خرۆشانی جەماوەری لە شارەکانی ئێران دژی رژێمی  جمهوری ئیسلامی

گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی:

ئۆکتۆبەر: خرۆشانی جەماوەری ژنان و لاوان و خەڵکی ستەمدیدەی ئێران، کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی تەقیەوە، نزیک دەبیتەوە لە دومانگ و رۆژبەرۆژ فراوانتر و توندتر دەبێتەوە، رژێمی ئیسلامی بەهەموو شێوەیەك لەهەوڵی کپکردنەوەو سەرکوتکردنیدایە، بەڵام بەردەوامبوونی بۆ ئەم ماوە زۆرە، ئەوە نیشان دەدات کە رژێم توانای سەرکوتکردنی ئەم خرۆشانەی نەبێت!

بەبڕوای ئێوە هۆکاری ئەوە چیە کە ئەمجارەیان، بەپێچەوانەی جارەکانی دیکەوە، ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی خەڵك بەوجۆرە بەردەوامی هەیە؟

رێبوار ئەحمەد: ناکامیی تائیستای رژێمی ئیسلامی لە سەرکوتکردن و بەرگرتن بەم خرۆشانە جەماوەریە، لە گشتی ترین ئاستدا لەلایەک بەرئەنجامی بەرفراوانی خرۆشانەکەیە لە روی جوگرافیەوە و لەلایەکی ترەوە بەرئەنجامی گۆڕانی هەلومەرج و هێزهاوسەنگیە لەنێوان خەڵک و رژێمدا. ئەم هاتنەمەیدانە ئەوەندە بەرفراوانە کە رژێم فریای سەرکوتی ناکەوێت و هیزەکەی بەشی ناکات. بەجارێ دەیان شار و لە چەندین مەیدانی هەر شارێکدا جەماوەر، هەرچەندە لە ئاستێکی سنورداردا، هاتونەتە مەیدان. بەڵام فاکتەرێکی گرنگتر، گۆڕانی هیزهاوسەنگیە بەزیانی رژێم. بەمانایەکی تر هەلومەرجەکە گۆڕاوە. لە دڵی هەلومەرجی ئیستادا، دەربرینی نارەزایەتی و نا وتن بە رژێم بەتەواوی خۆی سەپاندوە. تازە هاوسەنگی هێز ئەوەی تێپەراندوە کە نا وتن بەم رژێمە بەریبگیرێت و رژێم بتوانێ حەرامی بکات. راستە لەو رۆژەوە کە ئەم رژێمە هاتوەتە سەرکار بەردەوام خواستی لەگۆرنانی رژێم و تەنانەت بزوتنەوەی روخاندنی ئەم رژێمەش لەئارادا بووە، بەلام ئیستا ئیتر هاوسەنگیەکە گۆراوە. دژایەتی لەگەل رژێم داسەپاوە و رژێم ناتوانێ بە کردەوە بەر بەمە بگرێت. ئەم هاوسەنگیە بەجۆرێک گۆڕاوە کە کەلێن و ناکۆکی ناوخۆی رژێمی قوڵکردوەتەوە. ئەمە پێشرەویەکی ستراتیژی زۆر گرنگە لەرێگای روخانی رژێمدا.

هەلبەت رژێم تائیستا درێغی نەکردوە لە سەرکوت و کوشتار، بەڵام هێشتاش نابێ مەترسی سەرکوت و لەخوێنهەڵکێشانی بزوتنەوەکە بەکەم بگرین. چاوەروانی سەرکوتی زۆر فراوانتر لەم رژێمە دەکرێت کاتێک مەترسی ڕوخانی گەورەتر دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا نەوەیەک کە ئیستا پێکهاتەی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە پێکدەهێنێت، دڕی بە سەرکوت و تۆقاندنی رژێم داوە. تازە رژێم هەرچیەک بکات توانای ئەوەی نەماوە ئەم نەوەیە وەکو نەوەکانی پێشوو بەتایبەت نەوەی شۆرشی ساڵی ١٩٧٩بتۆقێنێ. تەنانەت ئەو سەرکوتەی دەیکات دەبێتە بورکانی توڕەیی و دەچێتەوە بە گژی خۆیدا. فاکتەرێکی تر کە گوشاری داناوە لەسەر رژێم، ئەو پشتیوانیە مەزنە جیهانیەیە کە لە هەر چوارگۆشەی جیهانەوە هاتوەتە مەیدان. ئیتر سەردەم سەردەمی سەرەتای هەشتاکان نیە کە رژیمی ئیسلامی چارەکە ملیۆنیک لەناو چواردیواری ئیراندا دوور لە چاو و لە دەخالەت و کاردانەوەی خەڵکی دنیا، بە پەتی سیدارە بخنکێنێ. ئێستا گوشارێکی توند و فراوانی جیهانی بەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانی دەستی بەکرێگیراوانی رژێمەوەیە کە نیشانەیان لە خەلکی راپەریو گرتوە. بەشەریەتی موتەمەدینی جیهان لەئاسێکی فراواندا بۆ پشتیوانی لەم خرۆشانە شۆڕشگێرانەیە هاتوەتە مەیدانەوە. لەراستیدا ئەم خرۆشانە بە کردەوە بووە بە بزوتنەوەیەکی جیهانی. کاریگەری زۆری بووە لەسەر جیهان و گۆرینی ئەو فەزا فکریە کۆنەپەرستانەیەی کە بورژوازی غەربی لەسەر کۆمەلگاکانی وەکو ئیران برەوی پێداوە. ئەو زهنیەتە نەژادپەرستە راسیستی و دژی ژنانەی کە لە قاڵبی نسبیەتی فەرهەنگیدا(هەرکەس بەپێی فەرهەنگی خۆی) بورژوازی لە غەربدا بیروهۆشی جەماوەری پێ لەقالبدابوو، خەریکە لەژیر کاریگەری ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێرە ژنانەیەدا تەفروتونا دەبێت. واتە نە تەنیا خەلکی ئازادیخواز و بزوتنەوە پێشکەتوانەکان لە ئاستێکی بەرینی جیهانیدا بۆ پشتیوانی لە خەلکی ئیران هاتونەتە مەیدانەوە، بەلکو جیهان بە توندی لەژێرکاریگەریی ئەم بزوتنەوەیەدا قەراری گرتوە و مەسەلەی ژنانی بردە قۆناغێکی ترەوە و زهنیەتی جیهانی بەرامبەر مەسەلەی ژن گۆڕیوە. بە دیاریکراوی هەم لە ئاستی جیهان و هەم بە تایبەت لە ئاستی ناوچەکەدا تین و تەوژێکی بەهیز دەدات بە بزوتنەوەی ئازادی ژنان و یەکسانیخوازی بە گشتی.

 

ئۆکتۆبەر: ئێوە هۆکارەکان و ناوەرۆکی سیاسی- کۆمەڵایەتی ئەم بزوتنەوەو خرۆشانە چۆن لێك دەدەنەوە؟

ڕێبوار ئەحمەد: ئەمە بزوتنەوەیەکی شۆڕشگیرانە و رادیکال و چەپە. دروشمی سەرەکی و بەرجەستەی ئازادی و یەکسانیە. ئەم بزوتنەوەیە کە نیشانەی لەسەرتاپای رژیمی ئیسلامی و ماهیەتی رژێم گرتوە، خەسلەت و ناوەرۆکی جمهوری ئیسلامی خەسلەت و ناوەرۆکیکی شۆڕشگێرانە و چەپی بەم بزوتنەوەیە بەخشیوە؛ واتە خەسلەت و ناوەرۆکی ئەم خرۆشانە دروست لە بەرامبەر خەسلەت و ناوەرۆکی رژێمی ئیسلامی و کارکردی زیاتر لە ٤٠ سالی ئەودا خۆی گەڵالە کردوە.

بەوپێیەی ئەم رژێمە ئیسلامیە، بزوتنەوەکەش دژی ئیسلام و دژی دین و نەریتە دینیەکانە. بەوپێییەی ئەم رژێمە بەشێوەیەکی توندرەوانە دژی ژنە، بزوتنەوەکەش بەشێوەیەکی توندڕەوانە ژنانەیە و ئازادی ژنی کردوە بە دروشمیکی سەرەکی و مەسەلەی یەکسانی کردۆتە ئاڵای خۆی. بەوپێییەی ئەم رژێمە پارێزەری هەژاری و زولم و ستەمی سەرمایەیە، بزوتنەوەکەش دژی هەژاری و نەداری و تەنانەت دژی کەپیتالیستیە. بەوپێیەی ئەم رژێمە دژی ئازادی و سەرکوتگەرە، بزوتنەوەکەش بەهەمان رادە ڕادیکاڵ و ئازادیخوازە. هەر بەم جۆرەش لەبوارەکانی تردا. بنەما و پایەکانی ئەم بزوتنەوەیە بریتیە لەو زولم و ستەم و ئاپارتاید و سەرکوت و هەژاری و نەداریەی کە دەیان ساڵە ئەم رژێمە بەسەر کۆمەلگای ئیراندا  دایسەپاندوە. قڵشت و ناکۆکیە قوڵەکانی ناو ئەم کۆمەلگایە و ستەم و بێدەرەتانی بەئاستێک گەیشتوە کە ئیتر بۆ جەماوەری ستەمدیدە  تەحەمول ناکرێت. بۆیە نەفرەت و توڕەیی کەڵەکەبووی دەیانساڵەی خەلکی ئیران، لەجەرگەی هەلومەرج و هێزهاوسەنگی ئیستادا دەرفەتی تەقینەوەی پەیداکردوە بۆ هەڵپێچانی سەرتاپای ئەم رژیمە.

ئەم خرۆشانە جەماوەریە چەپە و لەیەکەم هەنگاویدا چەند خاڵی گرنگی بەقازانجی پلاتفۆرمی کۆمۆنیستی تۆمارکردوە. بەرجەستەکردنەوەی ئازادیی ژن و یەکسانیخوازی، پێداگری لەسەر ئازدی و دژایەتی ئیسلام، وەستانەوە دژی نەداری و بێدەرەتانی سەرمایەداری و…، کە بەشگەلی گرنگن لە پلاتفۆرمی کۆمۆنیزم و ڕاستەوخۆ بەچینی کرێکارەوە پەیوەستن، هەر لەئیستاوە پێگەیەکی بەهیزیان لەم حەرەکەتەدا پەیداکردوە. ئەمانە تەنها دروشم و خواست نین. ئەمانە بەشیکن لەخەسلەتی بزوتنەوەکە و ئامانجەکانی و ئایندەی ئیران و تەنانەت ناوچەکە و جیهانیش، بە توندی دەکەونە ژیر قورساییانەوە. بەبروای من لە سایەی ئەم هەلومەرجەدا کۆمەلگای ئیران و فەزای گشتی ناوچەکە بەرەو چەپ وەرچەرخاوە. ئەمەش دەرفەتێکی فراوانی بەروی کۆمۆنیزمدا کردوەتەوە بۆ نەخشاندنی ئایندەی ئەم کۆمەلگایە و دەبێ بەباشی کەلکی لێ وەرگرین.

ئۆکتۆبەر: ئێستا خەڵکی ڕاپەڕیو خودی بەدەنەی رژێمی جمهوری ئیسلامی نیشانە گرتوە. دروشمی   “مردن بۆ جمهوری ئیسلامی” ، “جمهوری ئیسلامیمان ناوێ” دوو دروشمی زۆربەی خۆپیشاندان و ڕوبەرووبونەوەکانن لەگەڵ دەزگا سەرکوتگەرەکانی رژێمدا. ئایا دەکرێ بڵێین ئەم بزوتنەوەیە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی پێشووتر جیاوازە؟ ئەمجارە خەڵکی ئێران ئەو بڕیارەیان داوە کە لە شۆڕشێکی سیاسیدا کۆتایی بەدەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی بهێنن؟

رێبوار ئەحمەد: بزوتنەوەی روخاندنی جمهوری ئیسلامی بەئەندازەی تەمەنی ئەم رژێمە تەمەنی هەیە. ئەم بزوتنەوەیە درێژەی هاتنەمەیدانەکانی پێشوە. رادیکاڵبوون و یەکسانیخوازیەکەی بەرئەنجامی رۆڵی چینی کریکارە لەمەیدانی سیاسی ئیراندا. بەدیاریکراوی ئەم بزوتنەوەیە بەتوندی لەژێر کاریگەری راستەوخۆی خرۆشانە جەماوەریەکانی ساڵانی  ١٣٩٦ و ١٣٩٨ کە بەراپەرینی برسیەکان بەناوبانگن. ئەم بزوتنەوەیە پشتی بە دەسکەوتەکانی مانگرتنە فراوانەکانی پێنج ساڵی رابردوی چینی کریکار بەستوە کە لە ناوەندە پیشەسازیە سەرەکیەکانی وەکو( ئاسن و هفت تپە تا کانەکان و نەوت و گاز و پیتیرۆکیمیاوی) خۆی نیشاندا. ئەو مانگرتنانە سیمای سیاسی ئیرانیان گۆری و رۆڵی چینی کریکار و ئازادیخوازی ئەم چینە و خواستی بەڕێوەبردنی شورایی لە سەراسەری ئیراندا بەرجەستەکردەوە. چەپبوون و رادیکالبوونی ئەم بزوتنەوەیەی ئێستا و بەرجەستەبونەوەی یەکسانی، بەشێکە لە کاریگەری و رۆڵی چینی کریکار لە ئاڵوگۆرەکانی ئەم سالانەی دوایی ئیراندا. چینی کریکار لەم ساڵانەی دواییدا مۆری ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی داوە لە سیاسەت. ئەمە ئالوگۆرێکی قول و کاریگەر بوو کە گشت بەرەی راستی کۆمەڵگا بە دەسەلاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە پێی هەراسان بوون.

بۆیە وانیە کە خواستی روخانی رژیم تازە هاتبیتە کایەوە لەلایەن خەلکی ئیرانەوە. بەلام جیاوازی ئەم خرۆشانە لەچاو ئەوانەی پێشوتر لەوەدایە کە پانوبەرینتر و سەراسەریتر و رادیکاڵتر و تارادەیەکی زۆریش بەرچاورۆشنە. بزوتنەوەی روخاندنی رژێمی ئیسلامی کە دەیانسالە لەمەیدان و برەودایە، لەژیر کاریگەری هەلومەرج و روداوە ناوخۆیی و جیهانیەکاندا هەندیکجار پەرەی گرتوە و هەندیکجار خاوبوەتەوە. هەر دەرفەتێکی دەستکەوتبێت هاتوەتە مەیدانەوە. بەڵام ئەم بزوتنەوەیە پێویستی بەوە بوو کە رێکخراو بێت و خاوەن ئاسۆیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانە و رابەریەکی رادیکال و سەراسەری بێت کە بتوانێ هەنگاوبەهەنگاو بەرەوتێکی دروست و سەرکەوتودا بەرەوپێشی بەرێت. ئیستا خاراوتر و پانوبەرینتر و بەرچاوی رۆشنتر و رادیکالتر بوەتەوە، کە بە رۆشنی لە دروشمەکانیدا خۆی نیشان ئەدات. هیچ خۆشباوەریەکی بەهیچ یەک لە باڵەکانی رژیم نیە و پێداگرە لەسەر هەڵپێچانی سەرتاپای ئەم رژیمە. ئەگەر بەشێوەیەکی سەرەتایش بێت رەوتی ریکخراوبونی دەستی پیکردوە. هەروەکو پێشتریش باسمانکرد بەشیکی تر لە جیاوازیەکانی ئەم بزوتنەوەیەی ئیستا پەیوەندی بە هەلومەرج و گۆڕانی هاوسەنگی هیزەوە هەیە بە زیانی رژێم. دەکرێ بڵێین ئەم بزوتنەوەیە کە دەمێکە لە مەیداندایە پێیناوەتە قۆناغێکی تازەوە، قۆناغیک کە راهینان دەکات لەسەر دابینکردنی مەلزوماتەکانی روخاندنی شۆڕشگێڕانەی رژێم. لەم ریگایەشدا زۆر بەخیرایی بەرەوپێش دەروات. ئەگەر بتوانێ لەسەر رێچکەیەکی دروست و دوور لە ریسک و هەنگاوی پێشوەخت برواتەپێشەوە، دەتوانیین بڵێن ئەمرۆژانە تازە رۆژە خۆشەکانی جمهوری ئیسلامی دەبن.

 

ئۆکتۆبەر: لەڕووی سیاسیەوە دەکرێ چ ناوێك لەم خرۆشانەی ئێستا بنێین؟ هەندێك بە شۆڕش ناوی دەبەن و هەندێك بە ڕاپەڕین. ئایا کام تێرمی سیاسی دەتوانرێ مانایەکی راست و دروست لەم خرۆشانە جەماوەریە بدات بەدەستەوە؟ ئەگەر ناکرێ بە شۆڕش و راپەڕین ناوی بەرین بۆچی؟ دەبێ چی روبدات تا ئەم خرۆشانەی خەڵك تا ئاستی شۆڕش و راپەڕین بڕوات؟ ئایا دەکرێ بڵێین کە ئێستا بارودۆخی سیاسی ئێران بە هەلومەرجێکی شۆرشگێڕانەدا تێدەپەڕێت؟

ریبوار ئەحمەد: بێگومان ئیران لە هەلومەرجیکی شۆڕشگیرانەدا قەراری گرتوە. ئیرادەی شۆڕشگیرانەی جەماوەری کریکار و زەحمەتکێش پەرەیگرتوە و دەیانەوێ کۆتایی بهینن بەم رژێمە. ناکۆکی و مەینەتەکانی بەجێگایەک گەیشتون کە ئیتر بۆ جەماوەری خەڵک لە تەحەمولکردن نایەن. لەروانگەی خەڵکی راپەریوەوە هەموو ڕێگاکان بۆ ئالوگۆر و باشتربوونی دۆخەکە داخراوە و تەنها رێگا هەڵپێچانی رژێمە. خودی رژێمیش دوچاری قەیرانێکی سیاسی و ئابوری خنکێنەرە و ریگای دەربازبوونی لەبەردەمدا نیە. دەربارەی ئەوەی کە ئایا ئەمە شۆرشە یان راپەرین یان کام تێرمی سیاسی دەتوانێ بە دروستی تەعبیری لێ بکات، هەرچەند رەنگە بەشێک لە چەپەکان پێی قەڵس بن، من ناوی هەستان یان بزوتنەوەی نارەزایەتی شۆرشگیرانەی بۆ هەلدەبژیرم. شۆڕش پرۆسیسێکە و بێگومان ئەمە بەشێکە لەو پرۆسیسە، بەڵام ئەگەر لە دەستەواژەی راپەرین وردبینەوە مانای هەستانێکی جەماوەریە بۆ پەلاماردانی دامودەزگاکانی رژێم و تەفروتوناکردنیان. هێشتا بەم مانایە راپەرین نیە. ئەم خرۆشانە جەماوەریە هەرچەندە کە هەتا بڵێی رادیکاڵ و توند و پانوبەرین و پرشۆڕوشەوقە و ئامانجی روخانی رژێمە، بەڵام هیشتا لەقاڵبی دەربرینی نارەزایەتیدایە. خاڵی دەستپیکردنەکەشی کاردانەوەیەکی مەزن بوو بەرامبەر تاوانێکی درندانەی رژێم. بیگومان ئەو خالی دەستپیکردنە زۆر یەکلاکەرەوە نیە. ئەم نارەزایەتی و نەفرەتە فراوانە ئەگەر بەرامبەر تاوانی کوشتنی مەهسا ئەمینیش نەبوایە هەر لەجێگایەکی ترەوە دەتەقیەوە. بەهەرحال من پیموایە شۆرشێک لەئیراندا لە حالی شکلگرتندایە و رژیمی ئیسلامی ناتوانێ خۆی لەم شۆرشە لابدات، بەلام ئەوەی کە کەی بەئەنجام دەگات و چ پرۆسەیەک دەبریت و چ هەوراز و نشێو و تەحەدیاتێک دێتە بەردەمی، بە زۆر فاکتەرەوە گرێی خواردوە.

 

ئۆکتۆبەر: لایەنە لاوازەکان و مەترسیەکانی بەردەم ئەم خرۆشانە چیە و تۆ چ رەوت و پرۆسەیەک بۆ سەرکەوتنی پێشبینی دەکەیت؟ رۆلی چینی کریکار لەم خرۆشانەدا چۆن هەلدەسەنگینی؟

رێبوار ئەحمەد: مەترسی گەورە یاریکردنی نامەسئولانەیە بەم بزوتنەوەیە کە ئەحزابی راستڕەو و تەنانەت بەشێکی بەرچاویش لە چەپەکان ئەیکەن. هاندانی یەکلایەنە بۆ هاتنەسەرشەقام و خۆپێشاندانی هەموو رۆژە بەبێ گویدانە قوربانیەکان و ئەو خوێنەی رۆژانە دڕژێت، هاندان و پەلکێشکردنی بزوتنەوەکە بۆ بەرپاکردنی شەڕی پێشوەخت لەگەڵ رژێم، کە هۆکار و دەرفەت و پاساو دەدەنە دەست رژێم بۆ سەرکوتی خوێناوی، مەترسیەکی گەورەیە لەبەردەم ئەم بزوتنەوەیە. ئیستا جەنگیکی واقعی لەنیوان جەماوەری خەڵک و رژیمی ئیسلامی لەئارادایە. ئەمە بەراستی جەنگە. دەبی مەیدانەکان و شیوازەکان و ئامرازەکانی بەدروستی دەستنیشان بکرێت، بەجۆرێک کە دەرفەتی پەلامار لە رژیم تەنگ بکاتەوە. بەتایبەتی کە رژێمی جمهوری ئیسلامی سەرتاپا چەکدار و خاوەن گەلێک دامودەزگای پیسی سەرکوتگەرە و ئامادەیە خوێنێکی زۆر برژێت بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆی. بزوتنەوەی روخاندنی ئەم رژێمە رێگایەکی پڕ پێچ و دەورانی لەبەردەمدایە. ئەگەر بەڕێرەوێکی دروستدا نەرواتەپێش و دروست مامەلە لەگەل دۆخەکە نەکریت، مەترسی ئەوە لەئارادا هەیە کە لەم جەنگەدا ئەگەر بەشێوەی کاتیش بێت شکست بخۆین، یان قوربانیەکی لەرادەبەدەر بدەین. مەترسی ئەوە هەیە دوچاری زەربەی کاریگەر ببین و رەوتی شۆرش پێچ و دەوەران و ئالۆزی تیبکەوێت.

لەم جەنگەدا دەبێ بەوپەری هوشیاریەوە هەنگاوبەهەنگاو برۆینەپێشەوە. دەبێ لەهەر هەنگاوێکدا تاکتیکی دروست بگیرێتەبەر و خواست و دروشمی ئەوتۆ بخریتەڕوو کە توانای داسەپاندنی هەبێت. بۆنمونە ئەوە روونە کە بزوتنەوەکە لەم ئاستەی ئیستایدا توانای روخانی رژیمی نیە. بەم ئاستە لە هاتنەمەیدان و بەم ئاستە لە ئامادەییەوە ناتوانێ رژێم بروخینێ. بەلام ئەتوانێ بۆنمونە حیجابی ئیجباری هەلوەشینێتەوە. دەتوانێ ئەو هەزاران کەسەی دەستگیرکراون ئازاد بکات. دەتوانێ فەزایەکی سیاسی ئاوەڵاتر داسەپێنێ بەسەر رژێمدا. دەتوانرێت لەگەرەک و کارگە و زانکۆ و قوتابخانە..و.. بەشێوەی دیفاکتۆ یاسا و رێسا ئیسلامی و دەوڵەتیەکان توڕهەڵدرێن…و…ئەمانەش جگە لەوەی کە خۆیان لەخۆیاندا دەسکەوتی گرنگن، لەهەمانکاتدا رەوتی روخانی رژێم هەمواردەکەن. هاوسەنگی هێز بەقازانجی شۆرش زیاتر دەگۆڕن. حەماس و توانای شۆڕشگێرانەی زیاتر بە بزوتنەوەکە دەبەخشن. تا دەگاتە ئەو ئاستەی لە هەستانیکی جەماوەری هێرشبەرانە بۆسەر دامودەزگاکانی رژێم و راماڵینیان بە سەرکەوتن دەگات. بێگومان ئەمەش ئامادەیی و مەلزوماتی خۆی پێویستە. ئاشکرایە کە بزوتنەوەکە هێشتا لەو ئاستەدا نیە کە هێرش بەریت بۆ هەڵپێچانی دامودەزگاکانی رژێم. ئەگەر لە ئێستادا کاری وا بکرێت ریسکێکی گەورەیە، دەستبردنە بۆ جەنگیک کە کاتی نەهاتوە و ئامادەیی بۆ نەکراوە، ئەگەر پێش کاتی خۆی دەست پێبکات رژێم تیایدا براوە دەبێت. تەنانەت ئەو هاندانەی کە بەرەی راست و بەشیکی زۆر لە لایەنە چەپەکانیش دەیکەن بۆئەوەی هەموو رۆژ خەلک بڕژێنە سەرشەقام و دروشمی مەرگ بۆ رژێم بڵێنەوە، جۆرێکە لە جەنگی پێشوەخت. ئەوان بۆیان گرنگ نیە کە چ قوربانیەک دەدرێت و چ کوشتاریک لە خەلک دەکریت. خەونی ئەوەی کە بەمجۆرە رژێم دەروخێت و ئەوان دەرۆنە سەر کورسی دەسەلات، سەرمەستی کردون. بەڵام ئەگەر لەروانگەی بەرژەوەندی بزوتنەوەکەوە چاوی لێ بکەین، هەموو رۆژ چوونەسەر شەقام و وتنەوەی دروشمی مەرگ بۆ رژێم و مانەوە لەم چوارچێوەیەدا کارساز نیە. تەنها دوبارەکردنەوەی خۆپیشاندان جگە لەو قوربانیەی کە خەلک دەیدات، سەرئەنجام خەلک ماندوو دەبێت، بەبێ ئەوەی دەستکەوتێکی مەلموسی سەپاندبێت. ئەمەش زەربە لەروحیەتی شۆڕشگێرانە دەدات. لەجیاتی ئەوە دروست وایە لە هەر هەنگاوێکدا لەسەر خواست و دروشمی ئەوتۆ پێدابگرێت کە بتوانێ رژێم تەسلیم بە خواستەکانی بکات.

رژێم لەگەل دروشم و خواستی بروخێ سازش ناکات و تەسلیم نابیت، بەلام ئەگەر لە ئیستادا پیداگری لەسەر هەلوەشانەی حیجابی ئیجباری و ئازادی دەستگیرکراوەکان و ئازادی سیاسی بکرێت، دەتوانرێ هەنگاویکی تر هاوسەنگیەکە بە قازانجی خەلک و بزوتنەوەی روخاندنی رژیم بگۆڕێ. دەبێ ئەوەمان لا رون بێت کە بزوتنەوەی روخانی رژێم تەنها خۆپیشاندان نیە، تاکتیک و سیاسەتی پیویستە، ئاسۆی سیاسی و هوشیاری پیویستە، یەکگرتن و ریکخراوبون و سازمانی پیویستە، رابەری پیویستە. بەدیهینانی ئەم مەلزوماتانە خۆی بەشێکە لەپرۆسەی شۆڕش و ڕاپەڕین. ئەمانە دەبێ لە دڵی ئەم بزوتنەوەیەدا کە هەر رۆژە هەنگاوێک پاشەکشە بەسەر رژیمدا دەسەپێنی، فەراهەم ببن و بزوتنەوەکە مەحکەم و بەهیزتر و بەرچاورۆشنتر و ریکخراوتر بێت و بەرەوتیکی دروستدا بەرەوپێش بروات. تا دەگاتە ئەو ئاستەی توانای هەبیت بەهەستانیکی جەماوەری هێرشبەرانە رژیم و سەرجەم دامودەزگاکانی رابمالێت. لەرەوتی چونەپێش بەم ئاراستەیەدا دەکرێت ئاستەنگیەکانی ئیستای بزوتنەوەکە هەڵبگیرێت. مەبەستم لەوەیە کە بزوتنەوەکە لەگەڵ ئەوەی لەرووی پانتایی جوگرافیەوە پان و بەرینە، بەڵام هێشتا بە ئەندازەی پێویست جەماوەری نیە و لەروی بەشداری خەلکەوە سنوردارە. پیویستە بەو ئاقارەدا بڕواتەپێش کە جگە لە لاوان، جەماوەری فراوانی خەلک بگرێتەبەر. هەلبەت مەبەستەکەم هەرئەوە نیە کە حەتمەن جەماوەری فراوانی خەڵک بە خۆپیشاندانی ئێستاوە پەیوەست بن، بەڵکو مەبەستم بەشداری جەماوەرە لە دەستەبەرکردنی مەلزوماتەکانی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە بۆ هەڵپێچانی یەکجاری رژێم.

مەسەلەیەکی زۆر گرنگی تر ئەوەیە کە لە گەرەک و کارگە و مەیدانەکانی کاردا کۆبونەوە گشتیەکان بەرپابکرێن. لەو کۆبونەوانەدا گفتوگۆ لەسەر چیکردن و چۆنکردن بکرێت، بۆئەوەی یەکدەستی و هاودلی و یەکێتی لەناو جەماوەر بێتەکایەوە. ئەم کۆبونەوە گشتیانە بکرێنە بنەمای دامەزراندنی شوراکان و رێکخراوەکانی گەرەک و کارگە و فەرمانگەکان. بەوجۆرە بەریزی یەکدەست و ریکخراو و بەبەرچاویکی رۆشنترەوە هەررۆژە تین و تەوژمیکی تر بدریت بە هاتنەمەیدان و بەردەوام گوشارەکان لەسەر رژیم و مەیدانەکانی جەنگ لەگەلی فراوانتر بکرینەوە. رێکخراوبوون و بەرپاکردنی شورا و یەکیتی و کۆمیتەکانی شۆرش و..هتد مەرجیکی هەرە گرنگی بەهێزبوون و چوونەپێشە بە ئاراستەیەکی دروستدا. دامەزرانی ئەم ریکخراوانە کە مایەی یەکدەستی و یەکدەنگیە لەناو جەماوەردا، بایەخەکەی لە خۆپیشاندان زیاترە نەک کەمتر. ئەوەی کە دەتوانێ ئەم بزوتنەوە بەرێتە قوناغێکی بەرزترەوە و نزیکتری دەکاتەوە لەو ئاستەی کە هەم توانای روخانی رژیم و هەم توانای نەخشاندنی ئایندەی دوای جمهوری ئیسلامی هەبێت، شکلگرتنی ئەم ریکخراوانەیە. ئەمرۆ وەکو ئامرازی خەبات و یەکێتی و هاودەنگی و رابەری رۆلی خۆیان دەگیرن و سبەینیش ئۆرگانی دەسەلاتداریتی جەماوەری دەبن.

مەسەلەیەکی زۆر چارەنوسساز رۆلی پێشرەوانەی چینی کریکارە. پێشتر باسم کرد کە رادیکالیەت و یەکسانیخوازی ئەم بزوتنەوەیە بەشێکە لە کاریگەری ئامادەیی چینی کرێکار لەمەیدانی سیاسی ئیران لەم ساڵانەی دواییدا. ئیستاش بریاری کۆتایی بۆ روخانی شۆڕشگیرانەی رژیم بەرای من بەدەست چینی کرێکارە. ئەوەی کە سەرئەنجام دەتوانێ پشتی رژێم بشکێنێ و بڕستی لێ ببڕێت، هاتنەمەیدان و رۆلی رابەری ئەم چینەیە. بەلام پێداگری من لەسەر رۆلی چینی کریکار هەر بەو مانایە نیە کە حەتمەن دەبێ کریکارانیش لە کارگە و پرۆژەکانەوە بینەمەیدان و پەیوەستبن بە خۆپیشاندانەکانی ئیستاوە. خۆپیشاندان هەمووشت نیە. مەسەلەی هەرە گرنگ بەبروای من ئامادەکاری رابەران و پێشرەوانی ئەم چینەیە بۆئەوەی چۆن بە ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی و بە ئاسۆی سۆسیالیستی و بەریزیکی ریکخراوەوە لەئیستا و ئایندەی ئەم بزوتنەوەیەدا رۆلی پێشرەوانە بگیریت. رۆلی پێشرەوانەی چینی کریکار هەم بۆ روخانی شۆرشگیرانەی رژیم هەم بۆ چەسپاندنی بەدیلی شۆرشگیرانەی دەسەلات زۆر چارەنوسسازە. بەبێ ئەمە روخانی رژێم بەشێوەی شۆڕشگیرانە ئەستەم و هاتنەسەرکاری بەدیلێکی شۆرشگیرانە کە خواست و ئامانجەکانی جەماوەری ستەمدیدە دەستبەر بکات، مەحالە. دەستبردن بۆ فەراهەمکردنی مەلزوماتەکانی ئەم رۆلەی چینی کریکار لەلایەن رابەرانی عەمەلی و کۆمۆنیستی کریکاریەوە، زۆر گرنگترە لە خۆپیشاندان. هەرچەند لە دەیان سالی رابردودا چینی کرێکار هیچ کات مەیدانی وەستانەوە بەرامبەر رژێمی خاڵی نەکردوە. هەر لەم خرۆشانە جەماوەریەشدا بەشێوازی گونجاوی خۆی، بە مانگرتنەکانی، بەشداری هەبوە و لە پشتی دروشم و داخوازیەکانی راوەستاوە. چینی کرێکار بەوێنەی رابەری کۆمەڵگا بۆ رزگاری یەکجاری، دەبێ بە ڕیز و ئالای سیاسی سەربەخۆی سۆسیالیستیەوە ئەم بزوتنەوەیە بەرەو ئازادی و یەکسانی واقعی رابەری بکات.

 

ئۆکتۆبەر: کۆمۆنیستەکان دەتوانن و دەبێ چ ڕۆڵیك ببینین لەم خرۆشان و هەلومەرجە شۆرشگێڕانەیەی ئیستادا، تا بتوانن نەخشی خۆیان و چینی کرێکار وەکو رابەری شۆڕش و هێزی سەرەکی بۆ سەرنگونکردنی جمهوری ئیسلامی بەرجەستە بکەن؟  بەتایبەتی پاراستنی بزوتنەوەکە لە هەوڵەکانی بۆرژوازی و باڵی راست بۆ خۆکردن بە کوێخای خەڵك و نوێنەری شۆڕش مەترسیەکە. چۆن دەکرێ ئەم مەترسیە پووچەڵ بکرێتەوە؟ ئایا پێکهێنانی بەرە و بلۆکێکی چەپ و کۆمۆنیستی یان هاوکاری و کاری هاوبەش لە نیوان هیزە چەپ و کۆمۆنیستیەکان بۆ هەلومەرجی ئێستا پێویست و حەیاتی نیە؟

رێبوار ئەحمەد: با لەم بەشەی کۆتایی پرسیارەکەتانەوە دەست پێبکەین. بەرای من ئەم دۆخە پیویستی بەوەیە کە کۆمۆنیزمی کریکاری بەوینەی نەرێت و خەتیکی سیاسی جیاواز و سەربەخۆی تیژ و دەخالەتگەر خۆی بنوێنی و جیاوازیەکانی خۆی بەرۆشنی لەگەل سەرجەم بزوتنەوە و نەریت و لایەنە سیاسیەکان بە چەپ و راستەوە بەرجەستە بکات. کۆمۆنیزمی کرێکاری بە بەرجەستەکردنی تایبەتمەندی و جیاوازیەکانی خۆی دەتوانێ بەهیزبێت و هەژمونی پەیدا بکات. ئیمە دەزانین کە لە دنیای ئیستادا و بە دیاریکراوی لە ئیراندا چەندین رەوت و ئەحزابی سیاسی سەر بە بزوتنەوە غەیرە کریکاری و بورژوازیەکان لەژیر ناوی چەپ و کۆمۆنیزمدا کار دەکەن. ئەمانە هەرکامیان جۆرێکن لە کۆمۆنیزمی بورژوازی. کۆمۆنیزمی کریکاری نابێ و ناکرێ لەگەل هیچ لایەنێکی سەر بە بزوتنەوەیەکی کۆمەلایەتی دیکە، بە ناوی بەرە یان هاوکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، لەبیری دروستکردنی بلۆک و بەرەدا بیت، تەنها لەسەر ئەو بنەمایەی کە خۆیان بە چەپ و کۆمۆنیست دەزانن. بۆ کۆمۆنیزم ئەوە بنەمایە کە هەر لایەنێک لە واقعدا سەر بەکام بزوتنەوەی کۆمەلایەتیە نەک چ ناوێکی لەسەر خۆی داناوە. بیگومان ئەگەر باسی بەشەکانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی و کۆمۆنیزمی چینی کریکارە، ئەوە لە هاوکاری عەمەلی و بلۆک و بەرە دروستیکردنیش زیاتر پێویستە. هەموو بەشەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی دژی کەپیتالیستی چینی کرێکار پێویستە لە حزبێکی کۆمەلایەتی گەورەدا یەکانگیر ببن. بەلام ئەگەر باسەکە دەربارەی کاری هاوبەش و بلۆک و بەرە دروستکردنە لەگەل هیزگەلیک کە بە خۆیان دەڵێن چەپ و کۆمۆنیست، بەڵام لەروی کۆمەلایەتیەوە بەشیک نین لە بزوتنەوەی سۆسیالیستی دژی سەرمایەداری چینی کریکار، ئەوە نەک کۆمەک ناکات بەڵکو دەبیتە مایەی سەرلێشیواندن و پەردەپۆشکردنی ئەو جیاوازیانەی کە دەبێ کۆمۆنیزم بەرجەستەی بکات. پێکهێنانی بەرە و بلۆک و ئیتحاد عەمەل لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانە لەژێر ناوی هاوکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، خۆی جۆرێکە لە شایەتیدانی ناڕەوا لەسەر کۆمۆنیست بونی ئەو هێز و لایەنانە. لە کاتێکدا بە پێجەوانەی ئەمەوە ئەرکی کۆمۆنیزمی کرێکارییە پەردە لەسەر کۆمۆنیست نەبونی ئەوان لابدات و بۆ جەماوەری کریکار و زەحمەتکێشی رون کاتەوە کە ئەوان بەشێک نیین لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی چینی کریکار، بەڵکو بەشێکن لە بزوتنەوەی چینەکانی تر و تەنها بۆ راکێشانی سەرنجی چینی کریکار و جەماوەری زەحمەتکێش ناوی کۆمۆنیزمیان لەسەر خۆیان داناوە.

هەڵبەت دەکرێت لە حاڵەتی تایبەتی و دیاریکراودا کۆمۆنیزمی کریکاریی کارێکی هاوبەشی دیاریکراو لەگەل لایەن و ئەحزابی دیکە بکات. بۆنمونە دانی مەنشور یان بەلگەنامە بۆ روخاندنی شۆڕشگێرانەی رژێم کە هەژمونی ئاسۆی شۆڕشگیڕانە بەهێز بکات، ئەویش نەک لەژێر ناوی مەنشوری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بەلکو تەنها بە ئیمزای ئەو حزبانەی کە هاورا دەبن لەسەری. یان بەرگری لە ئازادی سیاسی و پاریزگای لە مەدەنیەتی کۆمەلگا، یان بەرگرتن لە سیناریۆی قەومی و مەزهەبی و چۆنیەتی دەستکۆتاکردنی تاقمە قەومی و مەزهەبیەکان، یان وەستانەوە دژی ئەگەری دەولەتانی غەربی و ناوچەکە، یان هەر مەترسیەکی تر کە بەکردەوە هەرەشەیەک بیت لەسەر کۆمەلگا، یان بۆ بەرگری لەخواستیکی هەمەگیر یان هاوکاری بۆ سازدانی ئاکسیۆن یان مانگرتن یان هەر حەرەکەتێکی تایبەتی و دیاریکراو. بۆ ئەم مەبەستەش بەرای من ئەوە هیچ بایەخیکی نیە ئەو لایەنەی ئەو کارە هاوبەشەی لەگەل دەکرێت بە خۆی دەڵێت چەپ و کۆمۆنیست یان نا، گرنگ ئەوەیە بە کردەوە پابەندبێت بەو کار و هەنگاوە هاوبەشەوە. هەلبەت لیرەدا باسەکەی من بە دیاریکراوی دەربارەی زەرورەتی هیچ یەک لەمانە نیە. ئەوەی کە کام لەمانە لە ئێستادا زەرورەتی هەیە، باسێکی ترە و دەکرێت بە جیاواز قسەی لێبکرێت. لێرەدا من ئەمانە تەنها وەکو نمونە دەهێنمەوە بۆ رۆشنکردنەوەی مەبەستەکەی خۆم.

بە کورتی و بەدەر لەمە دروستکردنی بەرە و بلۆک و ئیتحاد عەمەل لەگەل رەوتگەلێک کە لە بنەرەتدا بەشێک نەبن لە بزوتنەوەی کۆمەلایەتی ئیمە وەکو کۆمۆنیزمی کریکاری، لە ژێر ناوی چەپ و کۆمۆنیزمدا، نەک هەر ناپێویست بەڵکو زیانبارە و دەبیتە مایەی سەرگیژە و نارۆشنی لەناو چینی کریکار و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کریکاریدا. بەپێچەوانەوە لەم دەورەیەدا سەربەخۆیی و بەرجەستەکردنی جیاوازیەکانی کۆمۆنیزمی کریکاری لەگەل هەموو شێوەکانی چەپ و کۆمۆنیزمی غەیرە کریکاری زۆر پیویست و حەیاتیە و ئەمە یەکیکە لە تایبەتمەندیەکانی حیکمەتیزم وەکو نەریتیکی وەفادار بە لینینیزم. زۆر گرنگە کە لەم برگە مێژووییەی ئیراندا کۆمۆنیزمی کریکاری وەکو نوینەری چەپ و کۆمۆنیزم دەرکەوێت و هەژمونی پەیدا بکات. بەلام ئەم دەرکەوتنەی لەریگای بەرجەستەکردنی جیاوازی و تایبەتمەندیەکانی خۆیەوە ئیمکانی هەیە، نەک ئەوەندە خەتی خۆی کاڵ و کول بکاتەوە کە رەوتگەلی دیکەی چەپ و کۆمۆنیزمی غەیرە کریکاری لەگەلیدا هەست بە سازگاری بکەن. کۆمۆنیزمی کریکاری پیویستە بە خەتی سیاسی تیژی خۆی و بەرەخنەی قولی خۆی و بە دەخالەتگەری شۆڕشگیرانەی خۆیەوە بەرجەستە بیت و هەژمونی پەیدا بکات و لەم برگەیەدا نوینەرایەتی چەپ بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بەتایبەتی کە بۆ کۆمۆنیزم و چینی کرێکار روخاندنی شۆڕشگێڕانەی رژیم تەنها سەرەتای کارە و هەمان رەوتی شۆڕشگێڕانە بەبێ راوەستان بەرەو سۆسیالیزم و بەرپاکردنی کۆمەلگایەکی ئازاد و یەکسان و خالی لە ستەم و چەوسانەوە دریژە پێدەدەن.

مەسەلەیەکی گرنگی دیکە بۆ کۆمۆنیزم دەسکۆتاکردنی رەوت و بزوتنەوە بورژوازیە دژە شۆڕشەکانە. بە دیاریکراوی بەرەی راستی پرۆ غەربی پێکهاتوو لە کۆماریخواز و لیبراڵ و ئەو تەیفەی لە رژێم دابراون، تا سەلتەنەت خوازەکان لە ئاستی سەراسەریدا، وە ناسیۆنالیزمی کورد لە کوردستاندا. ئێستا بە فەزلی رادیکالیەت و شۆڕشگێری بزوتنەوەکە، ئەو لایەنانە ناچاربوون کە خۆیان لەگەل رەوتی شۆرش هاوڕێگا نیشانبدەن و گوایە بونەتە لایەنگری شۆڕش. بەلام بیگومان هەر دەرفەتێکیان دەستکەوێت، بەتایبەتی ئەگەر رەوتی شۆڕش دوچاری ئاستەنگی و تەحەدیاتی قورس ببێتەوە، ئەوان بۆ یەک ساتیش دودلی ناکەن لەوەی کە مەقەسەکانیان دەربهێنن بۆ برینی رەوتی شۆڕش و بە پشتیوانی غەرب و دەولەتانی ناوچەکە پاڵ بە دۆخەکەوە بنێین بەرەو سیناریۆی تەڵخ و نەخوازراو و ئالوگۆری فۆرمالی، بۆ دەستاودەست کردنی دەسەڵات دور لە دەخالەتی خەڵک و دور لە ئالوگۆری ریشەیی و شۆڕشگێرانە.

دەخاڵەتی دەوڵەتانی غەربی دیسان مەترسیەکی ترە. بورژوازی هاوچەرخ ئەزمونێکی زۆری هەیە لەتێکدانی رەوتی شۆڕش و نابێ ئەو مەترسیە بەکەم بگیرێت. لەکاتی خۆیدا کە بزانن رژێم شانسی مانەوەی نەماوە، بۆ تەنگکردنەوەی فەزای شۆڕشگێڕانە و بەستنی دەستی کۆمۆنیزم و چینی کریکار، دەست بەکار دەبن و جۆرەها نەخشە و پلان دەهیننەگۆڕێ. هەر لەئێستاوە بەناوی هاوکاری خەڵکی ئیران و لایەنگری لە مافی مرۆڤ دەستیان بە جوڵە کردوە. جەنابی بایدن لە قالبی فریادرەسدا خۆی نیشانداوە و گوایە بەزوترین کات فریای خەڵکی ئیران دەکەوێت. بەڵام لەگەل نزیکبونەوەی روخانی رژێم یان بەرەورووبونی ڕەوتی شۆڕش لەگەڵ تەحەدیاتی گەورە، دەبێ چاوەروانی ئەوە بکرێت کە زەمینەی ئەم جموجۆلانە زیاتر و جوڵەکانیش جدی و فراوانتر دەبنەوە و هەڵویست و سیاسەت و پلانی ئۆپۆزیسیۆن و ریزبەندیەکەی ئالوگۆری تیا دەکەوێت. دەبێ ئەمە بە جدی بگیرێت.

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …