هاوڕێیان، بەناوی خۆم وکۆمیتەی ڕابەریی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵات وڕێکخراوی فینلاندەوە، بەخێرهاتنتان دەکەم وسوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم.
ڕەنگە زۆربەتان هاوڕێ حەسەنتان بەڕاددەی جیاوازی نزیکی ودوری ناسیبێت یان شتێکتان لەبارەیەوە بیستبێت، ولەوانەیە هەر ئەمەش بەسبێت بۆ ئەوەی بزانن باسی کێ دەکەین وبۆچی یادی بەرزڕادەگرین.
بزووتنەوەکان وئارەزووە کۆمەڵایەتییەکان وهێڵە سیاسییەکان لەهەر سەردەمێکدا لەکەسایەتیی و ڕابەرەکانیاندا، لەباوەڕو ئیرادەو کارو پڕاتیکی ئەواندا کورت دەبنەوە؛ ئەو کەسانەی دەبنە ئاوێنەی ڕێبازەکەیان. کاتێک لەدەرەوە لێیان دەڕوانیت وسەیری باوەڕیان بەبزووتنەوەکەیان دەکەیت، دەتوانیت هەست بەڕۆح وجەوهەری ئەم هێڵە دەکەیت. حەسەن مارف نموونەیەکی دیار، ئاوێنەو پوختەی هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری بوو. چونکە باوەڕبوون بەمرۆڤ وخۆشەویستی بۆ مرۆڤ وباوەڕبوون بەپێویستی وڕەوابوونی خەباتی مرۆڤ بۆ ڕزگاری لەستەم، خەسڵەتێکی تایبەت و وجودی، خەسڵەتێکی زاتیی ئەو بوو.
هاوڕێ حەسەن عاشقی ژیان بوو، عاشقی جوانی بوو، عاشقی ئازادیی مرۆڤ بوو، هەر بۆیە دڵی دابووە دەریاوە و بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخ وکۆت وبەندانەی کە ئازادییان لە مرۆڤی ئەمڕۆ زەوت کردووە، تێدەکۆشا. تێدەکۆشا بۆ گۆڕینی ئەو بارودۆخەی کەڕێگە نادات ژیان وجوانییەکانی ئەم دەرفەتە کورتە دەربکەون. ئەم محببەت وعەلاقەی هاوڕێ حسن بۆ مرۆڤ بەجۆرێک بوو لەکورتە شیعرێکی دا دەڵێ:
ئادەی هەر بەراستی
هەموو ڕقوکینەی خۆتم نیشانبدە
ئەو کات منیش پیشانت دەدەم هێشتا
بڕێک خۆشەویستیم پێماوە بۆ وەڵامدانەوەت!
بۆ وەڵامدانەوەت!
ئەم خۆشەویستیە قوڵە بۆ مرۆڤ وبۆ ئازادی مرۆڤ وئەم باوەڕە بەڕەوایی ئەم خەبات وبەربەرەکانێ و حودیە لە دژی چەوسانەوە نەبوو وەڵامێکی قوڵ وسەرڕاستری جگەلەو کۆمۆنیزمە نەبوو کەهاوڕێ حسن هەڵسوراوی بوو .
هەندێک جار لەمێژوودا ڕوودەدات کە هەموو ئازادیخوازییەک، هەموو هەوڵێکی مرۆڤ بۆ ڕزگاری، لەهێڵێکی دیاریکراوی سیاسی وکۆمەڵایەتیدا کورت دەبێتەوە، ولەکۆتاییەکانی سەدەی بیستەم وسەرەتاکانی سەدەی بیستویەکەمدا، ئەمە لەهێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا کورتبووەوە. کۆتایی سەدەی بیستەم لەمێژوودا بەبێ ئەم هێڵە، نەیدەتوانی شتێکبێت زیاتر لەخاڵێکی تاریک، چاڵێکی ڕەشی گەورەی ڕاستڕەوی وستەم لەمرۆڤ وئازادیخوازییەکەی. هێڵێک کەئازادیی نەک لەدیموکراسی، بەڵکو ولەمارکسەوەوەرگرت. دیموکراسیخوازیی لەڕوانگەی ئازادیخوازی یسۆسیالیستی وپرسی ڕزگاریی ڕاستەقینەی مرۆڤ لەستەم وکۆیلایەتیی کرێگرتەییەوە ڕەخنەکرد. ئامادەنەبوو کەمرۆڤ بەلێکدانەوەی هەڵەو ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم گومڕابکات، مرۆڤ تائاستی تاکێکی بێکەسایەتیی ئایدیۆلۆژیک ورتبکاتەوە؛مرۆڤێکی بەظاهیرئازاد کەناچارە داهێنەریی مرۆیی خۆی، وتەمەنی بەسوودی خۆی بفرۆشێت تابژی.
مرۆڤی بەلێکدانەوەی ناسیۆنالیستیتێ نەگەیشت ولێکدانەوەی ناسیۆنالیستیی بۆ مرۆڤ قبووڵنەکرد وگوتی، ئەوە نەتەوەکان نیە گوایە ناسیۆنالیزمیان دروستکردووە، بەڵکوو ئەم ناسیۆنالیزم وئەم ئایدیۆلۆژیا ناسیۆنالیستییەیە کەمرۆڤەکانی بەپێی نەتەوە دابەشکردووە. ئەم ناسیۆنالیزم ودیموکراسییە نکە مرۆڤەکانیان، لەبری ئەوەی ببنە هاووڵاتییانی بەڕاستی ئازادی ئەم جیهانە، کردووەتە بوونەوەری بێزمانی ئایدیۆلۆژی.
کۆمۆنیزمێک کە خاڵی دەستپێکی، تائیفەو ئایدیۆلۆژیاو لێکدانەوە لادەرەکان بۆ مرۆڤ نەبوو، بەڵکوو خاڵی دەستپێکی، کۆمۆنیزمی وجودیی مرۆڤی ئەمڕۆ، خۆشەویستی بۆ مرۆڤ وعەشق وئارەزوو بۆ ژیانێکی ئازاد وبەختەوەرو هەوڵوهیوای مرۆڤایەتی بۆ ڕزگاری بوو لەچەوسانەوە.
کۆمۆنیزمێکی گەشبین بەزات وشەرافەتی مرۆڤایەتی، کۆمۆنیزمێک کە باوەڕی وانەبوو کەزۆرینەی کۆمەڵگە بەسروشتی خۆیان ناسیۆنالیست، ئایینی وفاشیستن، بەڵکو گریمانەی ئەوە بوو کەئەگەر ئێمە جەستەو زیپی هەرمرۆڤێک بکەینەوەو بگەینە ئەودیوی قوفڵە ئایدیۆلۆژی ومەعنەوییەکانەوە وئەگەر ئەو زۆرلێکردنە ئابووری وکۆمەڵایەتیانەی کەمرۆڤ ناچار دەکەن لاببەین، دەگەین بەکۆمۆنیستێک کە ئازارومەینەتی هاو جۆرەکانی ئازاری دەداتو ئەگەر کارێکی لەدەست بێت بۆنەهێشتنی ئەنجامی دەدات. بەم مانایە، زۆرینەی مرۆڤایەتی کۆمۆنیستن.
کۆمۆنیزمێک کەگریمانەی ئەوەبوو مرۆڤی ئەمڕۆ دەتوانێت بەو ئیمکاناتە مادی ومەعنەوییانەی بەدەستی هێناوە، کۆمەڵگەیەکی ئازادوبەختەوەر ڕێکبخات، بەڵام بۆ ئەوە سەرەتا دەبێت کۆیلایەتیی کرێگرتە یی تێکبشکێنێت و بۆ ئەوەشی بتوانێت ئەم کارەبکات، دەبێت بەشێوەیەکی سیاسی سەربکەوێت. بۆ ئەم سەرکەوتنە، پێویستە حیزبی سیاسیی ئەم کارە دابمەزرێت، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وجەمسەرێکی سیاسیی ئازادیخوازی سۆسیالیستی وکرێکاری دروست بکرێت کەبتوانێت هێزوئیرادەی ئەم مرۆڤایەتییە مەزنە بهێنێتە مەیدان.
حەسەن مارف سەربەو نەوەیەبوو کەلە یەکێک لەتاریکترین ساتەکانی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، کەتێیدا هەر هەوڵێک لەلایەن مرۆڤەوە بۆژیانێکی باشتر بێهودەبووو ئازادیخوازی نەفرەتی لێدەکراو گاڵتەی پێدەکرا، ودەیانگوت بێسوودە وهیچ شتێکیتر بۆ مرۆڤ نییە جگەلە سازان لەگەڵچارە نووسی خۆیو تەنانەت دەیان گوت ئەمجۆرە مرۆڤە دواجۆری مرۆڤە وئەم کۆیلایەتیی کرێگرتەییە دوا ئاست ودوا شێوازی مومکین وپەسەندی ژیانە، بۆ دروستکردنی ئەم حیزبە وئەم جەمسەرە ڕادیکاڵە سۆسیالیستییە کە بۆ ئەم سەرکەوتنە سیاسییە سۆسیالیستییە خەباتی کرد، قوربانییداو بەربەرەکانێی کرد. دروستکردن وبەردەست کردنی حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی وقوطبێکی سیاسی سۆسیالیستی کە هەر ئینسانکی شەریف بتوانێ پێوەی پەیوەست بێبۆئەو سەرکەوتنە ئارەزوو ئومێدێکی گەورەی هاوڕێ حسن بوووە لەوپێناوەدا تێکۆشا.
بارودۆخێک داکەتاوو لەرزی ناسیۆنالیزم وکوردایەتی هەموو دەنگێکی کپ دەکردەوە، ئەو لەگەڵ هەسوڕاوانی ئەم کۆمۆنیزمەدا ئاڵای شوراوئیرادەی ڕاستەوخۆی مرۆڤی بەرزکردەوە وبووە هەڵسوڕاوی ئەم هیوایە. لەڕادیۆی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کەتەنها دەنگێک بوو لەقووڵایی ئارەزووە کانی مرۆڤەوە بۆ ژیانێکی باشترو ئازادەوە دەهات، تەنها دەنگێک کەلە سەر ئینسانیەتی ژن کەوتە بەربەرەکانێی کۆنەپەرەستی هاری ئەوسەردەمە، تەنها دەنگێک کەلە دژی جەنگی خوێناوی بۆژوازی کوردایەتی دلێرانە ڕاوەستا دەستی، بەکارکرد وبەوتوانایە سنووردارەی کە هەمان بوو، کەتەنانەت جگەرەیەکیشمان بەشەریکی دەکێشا هەرچی لەتوانایدابوو ئەنجامیدا. لەدەرەوەی وڵاتیش بۆ بنیاتنان وبەردەستکردنی حیزبی ئەم هێڵە کۆمۆنیستییە، لەهیچ کارێک درێغی نەکرد.
بۆیە، هەریەک لە «حەسەن»ە کانی ئەم بزووتنەوەیە، سەرمایەیەکی گەورە ن بوون و هەن لەپێناوی بەردەستکردنی حیزبی سیاسی ئەم خەتە ولەپێناو دروستکردنی جەمسەرێکی سیاسی ڕادیکاڵ وکۆمۆنیست کەتوانای تێکۆشانی هەبێ لە پێناو سەرکەوتنێکی سیاسی وکرتنە دەستی دەسەڵات بۆ هێنانەدی ئەم هیواوهەوڵە وجودییەی مرۆڤی ئەمڕۆ بۆ ڕزگاری لەکۆیلایەتیی کاری کرێگرتەو بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی هاوبەشی مرۆڤی ئازاد. هەربۆیەش لەدەسدانیان خەسارەتێکی گەورەیە.
ئەو ڕۆژە بەچەپکە گوڵی ڕێزەوە، بەشادی وخۆشییەکی تێکەڵ بەخەمی نەبوونی ئەو ئازیزانە لەگەڵمان یادەکەیان بەرزڕادەگرین.
hkkurdistan.org