ئیسلامی سیاسی بانگەشەی لەشفرۆشی دەکات

مستەفا باهر

ئاخوندەکانی ئێران، لەسەر دەرکەوتنی تاڵەقژێک کچێکی گەنجی ٢٢ ساڵەیان کوشت. هەمومان ڕوداوە دڵتەزێنەکەی “ژینا ئەمینی”مان  بینی. “ژینا “ی جوانەمەرگ ئەو پۆشاکەی لەبەردا بوو کە ئیسلامیەکان بە زۆر سەپاندویانە بەسەر  کچان و ژنانی ئێراندا، بەڵام لەبەرئەوەی کە حیجابەکەی جوان نەکردبوو کەمێک قژی  بەدەرەوە بوو، گرتیان و پاش چوار ڕۆژ بە مردویی ڕادەستی کەسوکاریان کردەوە. لەماوەی ئەم (٤٣) ساڵەی دەسەڵاتداریەتی “جمهوری کۆنەپەرستی  ئیسلامی ئیران”دا، ئەمە یەکەمین تاوانیان نیە، بەڵکو تەنها لەسەر پۆشینی پۆشاک، بەدەیان هەزار تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە، بەناوی  پارێزگاریکردن لە ژنان، بەڵام هەمومان دەبینین کە ئاخوندەکانی ئێران بەئاشکرا لەشفرۆشی بە کچان و ژنانەوە دەکەن. بەئاشکرا ڕاگەیاندن دەردەکەن و نرخ لەسەر کچان و ژنان دادەنێن و بە پیاوان دەڵێن ” بە گوێرەی ئەوکاتەی کە دەتەوێت  دەتوانیت لەگەڵ کچان و ژناندا بخەویت”. ئەگەر سەیرێکی ئەم ڕاگەیاندنەی ئاخوندەکانی ئێران بکەیت، کە ڕوداو بڵاوی کردوەتە  ئەوکاتە دەزانیت کە  لە لایەن ئەم ئیسلامیانەوە چەند سوکایەتی بەژنان دەکرێت.

لە راگەیەنراوێكدا كە كۆپییەكی دەست (رووداو) كەوتووەو ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوبۆتەوە، لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بانگهێشت بۆ “سیغەكردن” دەكرێت و بڕی تێچوون بەپێی كاتی دیاریكراویش خراوەتەڕوو.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: “بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئە‌و برایانەی كە لەماوەی زیارەتی ئیمامی هەشتەمدا لە ژنەكانیان دو‌ورن، ناوەندی سیغەی كەم ماوەمان داناوە”. راگەیەنراوەكە بانگهێشتی كچانی (١٢ – ٣٥) ساڵ كردووە بۆ هاوكاریی، ماوەی گرێبەستەكە دو‌و ساڵەو لە ماوەی گرێبەستەكەدا هەر كەس دەبێ ٢٥ رۆژ لە خزمەتدا بێ. ماوەی سیغەكان لە (٥ كاژێرەوە بۆ ١٠ رۆژەو نرخەکانیان  لە ٥٠ هەزار تمەنەوە تا ٣٠٠ هەزارتمەنە”

ئەم ڕاگەیاندنەی ئاخوندەکانی ئێران نەک بەتەنها سوکایەتیکردنە بە ژنان ، بەڵکو سوکایەتیکردنە بە پیاوان و بە تەواوی کۆمەڵگاش. من دەمەوێت بپرسم ، ئایا ئەمە بازرگانیکردن نیە بەژنانەوە؟ ئایا ئەمە جۆرێک نیە لە لەشفرۆشی، کە ئاخوندەکانی ئێران دەیکەن بە ژنانەوە؟ ئایا بەڕاست ئەم کارەی ئاخوندەکان کارێکی ئەخلاقیەو دەرکەوتنی تاڵە قژیک بێئەخلاقیە؟ ئایا ئەم ئاخوندانە ئەوەندە خەمخۆری کچان و ژنانن!؟ ئەگەر سەیرێکی ڕاگەیاندنەکەی ئەم کۆنەپەرستانە بکەین دەبینین کچانی ١٢ ساڵی تێدایە. ئاخر لەکوێی دونیادا هەبوە لەشفرۆشی بەکچی ١٢ ساڵیەوە بکرێت. ئایا دەزانیت لەو دەوڵەتانەی کە دین لە دەوڵەت جیا کراوەتەوەو بە دەوڵەتی عیلمانی دەناسرێن و  ئیسلامیەکان بە بێڕەوشت باسیان دەکەن ، ئەگەر کچێک تەمەنی لە خوار ١٥ ساڵەوە بێت و کەسێکی سەرو ١٨ ساڵ ئەگەر بەڕەزامەندی کچەکەش، سێکسی لەگەڵ بکات، بە تاوان هەژماردەکرێت؟ بەهەمانشێوە بۆ پیاویش وایە کە ژنێکی سەرو ١٨ ساڵ لەگەڵ کوڕێکی خوار ١٥ ساڵ بەڕەزامەندی خۆشی، سێکس بکات، تاوانە؟ بەڵام ئیسلامی سیاسی بێجگە لەوەی کە بەڕەوای دەبینێت کچێکی  ٩ساڵ هاوسەرگیری بکات، لەشفرۆشیش بە کچانی ١٢ ساڵەوە دەکات.

ئەم ڕەفتارە نامرۆڤانەی  حزبە ئیسلامیەکان ، ئەوە نەبێت  تەنها پیشەی ئاخوندەکانی ئێران بێت، ئەگەر واز لە مێژوش بێنین کە خەلیفەکان و مەلا و ئاخوندەکان چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ژنان کردوە، بەس تەنها سەیرێکی ئەم چەند ساڵەی دوایی بکەین دەبینین لەهەر شوێنێک ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتی هەبێت، بوەتە هۆی دەردی سەری بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی بۆ ژنان. هەمومان دەبینین کە ژیانی خەڵکی و بەتایبەتی ژنان  لەئەفغانستانی ژێر سایەی  دەسەڵاتی ڕەشی  تاڵیباندا چۆنە! هەموو بینیمان داعش چۆن کڕێن و فرۆشتنی بەژنانەوە دەکرد، بەتایبەتی بە یەزیدیەکانەوە. هەموو بینیمان کە بۆ ماوەیەک ئیسلامیەکان  دەسەڵاتدار بوون لەناوچەی  هەورامان و هەڵەبجە، چۆن ئەو ناوچەیان کرد بە دۆزەخ بۆ دانیشتوانەکەی.  بۆیە لەهەر شوێنیک ئیسلامی سیاسی تیایدا باڵا دەست بێت،  ژیان لە خەڵکی بەگشتی و لە ژنان بەتایبەتی دەکەن بە دۆزەخ . هەمیشە  سەرانی ئەم حزبانە بۆ دامرکاندنەوەی حەزو ئارەزوە سێکسیەکانیان بە فرەژنی و ریزکردنی سێ چوار ژنەوە ناوەستن و جۆرەها زەواجیان داهێناوە، وەک زەواجی (میسیار، موتعە، عورفی، مارەبەجاش، هەڵخەڵەتاندنی کچان کە خۆیان ببەخشن بۆ مجاهیدەکان وەک ئەوەی داعش)  بەم جۆرە حزبە ئیسلامیەکان بەناوی پاراستنی ژنانەوە دەستدرێژی دەکەنە سەریان. ئایا بەڕاستی ئەمجۆرە زەواجانە لەشفرۆشیەکی ڕەسمی ئیسلامی سیاسی نین!؟

٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢

 

 

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *