دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و ئایندەی جیاوازی منداڵان

بنار مستەفا

ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکردەوە و دەرگای قوتابخانەکان کرانەوە، بەڵام هەموو منداڵانی کوردستان لەچاوەڕوانی ئایندەیەکی گەش بەهرەمەند نین. بارودۆخی کوردستان بە شێوەیەکە، کە هەر لە ئێستاوە دەتوانیت ئایندە جیاوازەکانی منداڵان ببینیت.

قوتابخانەکان کرانەوە، بەڵام دەرگاکان بە ڕووی هەموو منداڵاندا نەکرانەوە. سەختی ژیان و گوزەران لەکوردستان بەناچاری زۆرێک لە خێزانەکانی ناچارکردووە، کە منداڵەکانیان لەبری خوێندن و هاتووچۆی قوتابخانە، لە بازاڕەکاندا کار دەکەن، دەستگێڕی دەکەن و لە هەوڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیاندان. هەر لە تەمەنێکی زۆر منداڵیەوە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیەک بوونەتەوە: لەبری خوێندن، پارە پەیدا دەکەن. ئەمەش زۆر دوورە لە جیهانی منداڵییەوە و نابێت بە هیچ شیوەیەک هیچ منداڵێکی تێدا بێت.

هەندێجار لە کۆمەڵگادا دەبیستین، بۆنمونە دەڵێن “خوێندن هیچ بەرهەمێکی نییە و کار سوودی زیاترە.” ئەمجۆرە دەربڕینە دڵتەزێنە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە زۆر کەس خوێندنی تەواو کردووە و بڕوانامەی بەدەست هێناوە، بەڵام بێکارە و هیچ دەرفەتێکی کارکردن یان دامەزراندنی بۆ نەڕەخساوە. ئەم نمونەیە کاریگەری دادەنێت لەسەر دایکان و باوکان، کە خوێندن هێندە بە هەند وەرنەگرن بۆ ئایندەی منداڵەکانیان.

ئەو منداڵانەی لەبری خوێندن و قوتابخانە لە بازاڕەکاندا کاردەکەن یان دەستگێڕی دەکەن، ڕووبەڕووی دۆخێک دەبنەوە، کە کاردانەوەی زۆر نەرێنی دەبێت لەسەر ئێستا و ئایندەیان. دەرفەتیان بۆ دەستگەشتن بە کارێکی شیاو کەمدەبێت و مەترسی تێکەڵبوون بە بابەتی نەخوازراوی وەک ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەرەکان و ئەنجامدانی تاوان. دواڕۆژی ئەم بەشە لە منداڵان جێگەی نیگەرانیەکی قووڵە و بەجیا لەخۆیان بۆ کۆمەڵگاش کارەساتە، کاتێک بەشێک لە جیلی داهاتووی ئەم پێشنیەیان هەیە.

لە لایەکی ترەوە کەرتی پەروەردە بە جۆرێک پەراوێزخراوە، کە ئاسان جیاوازی نێوان قوتابخانەی حکومی و ئەهلی دەکەیت. هەر لە سەرەتاوە دەتوانیت پێشبینی ئەوە بکەیت، کە ئەو قوتابیانەی لە قوتابخانە حکومیەکانن، هەمان چارەنووس و دواڕۆژی قوتابیانی قوتابخانە ئەهلییەکانیان نییە. ئەمەی دووەمیان شانسی زۆر زیاتری هەیە بۆ دامەزراندن، بەدەستهێنانی دەرفەتی کار لە بوارەکەی خۆیدا، سەرکەوتن لە پێشبڕکێی هەلی کار و بەدەستەوەگرتنی جومگەکانی تری کۆمەڵگا.

بەمانایەک جیاوازی چینایەتی لە کوردستان هەر لە سەرەتای منداڵییەوە دەردەکەوێت. منداڵانی زۆر هەژاران، مەترسی لەسەر دوورکەوتنەوە لە هەموو چەشنە خوێندنێک هەیە. منداڵانی خێزانە هەژارەکان لە قوتابخانەی حکومی و دەوڵەمەندەکانیش لە قوتابخانەی ئەهلی دەخوێنن و ئایندەی جیاواز لە ئیستاوە بەدی دەکرێت.

ئێلیتێکی کەمایەتیەکی کەمیش هەیە، کە منداڵانیان لە دەرەوەی وڵات یان بە وانەی مامۆستای تایبەت دەخوێنن. بەهەمان شێوەی ئەوانی دی هەر لە ئێستاوە دیارە، کە ئەگەر ئاڵوگۆڕێکی فراوان لە کۆمەڵگادا ڕوونەدات، دەبنە بەرپرسان و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئایندەی کوردستان.

وەک زۆر بەش و لایەنی تری کۆمەڵگا، لە سەکتەری پەروەردەش بە ئاشکرا دەبینرێت، کە ئاڵوگۆڕێکی فراوان و ڕیشەیی پێویستە. ئەمجۆرە دابەشبوونە چینایەتیە، کە لە تەمەنی منداڵاییەوە ئاراستەی گرتووە، کارەساتە بۆ کۆمەڵگا و بۆ زۆرینەی زۆری دانیشتوان بە مانای خۆشگوزەرانی نایەت. بۆیە لە دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندندا پێویستە جەخت لەسەر گرنگی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بکرێتەوە، کە تێیدا تەواوی منداڵان لە خوێندن و پەروەردەیەکی هاوچەرخ بەهرەمەند بن.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *