هێرش و بۆمبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، لەلایەن جمهوری ئیسلامیەوە، جێگای نەفرەت و توڕەیی ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە!

٢٨ ی ئەم مانگە هێزەکانی جمهوری ئیسلامی لە ڕێگای ژمارەیەک درۆن و کاتیۆشا و موشەکی دوورهاوێژەوە بنکە و بارەگای زۆربەی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیان لە کوردستانی عێراق بۆمباباران کرد، لە ئاکامی ئەم هێرشە وەحشیانەیەدا بەجیا لە زەرەروزیانی زۆری ماددی، ژمارەیەک کەس و هاوڵاتی کوژراو و بریندار بوون و ژمارەیەکیش لە کەسوکار و دانیشتوانی نێو ئۆدوگا و کەمپەکان ئاوارە بوون. ئه‌مه‌ هاوکات خەڵکی نزیک ئەو ناوچانەشی لەترس و دڵەڕاوکێدا ڕاگرت.

ئەم هێرشەی جمهوری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەت و ژنان و لاوانی ئازادیخواز لە شارەکانی ئیراندا دەستیان داوەتە هه‌ستان و خرۆشان و چەخماغەی ڕوخاندنی ئەم رژێمەیان لێداوە. دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران دەیانەوێت لە ڕێگای هێرش بۆسەر بنکە و بارەگای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، لەلایەکەوە سەرنجی دنیا لەناوخۆی ئێران بۆ سەر سنورەکان و ململانێی سیاسی لەگەڵ ئەو هێزانەدا بگوازنەوە. لەلایەکی تریشەوە پایە و هۆکاری واقعی خرۆشانی جەماوەری لە ئێران پەردەپۆش بکەن و ئەو راستیە ڕۆشنە بشارنەوە کە هه‌ستان و خرۆشانی خەڵکی ئێران ڕیشەی لە دەسەڵاتی نەنگینی ئیسلامی سەرمایەدایە، دەسەڵاتێک کە ژیانی کۆمەڵگه‌یەکی چەند ملیۆنی لە سەرکوت و بێمافی، زیندان و لەسێدارەدان، بێکاری و گرانی، هەژاری و داسەپاندنی یاساوڕێسای کۆنەپەستانەی ئیسلامیدا ڕاگرتووە.

هێرش و بۆمبابارانکردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی جێگیر لە هەرێمدا، تەنها هێرشێک نییە بۆسەر ئەو هێزانە، بەڵکو هێرشە بۆسەر هاوڵاتیانی کوردستان و پێشێلکردنی ئاشکرای ئیرادەی سیاسی ئەوانە کە بۆ پشتیوانی لە خرۆسانی جەماوەری شارەکانی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی لەدژی جمهوری ئیسلامی ئێران هەڵبڕیوە و بە بەشێک لە خەباتی ئازادیخوازانەی خۆیانی دەزانن. بەدڵنیایەوە خرۆشانی جەماوەری بەم دەستدرێژیە میلیتاریستی و تیرۆریستیانەی  جمهوری ئیسلامی خەفە ناکرێ و درەنگ یا زوو بورکانی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێرانه‌یە چارەنوسی ئاخوندەکانی ئێران ڕووبەڕووی مەرگ و ڕوخان دەکاتەوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە کاتێکدا کە بەتوندی ئیدانەی ئەم کردەوە میلیتاریستی و تیرۆریستیە و ئەم هێرش و بۆمبابارانکردنەی جمهوری ئیسلامی بۆسەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و خەلکی کوردستان دەکەین، هاوکات بەتەواوی تواناوە ئامادەیی هەموو هاوکاری و کۆمەکێکین پێیان و داواش لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین بەشێوەی گونجاوی خۆیان بە هانایانەوە بچن و دەستی کۆمەک و هاوکارییان بۆ درێژ بکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەرپرس دەکات لە پاراستنی بنکە و بارەگای هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و پاراستنی گیانی دانیشتوانی کەمپەکان و بەرقەرابوونی ئارامی شارەکانی کوردستان.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٨/٩/٢٠٢٢

 

Check Also

وتەی سەمیر عادل، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

 بۆ کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمونیستی کرێکاریی کوردستان بەیانیتان باش هاورێیان بەناوی خۆم و کۆمیتەی ناوەندی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *