بەپێی ڕاگەیاندنێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی، بڕیارە سبەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ئاب، کاتژمێر ١٠ بەیانی خۆپیشاندانێکی جەماوەری بۆ خواستی موچەی موچەخۆران، لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا بەڕێبخرێ. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کە هەمیشە لەڕیزی پێشەوە بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانی مامۆستایان و موچەخۆران و بۆ باشکردنی دۆخی کار و ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان تێکۆشاوە، بەگەرمی بەرەو پیری ئەم بانگەوازەی ئەنجومەنی مامۆستایانەوە دەچێ و بەتەواوی توانایەوە بۆ بەدەستهێنانی خواستی موچە و سەرفکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بەشداری دەکات.
هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا، کە قوتی هاوڵاتیانی کوردستان و موچەی مانگانەی موچەخۆرانیان بە بەرژەوەندیەکانی خۆیان و کێشمەکێشە سیاسیەکانی نێوانیانەوە گرێداوە و هاوڵاتیانی کوردستانیان ڕووبەڕووی برسێتی و گرانی و ڕاوەستانی بازاڕ کردۆتەوە و لەسەرو هەر پرەنسیپێکی ئینسانی و مافی هاوڵاتیەوە، یاری بەژیان و بژێوییان دەکەن، هۆکار و سەرچاوەی ئەم دۆخەن کە ڕووبەڕووی خەڵکی بەشمەینەت بۆتەوە. ئەم یاریکردن و بەبارمتەگرتنەی موچە و قوتی خەڵکی کوردستان، سەرەڕای چاوەروانییەکی زۆر، چەند مانگێکە موچەی مامۆستیان و موچەخۆرانی کوردستانی خستۆتە نێو ڕێگای هاتو نەهات و ڕێکەوتنەکانی نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، لە هەرێم و لە بەغدا. سیاسەت و مامەڵەیەکی ئاواش هیچ ڕێگایەکی لەبەردەم هاوڵاتیانی کوردستان بەگشتی و مامۆستایان و موچەخۆراندا نەهێشتۆتەوە، جگەلەوەی کە بە هێز و ئیرادەی یەکگرتوانەی خۆیانەوە بێنەمەیدانەوە و قوت و موچەی خۆیان لە چنگی هەردوو حکومەت دەربهێنن و لانی کەمی ژیان و بژیوی خۆیان دابین بکەن.
دانی موچە لەکاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن مافێکی بیئەملاوئەولای مامۆستایان و موچەخۆرانی کوردستانە و بۆ گێڕانەوەی ئەم مافەش هەقیانە هەر ڕێگایەکی گونجاو لەوانەش خۆپیشاندان و گردبونەوە لەبەردەم ئۆفیسی دامودەزگا حکومیەکان، چ لە کوردستان و چ لە بەغدا، بگرنەبەر. هەربۆیە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەپیر بانگەوازەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانەوە دەچێت و بەتەوای توانایەوە لەم خۆپیشاندانەدا بەشداری دەکات. هاوکات داوا لە ئەندامان و دۆستان و خەڵکی شاری سلێمانی دەکات کە بەگەرمی بەشداری تێدا بکەن.
کۆمیتەی سلێمانی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٩/٨/٢٠٢٥
Check Also
بەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!
بەیاننامە دەربارەی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوی ژنان و سۆسیالیست، یەنار محەمەد بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی …
hkkurdistan.org