مەترسیەکانی سە رهەرێم!

موحسین کەریم

جنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق و کوردستان، چەند رۆژ لەمەوبەر، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هوشداری ئەوەی دا کە ” ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا و مامەڵەی نەگونجاو لەگەڵ خواستەکانی خەڵك و پشتگوێخستنی بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسی باجێکی قورسی دەبێت”. هەروەها ناوبراو باسی ئەوەی کرد کە گەورەترین رێگریەکان دابەشبوونی هەرێمی کوردستانە بەسەر دوو ناوچەی سەوزو زەرد دا!

هەڵبەتە خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو کەسانەی کە ئاگاداری بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی دەسەڵات و شێوازی دەسەڵاتدارێتی کوردستانن دەزانن کە ئەو شتانەی بلاسخارت وەکو مەترسی باسیان دەکات، دەمێکەیە هەن و تازە نین. لەساڵی ١٩٩٤ ەوە هەرێمی کوردستان بەسەر دوو ناوچەی سەوزو زەرد دا دابەش بوەو ئەوکاتەشی کە گوایە حکومەتی هاوبەشیان پێكهێناوە، بە کردەوە دابەشبوون بەسەر دوو زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا بە ئاستەم لاواز نەبووە.  لەلایەکی دیکەوە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان نەك لەرێگای دیموکراسیەوە، کە نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان پێیخۆشە وەکو سیفەتێکی دەسەڵات لە کوردستان پێناسەی بکات، بەڵکو هەمیشە لەڕێگای هێزی میلیشیاو بە لۆجیکی هێزی سەربازی و سەرکوتی دەنگی ناڕەزایەتی و نەیارانی سیاسی دژ بەوان، دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکانی نفوزی خۆیاندا سەپاندوە، هەر بەو لۆجیکەش هاوسەنگی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەسەر زۆنەکاندا بەڕێوەچووە. خەلكی کوردستانیش، سەرەڕای هەوڵەکانی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ جوانکردنی سیمای میلیشیایی دەسەڵاتی هەرێم و هەندێ لە هێزو لایەنە بۆرژوازیەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ڕەواجدان و بانگەشەکردن بۆ خەباتی پەرلەمانی و هەڵبژاردن، هەڵبژاردن بە دوای هەڵبژاردندا زیاتر لە پووچی هەڵبژاردن و پەرلەمان تێگەیشتوون و بایەخێکی ئەوتۆ بۆ پەرلەمان دانانێن. لەدواهەمین هەڵبژاردنی هەرێم و عێراقدا رێژەی بەشداربوونی خەڵک بەجۆرێك کەمی کرد و دەنگی ئەو دوو حزبە بەڕادەیەك دابەزی کە سەرانی پارتی و یەکێتی تووشی شڵەژان کرد!

پرسی مامەڵەی نەگونجاو لەگەڵ خواستەکانی خەڵکیش بەهەمانشێوە تازە نیە و یەکێتی و پارتی هەر لەسەرەتای ڕادەستکردنی دەسەڵاتی هەرێم پێیان لەلایەن ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە چوارچێوەی شەڕی کەنداوی دووەمدا، هیچ کات لە فکری ئەوەدا نەبوون کە وەڵام بە خواست و چاوەڕوانیەکانی خەڵك بۆ ژیانێکی باشتر و شەرافەتمەند و ئازادانە بدەنەوە، بەڵکو سەرباری تاڵانکردنی داهاتی کوردستان و دابەشکردنی بەسەر خۆیاندا (بەپێی دانپیانانێکی نەوشیروان مستەفا کە ئەوکاتە کەسی دوەمی یەکێتی بوو بەوەی پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لەداهاتی کوردستان ٣٥٪ یان بۆ خۆیان بردوەو تەنها ٣٠٪ داهاتی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان سەرفکراوە)، ئەو کۆمەك و هاوکاریانەش کە لەلایەن رێکخراو و دەوڵەتانەوە ڕەوانەی کوردستان دەکران، لەلایەن ئەو دووحزبەوە تاڵان دەکران و دواهەمین کەس خەڵکی کوردستان بوون کە ئەگەر شتێکیان بەرکەوتبێ! ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان هەموو ئەم ڕاستیانە دەزانن و بێجگە لە هەندێ گلەیی ئەویش کاتێك زانیبێتیان ئیتر دۆخەکە بەوجۆرە کۆنترۆڵ ناکرێ و لەدەست دەردەچێت،  رەخنەیەکیان لەو دوو حزبە نەبوەو تەنها ئامۆژگارییان کردوون کە کەمێك لە تاڵانچێتی و فشارەکانیان بۆسەر خەڵك کەم بکەنەوە. ئێستاش دۆخێکی لەوجۆرە لە هەرێم هەیە کە وایکردوە بلاسخارت بە نیگەرانیەوە  و لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە هوشداری بدات بە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی.

ڕەنگە بۆچونێك هەبێت بڵێت کە قسەکانی بلاسخارت دەربارەی ئەو مەترسیانەیە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمەوە روو لە هەرێم بکات! بەڵام ئەمە تەنها گۆشەیەکی مەسەلەکەیە و مەسەلەی سەرەکی نیە. ترسەکەش لەدەرەوەی هەرێم ئەوە نیە کە دەوڵەتانی ناوچەکە یان حکومەتی ناوەندی عێراق پیلانێکیان دژی هەرێم هەبێت و ئەگەر حزبەکانی هەرێم، یەکێتی و پارتی و ئەوانی دیکە، وەکو ئەوان دەڵێن، یەکتری قبوڵ بکەن و واز لە قۆرخکردنی دەسەڵات بهێنن و بەشێوەیەکی دیموکراسی دەسەڵات بەڕێوەبەرن و تاد… ئیتر دەتوانن روبەرووی ببنەوە. لەڕاستیدا خودی دابەشبوونی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە بەسەر دوو دەوڵەتی ناوچەکەدا، لەکاتێکدا کە باوردۆخی عێراقیش ناسەقامگیر و ناڕۆشنە و مەیدانی دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهانیشە، ئەو ئەگەرە زیاد دەکات کە ئایندەی سیاسی هەرێم بەرەو ناجیگیری و شڵەژان بڕوات و دەسەڵاتی ئێستای هەرێمیش بەرەو جۆرێك لە هەڵوەشاندەوە بچێت!  نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەمریکاو رۆژاوا هەرچۆنێك بوە دەیانەوێ دۆخی سیاسی ئێستای هەرێم لەوە زیاتر لێك نەترازێ و وەکو بنکەیەکی دەخالەتی ئەوان لە کاروباری سیاسی عێراقدا بمێنێتەوە.

بەڵام مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە خەڵكی کوردستان لە دەسەڵاتی هەرێم توڕەن و بەڕادەیەکی خەتەرناك بۆسەر دەسەڵاتی هەرێم لێی دوور کەوتۆتەوە، بەجۆرێك کە خەڵک خوازیاری روخاندنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیە. لە ڕوانگەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانەوە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و پەرلەمان و هەڵبژاردنیان پولێکی قەڵب ناکات. خەڵکی کوردستان لەهەر فرسەتێك دەگەڕێن کە دەستی ئەو دەسەڵاتە میلیشیاییە تاڵانچیە لەیەخەی خۆیان بکەنەوە. خەلكی کوردستان هیچ رێزێکیان بۆ ئەو دەسەڵاتە نەماوەتەوە، نەك هەر لەبەرئەوەی کە هیچ بوارێکی بۆ ژیانێکی ئازاد و شەرافەتمەندو خۆشگوزەرانی بۆ نەهێشتونەتەوە، بەڵکو دەستی هەرچی دەوڵەتی کۆنەپەرست و دەزگای جاسوسی و تیرۆریستی ناوچەکەشە لە کوردستاندا ئاوەڵایان کردوە.

لەم هەلومەرجەدا کە خرۆشانی جەماوەری لە ئێران دەستی پێکردوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر میزاجی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دادەنێت. خەڵکی کوردستانیش کە خوازیاری کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی تاڵانچی و ستەمکارو مافیایی یەکێتی و پارتین، لەژێرکاریگەری کەشوهەوای شۆرشگێڕانەی ئێران و پێشرەویەکانی خەڵکی ئێراندا بەرامبەر بەو رژێمە دڕندەو هارو سەرکوتگەرە، ئومێدیان بە خەبات و تێکۆشان و بە ئیرادەی خۆیان بۆ ئاڵوگۆڕی شۆرشگێڕانە دەبوژێتەوە و دەورانی چاوەڕوانی ئێستا تێدەپەڕێنن و بە تەوژمێکی دیکەو بەهێزەوەو بەشێوەکەی ڕادیکاڵانە دێنەوە مەیدانی روبەروبونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا…  مەترسیە گەورەکە ئەوەیە! نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکانیش کە لە قورسایی ستەم و زوڵمی یەکێتی و پارتی و لە زەبری کاردانەوەی خەڵك دژی ئەو ستەم و بێمافیەی بەسەریاندا سەپێنراوە تێدەگات، ئەو باجە قورسەی باسی دەکات ئەوەیە کە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەیدەن!

 

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …