سەبارەت بە بانگەوازی شاسوار بۆ خۆپیشاندان!

وەستا مەهدی ڕەسوڵ

قوڵبونەوەی قەیرانی سیاسی لە عێراق دوای هەڵبژراندنی پێشوەخت کە بۆ دەربازکردنی سیستەمی سیاسی لەژێر زەبری خرۆشانی جەماوەری عێراق و هیشتنەوەی دەسەڵاتداریەتی ئەحزابی میلیشایی وبەردەوامیدان بە تاڵانجێتی وهەڵلوشینی بەری رەنجی ملیونەها کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق، ئەنجام درا، سەرجەم بارودۆخی سیاسی عێراقی لەسەر لێواری تەقینەوە داناوە.

ئەگەرچی هەڵبژاردنی پێشوەخت، لەلایەن زۆربەی خەڵکی عێراقەوە رەدکرایەوە، بەڵام بووە جێگای ستایشی نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و دبلۆماتکارەکانی وڵاتان لە عێراق! هێزە سیاسیەکانیش پێیانوابوو ئەمجارەش توانیویانە دەربازیان بێت و لە سەرهەمان سیستەمی پێشوو و لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی نەتەوەیی- تائیفی دەسەڵاتی خۆیان درێژە پێبدەن! بەڵام ئەوەی کە رووینەدا ئەو خەونەی بۆرجوازی بوو. ئەوەتا دوای نزیکەی ساڵێك لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هێشتا نەیانتوانیوە حوکمەت پێك بهێنن. بگرە دووهێندەی جاران قەڵشتوناکۆکی کەوتۆتە نێوان کوتلەکانی بەشدار لە سیستەمی سیاسیدا. تا کارگەیشت بەوەی سەدر ئەندام پەرلەمانەکانی بکشێنێتەوەو دواتریش لایەنگرانی بنێرێتە ناو پەرلەمان و داگیری بکەن.

دوای ئەو روداوانەی عێراق، شاسوار عبدلواحیدیش بە لاسایی کردنەوەی موقتەدا سەدر، ویستی کە بەختی خۆی تاقی بکاتەوەو سوود لەو هەلومەرجەی لە عێراق هاتۆتەپێشەوە وەربگرێ، ئەویش بەوەی کە لەسەر بنەمای توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان کە لەناو خەلكی کوردستاندا بەرامبەر بە دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچی یەکێتی و پارتی و هاوئاوزەکانیان، هەیە بانگەوازی خەڵك بکات بۆ خۆپیشاندان تا هێزی خۆی بەرامبەر بە یەکێتی و پارتی نیشان بدات!

بێگومان شاسوار و نەوەی نوێ وەکو هەر کەسایەتیەکی سیاسی و هەر حزبێکی سیاسی بۆرژوازی دەیەوێت لە گەمەی سیاسی کەنار نەکەوێت و لە هاوچینەکانی دانەبرێت. دەیەوێت لە نەخشەی سیاسی عێراق و لە دابەشکردنی کێکی دەسەڵاتدا بەشداربێت و بەشی خۆی پێببڕێت. هەروەکو چۆن تائێستا لە بارودۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان و عێراق سوودمەندە بووەو چەندین ملیۆن دۆلار سەرمایەی پێکەوە ناوە، ئێستاش لە کۆشکی ئاڵتونیەوە بانگەوازی خۆپیشاندان و بەرگری لە مافەکانی خەڵکی برسی و زەحمەتکێش دەکات تا بەسەر سەری ناڕەزایەتی و قوربانیەکانی خەلكدا بەرەو ئامانجەکانی خۆی هەنگاو بنێت.

شاسوار و بزوتنەوەی نەوەی نوێ دژایەتیان لەگەڵ هەلومەرجی سیاسی و ئابوری کوردستاندا نیە. دژایەتی لەگەڵ نایەکسانی و ستەمی چینایەتی و بێمافیەکانی خەڵکفا نیە کە چینی بۆرژوازی کوردو دەسەڵاتە سیاسیەکەی بەسەر خەڵکدا سەپاندویانە. بەڵکو دژایەتی لەگەڵ یەکێتی و پارتی لەسەر بەشی خۆیەتی لە داهات و دەسەڵاتی کوردستاندا، هەروەکو بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان کە خۆیان وەکو رزگاریبەخشی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش و مافخوراو ناوزەد دەکرد و سەرەنجام دەرکەوت کە ئاکامەکەی بەکوێ گەیشت! شاسوار و نەوەی نوێ کاریکاتۆرێکی دوبارەی بێتامی نەوشیروان و بزوتنەوەی گۆڕانن!

شاسوار و نەوەی نوێ وەکو هەر هێزێکی پۆپۆلیست، دروست بەهەمان شێوەی موقتەدا سەدر چۆن خۆی وەکو نوێنەری دژی گەندەڵی و بەرگیرکاری مافەکانی خەڵكی عێراق هەڵدەخات، لەکاتێکدا خۆی و ڕەوتەکەی هاوشانی هەر ئەو هێزانەی بە گەندەڵ ناویان دەبات ساڵانێکە داهاتی عێراق هەڵدەلوشن و کرێی لایەنگران و دەیان هەزار چەکداری سەرایای سەلام دابین دەکەن، ئەمانیش بەهەمانشێوە دەیانەوێ خۆیان بە خواستەکانی خەڵکی هەژار و بێبەشی کوردستانەوە هەڵبسواسن و تەنها ئامانجیشیان ئەوەیە وەکو سەدر کە تەنها هەڵبژرادنێکی دیکە بکرێتەوە تا بەڵکو ئەمان چەند کورسیەکی پەرلەمان زیاد بکەن و بەشێکی زیاتریان لە دەسەڵات دەست بکەوێ و بەوجۆرە پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان و سەرمایەکانیان بکەن.

 

کۆمپانیاکانی شاسواریش وەکو سەرجەم هاوچینەکانی، لەسەر بنەمای هێزی کاری هەرزان و نەبوونی هیچ یاسایەکی کار سامان و قازانج کەڵەکە دەکەن. لەسەر بنەمای روتاندنەوەی خەڵك و تاڵانکردنی گیرفانی خەڵك بەناوی پشکی پرۆژەکانیانەوە دەوڵەمەند بوەو بەمرۆژە گەیشتوە،  ئێستا خێرە وا بوە بە لایەنگرو خەمخۆری مافەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و هەژاری کوردستان!؟ گومانی تێدا نیە کە چ بانگەشەکانی شاسوار، بەهەمانشێوەی بانگەشەکانی سەدر، هیچ پەیوەندیەکیان بە ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکارو بەشمەینەتی عێراق وکوردستانەوە نییە و ئاکامەکەشی گەندەڵکردن و بێبایەخکردنی ناڕەزایەتی بەرهەقی خەڵکە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و نایەکسانی بۆرژوازی و هیچی دیکە.

هاتنە مەیدانی خەڵك کاتی بەقازانجی خۆی دەبێ ئاسۆۆ ئامانجێکی رۆشنی هەبێت بەئاراستەی دەربازبون بێت لەم سیستمە سیاسییەی کە چەندین ساڵە بۆتە مۆتەکەی سەرشانی خەڵك و لێی نابێتەوە. خەڵك دەبێ دروشمی کۆتاییهێنان بەم سیستەمە سیاسییە بەرزکاتەوەو بەعەمەلی بۆی بێتەمیدان، لە رێزێکی فراوانی جەماوەریدا خۆی رێکخراو بکات و چیتر ئەو قەوانە سواوەی هەڵبژاردن گوێ لێنەگرن و دەسەڵاتی راستەوخۆی خەڵك لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگا سەقامگیربکات. ئەوە تاکە چارەسەرە بۆکۆتاییهێنان بەم وەزعە بێزارکەرەی ئێستا.

٤/٨/٢٠٢٢

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …