ڕوخانی جمهوری ئیسلامی ئێران لەبەرژەوەندی هەموو خەڵکی ناوچەکەدایە!

 نوری بەشیر

بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی ئازادیخوازی سەرانسەری لە ئێراندا کە دەسەڵاتی بۆرژوازی ئیسلامی ئێرانی هێناوەتە لەرزە و داوای ڕوخانی دەکات، ڕۆژبەڕۆژ خواستەکانی بەدژی ئەم رژێمە هارەی سەرمایە دەچێتە سەرەوە و لە پێشڕەویدایە. ڕوخاندنی ئەو ڕژێمەو کۆتاییهاتنی تەنیا خەڵکی ئێران نیە کە سودمەند دەبن لێی، بەڵکو خەڵکی ناوچەکە و جیهانیش لە ڕژێمێکی ئیسلامی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دژی ژن و دژی کرێکاران رزگاریان دەبێت.

هەموو ئەو ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانە ملیۆنیەی خەڵک لە ئاستی دنیادا بەدژی رژێمی هارو دڕندەی ئێران ئەو راستیە دەخاتەڕوو کە جمهوری ئیسلامی ئێران تەنیا رژێمێکی دژی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەت، ژنان و لاوان، بەساڵاچوان و منداڵانی ئێران نیە، بەڵکو ڕژێمێکی دڕندەو دژی ئینسانی سەرمایەداریە کە بەدژی مەدەنیەت و مرۆڤایەتیەیە لەئاستی دنیادا.

ئەوە راستیەکی حاشە هەڵنەگرە لە ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ٢٠١٩ی خەڵکی لوبنان و عێراق دا یەكێک لە دروشمەکان و داواکاریەکان وەدەرنانی دەخاڵەت و دەستدرێژیەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران بوو لەو دوو وڵاتەدا، هەروەها جمهوری ئیسلامی ئێران لە وڵاتەکانی یەمەن و فەلستین و سوریا و کوردستان دا وەک هێزێکی کۆنەپەرستی دژی خەڵکی لەپاڵ دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکان و هێزە میلیشیا قەومی و ئیسلامیەکان دا وەستاوە و وەک دەسەڵاتی کۆنەپەست و سەرکوت بەشدارە لە کوشتارو برسیکردنی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا.

ئەم رژیمە هارەی سەرمایە ئاستی دەخالەتی کۆنەپەرستی بە ناوچەکەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە ئاستی دنیادا خەرێکی رژاندنی ژەهری کۆنەپەرستی بووە بەدژی مەدەنیەت و شارستانیەتی ئەم سەردەمە و لەپاڵ هەموو هێزێکی کۆنەپەرستدا خۆی بینیوەتەوە، دەستی هەبوو لە تیرۆردا نەک تەنیا لە ئێران و ناوچەکەدا بەڵکو لە ئاستی دنیادا ئەو کارەی ئەنجامداوە.

ڕژیمێک کە لەزیاتر لە چوار دەیەی تەمەنی نەگریسیدا جیا لەبرسیکردن و سەرکوت و ئیعدام و بێحورمەتی بەژنان و بێمافی کرێکاران و لە گۆڕنانی خەونەکانی لاوان و نەهێشتنی مەدەنیەتی کۆمەڵگا لە ئێران دا شتێکی تری نەکردووە، ئیتر جێگایەکی لەناو خەڵکی ئێراندا نەماوەتەوە. خەڵکی زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ئێران بە تەواوی هێزیانەوە هاتونەتە مەیدان بۆ ڕاماڵینی ئەم رژێمەو کۆتایی پێهێنانی. ئیتر هاتووهاواری سەرانی رژێم و لەسەروو هەموویانەوە خامنەئی بەوەی ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری ئێستای ئێران کە بە خرۆشانی ژنان لە ئاستی جیهاندا ناسراوە دەستی لە پشتەوەیە، نەك ئەم جوڵانەوە جەماوەریە شۆڕشگێڕانەیە سارد و خاو ناکاتەوە، بەڵکو گڕی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان دەباتەسەرەوە. حکومەتەکانی ناوچەکەش پێش ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرەی ئێران ئەوەیان تاقیکردۆتەوە کە هەر ناڕەزایەتیەکی جەماوەری دەسەڵاتەکەیان بخاتە مەترسیەوە بەوە دەستی دەرەکی تاوانباریان دەکردن، بەڵام ئیتر ئەو قسە پوچانە نەك لای خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، تەنانەت لای ئەندامانی سوپای پاسداران و دۆستەکانیشیان مشتەریەکیان بۆ پەیدا نابێت.

ئەم خرۆشانە جەماوەریەی ئێستای ئێران دەورەیەکی نوێیە لە درێژەی ناڕەزایەتیەکانی دەورەی پێشوو کە ڕۆژانە ڕیزەکانی فراوانتر دەبێتەوە لە ئێران و ئاستی دنیادا، بە پێچەوانەی جمهوری ئیسلامیەوە کە دەیەوێت ڕەنگی قەومی و دەستی دەرەکی بخاتە پاڵی؛ هەموو چوارچێوەیەکی قەومی و دینی تێپەڕاندووە و دروشمەکانی” نا “یە بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامی لەئێراندا.

بەم هۆیەوە لەهەرشوێنێکی دنیادا ڕاوەستان لەپاڵ ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتی و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕیەدا و بەدژی جمهوری ئیسلامی و لە گۆڕنانی رژێمێکی دڕندەی وا لەبەرژەوەندی چینی کرێکار و ژنان و لاوان و لەبەرژەوەندی بەرەی شۆڕشگێڕ دایە لە ئاستی ئێران و  ناوچەکە و جیهاندا.

٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

Check Also

وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی …