!؟

ئەگەر بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە شیوازی پێشوازیکردن لە بایدنەوە دەستپیبکەین دەبینین کە پێشوازیەکی ساردو سڕبوو، ئەوانەی بۆ پێشوازی بایدن هاتبوون پارێزگاری مەککە و باڵیۆزی سعودیە بوون لە واشنتن. تیمی پێشوازیکەران لە سەرۆکی ئەمریکا  سەرەڕای ئەوەی کە  “بایدن” یان  بۆ ماوەیەک لە ناو فڕۆکەکەیدا بەچاوەروانی هێشتەوە، بەهۆی ئامادەنەبونی پەیژەی دابەزین لە فڕۆکەکەدا. بەڵام  ساڵی ٢٠١٧ کاتێك دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا سەردانی ڕیازی کرد، شا سەلمان خۆی چووە فڕۆکەخانە و بەسەر فەرشی سووردا تاوەکو لای پەیژەی فڕۆکەکە بە پیریەوە چوو. ئەوە بێجگە لەوەی “محەممەد بن سەلمان”، شازادەی جێنشینی سعودیە، لەکۆشکی سەلام لە جەددە کاتێك پێشوازی لە بایدن کرد، تەنیا بە لێکدانی مشتەکانیان سڵاوی یەکدیان کرد و تەوقەیان نەکرد، بەڵام هەر لەو لوتکەیەدا شازادە “محەممەد بن سەلمان” خۆی پێشوازی لە سەرۆکی وڵاتەکانی تر کردوو زۆربەیانی لەئامێز دەگرت.

لە لایەکی ترەو بەهۆی ئەوەی سعودیە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ناوچەکەدا، ئەمریکا داوای لێدەکات کە ڕێژەی هەناردەی بەرهەمی نەوتی زیاتر بخاتە بازاڕەوە تاوەکو نرخی سوتەمەنی لە جیهاندا دابەزێت. بەڵام بەرپرسانی سعودیە بەڕوونی ڕایانگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٧ دا  بڕی نەوتی هەناردە کراو دەکەن بە ١٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا وە  تا ئەو کاتە ناتوانن هیچ بڕێکی تر زیاد  بکەن، بە بیانوی ئەوەی کە پابەندەبن بە بڕیارەکانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس کە  ڕوسیا  تیایدا ئەندامە.

دەربارەی ئەوەی کە  ناتۆیەکی عەرەبی دروست بکات لە ناوچەکەو وڵاتە عەرەبیەکان لەگەڵ ئیسرائیل پێکەوە هاوکاری سەربازی بکەن ، ئەمەش زۆر ئەستەمە، چونکە لەناوچەکەدا  کۆمەڵێک کێشەی گەورە هەیە تاوەکو ئیستا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە وەک کێشەی فەلەستین،کێشەی  یەمەن  و…هتد. تاوەکو ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێت بەتایبەتی  کێشەی فەلەستین هێچ دەوڵەتیکی عەرەبی ناتوانێت لەگەڵ ئیسرائیل پەیماننانەی سەربازی  دروست بکات. یەکێک لەو دەوڵەتانە کە ئەمریکا بە دۆستی نزیکی خۆی دادەنێت عێراقە، بەڵام  لەو بارەیەوە “مستەفا کازمی” ، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێش بەڕێککەوتنی بۆ سعودیە، تێڕوانینی خۆی بۆ لووتکەکە دەربڕی و گوتی، “عێراق ناتوانێ بچێتە پاڵ هیچ بەرەیەک و هیچ  هاوپەیمانێتییەکی سەربازی و هەر بەرەیەکی دیکە. هەروەها عێراق ناتوانێ ببێتە پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە هەر وڵاتێکی دراوسێ.. هەڵوێستمان بەرامبەر پرسی فەلەستین روونە؛ هیچ شتێکیش نییە لە لووتکەکەدا بابەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل تاوتوێ بکات. لەگەڵ ئەمریکیەکان رێککەوتنی نێوانمان تاوتوێ دەکەین کە لە رێککەوتنی ستراتیژییدا لەبارەیەوە رێککەوتووین.”

بەمشێوەیە  دەتوانین بڵێن کە بایدن لەم سەفەریدا سەرکەوتوو نەبوو. نە یتوانی سعودیە ناچاربکات کە  بڕی بەرهەم هێنانی نەوت  زیاد بکات، نە دەتوانێت ناتۆیەکی عەرەبی لەناوچەکەدا دروست بکات. مەلەفی ئەتۆمی ئیرانیش زیاتر لەژێر دەستی وڵاتە ئەوروپیەکانە. هەروەها ڕوسیاو و ئیران بەهێزی  میلیتاری لە زۆربەی دەولەتانی ناوچەکە  بونیان هەیە. کاڵای “چین -“یش بوەتە کاڵای سەرەکی لەو ناوچەیە. هەر بەدوای تەوابوونی لوتکەی کەنداو، ووڵاتانی بەشدار نەرمیان بەرامبەر بە ئێران دەربڕی و لایەنگری چارەسەری ئاشتیانەی پرسی ئەتۆمی ئێران بوون! هەربۆیە پێناچێت ئەمریکا وا بەئاسانی  بتوانێت ئەو بۆشایەی کە لەناوچەکە بۆی پێکهاتوە، پڕبکاتەوە..  هەربۆیە بە دڵنیایەوە  دەتوانین بڵێن “جۆ بایدن” لەسەفەرەکەیدا فەشەلی کردوە.

٢٢ی تەموزی ٢٠٢٢

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *