چەند خاڵێکی سادە لە وەڵام بە هاوڕێ ساماندا

عوسمان حاجی مارف

– بەینی من و هاوڕێ سامان کەریم پرسیار و وەڵام نییە بۆ سەلماندنی ڕاستودروستی جیاوازی بیروبۆچونەکانمان لەسەر هەقیانەتی حزبیەت و کۆمۆنیزمی کرێکاریی، بەڵکو جیاوازی فکری و سیاسیە، کە هەریەکەمان ئاڕاستەیەکی گرتووە. سامان پەشیمانە لە سەرجەم ڕابردووی زیاتر لە سی ساڵ خەباتی کۆمۆنستی و پێکهاتنی سەرجەم حزبە کۆمۆنیستیەکانی ئیران و عێراق و سەرجەمیان بە هەڵە دەزانێ، منیش بەردوامم لە ڕیزی هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنستی کرێکارێیدا.

بەڵام پێناچێت نە سامان بتوانێ هەقیقەتی بۆچونەکانی خۆی بۆ من بسەلمێنێت و نە وەڵامی من بە پرسیارەکانی سامان ئەو قانع بکات.

– سامان زۆر لەسەر ئەوە ڕۆشتوە، کە گوایە پێم گوتووە “مادام ٣٠ ساڵە بە هەڵە دوای ڕێبازێک کەوتوی، ئیتر نابێت و بۆت نییە پەشیمان بیتەوە لەو هەڵەیە و هەر بەردەوام بە.” بەڕاستی ئەمە بەلاڕێدا بردنی باسەکەیە، ئەمەش جۆرێکە لە شێوازی ناهونەری سامان لە گۆڕینی ئاماژەیەک، کە کردومە. وە لە بارەی ئاڵوگۆڕێک، کە بەسەر بیروباوەڕیدا هاتووە. من ڕوون و ڕاشکاوانە گوتومە ئازادی و مافی خۆتە هەر کاتێک پەشیمان دەبیتەوە. بێگومان هەرکەس لە هەرکاتێکدا بەو باوەڕە گەیشت، کە ڕێگایەکی هەڵەی گرتۆتەبەر، باشترە پەشیمان بیتەوە، هیچ قسەیەک لەسەر ئەمە نییە. لە لایەکی ترەوە باسەکەی بردوەتە سەر باریکی ئیحساساتی و مەسەلەی تەمەن و “برۆ بمرە”، کە زۆر جێگای داخە! هیوادارم ئیختلافی نێوانمان هەرچەند بێت، هەرگیز گومان لەوە نەکەیت، کە لە قوڵایی دڵەوە ئارەزوی تەمەنێکی درێژ و تەندروستت بۆ دەکەم. ئەم مەسەلەی تەمەنە یەک واقعیەتە و پێویست بە هەراسان بوون ناکات. ئەمە تایبەتمەندی هاوڕی سامان نییە، بەڵکو شمولی هەموو ئەم جیلەی کۆمۆنیستەکان دەکات لە عیراق و ئیران کە لە هەفتاکان و هەشتاکانەوە دەستمان بەکار کردووە. بەڵام مەبەستەکەی من سادە و ڕۆشنە و پێویست بە شێواندن ناکات؛ نە باسی مەرگ و ژیان و نە باسی مافی پەشیمان بوونەوە و نە ڕەوابوونی پەشیمانییە، کاتیک کەسیک هەست بکات ڕێگایەکی هەڵەی گرتووە، هیچ ڕەبتێکیان بە باسەکەی منەوە نەبوەو نیە. من دەڵێم ئەگەر کەسێک لە ناکاو بەهۆشی خۆیدا هاتەوە، کە زیاتر لە سی ساڵە وەک ڕابەرێک بە هەڵە و هەڵدێردا چووە و فریوی ڕێبازێکی هەڵەی خواردوە، تازە ئیتر نابێت بە “ڕابەر” و هیچ دوور نییە دە ساڵی تر لە ڕێبازی ئەمڕۆشی پەشیمان نەبێتەوە. بە دڵنیایەوە هەڵسەنگاندن و کۆبەندی هەڵسوڕان بە مانای ڕەخنەگرتن لە لایەنە لاوازەکان و دەستگرتن بە لایەنە بەهێزەکان و ئەزمونەکانی خەباتەوە، خۆی لە خۆیدا نەک کێشەی نییە و بەڵکو پێویستە. بەڵام فریوخواردن و لە ناکاو پەشیمانی لە تێکڕای خەبات و ڕێبازی زیاتر لە سی ساڵ، کە بێگومان مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو کەسێکە، بەڵام بەداخەوە دەڵێم کارەساتە. تۆ زیاتر لە سی ساڵ خەباتی سیاسی و نەزەری و عەمەلی و حزبایەتی و جەماوەری و بەرامبەرکێی لەگەل ئەحزاب و بزووتنەوە بورژوازیە جۆراوجۆرەکان و بەرگری پەیگیرانە لە کۆمۆنیزم لە جەرگەی شکستی بلۆکی شەرق و هەراوهوریای مەرگی کۆمۆنیزم و… بە کاملی فەرامۆش کردووە.

– دەربارەی باسکردنی چەند جارەتان لەسەر دانیشتن لەگەڵ “گروپی موهتەدی”، لەو بارەوە سکرتاریەتی حزب ڕوونکردنەویەکی ڕوون و ڕاشکاوی ڕاگەیاندووە و بڵاوکراوەتەوە و جەختی لەوە کردوە، کە ئیمە هەر لە سەرەتاوە ڕامانگەیاندووە، کە ئامادەی هیچ جۆرە کاریکی هاوبەش نیین و نەبوینە لەگەل ئەو ڕەوتە ناسیۆنالیستانە. بە عەمەلیش ڕێگامان لەوە گرتووە، کە لەگەڵ ئەوان کۆمیتەی هاوبەش بۆ یەکی ئایار دروست بێت و بە پێداگری ئێمە کۆمیتەکە لە هەڵسوڕاوانی کریکاری و کۆمۆنیست پێکهات نەک لە حزب و لایەنەکان و هەر ئەو کۆمیتەیەش بەرنامەی یەکی ئایاری بەڕێوە برد. دوای ڕاگەیاندنەکەش کەسانێک وەکو ئەوەی ڕوونکردنەوەکەیان نەدتبێ بۆ تەشهیر کردن بە حزب هەر قسەکانی خۆیان دووپات دەکەنەوە. ئەمە ئیتر بۆ ئێمە ذەتوانێ یەک مانای هەبێت: ئەویش ئەوەیە ئەو کەسانە لە ژیانی سیاسیدا جێگای متمانەی سیاسیمان نابن، چونکە متمانەیان بە ڕوونکردنەوەکەی ئێمە نییە، گەر سامان ئەو ڕوونکردنەوەیەی دیووە و دیسانەوە وەکو ئەوەی ڕوونکردنەوەکەی نەدیبێت قسە دەکات، دیارە سامانیش لای ئێمە دەچێتە ڕیزی هەمان بێ متمانەی سیاسیەوە. سەبارەت بە مارشی یەکی ئایاریش ئەوەی چەندە کۆمۆنیستی و کرێکاری بووە، هەر کەس پێوانەیەکی سیاسی خۆی هەیە. کۆمۆنستی بوون بەشبەش نییە و بێ هەڵەش نییە. بە گشتی یەکەیەکە لە پڕۆسە و ڕێرەوێکی واقعی و مێژویدا تەفسیری لەسەر دەکرێت. هەروەها بە سەرکەوتن و شكست و هەڵەکانی پێناسەی ناکۆمۆنستی و  ناکرێکاری بوونی بۆ ناکرێت. یەکی ئایاریش لەبەر ئەوەی یەکی ئایارە، هەر کەس و لایەنیک ئازادە بێتە ناو مارشەکەیەوە، هەرچۆن تۆ ساڵانە دەچیتە ناو مارشی یەکی ئایارەوە لە فینلاند، کە هەموو جۆریکی تێدایە. یەکی ئایاری ئەمساڵی سلێمانی وەکو ئەمری واقع، مۆرکی هیچ حزبێکی پێوە نەبوو، بەڵام ئێمەش تیایدا بەشدار بووین.

– سەبارەت بە ڕووداوی ١٤/٧/٢٠٠٠ وەک دووبارەکردنەوەی هەمان تیرۆری هاورێیان شابور و قابیل بوو… بۆ لێدان لە نفوزی کۆمۆنیزم و ئازادیخۆازی لە هەولێر، کە بە شێوازێکی تر و لە کاتێکی تردا یەکێتی نیشتمانی پیادەی کرد بۆ دانی گورزێکی گەورە لە نفوزی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی، ئەمە هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو، کە یەکێتی هەمیشە و هەرجارەی بە بەهانەیەک پلانی هێرشی بۆسەر حزب هەبووە. پێش و پاش ١٤/٧/٢٠٠٠ نمونەی تر هەن، کە گروپەکانی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی چونەتە ئێران و یەکێتی هیچ پەرچەکردارێکی نەک نەنواندووە، بەڵکو لە ژێرەوە کۆمەکیشی کردوون. ڕەنگە لەوە نیگەران بێت، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری وەک لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چونەتەوە ئیران، ئەگەر یەکیتی حەساسیەتیکی بووبێ بەمە، کە حەتمەن هەیبوو. هەر لەبەر ئەوەیە کۆمۆنیزمی کریکاری بوو. بەڵام ئەوە ئاشکرایە یەکێتی لە بنەڕەتدا بۆ بەرگرتن لە لەق نەبوونی دەسەڵاتی لە بەرانبەر ناڕەزایەتی جەماوەریدا دەبوایە زەڕبەیەکی کوشندە لە کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی بدات، جا بە هەر پاساوێک بێت. ئەگەر ئەم هۆکارە بنەڕەتیە نەبوایە، دەکرا لەسەر پاساو و بەهانەکانی یەکیتی گفتوگۆ بکرایە، کە ئامادەبوین تەنانەت سازشیش بکەین و کردیشمان، بەڵام ئێمە لەوکاتەی لەگەڵ نەوشیروان بە سازش گەیشتین بە ڕێککەوتنی تەواو، هەر ئەوکات لەوێوە دەستوری دا دەست لە هاوڕێیانمان بوەشێنن. مەگەر خۆت نازانی دوای سازش و ڕێککەوتن لەگەل نەوشیروان، کاتیک لە ماڵەکەی هاتینە دەرەوە، تەنانەت دەستڕێژیان لە ئێمەش کرد؟! وەکو خۆت باست کردوە، یەکیتی لە هەشتاکانەوە لە بیری لێدان لە کۆمۆنیزمدایە. سەردەمیک کۆمۆنیستەکانی بە تۆمەتی عیراقچێتی بە مستەحەقی مەرگ دەزانی. لە کاتی شوراکانی ١٩٩١دا دیسان یەکیتی تا لێواری لێدان چووە پێش، بەڵام بە شکستی ڕاپەرین مەوزوعیەتی نەما. لە ١٩٩١ەوە بەردەوام نیازی لێدان لە ئێمەی هەبوە، چەندین جار گەمارۆی بارەگای ڕادیۆیی داوە، هەر جارێك بە بەهانەیەک، بەڵام هەمووکات بە یەک مەبەست بووە، ئەویش لێدان و پاشەکشە پێکردن بووە بە کۆمۆنیزم. گەر ئەمە نابینی و بە دوای لێکدانەوەیکی ترەوەیت، باشترە بڵێم خێری لێ ببینیت. بەلام ئەوە بزانە بتەوێت و نەتەوێت لیکدانەوەکەت ماهیەتی دژی کۆمۆنیستی یەکیتی پەردەپۆش دەکات و پاساوێکی تر بۆ هێرشەکەی دەهۆنێتەوە.

بەڵام پرسیارەکەت دەربارەی ئەوەی، کە مەکتەبی سیاسی حککع بڕیاری دابێت لەسەر ناردنەوەی ئەو واحیدە بۆ ئیران سەیرە!، چونکە پێویستە لای خۆشت ڕوون بێت، کە هیچ کات ئێمە لە مەکتەبی سیاسی حککع هیچ بڕیارێکمان لەسەر هیچ کارێکی ڕوو بە ئێران نەبووە و نەداوە. بڕیار لەسەر جەولەی ئێران کار و بڕیاری حزبێکی تر بووە، هەرچەند هاوپەیمانمان بێت، بەڵام ئۆرگانی ڕابەری و بڕیاردەری خۆی هەیە کە (مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری ئیرانە). ئایا ئەم ڕاستیە سادەیە ڕۆشن نییە؟!

– ئەم گۆڕانە لە نەزەرەی هاوڕێ سامان و کەسانێکی تر لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی تازە نییە. هەڵبەتە ئەمە دەرگایەکی فراونە بۆ باس و جەدل، بەڵام ئەم باسە لەو شوێنەوە دەست پێ ناکات، کە ئەزمونی کارەکانی حزبی کۆمۆنیستیی کرێکاریی بخرێتە ژێر پرسیارەوە و حوکمی “ناکرێکاریی و نا کۆمۆنسیتی” بەسەردا بدریت. ڕەخنەگرتن لە کۆمۆنیزمی کرێکاری بڤە نییە، بەڵام لێرەوە دەست پێ ناکات و نابێ بخرێتە ناو چوارچێوەی نەفرەتی ئیدەی ئەو کەسانەی جۆرێکی تر بیر لە پێکهێنانی حزب دەکەنەوە، بەڵکو پێویستە نیشانمان بدەیت ئەو حزبەی لە نیاز و نەخشە و فکری تۆدایە، چۆن پێکدێت و پێکهاتەکانی بەرجەستە کەیتەوە. کەسانێک پێیان وایە، کە حەتمەن دەبێت پرۆلیتاریا خۆی حزبی خۆی دروست بکات، ئەمە جێگای باسە، بەڵام لایەنگرانی دەبێ ڕوونی بکەنەوە، کە ئەمە چۆن و کەی دەبێت؟ هەروەها ڕوونی بکەنەوە، کە کریکاری و کۆمۆنیستی بوونی خۆیان، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پڕۆلیتاریاوە نییە، لە چیدایە؟ پێویستە ئەزمونی پراکتیکی پێکهێنانی ئەو جۆرە لە حزب بەرجەستە و عەمەلی بکرێتەوە، بە هەمان شێوەش بۆ باسکردن لەسەر حزب و دەسەڵات. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم جۆرە بیرکردەنەوانە تەنها لە ئاستێکی سەتحی و بۆچونێکی سنورداردا دێت و دەچیت، بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەی دەیبینین تەنها بە هێرشکردنە سەر لینین و کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسور حکمەتدا خۆی دەنوێنێت، نەک ڕۆشنکرنەوە و گرتنەبەری رێرەوەکانیان، هەروها گوتومە دەمێکە کەسانی تر پێکهێنانی ئەو جۆرە لە حزبیان داوەتە دەست قەدەری خەیاڵاتی ئەو سوشیالیزمەی خۆیان پێدا هەڵواسیوە، هەر بۆیە تەواوی پرسیار و باسەکانیان لێپرسینەوەیە لە دروستی و نادروستی کار و هەڵسوڕانی حزب. پێوانە کردن بۆ حزب لە زهنی خۆتدا بە کۆمۆنستی یا نا کۆمۆنستی، بە کرێکاری یا نا کرێکاری، باسێکی بێ ئاکامە. مەیدانی ئاوێزان بوون بە هەڵسوڕان و خەباتی کرێکاریەوە زۆر فروانە بۆ ئەوەی کرێکاری بوون و کۆمۆنست بوونی خۆت لە بەرانبەر کەسانی تردا بسەلمێنیت، بەڵام ئەوە ڕۆشنە، کە لە “هاوچەرخ” بوونەوە دەست پێناکات و سەریش ناگرێت.

– ئاماژەم بەوە داوە، کە سامان و دوو هاورێکەی نەیان گوتوە مەنسورحکمت “مارکسیەکی هاوچەرخە”، بەڵام سامان باز بەسەر ئەو بەشەدا دەدات، کە دەڵێم سەیرەکە لەوەدایە ئەوان خۆیان بە “هاوچەرخ” ناو دەبەن، واتە گەر ئەوانەی بە هەڵە “مارکسیزمی هاوچەرخ”یان بۆ مەنسور حکمەت بەکار‌هێنابێت، واتە ئەمەی سامان و هاورێکانی لایەنێکی کۆمیدی ئەو هەڵەیەیە، کە بە خۆیان دەڵێن ‘هاوچەرخ”، ئەمەش دەچێتە ناو بابی تێنەگەیشتن لە پەیوەندی نێوان تیۆری و پراکتیکەوە.

– هاوڕی سامان لە بارەی شەڕی ئەفغانستان و موسڵەوە ڕەخنەکەی خۆی ڕوون نەکردوەتەوە، بەڵام بە کورتی هەڵوێستی ئێمە لە هەردوو شەڕەکەدا جێگای شانازیە. ئێمە سەرئەنجام دژی هەردوو شەرەکە ڕاوەستاین و بە تایبەت لە شەڕی موسڵدا جەدەلی توندمان لەگەڵ هەموو ئەو لایەن و کەسانە کرد، کە بە هەر پاساویک لایەنگری شەڕیان کرد یان بە پۆزەتیف هەڵیانسەنگاند. بەڵام وەستانەوەی ئیمە دژی ئەو شەڕانە لەبەر ئەوە نەبوو، کە مخالەفی بین ئەگەر مەسەلەکە لێدان لە تاڵیبان و داعش و تەفروتونا کردنیان بێت، بەڵکو لەو ڕوانگەیەوە بوو، کە بە تایبەت لە شەڕی موسڵدا لە ژێر ناوی “جەنگ دژی تیرۆر” و داعش و لە ڕاستیدا بۆ تەسفیە حیساباتی نێوان جەمسەرە جیهانیەکان، شارێکیان بەسەر دوو ملیۆن هاوڵاتی مەدەنیدا خاپور کرد. ئەگەر هاوڕی سامان قسەیەکی هەیە لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی کۆمۆنیزمی کریکاری، بە تایبەت لەسەر شەڕی ئەفغانستان، دەبێت زەحمەت بکێشت ڕەخنە لە (دنیا دوای ١١ی سەپتەمبەر) بگریت. چونکە بە نقورچ گرتن و پرسیاری نالۆژیکی وەڵامی ئەوە مەسەلەیە نادرێتەوە.

– دەربارەی ڕیفراندۆم، بەڵێ بە شانازیەوە ئێمە بە توندی لە پشتی ڕاوەستاین وەکو ڕێگاچارەیەک بۆ کێشەی کورد. بێگومان حەلی ئەم کێشەیە، نەک خودی ڕیفراندۆم، کۆمەکی دەکرد بە شەفافیەتی خەباتی چینایەتی لە کوردستان و زەمینەشی خۆش ئەکرد بۆ نەمانی نەفرەتی قەومی و دوبەرەکی نێوان کرێکاری کورد و عەرەب. بەڵام بە گەلەکۆمەی دەوڵەتان و دەسەڵاتی ناوەندی مەسەلەی سەربەخۆیی و بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆی کوردستان لەم برگەیەدا بە زەبری چەک شکست درا. مەسەلەی کورد وەکو ئەنجامی دەیان ساڵ ستەم و سەرکوت و کۆمەڵکوژی بووە بە گرێیەکی سەرەتانی. ڕیفراندۆم بەدەر لەوەی کێ بانگەوازی بۆ کردوە، گونجاوترین ڕێگاچارە و مافێکی بێ ئەملاو ئەولای خەلکی کوردستانە. ئەمە وەڵامی منە بۆ هاوڕێ سامان، بەڵام لێرەدا پرسیارێکی سەرەکی کە ڕووبەڕووی ئەوە, ئەوەیە کە ئاخۆ سەرکوتی ڕیفراندۆم و خواستی سەربەخۆیی چ قازانجیکی هەبوو بۆ پڕۆلیتاریا، کە تۆی دڵگەرم و دڵخۆش کردوە؟ سەرکوتی ڕیفراندۆم بە زەبری چەک و میلیشیا و گەلەکۆمەی دەوڵەتان هیچ بەڵگەیەک لەسەر نادروستی ڕیفراندۆم بۆ چارەسەری کێشەی کورد بە دەستەوە نادات، بەڵکو تەنها حەقانیەتی ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە خەلکی کوردستان لە بەرپاکردنی ڕیفراندۆم و بریاردان لەسەر جیابوونەوە لەسەر حەق بوون.

١١/٨/٢٠٢٢

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …