تۆبڵیت ڕۆژگارێک بێت پرۆلیتاریا حزبی خۆی دورست بکات ؟

ریبوار عارف
سەرەتا بەر لەوەی ھیچ لەسەر بۆچونەکانی ھاوڕێ سامان بڵێین باشترە ڕوم لە ھاوڕێیانی حیزب و ھەموو کەسانێک بێت کە لە سونگەی داکۆکی کردن لە کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە مامەڵە لەگەل بۆچونەکانی هاوری ساماندا دەکەن. چونکە لەهجە و شێواز و تۆنی نوسراوەکەی هاوری سامان بەداخەوە جۆرێکە، کە بەرامبەرەکەی پەلکێش دەکات بۆ شێوازێکی زۆر نەشیاو لە جەدەل. بۆیە دەڵێم ھاوڕێیان ئەوە بەھەند وەرگرین کەسانێک کە لە حزب دەڕۆنە دەرەوە چەپکە گوڵ بەدوای خۆیاندا ھەڵنادەن و شتێک بۆ ستایش کردن ناھێڵنەوە. بۆیە ھیوادارم ئەو ھاوڕێیەی کە دەیەوێت ھەقیانەتی باسی خۆی بسەلمێنێت بە شێوازو فەرھەنگێکی شایستەوە قسەی خۆی بکات، بە دوور لە ھەر جۆرە جەوێکی ھیستریکی و نەشیاو چونکە بە دڵنیای بۆ دایالۆگێکی تەندروستدار پێویستمان بە فەرھەنگێکی بەرزو شارستانییە لە جەدەلی سیاسی بە جۆرێک کە بە قازانجی کۆمۆنیزم بشکێتەوە.
بەڵام با ھەر لێرەوە ئەوەش بڵێم کە بەداخەوە دۆخی توڕەیی ھاوڕێ سامانیش لەم نووسینەدا بە جۆرێکە کە شایستەی ئەو ڕابردوە جوانەی خۆی نییە. من لیرەدا نامەوێ لەسەر ناوەرۆکی بۆچونەکانی قسە بکەم، چونکە هەم جدی نین، هەم پێشتر وتراون و وەلام دراونەتەوە. هەر لێرە ئەوەش بڵێم کە بەراستی من لە روانگەی هاورێیەتی و بایەخدان بە خەباتی دەیان سالەی هاوری سامانەوە ئەم دێرانە دەنوسم نەک وەکو کاردانەوە یان بایەخی فکری وسیاسی ناوەرۆکی رەخنەکانی.
هاورێ سامان وەکو هاورێیەکی خەباتی دەیان سالەم لەم بزوتنەوەیەدا بۆ من مهمە نەک بۆچونەکانی ئیستای..
با لەمبارەوە لێرەدا تەنیا یەک نموونە لە نووسینەکەی بخەینە ڕوو، کاتێک کەباسی ئەزموونی دروستکردنی ھەر دوو حزبی کۆمۆنیستی ئێران و حککا دەکات ئاوا دەڵێ: … هیچ کەس ناتوانێت لە تیۆری مارکسدا ئەوە بسەلمێنیت کە چەند کەس دێن لە لادێیەکی دوورەدەستی کوردستانی ئێران، حزبی کۆمۆنیستی ئێران دادەمەزرێنن وەکو ئەوەی مەنسوری حیکمەت و مهتەدی و سەید برایم و حەمید و عومەری ئیلیخانیزادە پیادەیان کرد…. ئەوە حزبی پڕۆلیتاریا نییە، کۆمۆنیزمێکی قەومی چەپی ئێرانی مۆدێرنی دژ بە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی نەبووە وە نەشبوو بە پڕۆلیتاریای ئێرانەوە،….. بەڵام کۆسپی لەوە گەورەتر ئەوە بوو، ئەمجارەیان حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێرانی پێکهێنا لەگەڵ سێ هاوڕیێ دیکەدا، بەڵام هێزی ئەم حزبە گوندی زڕگوێزی نزیک بە سلێمانی بوو، بێگومان پڕۆلیتاریای ئێران ئاگادار نەبوو…
جیاواز لە شێوازە گالتە ئامێزەکەی هاورێ سامان ئایا بەراستی ئەو پێی وایە فاکتۆرێکی زۆر بەهێزی گرتوە بۆ سەلماندنی قسەكانی لەسەر ئەو حزبانە، ئەگەر رەخنەکەی جدی بوایە دەکرا لەسەر ئەوە برۆین کە ئەگەر ئیستبدادی جمهوری ئیسلامی ڕێگر نەبوایە، ئەوە بە دەلیلی (محەلی لەدایکبون و گەورەبون و هەلسورانی سیاسی و دەخەلەت لە شۆڕشی ئیرانی بەشی بنەرەتی لە پێکهێنەرانی حکا) ئەو حزبە لە جەرگەی تاراندا پێکدەهات نەک لەو گوندەی هاوری سامان باسی دەکات. بەلام سەیر ئەوەیە لەبەر ئەوەی هاوری سامان پێی وایە بەلگەیەکی بەهێزی دەسکەوتوە بۆ قسەلەسەر کردن، بۆیە محەلی دامەزراندنی حککا کە جەرگەی ئەوروپایە، بە جۆرێ پەیوەستی کردوە بە زڕگوێزەوە. کەواتە با ئەو پرسیارە بکەین یانی ئەگەر ئەو هۆلەی کۆنگرەی دامەزراندنی حکای تیا گیرا لە تاران یان لە لەندەن بوایە ئیتر ئاو لە ئاو تەکانی نەدەخواردو ئێوەش ئەم رەخنانەی ئەمرۆتان نەدەبوو؟؟ عەجەب لێکدانەوەیەکی قوڵە یان سوكايەتی ؟
سەیرتر ئەوەیە کە حکا بە کۆمۆنیزمێکی قەومی ئیرانی ناو دەبات، بەلام ئاخۆ دەکرێت دوو قەومیەتی دژبەیەک (کوردی و ئیرانی) حزبی هاوبەش دروست بکەن؟! ئایا بەراستی هاورێ سامان چل سالت پێویست بوو بۆ ئەوەی کەشفی ئەوە بکەی کە حکا لە لادێیەکدا پێکهاتوە و شایانی ئەوەیە گالتەی پێبکەی نەک ئەم هەموو ساڵە دوای ڕێبازەکەی بکەوی و بیکەی بە مەرجەع؟! یانی ئەم تەعەموقە ئەوەندە ساڵی پێویست بوو؟!
ھاوڕێ سامان جێگەی خۆیەتی لەدەرەوەی ھەر ڕەخنەیەک کە تۆ لە حزب و لە کک ھەتە کەمێک ئارامتر بیرکەیتەوە لەو دەربڕینەو لە خۆت بپرسی کە ئایا ئەم جۆرە هەڵوێستە بۆ کەسێک کەخاوەنی چل سال خەباتی سیاسی و کۆمۆنیستی بيَت و چل ساڵ دوای ئەو ریبازە بکەوێت کە لەو لادێیەی کوردستانی ئیران حکای دامەزراند و بەشیَک لە ژیانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کردبيت کە دژی هەر جیاکاری و تەهقیرو سوکایەتی کردنێک بیَت بەئنیسان، ئێستە لێرەدا بەو شێوە قسە بکات لەسەر بەشێک لە پێشرەوترین و پێشکەوتووترین ئینسانەکانی ئەم ناوچەیە کەدەسیان بۆ کارێک برد دواتر دەیان و سەدان کەسی وەک من تۆ جێپێی هەمان حزب و بزوتنەوەی سیاسیمان هەڵگرت و لەنزیکەوە ئاگادارین کە ئەو هێزە چەند شاری یا لادی بووبیت؟!
سامان گیان تۆ بەتەوای مانا ھەقی خۆتە ھەر ڕەخنەیەکت ھەبێت لە حزب و لە شێوازی دروستکردنی حزبە کۆمۆنیستیەکانی ئیران، کە دیارە لەمبارەوە کەم نەوتراوەو کەممان نەبیستووە، هەرچەندە من نامەوێت بۆت بسەلمێنم کە پرولیتاریای ئێران چەند بێ ئاگا یان بە ئاگا بوون لە دروستکردنی ئەم دوو حزبە، چونکە قسەکانی تۆ دەچێتە خانەی گالتەجاریەوە نەک رەخنەی فکری و سیاسی، منیش بایەخ بۆ ئەو میتۆد و لیکدانەوەیە دانانێم، بەڵام من لە نزیکەوە ئاگادارم کە زۆربەی ڕەخنەکان لەسەر دروست کردنی حکا و حککا لە رِووی سیاسی و ڕێکخراوەيیەوە بوون. بۆ یەکەمین جارە لە کەسێکی کۆمۆنیستی دەبیستم کە بە عەینەکی شاری و لادێوە ئاوڕ لەم باسە بداتەوە، کە من ئەم زمانە یەکجار بە نەشیاو دوور لە فەرهەنگی سیاسی ئەو رێباز و نەریتە دەزانم کە پێکەوە نزیکەی چل سالە دوای کەوتوین، بەلام بەداخەوە توورەبوونکەت ئەمەشی پێکردیت!
با یەک دوو خالی تریش فەرامۆش نەکەم!
هاورێ سامان هاوراتم کە ( تەجروبەی کۆمۆنەی پاریسەوە مارکسی کرد بەو مارکسەی کە دەیناسین..) يا کۆمۆنی پاریس يەكێك لە خالَە پرشنگدارەكانی مێژووی سیاسی مارکس بووە، بەلام مارکس لەو شۆڕشەدا سەرباری ئەوەی کەمترین گومانی لەسەرکەوتنی نەبوو، لێبڕاوانە بەشداری تێداکرد بەجۆرێک کە لە نزیکەوە پەیوەندی بەبەشێک لە رابەرانی ئەو شۆڕشەوە هەبوو، بەلام بیرمان نەچێت مارکس ئەو کارەی لە ڕێگەی کۆمپیوتەرو تەکنەلۆژیای هەزارەی سێهەمەوە نەکرد، ئەو لە نزیکەوە جۆری دەخالەتگەریەکەی خۆی نیشانداو بە پەیرەوانی خۆی وت (تامی شیر برنج لە خواردنەکەیدایە).
كارەساتەكە ئەوەيە كە تؤ بۆ سەلماندني باسەكەی خۆن ماركس دەگريت بەشاهيد كە ئەويش وەك تؤ بيري لە دروسكردنی حزبی پرؤليتاريا كردوەتەوە، ئەم ڕوشتەش ئاشنايە کاتی خۆی حزبی شيوعی عيراق و تودەی ئيرانيش بؤ پشگيری لە خومەنی هاتن نێزەكانی لينين و ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناغی سەرمایەداری كردە پاساو ’’پشتوانە’’ بؤ راوەستان لە كەناری حكومەنەكەيدا. بەلام ئايا بەراستی ماركس بؤ پێکهاتنی حزبی پرۆلیتەری ئاوا رێنمايمان دەكات؟!
بەراستی ئەگەر حەتمەن بریار بێت پێکهاتنی حزبی پرۆلیتاریا بسپێرێت بەم پرۆسەیە لەم جەهەنمی ژیانی پر لە ژانەی ئەم چینەدا، لە خۆ ناپرسی کە ئاخۆ نەک ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان دەورمان چییە لە ڕێکخستن و یەکگرتووکردنی ئەم پرۆلیاریاد،ا بەلکو لە بنەرەتەوە دەوری خودی مارکس چیە کە بێگومان پرۆلیتاریا نەبوو. کەوایە دەبێ تا چەند سی ساڵیکەش هەر لە چاوەروانیدابین تا ڕۆژگارێک پرۆلیتاریا وشیاردەبێتەوە حزبی چینایەتی خۆی پێکدێنێت، کە نازانم ئەوکاتە چ پێویستی بە من و تۆی رۆشنبیرە؟
هەر بەراستی بۆ یەک چرکە لەخۆت ناپرسی کە ئایا حزبی سوسیال دیموکراتی روسیا بەو شێوە دروست بوو، هەلبەت نازانم لەم پێداچونەوەیەدا ئەسلەن لینین و حزبی سۆسیال دیموکراتی روسیا و شۆڕشی ئۆکتۆبەریش بایەخیکیان لای تۆ ماوە یان نا؟ تەنانەت ئایا ئەحزاب و ریکخراوە پرۆلیتاریەکانی سەردەمی مارکس لە پرۆسەی بەم جۆرە دروست بوون؟ يا روسيا ولاتێکی ئەوەندە پیشەسازی بوو، کرێکار تیدا ئەوەندە ئاستی وشیاری چینایەی بەرزبوو کە دەستیان برد بۆ شۆرشی ١٩٠٥ و دواتریش بۆ شۆرشی ئۆکتۆبەر کە ملیۆنەها ئینسانی وەک من و تۆ تائێستەش شانازی پێوە دەکەن.
سەبارە بەو خالەش کە تۆ رەخنەیەک دەگریت لە هاوری عوسمان کە دەبوو باشتر خۆی ئامادە بکات بۆ پێشکەشکردنی باسەکەی، وەک خۆت ئاماژەت پێکردوە نزیک بە دە نووسین و سەرچاوەی منسوری حیکمەتی بخوێندایەتەوە، بەلام کێشە ئەوەیە كە ئەم رێنمايەیان ئەرکی ئێوە زۆر قورستر دەکات چونکە مەنسوری حیکمەت یرۆژەیەکی گەورەیە کە هەشت جەلد نووسین و تێزو باسی و لێکۆلینەوەی هەیە، هەر بەڕاستی چۆنە بۆ سەلماندنی ڕەخنەکانی خۆت لەم ئەزمەی کات و کەم دەرفەتیەدا دەتوانن کۆمۆنیزمی کرێکاری هەڵسپێریت و ڕەدی بکەیتەوە، بەبێ باسێکی سیاسی و فکری و تیوری جدی و تەنها بە گاڵتەجاری و تەشەر ئەم کارە تیپەڕ بکەیت؟.
هاورێ سامان هەرچەندە مەیلی کاری تیۆریشان هەبێ بەلام من دڵنیام ئەم کارە ناکەن، چونکە ئێوە سێ ئەولەویاتان بۆ خۆتان داناوە کە رەنگە جێگەی خۆمشغول کردنی بەم باسانەوە تێدانابێتەوەو دەرفەتی ئەنجامدانی وەها کارێکتان نەبێت کە شیکاری بۆ بنەماکانی کۆمۆنیزمی کریکاری بکەن، بەلام ئەوەش بزانە کە لە عیراق و ناوچەکەدا حیزبێکی کۆمۆنیستی جدی تر دروست نابێت بەبێ پشت سەرنان و هەڵوەشانەوەی بنەماکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری.
هاورێ گیان ئێوە ئەو کارە ناکەن چونکە مانای عەمەلی هەلبژاردنی ئەو جۆرە لە پراتیک کە ئێوە دەتانەوی بیکەنە شاڕێی جیاوازیەکانتان، پێماندەڵی ئیمکانی دروسکردنی حزبی سیاسی و چینایەی نییە تا ئەوکاتەی کە پرۆلیتاریا خۆی وشیار دەبێتەتەوەو دەبێتە هەلسوڕاو ڕابەرو هەموو موستەلزەماتەكانی خۆی دەستەبەر دەکات و ئەوکاتە بە من و تۆ دەلی دەیفەرموون با حزبی چینایەتی خۆمان دروست بکەین.
ئایا بەراستی حزبی لەم جۆرە و بەم پرۆسیسە لە مێژو و لە دنیای واقعدا دروست بوە؟ لەم پرۆسەیەداو لەم جەهەنەمەی ژیانی پر لە ژانی ئەم چینەدا لە خۆت ناپرسی کە ئاخۆ ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان دەورمان چییە لە ریکخستن و یەکگرتووکردنی ئەم پرۆلیتاریايەداو دەبی تا چەند سی سالیکەش هەر لە چاوەروانیدا بمێننەوە؟!
بۆيە بەداخەوە هەموو ئەو ئالوگۆرو بیرکردنەوانەی ئەم چەند سالانەی دوای، بە شوێنێکی گەیاندویت کە بەکردەوە بلێت دەستبردن بۆ دروست کردنی حزبێکی کۆمۆنیست’’ڕاگرن” واتە مانا عەمەلیەکەی هەڵوێستی لەمجۆرە لە پراتیکدا پێماندەڵێت ئیمکانی دروسکردنی حزبی سیاسی و چینایەی نییە تا ئەو کاتەی کە پرۆلیتاریا خۆی وشیار دەبێتەوەو دەبێتە هەلسوراو ڕابەرو هەموو مەلزوماتەکانی خۆی دەستەبەر دەکات و ئەوکاتە بە من و هاوری سامان دەڵی فەرموون با حزبی چینایەتی خۆمان دروست بکەین.
دواجار دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێم کە ئەهەلق نیگەرانیەکانم زیاتربوون…، کاتی خۆی کە هاوڕێ مستەفا باهیر هەوالی دەست لەکار کێشانەوەی تۆی لە حیزب پێراگەیاندم زۆر نارەحە بووم کە لە راستیدا تەنیا لەبەر ئەوە نەبوو کە تۆ لە سەرەتای دروست بوونی ئەم حیزبەوە ئەندامی رابەری حیزب بووی. بەلکو وەک حەقیقەتێک کە هەر ئەوکاتە بە هاوڕێ مستەفام وت، ئەم کارەی سامان ئینتحارێکی سیاسیە کە بەداخەوە ئەمڕۆ زیاتر لەهەر کاتێک هەست بە تالاوی ئەو ڕاستیە دەکەم کەچۆن پاش نزیک بە 40 سال خەباتی سەرسەختانەی کۆمۆنیستی، سەرگەرمی تیۆریزە کردنی پاسیڤیزمێکی کەمەر شکێکێنی.!
بەهەرحال بەهەموو جیاوازیەکانیشمانەوە ئەم دنیا ئەوەندە پانۆپۆڕە کە جێگەی هەموومانی تێدا دەبێتەوە کە دەستوپەنجە لەگەل تووندترین رەخنە و هەلوێست گیریدا نەرم بکەین. بەلام بۆ گۆرینی ئەم دنیایە جیاواز لە سەداقەتێکی سیاسی و کەشوهەوایەکی دوور لە دەمارگیری و دوور لە ئەقڵیەتی خۆسرینەوە، بە فەرهەنگێکی ئنیسانی و شایستە بە مێژوو کارنامەی کۆمۆنیستەکان لەگەل یەکدا دیالوگ بکەین بەدوور لە هەر جۆرە تەهقیرو دۆخێکی مەتەشەنج. پێشم وایە تەنها ئەمە دەتوانی خزمەتێکی دلخواز بکات بە خەباتی پرۆلیتاریا. تکایە با ئەمە رەچاو بکەین. تانەو تەشەر و گالتەجاری بە میژویەک کە چل سال تەمەنی لە ئیمە بردوە و خەلکانێکی زۆر گیانی خۆیان بۆی بەخت کردوە، وەکو ئەوەیە کە دیواری ماڵی خۆمان بروخێنین.
ئارەزوی سلامەتیت دەکەم

Check Also

بەیاننامەی هاوبەشی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، عێراق، حکمەتیست/خەتی ڕەسمی

سەبارەت بە هێرشی تیروریستی بۆ سەر سەلمان روشدی! ڕۆژی هەینی ۱۲ی ئاب( ئۆگەست)، “سەلمان روشدی” نوسەری کتێبی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .