بە سه‌ربازیکردنی شارەکان و پەلاماردانی هێزە ئەمنیەکان بۆ سەر خۆپیشاندەران، نیشانەی ترسی دەسەڵاتدارانە لە ڕاپەڕینی جەماوەر!

ئەمڕۆ لەسەر بانگەوازی نەوەی نوێ، له‌ شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان لە سەعات پێنجی ئێوارەوە دەستی پێکرد. بەڵام حزبه‌ دەسەڵاتداره‌كانی هەرێم له‌ هه‌ردووك زۆن، وەک پیشەی هەمیشەییان هێزێکی زۆری چەکدارییان ڕژانە نێو سەنتەری شارەکان و فەزای عەسکەرتاریەتیان داسەپاند. هاوکات بە گازی فرمێسكڕێژ و کێبڵی کارەبایی و گولـله‌ی پلاستیكی کەوتنە گیانی خەڵك و دەستیان نەپاراست لە میدیاکاران و گرتن و ڕاونانی هاوڵاتیان و بەمجۆرەش دەیان کەسیان لە ئەندام پەرلەمان و هەڵسوڕاوی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خه‌ڵكانی تر دەستگیرکرد.

ئەم کردەوە سەرکوتگەری و دژی ئازادیەی دەسەڵاتداران جگە لەوەی ڕاستەوخۆ بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازیە، هاوکات ترسێکی ئاشکرای دەسەڵاتداران دەردەخات کە نەبادا خۆپیشاندەران لەدەست جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەربچێت و مل بنێت به‌ ڕاپەڕینێکه‌وه‌ کە عەرشی دەسەڵاتداران بە سەریەکدا داڕمێنێ. بە دڵنیایەوە کردەوەیەکی ئاوا سەرکوتگەرانە، هەموو ئەو بانگەشەیەی بەرپرسان کە ڕۆژانە لەبارەی ئازادی خۆپیشاندان و هەڵسوڕانی سیاسی بۆ خه‌ڵك و لایه‌نەکان ده‌یكه‌ن، بە درۆ دەخاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندان و کۆبوونەوە مافێکی ڕه‌وای هاوڵاتیانە و هەر حکومەت و دەسەڵاتێک ئەم مافە بە ڕەسمی نەناسێ و هێزی سه‌ربازی و سه‌ركوتگه‌ر لەبەرامبەریدا بجوڵینێ، دەبێتە جێگای نەفرەت و توڕەیی زیاتری خەڵکی ناڕازی.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە توندی ئەم کردەوە سەرکوتگەرانه‌یه‌ و ئەم فەزا عەسکەرتاریەتە سەرکۆنە دەک و بە کردەیەکی سەراپا دژی ئازادی داده‌نێت. هاوکات دوا دەکەین کە ئەوانەی بە تۆمەتی خۆپیشاندان گیراون دەست بەجێ و بێ مەرج ئازاد بکرێن و ئەم لەشکرکێشیە لەنێو شارەکان هەڵبگرن. سەلامەتی گیانی گیراوەکان و میدیاکاران و لایەنگرانی نەوەی نوێ لە ئەستۆی دەسەڵاتداراندایە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٦/٨/٢٠٢٢

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *