لە بارەی پەروەردەی شۆڕشگێڕانەوە!

رێبوار عارف
دوو هەفتە لەمەوبەر هاورێی بەرێز کاک جیهاد محەمەد بابەتێکی لەسەر ’’کورتە نووسینێکی ئێمە’’ کردە دەروازەی خستنەڕووی بۆچونەکانی خۆی سەبارەت بە پرسی پەروەردە کە سەرەتا لە واڵەکەی خۆیداو دواتر لە شارپرێسدا، نووسینەکە بەناوی (پەروەردەی شۆڕشگێڕانە)وە بڵاوکردەوە؛ لەمبارەوە پێمخۆش بوو سەرنجتان بۆ چەند خاڵێک ڕاکێشم!
کاک جیهاد لە دەسپێکی بابەکەیەوە ڕستەیەکی لە نووسینەکەی ئێمە وەرگرتبوو کەبەم شێوەیە: “باپیرم هەژاربوو، باوکیشم بەدوای ئەوەدا هەر هەژار بوو، من منداڵم نییە، کەواتە هەژاری کۆتایی دێت”. پاشان دەنووسی، وەک کاک ڕێبوار نووسیبووی: ئەمە کارەساتە، ڕاستی نەک هەر کارەساتە، بەڵکو تاوانە…، دواتر لەسەر هەمان سکەو لە هەمان چوارچێوەدا درێژەی بەنووسینەکەی دەدات… کە ئامانجی سەرەکی لەم باسە خستنەڕووی گۆشەنیگاو لێکدانەوەکانی یەکێک لە کارەکتەرە دیارو بەرجەسەکانی جیهانی پەروەردەیە کە (پاولۆ فرێری)ە، کەدواتر دێینەوە سەر ئەم باسە!
دەبێت بڵێین لە نووسینی ئەو دێرەدا کە تەنیا وشەیەکی لەلایەن (ڕێبوار) ەوە نووسراوە، دەکرا ناوی ڕێبوار نەبرایەو تەنیا نووسینی سەردیوارەکە کافی بوو بۆ ئەوەی وەک ئەسلی بابەتەکە قسەی خۆی لەسەر بکردایە، بەلام کاتێک کە ناوی کەسێک ئاماژەی پێدەکرێت، چاوەروانیەکە ئەوەیە گەر بە پەرەگرافێکیش بێت کورتەی بۆچوونی کەسی بەرامبەر بخرایەتە ڕوو، چونکە بۆ خوێنەر جێگەی پرسیارە کە ئاخۆ ڕێبوار چی نووسیووە وا بەو شێوە کاک جیهاد دێڕێک دەکاتە هەوێنی زنجیرە وتارێک؛ ئاخۆ جیاوازیەکانی نێوان ئەم دوو نووسینە چی بێت؟! بۆیە لەمبارەوە سەرباری ئەوەی کە خوێنەر مافی خۆیەتی بزانێت کە ئاخۆ کەسی بەرامبەر چی نووسیوە، هاوکات مافی نووسەری بەرامبەریشە چاوەڕوانی ئەوەی هەبێت کە جەوهەری بۆچونەکەی لەوبارەوە بخراێتەڕوو.
بۆیە بە گرنگی دەزانم کە سەرەتا کۆی نووسینە کورتەکەی خۆم بخەمە بەرچاو، کە دیارە مەبەسم نیشاندانی دوورو نزیکی ئەم دوو بۆچونە نییە لە یەک بکەم، بەڵکو لە راستیدا باسەکانی تری کاک جیهاد زیاتر بۆم جێگەی سەرنجە کە دواتر دێمەوە سەر ئەم لایەنە، بالێرەدا کورتە نووسینەکەی خۆم بخەمە روو کەبەم شێوەیە: هەفتەی رابردو لە چاوپێکەوتنێکمدا وتم جاران پیشە حالەتی بۆ ماوەیی هەبوو لەخێزاندا، بۆ نموونە من باوکم دارتاش بوو، باپیرشم دارتاش بوو رەنگە خۆشم ببمە دارتاش. ئەمرۆ وێنەیەکم بینی لەسەری دیوارێک نووسرابوو (من باوکم هەژابوو، باپیریشم، من منداڵم نییە، بەڵکو هەژاری کۆتای پێبێت!
چ کارەساتێکە هەژاری ئەمرۆ چۆن بووتە ئیرسێکو پشتاوپشت دەمێنیتەوەو ژیانی جیل بەجیل دەکاتە ئەو مەنزلگەیەی کە لەخۆ نامۆبوونی ئینسان بەرەو ئەو چۆلەوانیە دەبات ناچاربێت بەوەی کە معاناتەکانی خۆی بەنووسینێک لەسەر دیوارێک خاڵی بکاتەوە، ئەم وێرانەیە هیچ دەرفەتێکی تیانەماوە تەنیا ئەوە نەبێت کە دەست ببرێت بۆ ڕیشەو ئەم نیزامە بۆگەن و نائینسانیەی سەرمایەدار تێدا ڕیشەکێش کرێت و دوایی بەم دابەشکاریە چینایەتیە بهێنرێت.
بێنەوە سەر نووسینەکەی کاک جیهاد کە بەبروای من بەدروست پێدادەگریت لەسەر گرنگی لایەنی پەروەردە لەو گۆرانکاریانەی کە بۆ ڕزگاری و ئازادی کۆمەڵگە پێویستمانە، بەلام لە ڕاستیدا بۆ ڕیشەکێشکردنی ستەم و دابینکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە کە نووسەر بروای پێیەتی تەنیا ئالوگۆڕی پەروەردەی کافی نییە، یان پەروەردە بۆخۆی بە تەنیا ناتوانێ بێتە جەمسەری دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەلگە بۆ رزگاری و کۆتایهێنان بە ستەم و چەوسانەوە، بەلکو پەروەردە دەتوانێت لە بەهێزکردنی وشیاری سیاسی و تەنانەت وشیاری سوشیالیستیشماندا کاریگەری خۆی دابنێت، بەلام دواجار پاولۆ فرێری گرنگی ئەم پەروەردەیە گرێ دەداتەوە بە کۆمەلێک ئامرزاو یەکەو پێداویسی ترەوە کە لە هەمان کتێبدا ئاماژەی پێکردوە.
فرێری لەسەر گرنگی و جێگەو رێگەی پەروەردە، تێگەیشتنێکی هەمەلایەنە ترمان بۆ دەخاتە ڕوو، بەجۆرێک کە فرێری پەروەردە بە تەنیا ڕێگەو چەکی خەبات بۆ ڕزگاری نازانێت؛ بەڵکو پەروەردە بە هەنگاوێکی پێویست و تەواوکەرو هاوتەریب لەگەڵ ململانێ سیاسی و چینایەتییەکان، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر پێکهاتە کۆمەڵایەتی- ئابوورییەکانی نەزمی باڵادەست دابنێت و بیگۆڕێت.
ئەگینا ئەگەر تەنیا بابەتەکە پەروەردەبێت ڕەنگە ئەو ولاتانەی کە من و کاک جیهادی تێدا دەژین کەمی نەهێنابێت لە پەروەردەیەکی زانستی و تەندروستیداردا کە نەرویج و فینلاندە، بەلام کاتێک کە باس لە پەروەردەیەکی شۆڕشگیرانە دەکەین ئەوکاتە خودی شۆرش و شۆرشگێریەتی دێتە نێو هاوکێشەکەوە. بەلام لە روانگەی فرێری یەوە بابەتەکە دیسان دەورو رۆڵی حیزب و رابەری و عونسری شۆرشگیرانە دەخاتەڕوو.
هەر لەبارەی پەروەردەو کاری وشیارکردنەوەوە پاولۆ فرێری چاوپێکەوتنێکی لەگەل کراوە لە کاتی بلاوکردنەوەی ئەم کتێبەدا کە دەلێ: دووبارەی دەکەمەوە کە چۆن کاری وشیارکردنەوە ناتوانێت خۆبەخۆ (چی کردن) شیکاری بکات یا باوکسالارانە بێت، لە گرەوی ئەوەدایە کەسانێک کە بەوەدا ڕادەگەن لەو پەیوەندیەی نێوان گشتی و تاکدا، نێوان ھونەری جەنگی و ئسوڵی لەشکرکێشی، وە نێوان کارای عەمەلی و نەزەری تێگەشتنێکی ڕۆشنی ھەبێت. ئەم کارەش لە گرەوی ئەوەدایە کە بەشی پێشڕەو شۆڕشگێر دەرکێکی کەمتر ڕۆشنی نەبێت لە ڕۆڵی خۆی و پەیوەندیەکانی بەشی پێشڕەوی شۆڕشگیڕ دەبێ چاودێربێت کە بەتەڵەی ئازادیگەری ” لیبرالیزم” یا نەبوونی ڕێکخراو نەکەوێتە داوی دەسەڵاتگەرای بیرۆکراتیەوە…
دلنیام کاک جیهاد ئێستە کە سەیری ئەو پەرەگرافەی سەرەوە دەکات بە گومانەوە دەیخوێنێتەوە کە جێگەی خۆیەتی، چونکە لە راستیدا ئەمە لە وەرگێرانی هەمان کتێب بۆ فارسی لە کۆتایی کتێبەکەدا لەبەر گرنگی چاوپێکەوتنەکەو پەیوەندی بەهەمان کتێبەوە هەیە وەرگێردراوەتە سەر زمانی فارسی، کە لە 22 لاپەرە پێکهاتووە بەناونیشانی (وشیارکردنەوە و شۆرش) کە لەلایەن ( احمد بیرشک و سیف اللە داد).
گرنگە هەر لەمبارەوە ئەوەش بلێم کە لە وەرگێرانی هەمان کتێبدا بۆ سەر زمانی فارسی کۆمەڵێک تایتڵ وەک بابەتی سەربەخۆ ڕانانی لەسەر دەکرێ کە لە وەرگێرانەکەی کاک جیهادا لە ناوەرۆکی وەرگێران وبابەتەکاندا ئاوریان لێدراوەتەوە، بەلام بەشێوەیەکی گوزەریان بەسەرداکراوە، لە کاتێکدا ڕاوەستان لەسەر ئەو بابەتانە بۆ کەسانێکی چەپ و سوسیالیست مەسەلەگەلێکی بنچینەیی و گرنگن لە چەشنی (شۆرش، هاوکاری، رابەری، ریکخراو، یەکیەتی، ئازادی…) ئەوەی جارێکی تر لەپەیوەند بەگرنگی ئەم چەمکانەوە جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم کتێبە لە سالی 1979دا وەرگیراوەتەوە سەر زمانی فارسی واتە لە جەرگەی قۆناغێکی شۆرشگیرانە کە ڕاپەرین وشۆرشی ئیرانی تێدا بەرپابوو، بۆیە بەشێک لە وەرنەگێرانی ئەم لایەنەی نووسینەکەی کاک جیهادی لە یەک لایەنەوە چرتر کردوەتەوە زیاتر لەسەر مەسەلەی پەروەردەو ئاڵوگۆڕی شۆرشگێرانە لەبواری پەروەردەدا قسەوباسەکانی خۆی دەباتە پێشەوە.
بابەتێکی تر کە نووسینەکەی کاک جیهادا ئاماژەی پێکراوە، مەسەلەی شۆڕشە کە دەلێ: کاتێک وشەی شۆڕش گۆ دەکەین‌و باسی دەکەین، مەبەست تەنها لەشۆڕشێک نییە کە پڕاوپڕبێت لەتوندوتیژیی، بەڵکو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بەرپا بێت کە پڕاوپڕبێت لەعەقڵ‌و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، شۆڕشێکی پەروەردەییانە، کە وا لەتاکەکان بکات بەهیچ جۆرێک نەنووشتێنەوە بۆ خۆشبەختییەکی تایبەتی خۆی،…. )
بەرلەهەرشتێک ئەوەی کە لەکۆمەلگەی ئێمەدا ئەنجامدراوە لە مێژووی سەد سالی رابردودا دوورونزیک هیچ پەیوەندیەکی نەبووە بە شۆڕشەوەو تەنانەت ئەوەی بیریشی لێنەکرابێتەوە دەست بردن بووە بۆ ڕیشەی کێشەکان و پێکهینانی ئالوگۆری شۆڕشگیرانە. بەلکو جیا لە هەموو زەرەوزیانەکانی ئەو رابردووە خۆێناوییە لەباشترین حالەدا ئەو مێژووە جولانەوەیەکی ناسیونالیسی و تەنانەت ئاینی کۆمەلگەی کوردستان بووە کە سیخناخ لە زولم و ستەم و چەوسانەوە کە رابەرانی ئەم جولانەوەیەش مەلاو بەگزادەو ئاغاو کوێخاکان رابەریان کردون، کە هەر ئەمە بۆخۆی هەڵگری گەورەترین ستەم و چەوسانەوە بووە.
دواتر بەڕاستی لە ڕوانگەی منەوە کاتێک کە دەڵێن شۆڕش، تەنیا یەک شۆڕش مانای هەیە ئەویش کە شۆرشێکە کە دەست دەبات بۆ ڕیشەی کێشەکان، دەست دەبات بۆ ڕیشەکێشکردنی هەر جۆرە ستەم و چەوسانەوەیەکی سیاسی، کۆمەلایەتی، ئابوری، فەرهەنگی، دەست دەبات بۆ کۆتایهێتان بە چەوسانەوەی ئینسان لەلایەن ئینسانەوە، شۆڕشێک کە دواجار بتوانێت بەتەواوی مانای ئازادی و بەرابەری عەدالەی کۆمەلایەی دەستبەر بکات، کە ئەمەش بەمانای بەرپاکردنی شۆڕشی سوشیالیستییە نەک هیچ شێکی تر!
هیوادارنیم لەم هەڵوێستەی ئێمەوە ئەو ئەنجامگیریە بگیرێت کە ئیتر هیچ کارێک ناکەین و چاوەروانی لوفتی هەلاتنی خۆری شۆڕشی سوشیالیستین، لە راستیدا بەپێچەوانەوە شۆرشی سوشیالیستی بەرئەنجامی ئەو زروفە زاتی و مەوزوعیەوە کە بەشێکی بەرئەنجامی ئەو دەخالەگەری و پراتیکە شۆرشگیرانەیە کە هێزێکی شۆرشگێر خولقینەریەتی، کە ئەو هیزە بچوکترین هەوڵ و تەقەلاکی ئینسان بۆ نزیک بوونەوە لەو ئامانج و ئاسۆیە بەرز دەنرخینیت و کاری بۆ دەکات.
ئەگەرچی لە راستسیدا هیچ ئازادی و یەکسانیەکی تەواو لە ریگەی ریفۆرمەوە مەیسەر نابیت، بەلام هاوکات خەبات کردن بۆ هەرجۆرە ڕیفۆرمیک و باشترکردنیکی ژیانی خەڵکی ستەمدیدە بەئەرکی هەنووکەی سەرشانی خۆمان دەزانین.
بەڵام دەبێ دان بەو راستیەدا بنین کە رزگاربوونی ئەم کۆمەلگەیە لە کۆی ستەم و چەوسانەوەیەک کە بەرۆکی پێگرتوین و دواجار مەحکومین بەوەی کە دەست بەرێت بۆ ڕیشەو بەڕێکخراوبوون و هاتنەمەیدان، تەکانێک بەخۆمان بدەین لە کۆی زەلکاوی کوێرەوەریەکانی ژیانی ڕۆژانەو سنەم و چەوسانەوەی چینایەتی رزگاری بێت، كە ئەمەش بەبێ ريكخراوبوون و يەكگروتویی چينی كريكارو خەلكی زەحمەتكيش و ستەمديدە ممكين نييە.
لێرەوەیە بۆ پێکهینانی ئەم ئاڵوگۆرە تەسەورێکم نییە لەوەی کە کاک جیهاد خۆی لە دەرەوەی ئەم بیرکردنەوەو میتۆدەدا ببینێتەوە، بەلام کاتێک کە بەوشێوە ڕەهاو یەک لایەنە سەیری پەروەردە دەکات و بە ناوەندی هەموو ئالوگۆرەکانی دەزانێت، ئیتر جێگەو ڕێگەیەک بۆ ڕێکخراوبوون و تەحزوب و خەبات بۆ پێکهێنانی ئالوگۆرە فرە رەهەندەکانی تری ژیانی رۆژانە کەمتر دەبینێنەوە، یان بە مانایەکی تر هەموو ئالوگورو ئامادەکاریەکانی تر بەپاشکۆی ئەو ئالوگۆرە پەروەردەییە دەزانێت کە باسەکەی لەسەر بنیادناوە، بۆیە خوێنەر هەست بە ناهاوسەنگیەک دەکات، چونکە دەست بردن بۆ شۆرش جیاواز لەوەی کاریکی ئیرادەگەرانە نییە، هاوکات ناتوانیت دەست بۆ ئەو شۆڕشە بەرێت، کە لەپاڵ پەروەدەیەکی شۆرشگێرانە هێزێکی شۆرشگێرانە نەتوانیت کاری ریکخراوبوون و یەکگرتن و هاوخەباتی بە ئاراستەی شۆرشیکدا ببات، کە لە راستیدا ئەمە لایەنی لاوازی باسەکەی کاک جیهادە!
چونکە هەقیقەت ئەوەیە کە پەروەردەی شۆرشگێرانە سەرباری هەر ئاستێک لە گرنگی، بەلام دواجار بە تەنیا ناتوانێت ئالوگۆڕیی شۆرشگێرانەو شۆڕشی کۆمەلایەتی بنیادبنێت، شۆڕشێک کە لە هەناوی بزوتنەوەیەکی فراوانی نارەزایەتی رادیکال و شۆرشگیرانەوە سەرچاوەی گرتبێت. چونکە شۆڕشی کۆمەلایەتی پێویستی بەرێکخراوبوون و حیزبی چینایەتی و مەلزوماتی بننیادنانی شۆڕش هەیە، بۆیە تەنانەت گوڕینی تاکەکانی کۆمەلگە تەنیا کاتێک دەتوانێت جیهان بگوڕێت کە هاوشانی ئەم پێشرەویە توانیبێتی بزوتنەوەیەکی شۆرشگیرانەی رادیکال و رێکخراو و ئاسۆدار و چەکدار بە فکری شۆرشگیرانە بەرهەم بهێنێت. هەر لێرەشەوە دەتوانرێت لێکدانەوەیەکی تەندروستدار بۆ بۆچونەکەی پاوڵۆ فرێری دابنرێت کە دەلێ: “پەروەردە جیهان ناگۆڕێت، بەڵکو تاک دەگۆڕێت، تاکەکانیش کۆمەڵ و جیهان دەگۆڕن” لەم حاڵەبەدەر گوڕینی جیهان لە دەرەوەی وەها هێزو بزوتنەوەیەکی سیاسی لەهەرشێک زیاتر لە مەحال نزیک دەبێتەوە. بۆیە پەروەردەی شۆرشگێرانە ناتوانێ پەیامێکی جیاوازترو دابراوی هەبێت لە کۆی پێکهاتەو مەلزوماتەکانی تری شۆرش، کە لەپێش هەمووشیانەوە بوونی حیزبێکی چینایەتیە كە ئەو پەیامە ئالوگۆربەخشە لەئەستۆ بگرێت و کەبتوانێت دنیا بەو ئاراستەیەدا بەرێت کە دووربێت لە ستەم و چەوسانەوەو هاوكات بتوانی ئازادی و بەرابەری و عەدالەتی کۆمەلایەتی دەستەبەر بکات!

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *