“بیرمەند”ی ناشۆڕشگێڕ

عوسمان حاجی مارف

گەورەترین و جوانترین پەیکەر بۆ مارکس و ئه‌نگڵس لە ناوەڕاستی شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیادا دانراوە. دانانی ئەو پەیکەرە بەو مەبەستە نمایش نەکراوە، کە مارکس و ئه‌نگلس وەک نمونەی دوو شۆڕشگێڕ وڕابەری خەباتی پرۆلیتاریا بۆ شۆڕشی سۆشیالستی بناسرێن، بەڵکو بەگشتی بۆرجوازی لەهەوڵی ئەوەدایە وێنایەک لەسەر مارکس و ئه‌نگلس بدات بەدەستەوە و بیانناسێنێت، کە دوو بیرمەندی بە تواناو بە بایەخی ئەڵمانین لە بواری فەلسەفەو ئابوریدا. هەڵبەتە گومان لە بیرمەندی ئەو دوو خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕە نییە، بەڵام ئەوەی مارکس و ئه‌نگلس نەیانتوانی لە ئەڵمانیا بەردەوامی بە ژیانیان بدەن، هۆکارەکەی ئەوە نەبوو کە بیرمەندن، بەڵکو هۆکاری دوورخستنەوەیان لەسەر خەبات و کاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەیان بوو لەبەرانبەر سیستەمی سەرمایەداریدا.

با لەوە گەڕێین بۆرجوازی چۆن پێناسەی مارکس دەکات، سەیر لەوەدایە کەسانێک لە کۆمۆنیست و چەپ و خۆ بە مارکسیزانیش لەژێر کاریگەری هەمان ئەو وێنایەدان، کە بۆرجوازی مارکسی پێ پێناسەدەکات. گەر بەشێکیان ڕاستەوخۆ وەها نەڵێن، بەڵام لەجۆری مامەڵە و بیرکردنەوەیان لە هەڵسوڕانی سیاسیدانیشانی دەدەن، کە پێیان وایە مارکس ماوەیەکی درێژ چۆتە خەڵوەتەوەو لێکدانەوەو شیکردنەوە و دراسەی کردووەو دواتر بۆتە بیرمەندێکی سەرکەوتووی وەها، کە وەک ڕابەرێکی خەباتی سۆشیالیستی دەرکەوێت. ئەم وێنایە بەو مانایە دەتوانین بیناسین، کە پەیوەندی نێوان پراکتیک و فکر نابینێت و لێکیان جیا دەکاتەوە، یان دەیەوێت پڕۆسەی تەکامولی فکری تەواو بکات و دواتر بڕواتە ناو ناسنامەی سیاسی خۆی و گروپەکەیەوە. بۆیە یەکلایەنەئەولەویەت بۆیان لێکدانەوەو شێکردنەوەو دراسەیە، بە جۆرێک فکر پێش پراکتیک دەخەن. هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەچنە ناو دنیای ئەفکار و بە وێنەی بیرمەندێک خۆیان نیشان دەدەن، ڕۆڵی خۆیان ڕۆشنگەریە و ئەرکی کەسانی ترە پراکتیکەکەیان بۆ ئەنجام بدەن.

ئه‌مساڵ لە هەفتەی مەنسور حکمەت لە لەنده‌ن باسێکم پێشکەشکرد و تێیدا مەبەستم بوو ئەوەڕوونبکەمەوە، کە چۆن بۆرجوازی مارکس وەک ئابوریناسێک دەناسێنێت، بەهەمان شێوە هاوڕێیانێک دوای سی ساڵ زیاتری خەباتیان لە ڕیزەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، بەو دەستەواژەیە چوونەدەرەوەی خۆیان لە حزب ڕاگەیاند، کە مەنسور حکمەت “مارکسیەکی هاوچەرخە”، لەلایەک سنوربەندی فکری سیاسی ناڕۆشنی خۆیان لەبەرانبەر چەند بابەتێکی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا ڕادەگەیەنێن، لە لایەکی تریشەوە خۆیان لە گشتیەتی باسە فکریەکانی مەنسور حکمەت نادەن. هەربۆیە ناچاربوون وەک “مارکسیەکی هاوچەرخ” بیناسێنن. واتە تەنها ناساندنی حیکمەتە وەک مارکسیزانێک، نەک مارکسیەکی پراکتیکی و شۆڕشگێڕ.

پێداگری من لەسەر ڕۆڵی سیاسی مەنسور حیکمەت لەو شوێنەوەیە، کە وەک ئینسانێک لەدەورانی خۆیدا چەندە کاریگەری جددی لەسەر باس و مەسەلە فکریەکان دانا، ڕۆڵ و کاریگەری و ئەزمونی کاری سیاسی و پراکتیکی کۆمۆنیستی ئەو چەند قات زیاتر بوون لە باسە فکری و سیاسیەکانی. مەنسور حیکمەت مارکسیەکی پراکتیکی و شۆڕشگێڕە، نەک “مارکسیەکی هاوچەرخ”.بەکارهێنانی هاوچەرخ مانای سوڕانەوەی ئەو هاوڕێ کۆمۆنستانەیە لە بازنەیەکدا، کە ناتوانن ئامراز و ئایندەو پێداویستیەکانی شۆڕشی کرێکاری بەرجەستەکەنەوە لە ژیانی سیاسی خۆشیاندا. مەنسور حیکمەت هەمان وێنا لەسەر لینین دەدات، کە مارکسیەکی پراکتیکی و شۆڕشگێڕە، نووسراوەکانی لینین ئەو ماناو پێگەیەی هەیە، کە پراکتیکی سیاسی دەباتە پێشەوە. لەبەرانبەر لینیندا هەتا بۆرجوازیەکانیش سەرسامن بە دەوری ڕابەری و پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی.

هەر لەدوای دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقەوە لە سەرەتای نەوەتەکانەوە کەسانێک لەسەر بنەمای ئەوەی باوەڕیان بە ڕابەری ئەوکاتەی حزب نەبوو،دوای کێشمەکێشێک لە ڕیزەکانی حزب چوونە دەرەوەو ڕێگایەکی تریان گرتە بەرو بۆ یەکەم جار دەستەواژەی “مارکسیزمی هاوچەرخ”یان لەبەرانبەر مەنسور حکمەتدا بەکارهێنا. دواتر ڕێگایەکی جیاواز لە کۆمۆنیزمی کرێکارییان گرتە بەرو تا ئێستاش ڕێگای خۆیان نەدۆزیوەتەوە و باسێکیشیان لەسەر “مارکسی هاوچەرخ” نەما. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کەسانێک، کە لە نەوەتەکانەوە وەک هەڵسوڕاو و ڕابەری کۆمۆنیزمی کرێکاری خۆیان دەناساند، خۆیان بە پابەندبوون بە دەوری ڕابەری مەنسور حیکمەت تەداعی دەکردەوە، کەچی دوای سی ساڵ زیاتر لە خەباتی سیاسییان لە کوتوپڕێکدا و بێ پێشینەی خستنەڕووی بابەتێکی فکری سیاسی، نەک لە ڕیزەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری چوونە دەرەوە، بەڵکو خەریکن دەگەڕێنەوە بۆ بیروبۆچونێک، کە پێش ساڵانی نەوەتەکان خۆیان ڕەخنەکانیان لەو بیروبۆچونانە قەبوڵ کردووە. واتە خۆیان تەواو بێبەری دەکەن لە ئەزمون و پراکتیکێک، کە زیاتر لە سێ دەیە لە بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریداهه‌یانبووه‌. هەڵبەتە ئەم ئاڵوگۆڕە لە بۆچوون و کاری سیاسیدا تاوان نییەو مافی هەرکەسێکە ژیانی سیاسی خۆی هەڵبژێرێت و دیاری بکات، بەڵام پێموایە دوای سی ساڵ پەشیمان بوونەوە لە خەتێکی فکری سیاسی، کە تەجروبەیان کردووە و ناساندنی مەنسور حیکمەت وەک “مارکسیەکی هاوچەرخ”، ئیتر ناتوانن جێگای متمانەی ئەوەبن، کە وەک ڕابەرێك چاویان لێ بکرێت.

لە ڕاستیداکاتێک مرۆڤ نزیک بە هەموو تەمەنی خۆی بە هەڵە دوای ڕێباز و بزووتنەوە و نەریت و خەتێکی فکری سیاسی کەوتبێت، ئیتر تازە چەند تەمەن و کات و فرسەتی بۆ دەمێنێتەوە، تا خەت و ڕێباز و نەریتێکی تازە بگرێتەبەر و بەرەوپێشەوەی ببات؟! لەوەش گرنگتر ئایا مرۆڤ، کە لە بەشی هەرە گەورەی تەمەنی بەسودی خۆیدا ئەزمون وڕێگایەکی هەڵەی هەڵبژاردبێت و بە هەڵدێردا چوبێت، ئاخۆچی زەمانەتی ئەوە دەکات دوای چەند سال دیسان لە خەت و ڕێبازە تازەکەشی پەشیمان نەبیتەوە و دیسان نەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر؟!

بەجیا لەوەی هەر سەرنجێک لەسەر وێنای “مارکسیزمی هاوچەرخ” لەسەر مەنسور حکەمەت دەدرێت، گەر هاوڕێ سامان کەریم کەمێ بەدیقەتەوە سەرنجی بدایە، باش دەیبینی، کە من خۆی و دوو هاوڕێکەیم نەخستۆتە ڕیزبەندی ئەو کەسانەی پێناسەی مەنسور حکمەت بە “مارکسیستی هاوچەرخ” دەکەن و ئەو بەهەڵە ئەو ڕستەیەی منی بەرانبەر بە خۆی لێکداوەتە، بەڵکو دەڵێم سەیرەکە لەوەدایە کەسانێکیش هەن پێناسەی خۆیان دەکەن بە “مارکسیزمی هاوچەرخ”. ئەمەش بە ڕاستی پێویستە جێگای سەرنجێکی قوڵتر بێت لەسەرئەوهاوڕێیانە،چونکە جگە لەوەی پێشوەخت نیشانی بدەن مەشغەڵەیان چیە، ئاشکرایەبە خەیاڵاتێک،کە بۆخۆیان داناوە “هاوچەرخن”. مانای ئەوەیە جگە لەوەیخۆیان وەک ئەهلی فکر دەناسێنن، ناکرێ مانایەکی تریان لێوەربگرین، چونکە پێشوەخت بڕیاریانداوە “مارکسیزمی هاوچەرخن”، نەک مارکسیەکی پراکتیکی. لەباری غروری فکریەوە بێ هیچ دەورو بەرهەمێك خۆیان لە پێش هەموو کۆمۆنیست و گروپێکەوە دەبینین.بۆیە پێویستی نەدەکرد هاوڕێ سامان ئەوەندە لەسەر فکرو پراکتیک بنوسێت وبەڕاست و چەپدا بکەوێتە ڕەخنە لەسەرئەزمونی حزبی کۆمۆنیزمی کرێکاری، چونکە هەر بەناوی (ئاڕاستەکەیدا) دیارە فکرو پراکتیک جیا دەکاتەوەو لە قوڵایی فکرەوە ئاڕاسته‌کەی دەباتە سەرپراکتیک. بۆیە ئەولەویەتی کارەکانی،کە بۆ خۆی داناوە گوایە خەریکی “نوسین و کتێب دەرکردن و لێکدانەوە و شیکردنەوەو تەفسیرکردن” دەبێت. واتە ڕۆشنگەری کردووە بەئەرکی خۆی، کەلەو بارەیەشەوە تا ئێستا جگە لە ناڕۆشنی هیچی تری نەداوە بەدەستەوە.بۆیە دوای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی،کە نادیارە کەی بەم ئەرکە هەڵدەسێت و کەی تەکامولی دەکات،پاشان دەیەوێت “پڕۆلیتاریا ڕۆشنکاتەوە بۆ خەباتی سۆشیالیستی”.واتە هاوڕێ سامان بیردەکاتەوەو دەنوسێت و کەسانی تریش پراکتیکەکەی بۆ ئەنجام دەدەن. ئەمەش نمونەی “بیرمەندێکی ناشۆڕشگێڕە”. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە لە دنیای خەباتی سیاسی نمونەیان هەیە،کەجگە لە کاریکاتۆرسازی هیچی تری لێ بەرهەم نایەت.هەروەها وەک”بیرمەندی” بێکار و ناشۆڕشگێڕ ناتوانێت لە ڕیزی هیچ جۆرە خەباتێکی سیاسی کرێکاران و جەماوەریدا جێگایەک پەیدا بکات، تەنها بە زەڕەبین بەدوای کەموکوڕی هەڵسوڕانی سیاسی ناکرێکاریدا دەگه‌ڕێت و خۆی لێدەپارێزێت. ئەو حزبەشلە نەخشەو بیرکردنەوەی تایبەتی هاوڕێ ساماندایە، دەمێکە کەسانی تر سپاردویانەتە دەست قەدەری هوشیارکردنەوەیەک بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت پڕۆلیتاریا تێبگەینن.

نوسراوەکەی هاوڕی سامان گوایە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕستەیەی منە، کە لە هەفتەی حیکمەتدا کردومە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کردووە بە بەهانە و فرسەتێک بۆ دەربڕینی چەندین مەسەلە کە پەیوەندییان بە باسەکەی منەوە نییە. بۆ خۆشی بە هەڵە چۆتە ناو باسەکەوە، بەڵام بەداخەوە کەوتۆتە ناو فەزایەکەوە زۆرتر نیشاندانی نەفرەتە بەرانبەر حزب، کە هاوڕێ سامان تەمەنێک لە سەنگەریدا کاری کردووە و ئێستا پێداچونەوە بە ڕێبازەکەی دەکات! پیداچوونەوە خۆی لە خۆیدا هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام نەفرەت بۆچی؟! هەموو ئەو نمونانەی باسی کردوون بەڕاستی جێگای باس و سەرنجن، بەڵام ئەوەی زۆرترسەرنجڕاکێش و نابەجێیە، دەڵێت “من ئاگام لەوە نەبووە، کە بڕیار دراوە واحدی حککا بچیتەوە بۆ ئێران”. ئاشکرایە لە پشتی ئەم ڕستەیە کۆبەند و لێکدانەوەیکی تر لە هێرشی ١٤/٧ی یەکێتی بۆ سەر حککع لە بیرکردنەوەی تازەی هاوڕێ ساماندا خۆی مەڵاسداوە. پێش هەرشتیک پێدەچێت هاوڕێ سامان دوای ٢٢ ساڵ گەیشتبێت بە باوەڕهێنان بە پاساوەکەی تاڵەبانی، کە گوایە بە ڕادەی سەرەکی بە هۆی ئەو جەوله‌یەوە پەلاماری حزبی ئیمەیان داوە! بەداخەوە ئەمە دەچێتە خانەی پاساودانی هێرشەکەی یەکێتی و پەردەپۆش کردنی ماهیەتی دژی کۆمۆنیستی و دژی ئازادی و سەرکوتگەری یەکێتیەوە. تەنانەت دەعوانامەکەی نەزەر عەلی ئەکبەریش نادیدە دەگرێت، کە دەڵێت ئەم حزبە دەبێ قاچاغ بکرێت لەسەر ئەوەی یاسای یەکسانی ژن و پیاوی ڕاگەیاندوە،کار بۆ جیابوونەوەی کوردستان دەکات وئاوارەی عەرەبی پەناداوە… بەداخەوە ئەم پێداچوونەوەیەی هاوڕێ سامان لە لێکدانەوەی خودی ئاسایش لە دواترە. ئایا سەرەتای بەهانەگیری یەکێتی، واتە ڕفاندنی هاوڕێیان عمار و یوسف و فهد و داتاشینی تۆمەتی قەتل بۆیان  لە چەند مانگ پێش هێرشی ١٤/٧، هەر بەبۆنەی گەڕانەوەی هێز بوو بۆ ئێران؟! هیرشی ١٤/٧ روداوێکی لە ناکاو نەبوو کە دوای چوونەوەی هێز بۆ ئێران ئەنجام درابێت، بەڵکو چەندین جار بەبێ ناردنەوەی هێزیش بۆ ئێران، یەکێتی هەمیشە لە کەمیندا بوو بۆ پەلاماردانی حزب، هۆکاره‌کەشی لە بنەڕەتدا دژی کۆمۆنیست بوون و دژی ئازادی بوەنی یەکێتی بوو، بەلام هەر جارە و پاساوێکی دادەتاشی.لە دوای هه‌ڵبژاردنی شارەوانیەکانەوە دەورەیەکی تر لە کێشمەکێش و شەڕفرۆشتن بە حزبی ئێمە لەلایەن یەکێتیەوە دەستی پێکرد. سەرەتا هەڕه‌شە و بەیان دەرکردنی ئاسایش، پاشان ڕفاندنی هاورییانی عەرەبزمان و دواتریش هێرشی ١٤/٧. سەیرە بە حزوری هاوڕێ سامان چەندین جار باس و لێکدانەوەمان لەم بارەیەوە کردووە، کە یەکێتی بەهەر پاساوێک بوایە، بڕیار و پلانی هەبوو زەڕبەیەک لە حزبمان بدات. نەوشیروان ڕاشکاوانە دانی بەمەدا نا،  لەو دانیشتنە لەگەل نەوشیروان، ئێمە هەموو بیانوەکانمان بڕی و سازشمان کرد لە پێناو ئەوەی بەربەهێرشەکەیان بگرین. بەڵام ڕێک ئەو کاتەی ئێمە بیانوەکانی ئەوانمان بڕی، بڕیاری دا لێمان بدرێت.

بۆچی هەردوای ئەو ڕووداوە بە دوو مانگ کەجەلسەی ڕابەری هەردوو حزب بە ئامادەیی هاوڕێ سامان و خودی منصور حیکمەت ڕێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو ڕووداوە و چی کردن بەرپا کرا، گەر هاوڕێ سامان ئەوکارە بە هەڵەیەکی کوشندە دەزانێت، بۆ حەرفێکی نەگوت، کە بۆنی ئەم قسانەی لێ بێت. کەچی ئێستا چوەتە دەرەوە و لەو دوورەوە ئەیەوی نیشانە بگرێ و مەسئولیەتی ئەو هێرشەی یەکێتی بخاتە سەر حزب و هاوڕێیانی تری، بەو پاساوەی چونکە ئەو ئاگای لێ نەبووە. ئایا هاوڕێ سامان ئاگای لەوە نەبوو کە حککا بەرنامەیەکی هەبوو بە ناوی (ڕابەرانی کۆمۆنیست لەناو خەڵکدا) و چەندین جار هێزی ناردەوە بۆ ئیران؟ ئەمە بە جددی زۆر ئۆپۆرتۆنیستی و جێگای داخ و ئەسەفە! ئایا نەبونی ئەو لە مەکتەبی سیاسی پاساوە بۆ ئەم مەسەلەیە؟! ئایا ٢٢ ساڵ کات پێویست بوو تا هاوڕێ سامان بەم هەڵسەنگاندنە قوڵە بگات؟

ئەگەر ئەو کاتە هاوڕێ سامان مەکتەب سیاسی نەبووە، خۆ لە بیست ساڵی دوای ئەو ڕووداوە نەک مەکتەب سیاسی، بەڵکو سەرۆکی م.س. و سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیش بووە، چەندین کۆنگرە و پلنیۆم و کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسی و کادران و …هتد. ئەنجام دراوە و بە نووسین بۆچوون و لێکدانەوە ئاڵوگۆڕ کراوە. بەڕاستی سەمەرەیە، لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا هیچ کاتێک ئەم تێڕوانینەی نەدرکاندووە و تەنانەت ناڕاستەوخۆش ئاماژەیەکی لەم جۆرەی نەبووە.

هاوڕێ سامان لەسەرەتای نوسینەکەیدا وا نیشاندەدات کە ئامادەی جەدەلو ڕەخنەگرتنە، بەڵام شێوازێک کە ئەو پەیڕەوەی لێکردووە نەجەدەلەو نە ڕەخنەگرتن. جەدەل وڕەخنەگرتن خۆی لەخۆیدا ئەرکێکی زەروری کۆمۆنیستەکانو خەباتی چیانیەتیە، بەڵام بەومەرجەی کەسەکان خۆیان لە دڵی ئەوکێشمەکێشانەدا قەراریان گرتبێو ڕووی لە یەکگرتن و گەشەی خەباتی کۆمۆنیستەکانو هەڵگرتنی بەربەستەکانی پێشڕەوی خەباتی چینایەتیان بێت. بەڵام ئەوەی سامان کەریم ئیستقبالی لێکردوە، شیوازێکە بۆ ئەستۆپاکی حساباتی شەخسی خۆی لە ڕابردوو. ئەمەشی بەغرورێکەوەكردووه‌،کە بەڵکو وەک “بیرمەندیك” چاوی لێبکرێت. نمونەی ئەم جەدەل وڕەخنەگرتنەی لەچەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر مەسەلەکانی وەک ڕیفراندۆم، جەنگی موسڵ وکۆڕۆنا، ئەوەی سەلماندوە، کە ئەو بەدوای “ڕای شەخسی” خۆیەوەیەتی، لەکاتێکدا بەدەیان لاپەرە وەڵام بەبۆچونەکانیدا ڕەشکراوەتەوە، کەچی تازەبەتازە بەتەحریفکردنی باسەکەنەوە ڕای خۆیدووبارە دەکاتەوە. بۆیە هەرجەدەلێک لەگەڵ هاوڕێ ساماندا کوتانی ئاوە لەدەستکەواندا.

بە دڵنیایەوە ئێمە پێشوازی لە هەڵسەنگاندنی ڕەوتی خەباتی ڕابردووی حزب و جوڵانەوەکەمان دەکەین و لەوەش ناترسین هەڵەو کەموکورتیەکانمان چی بوون، چونکە ئەمە بۆئێمە پێداویستیەکی بردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتیو کۆمەڵایەتییە. تەنانەت خۆشمان بەبەرپرسیار لەهەموو لایەنە باشو خراپەکانمان دەزانین و بەکردەوەش بەردەوام حزبو بزووتنەوەکەمان لەبەردەم ڕەخنەدا داناوە. بەڵام ئەوەی سامان کەریم دەستی بۆبردوە، خۆدزینەوەیە لەبەرپرسیارێتی مێژویەکی ٢٧ ساڵە وگوایە بەپەشیمان بوونەوەی لەناکاو و بێ پێشینەدا لە کۆمۆنیزمی کرێکاری وخۆهەڵخستنی وەک “بیرمەندێک” دەتوانێت لەم بەرپرسیارێتیە ڕزگاری ببێت. ئەمەش هەقیقەتی سەرەکی ئەو جەنگەیە، کە لەنێوان”تیۆر و پراکتیدا” بەڕێیخستوە. کۆبەندێکیش کە لەپێداچونەوەیدا بەرانبەر بە مێژووی کار و خەباتی گرتویەتیەبەر، ئەو ئەنجامه‌مان پێدەڵێت، کە تەنها ڕووکەشی ڕووداو دەبینێت و لەهەمان ڕووکەشییا تەفسیری دەکات. بەم جۆرەش نەک نا”شۆڕشگێڕە”،بگرە “بیرمەندیە”کەشی لەخۆی حەرامکردووە.

كۆتایی ته‌موزی ٢٠٢٢

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *