سەبارەت بە تیرۆری دکتۆرە بان زیاد و داخستنی دۆسیەکەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە!
بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
دوو هەفتە لەمەوبەر، دکتۆرە بان زیاد طارق، دکتۆری نەخۆشیە دەرونیەکانی دانیشووی بەسرە، لەڕوداوێکی گوماناویدا لەماڵەکەی خۆیدا، بە کوژراوی دۆزرایەوە. کەسوکارەکەی ڕایانگەیاند کە ناوبراو خۆکوژی کردوە، بەڵام ڕاپۆرتی پزیشکی بوونی ئاسەواری برینداری قووڵ بە جەستەیەوە پشتڕاست دەکاتەوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە تاوانەکە پەیوەندی بە ڕوادوی کوشتنی مامۆستای زانکۆ( سارە ئەلعەبودە) ەوە هەیە کە (٩) مانگ لەمەوبەر لەلایەن زرغام عبد السالم التميمي، مامۆستای زانکۆ و برای هاوسەری أسعد العيداني، پارێزگاری بەسرەوە ئەنجام دراوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە پارێزگاری بەسرە داوای لە دکتۆرە بان کردوە کە بۆ دەربازبوونی زەرغامی ژنبرای لە سزای لەسێدارەادان، کەیسی نەخۆشی دەرونی بۆ دروست بکات، بەڵام ئەو ڕەفزی کردووە. هەروەها گومانەکان بەوهۆیەوە زیاتربوون کە پارێزگاری بەسرە هەر زوو ڕایگەیاند کە دکتۆرە بان خۆکوژی کردوە!
تاوانی کوشتنی دکتۆرە بان، کاردانەوەیەکی گەورەی لەناو کۆمەڵگەی عێراقدا دروستکرد. ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و مرۆڤدۆست و لایەنگرانی مافەکانی ژنان، لە زۆریك لە شارەکانی عێراق ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەو تاوانەیان بە تیرۆر ناوزەدکرد نەك خۆکوژی و داوایان کرد کە یاسا لێپیچینەوە لە تاوانەکە بکات و سزای تاوانباران بدات. بەڵام بەپێچەوانەی ڕای گشتی و خواستی خۆپیشاندەران و هەموو بەڵگانەی کە بەڕوونی سەلمێنەری کوشتنی دکتۆرە بان بوون، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەسرە ڕوداوەکەی بە خۆکوشتن لەقەڵەم داو کەیسەکەی داخست!
ئێمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا هاوخەمی خۆمان لەگەڵ ئەو کارەساتە دڵتەزێنەی تیرۆکردنی دکتۆرە بان زیاد ڕادەگەیەنین، هاوکات داخستنی کەیسەکەی لەلایەن دادگاوە بەکردەوەیەکی نایاسایی دەزانین و ڕاستەوخۆ بەرگریکردنە لە تاوانبار و پێشێلکردنی مافی قوربانی و بێڕێزکردنە بەژیانی هاوڵاتیانی عێراق و بەتایبەتی ژنان. تاوانی کوشتنی دکتۆرە بان و داخستنی کەیسەکەی لەلایەن دادگاوە، بەڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە دەسەڵاتی ئیسلامی- پیاوسالاری کۆنەپەرستی عێراق، ژیان و کەرامەتی ژنانی بەقەدەر سەردەرزیەك بۆ گرنگ نییە، بۆیە بەوجۆرە بێبایەخە مامەڵە لەگەڵ تاوانێکی مەترسیداری وەکو تیرۆری دکتۆرە بان دەکات! ئەم بەکەم سەیرکردنەی ژیان و سەلامەتی و مافەکانی ژنان سەرچاوەی لەو یاساو رێسا کۆنەپەرستانەوە دەگرێت کە بەشوودانی کچانی (٩) ساڵ دەکاتە یاسا و تاوانی سێكسی دژ بە مناڵان شەرعیەت پێدەدات و بەرگری لێدەکات.
ئێمە لەپاڵ ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ئازادیخوازانی عێراقدا بەهەموو تواناوە ڕادەوەستین بۆ ڕیسواکردنی ئەم تاوانە و تاوانی پشتیگیری دادگا لە بکوژانی دکتۆرە بان و لەقاودانی لەئاستی ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ لەئاستی دنیادا.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٣ی ئابی ٢٠٢٥
hkkurdistan.org