گفتوگۆی بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ خەسرەو سایە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی
ئۆکتۆبەر: سەرەتا با لەهێرشەکانی ئیسرائیلەوە دەستپێبکەین؛ ئاگادارن کەبەرەبەیانی رۆژی ١٣ی مانگ، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی گەورەی کردە سەر ئێران و چەندین بەرپرسی پایەبەرزی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. کاردانەوەی ئێرانیش بریتی بوو لە موشەکبارانکردنی ئیسرائیل. بەمجۆرەش ئیسرائیل قاچی ئێرانی بۆناو جەنگێك ڕاکیشا کە دەمێکە هەوڵی بۆدەدات. ئێوە ئەم هەوڵەی ئیسرائیل بۆ ڕاکێشانی ئێران بۆ ناو جەنگەکەو هۆکارەکانی پشتی ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆچی دەگێڕنەوە؟
خەسرەو سایە: بێگومان هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەدەر نیە لەو بارودۆخەی کە جیهان و ناوچەکە بەخۆیەوە گرتووە، تەنانەت هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنەوەی جەنگ و ڕاکێشانی ئیران، ئەڵقەیەکی تر لەسیاسەتی جەنگخوازی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەخاتەڕوو، کە سەرەتا لەپەلاماردان بۆ سەر خەڵکی فەلەستین لەغەززە و ئەو هەموو کوشتارو کاولکاریەی ئەنجامیدا، دەستی پێکرد و پاشان هێڕش بۆسەر لوبنان سوریاو یەمەن، بەئاستێکی جیاواز درێژکردەوە، هێرشەکانی ئەمجارەش بۆسەر ئێران، نیشانەی ویستی ئیسرائیلە هەم بۆ دەربازبون لەو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکیەی تێکەوتوەو هەم بۆ هێزنیشاندانە لەئاست دەولەتانی ناوچەکەو ملکەچ پێکردنیان بەسیاسەتەکانی خۆی.
بەواتایەکی تر ئەو هۆکارە تایبەتیانەی کە ئیسرائیلی ناچارکرد دەست بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەرێت، دەگەڕیتەوە بۆئەوەی کە یەکەم: لەدرێژەی دووساڵ جەنگی غەززەدا، سەرەرای ئەو هەموو کوشتارو کاولکاریەی دەستی بۆبرد، هێشتا نەیتوانیبوو بەهیچ کام لەئامانجە ستراتیژیەکانی خۆی، بەئازادکردنی تەواوی بارمتەکان بگات و هەم حەماسیش بەیکجاری لەناوبەرێت. ئەم دۆخەش جگەلەوەی کە لەناوخۆی ئیسرائیل و لەئاستی دەرەوەدا لەگەڵ نارەزایەتیەکی فراوانی جەماوەریدا بەرەوڕووبوەوە، لەئاست دەسەلاتیشدا لەپەیوەند بەئایندەی جەنگی غەزەوە، تادەهات ناکۆکیەکانی قوڵتر و زەقتر دەکردەوە. دووەم: تەریکبونەوەی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ و ڕیسوابونی سیاسەتەکانی لەسەر کوشتاری خەلکی فەلەستین و ڕیگەنەدان بەگەیشتنی هاوکاریەکان، بەپیویست هەوڵە دیبلۆماسیەکانی دەولەتانێکی وەک میسرو قەتەر و ئەوروپای بۆ ڕیکەوتن لەگەڵ حەماس و ڕاگرتنی جەنگ، کردبوو بەفشارێک کە ئیسرائیل نەیدەتوانی بەسادەیی لێیدەرچێت. سێهمەیش، دانوسانەکانی نێوان ئەمریکاو ئیران دوای پێنج جەولە بەبێ ئەنجام مابوەوە، ئەمەش خاڵی لێکەوتی لەنیوان ئەمریکاو ویستی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنەوەی بازنەی جەنگی غەززە بۆسەرئێران هێنایەکایەوە.
ئەمە وێرای ئەوەی کە ناتانیاهۆ بەردەوام لەهەوڵی راکێشانی ئەمریکادابوو بۆ بەشداری راستەوخۆ لەجەنگدا. وەک بەرئەنجامێک لە پێکەوەگرێدانی ئەم خالانەدا و بەپاساوی دەسترانەگەیشتنی ئیران بەچەکی ئەتۆمی، ئیسرائیل ویستی خۆی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی جەنگخوازانەی لەئاست ناوچەکەدا، بەهێرشبردنە سەر شارەکانی ئێران بەکردەوە دەرهێنا. ئەمەش لەکاتێکدا کەترەمپ رایگەیاندبوو دوو هەفتە لەبەردەستدایە بۆ دورکەوتنەوە لەشەڕ و هەوڵدان بۆ ڕیکەوتن لەڕیگای دانوسانەکانەوە. بەبروای من ئەمانە ئەو هۆکارە سەرەکیانەیە کە ویستی ئیسرائیلی بۆ هێرشبردنەسەر ئێران مومکین کردوە، ئەوەش بڵێم کە ئیسرائیل لەم هێرشەیدا بۆسەر ئیران بەبێ پشتیوانی و ئاگاداری ئەمریکاو حساباتێک کەهەیان بووە، بەڕیوەنەبراوە.
ئۆکتۆبەر: هەروەک ئاماژەتان پێکرد، کە ترامپ دوو هەفتەی ڕاگەیاندبوو تا ئێران ڕێگایەک بۆ ڕیکەوتن لە خولی شەشەمی دانوسانەکاندا بدۆزیتەوە، تەنانەت جیهان چاوەروانی ئەوە نەبوو کە ئەمریکا وا بەخیرایی و بەئاشکرا بێتە ناو جەنگەکەوەو دەستبەرێت بۆ هێرشەکردنە سەر ئێران! بەرای ئێوە هۆکاری ئەم گۆرانکاریە لەبڕیاری ترەمپدا بۆچی دەگەرێتەوە؟ هاوکات چ سیاسەت و ئامانجێک لەپشتی بەشداری ئەمریکاوەیە لەهێرشەکانیدا بۆسەر ئێران؟
خەسرەو سایە: سەرەتا ئەوە بڵێم لەحساباتی ترامپدا، دۆخەکە وابووە کە ئیسرائیل لەڕیگای پلانێکەوە و بەدەستبردن بۆ هێرشێکی ئاسمانی فراوان، ( کەدیارە هەم ئەمریکا و هەم دەوڵەتانی ئەوروپا لەم پلانەدا بەشدار و هاوکاربوون)، دەتوانێ ئیران لە دانوسانەکاندا ناچاربکات بەتەسلیم بون و رادەستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەلام ئەم حساباتە وادەرنەچوو، ئەمەش ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکای خستە پێگەیەکی بێگەرانەوەو ڕێگایەکی لەبەردەمدا نەما جگەلەوەی کە بەئاشکرا بیتە ناوجەنگەکەوە. بەتایبەتی بەدوای ئەوەدا کە کۆبونەوەکەی ١٦ی حوزەیرانی وولاتانی “جی ٧”، سەرەرای دوپاتکردنەوەی پشتیوانی خۆیان لەئیسرائیل و تەئکیدکردنەوە لەوەی کە نابێت ئیران دەستی بەچەکی ئەتۆمیدا ڕابگات، بەلام نەیتوانی هەموو مەبەستەکانی ترمپ بۆ تەسلیمکردنی ئێران لەڕیگای هێزەوە زامنبکات، بەمجۆرەش کەلێنێک لەنیوان ئەم ولاتانەو ئەمریکادا، لەسەر چۆنیەتی هەڵویستگرتن لەئیران هاتەکایەوە.
ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخەش لەسەر کابینەکەی ترامپ و لەپەیوەند بەدیموکراتەکانەوە نیگەرانی و دودڵیەکانی قوڵترکردەوە لەسەر “سەلاحیەتەکانی سەرۆک” و”باری قانونی بۆ بریاردان لەجەنگ”.. بەڵام وەک ووتم بەدوای ٨ ڕۆژ لەپەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەرئیران، ئیتر پێگەی ترامپ و ئەمریکای خستبوە دۆخێکی بێگەرانەوەوە و ئەگەر کاردانەوەیەکی سەربازی لەخۆی نیشان نەدایەت، بەشکست و زوعفێکی جدی تەواو دەبوو، هەموو ئەمانەش لەدوا خاڵدا ویستی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنەوەی جەنگ و بەشداری راستەوخۆی ئەمریکای لەشەردا لەدژی ئێران یەکانگیرکردو سەرەنجام ترامپ و حکومەتەکەی ناچارکرد بەخێرایی و بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی تەواوبونی ئەو دوو هەفتەیەبکات، کەڕای گەیاندبوو، جیهانی غافڵگیر کرد و بەکردەوە هێرشە سەربازیەکانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمیەکانی فۆردۆ و نەتەنزو ئەسفەهان لەئاسمان و دەریاوە ئەنجامدا.
بەڵام تا ئەو جێگەیەی کە بەبەرژەوەندی و سیاسەتەکانی ئەمریکا لەم هێرشەیدا بۆسەر ئێران دەگەڕیتەوە، بەبڕوای من مەسەلەکە بوونی ئێران وەک هێزێکی ناوچەیی و مەترسیداری خاوەن چەکی ئەتۆمی، وەیان “دیفاع لەئەمنیەتی ئیسرائیل”، بەپلەی سەرەکی نیە، ئەمانە لاوەکی ترن لەسیاسەتەکانی ئەم دەورەیەی ئەمریکادا، بەڵکو ئامانج و سیاسەتی سەرەکی ئەمریکا، لەدونیای چەند جەمسەری ئەمڕۆدا، هێزنواندنە لەبەرامبەر رکابەرە جیهانیەکانیدا، هەوڵدانیەتی بۆ شکاندن و رازیکردنی ڕوسیاو چین و هێنانەپشتی دەولەتانی ڕۆژائاوایە بۆژیر هەژمونی خۆی. ئەمەش لەدۆخێکدا کە ململانێی نیوان ئەم جەمسەرانە لەسەر دوبارە دابەشکردنەوەی جیهان و دیاریکردنی ناوچەکانی نفوز، لەڕۆژهەلاتی ناوەراستدا چربۆتەوە. نابێ ئەوەشمان لەبیربچێت کە ئەمریکا لەساڵانی نەوەتەکانەوە لەچوارچیوەی “ئیستراتیژی نەزمی نوێی جیهانی”دا لەهەوڵی ئەوەدابوو کە جیهانی یەکجەمسەری بەسەکردایەتی خۆی لەڕیگای هێزنواندن و شەرخوازیەوە بەدەست بهێنێ و بۆئەمەش دووجار لەبەرامبەر عیراق و جارێکیش لەبەرامبەر ئەفغانستانتدا بەپاساوی جیاجیا دەستی بۆ جەنگ برد، بەلام لەئەنجامدا نەک سەرکەوتنی بەدەست نەهینا، بەلکو لەماوەی چەند دەیەی رابردوودا، تاهاتوە پێگەی لاوازتر بووە و ڕوبەڕوی ناکامی بۆتەوە. ئەمەش زەمینەکانی دونیای چەند جەمسەری و دەرکەوتنی روسیاو چین و یەکیەتی ئەوروپای وەک جەمسەرە سەرەکیەکانی لەدۆخی جیهانیدا هێناوەتەکایەوە.
لەبەرئەنجامی ئەم راستیانەدا ئەگەر لەئاستی ناوچەییدا سەرنج بدەین ئەوا حزوری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا و ڕاکێشانی هیزی زەبەلاحی سەربازی و هاوکات بوونی ئیسرائیل وەک پێگەیەکی سەرەکی لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا، ترامپ و کابینەکەی خستۆتە سەر ئەو بڕوایەی کە لەڕیگای هێزنواندنەوە هەم بۆ هەستانەوەی پێگەو ڕۆڵی جیهانیی ئەمریکاو هەم بۆئەوەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە سیستەمێکی ئەمنی و ئابوریدا، لەژێرناوی “ڕۆژهەلاتی نوێ”دا، بەجۆرێک کە هەژمونی ئەمریکا یەکلایەنە زامن بکات، کەوتۆتە هەوڵدانەوە. بێگومان لەم پڕۆژەیەدا ئیسرائیل بە میحوەرێک وەرگیراوە و ئەمریکا لەهەوڵدایە لەڕیگای هێز و حوزوری سیاسی و ئەمنی و سەربازیەوە لەڕۆژهەلاتی ناوەراستدا پەیوەندی دەولەتانی عەرەبی و ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوەو ئەو سیستەمە ئەمنی و ئابوریەی مەبەستیەتی جێبخات. بەلام بێگومان لەم نێوەدا ئێران و ڕۆڵێک کە بوویەتی یەکێک ل ەقۆرت و بەربەستەکانی سەر ڕیگای ئەم ئامانجانەو ئەم سیاسەتانەی ئەمریکایە. هەربۆیە بەشداری راستەوخۆی ئەمریکا لەجەنگ و هێرشەکانی بۆسەر ئێراندا لەسەرێکەوە ڕووی لەوەیە کە ئەم قۆرتە و ئەم بەربەستە ببڕێ و ئەو کەناڵە ببەستێت کە تائیستا بەهۆیەوە ڕیگەی داوە بەدەخالەتی هێزەجیهانیەکانی وەک روسیاو چین لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا.
لەسەرێکی تریشەوە لێدان لەئیران و لاوازکردنی ڕیگەدەکاتەوە بەملکەچ پێکردن و رازیکردنیان بۆ پەیوەستبوون بەپڕۆژەیەکەوە کە ئیسرائیل تێیدا سەنتەرە. بەگشتی ئەمانە ئامانج و سیاسەتە بنەرەتی و سەرەکیەکانی ئەمریکایە چ لەبەشداریکردن لەجەنگداو چ لەو هێرشانەدا کەبۆ سەرئیران دەستی داوەتێ.
ئۆکتۆبەر: بەلام هاوڕی خەسرەو هەم ترامپ و هەم ڕۆژائاوا و هەم بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە کێشەکە چەکی ناوەکی و دەسترانەگەیشتنی ئێرانە بەم چەکە، واتە ئامانجی ئەمریکا وەک ترەمپیش ئاماژەی بۆ دەکات لەهێرشەکاندا، لەناوبردنی چەکی ئەتۆمیە چونکە مەترسیەکە بۆسەر ناوچەکە؟ ئێوە لەم بارەیەوە دەڵێن چی؟
خەسرەو سایە: هەموو جەنگێک دەبێ پاساوبدرێ تا رای گشتی لەسەر هەڵخڕیندرێت، هەربۆیە ئەمانە پاساون تا هۆکاری جەنگێک کە ئەمریکا تێیدا بەشداربووە ڕەوایی پێبدرێ! بەبڕوای من مەسەلەکە نەچەکی ئەتۆمیەو نە ئەمنیەتی ناوچەکەیە، یەکەم ئەگەر هۆکاری ئەم کوشتارو کاولکاریە چەکی ئەتۆمیە ئەوا ڕیگای سیاسی و دیبلۆماسی هەیە بۆ سنوردارکردنی ئێران لەم چەکە، دووەم خودی یاسا جیهانیەکان ئەم مافەی داوە بە دەولەتان کە لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ووزەی ئەتۆمیدا پرۆژەی ووزەی ئەتۆمی دابمەزرێنن و بەرەوپێشی بەرن، پرۆژەی ئەتۆمی ئێرانیش بەردەوام لەژێرچاودێری ئاژانسی ناوبراودابووە و ئەوەی لە رێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وولاتانی ٥ +١ کشایەوە ئەمریکا بوو لەسەردەمی سەرۆکایەتی یەکەمی ترامپدا! سێهەم؛ بۆدەبێت ئیسرائیل، پاکستان و هیندستان و وولاتانێکی تر مافی دەستڕاگەیشتنیان بەچەکی ئەتۆمی هەبێت بۆ ئێران نەیبێت!؟ پاشان بەرنامەی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم کە ئێران چەندین ساڵە توانای خۆی بۆ خستۆتەگەڕ، چۆن بەهێرشی ئاسمانی بۆ بۆمباران لەناودەبرێ، لەکاتێکدا ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە نایەوێت ئیران بڕوخێنی یان تەنانەت نایەوێت بچیتە شەڕێکی درێژخایانەوە لەگەڵیدا.
بەبڕوای من ئێران ئەگەر خۆی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ڕادەست نەکات، بەمجۆرە پەلاماردانانە ناتوانێ کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەم چەکە ڕابگرێ. بۆیە هەروەک وتم ئامانجی ئەمریکا لەم هێرشانەیدا بۆسەر ئێران لەشوێنێکی تردایە، واتە هیزنواندنە بەرامبەر بە رکابەرە جیهانی و ناوچەییەکانی. ئەگەر مەسەلەکەش “نائەمنکردنی ناوچەکەیە”، ئەوە خودی ئیسرائیل و ئەمریکان کە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستیان لەخوین و کۆمەلکوژی هەلکێشاوە و سەرەڕۆییانە ناوچەکەیان نائارام کردووە، بۆیە ئەگەر باسەکە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیە ئەوا لەپێشدا دەبێ ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی لەسەرکار لاببرێت و دەستیان لەچەک و پەلاماری سەربازی کۆتابکرێت.
ئۆکتۆبەر: هەلویستی حیزب وەک ئەوەی لە لیداوانەکانی ڕابەرانی حزب و لەبەیننامەکاندا هاتوە، مەحکومکردنی ئەم هێرش و پەلامارانەی ئەمریکاو ئیسرائیلە بۆسەر ئێران و داوا دەکات کە ئەم جەنگ و هێرشانە ڕابگیرێت. بنەمای ئەم هەلوێستە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ بۆچی خراپە ئەم شەڕە تا روخان وەیا لاوازبوونی ڕژێمی ئیسلامی ئیران درێژەی پێبدرێت، لەکاتێکدا خواستی روخانی ڕژێم خواستی زۆرینەی خەڵکی ئێرانە؟
خەسرەو سایە: سەرەتا بنەمای هەلویستگرتنی حیزب لەم جەنگەو لەهێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران لەداکوکیکردنمانەوە لەژیان و گوزەران و ئەمنیەت و پاراستنی مەدەنیەت و دورخستنەوەی کۆمەلگای ئێرانە لەسەپاندنی سیناریۆی ڕەش و کوشتار وکاولکاریەوە سەرچاوە دەگرێ، کە ئەم جەنگە بە ئامانجی دەگرێ و تەنها خەلكی کرێکارو زەحمەتکێش دەکاتە قوربانی. بەواتایەکی تر ئەم جەنگ و ملهوریەی ئەمریکاو ئیسرائیل، ئەم لەشکرکێشی و بۆردومانانەی دەستیان داوەتێ، هیندەی لەدژی ئەو جولانەوە و ناڕەزایەتیە جەماوەریانەیە کە لە ناوچەکەو لەناوخۆی ئێراندا، یەخەی دەسەڵاتدارانی گرتووە، هێندە دژی ڕژێم و سیستەمە سەرکوتگەرو تاڵانچیەکەی نیە و راستەوخۆ بۆ سەرکوت و پاشەکشەپێکردنی جۆلانەوەی چینایەتی و شۆڕشگێرانەیە. بێگومان جەنگێک کە شۆڕشگیڕاانە نەبێ و کردەیەک نەبێت کە لەڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش خۆیانەوە هۆشیارانە دەستی بۆ برابێ و جەنگی دەولەتانی سەرمایەداری و چینەداراکانی کۆمەلگا بێت بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان، بەدڵنیایەوە لەدژی خەلکە و ئاسەوارێکی خراپی بۆسەر ژیان و گوزەرانیان دەبێ و ڕەوتی خەباتی چینایەتی بۆ ئالوگۆڕی شۆڕشگێرانە لاواز و بەرەو دوا دەبات، هاوکات ڕووی تێکۆشانە چیانیەتیەکان لەبەرامبەر دەسەلاتی مەوجودا دەخاتە دۆخێکی سەخت و دژوارەوە. بۆیە دەبێ ئەم بەڵایە مەحکوم بکرێ و خواستی ڕاگرتن و کۆتایی پێهێنانی لەبەرامبەردا بەرزبکرێتەوە.
لەبارەی لاوازکردن و ڕوخانی ڕژێمیشەوە، ئێمە پێمانوایە هەرچەندە هێرش و پەلاماردانەکان فەرماندە و بەرپرسان لەناوبەرێت وە یا ڕژێم لاواز بکات، بەلام ئەم “لەناوبردن و لاوازبوونە” لەبەرامبەر دەولەتانی تردایە و پێچەوانەکەشی بۆسەرخەڵکە، واتە شەڕو کاولکاری جگە لەوەی کەگرانی و بێخانەولانەیی و ژیانی ئاوارەیی و مەرگ و کوشتار بەسەر خەڵکدا دادەسەپێنێ و دۆخی کار و ژیانی ئاسایی و مەدەنیان تێکدەدات، خۆی دەبێتە پاساو و چەکێک بەدەست دەسەڵاتدارانە وە بۆ سەرکوتی ئازادیەکان وسەپاندنی فەزای جەنگی بەسەر خەبات و نارەزایەتیەکانیانەوە. تا ئەوجێگەیەی بەمەسەلەی ڕوخاندنی ڕژێم دەگەرێتەوە، لەگەڵ ئەوەدا کە ئێمەو خەڵک خوازیاری روخانی ڕژێم و گۆرانکارین، بەلام گۆرانکاری و ڕوخانی ڕژێمێک کە لەدرێژەی شەڕی دەولەتانی سەرکوتگەر و سەرمایەدارانەوە دەستی بۆ ببرێت، بەدەربێت لەبڕیاری جەماوەر و لەدەرەوەی کردەیەکی شۆڕشگیرانەی خەلكی کرێکارو زەحمەتکێشدا بێت و ئەوان بەدەسەلات نەگەیەنێ، بەدلنیایەوە ئەنجامەکەی لەدژی خواست و ئارەزوەکانی ئەوان دەبێ. هەر ئەوان دەکاتە قوربانی و وەسیلەی ئەم گۆران و ڕوخانە و هیچ بەرژەوەندیەکیان تێدا نیە. نمونەی ئەو گۆرانکاری و روخانانەی ڕژێمەکانی عێراق، لیبیا، سوریاو ئەفغانستانمان لەبەرچاوە، کە ئەمریکاو ناتۆ لەڕیگای جەنگەکانیانەوە بۆسەر خەلكی ئەم ولاتانە چ داهاتویەکی تاریکیان بەرەوڕوکردنەوە و چۆن شیرازەی کۆمەلایەتی و ئەمنیەت و ئازادیە فەردیەکانیان و گوزەرانیان لەبەریەک هەڵوەشایەوەو لەزەلکاوی کۆنەپەرستی و شەڕی ناوخۆ و تیرۆر و هەزارویەک دەردومەینەتیدا چارەنوسیان ڕاگیرا. لەسۆنگەی ئەو راستیانەوە ئەگەر ئەم هێرش و پەلامارەی ئەمریکاو ئیسرائیل، ڕژێمی ئێرانیش لاوازبکات یان بیڕوخێنێ، ئەوا جگە لە سینارێۆیەکی دژەخەڵکی و پێچەوانە بەئاوات و ئارەزوەکانیان شتێکی زیاتر نابێت، هەربۆیە لەلایەن ئێمە وخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشەوە، ڕەتکراوەیە.
hkkurdistan.org