گفتوگۆ لەگەڵ خسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزب
ئۆکتۆبەر: دوای نزیکەی دوو ساڵ لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و ئەنجامدانی گەورەترین جینۆساید، ترامپ پێشنیاری پڕۆژەیەکی بەناوی “ئاشتی لە غەززە” ڕاگەیاند و دواتریش ژمارەیەک لەدەولەتانی عەرەبی و ناوچەکەو ڕۆژئاوا پشتیوانی خۆیان ڕاگەیاند وخودی حەماسیش گرنگترین خاڵەکانی قبوڵکرد. بەرای ئێوە ئامانجی ترامپ لەم پڕۆژەیە چیە و ئەو هۆکارانە چیین کە ترامپی بەو ئەنجامە گەیاند تا پڕۆژەیەکی ئاوا بخاتەڕوو؟
خەسرەو سایە: لەڕاستیدا پڕۆژەیەک کە ترامپ لەژێرناوی ” ئاشتی لەغەززە” دا خستویەتەڕوو، نوسخەی دەستکاریکراوی هەر ئەو پڕۆژەیەیە کەجارێک لەساڵی ٢٠١٩ لەژێرناوی” ئاشتی بۆ خوشگوزەرانی” وجارێکیتر لەساڵی ٢٠٢٠دا بەناوی”مامەڵەی سەدە” وە، دای بەگوێی جیهاندا و هیچ یەک لەدەوڵەتان نەک هەر گوێیان پێنەدا، بگرە بەوهۆیەوە کە ترامپ قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل پەسەندکرد، نیگەرانیەکی فراوانی لەلایەن هەر ئەو دەوڵەتانەوە کەئێستا لەپشتی پڕۆژەکەی ڕاوەستاون، لێکەوتەوە.
بەڵام ئەوەی کە ئێستا دەولەتانێک پشتیوانی لەپڕۆژەکەی ترامپ دەکەن، لەلایەک بەرئەنجامی فشارەکانی جوڵانەوەیەکی جیهانی خەڵکی کرێکار و ئازادیخوازو ئینساندۆستە بەڕووی هەموو ئەو دەوڵەتانەدا کە شەریکبوون لەو کاولکاری و کۆمەڵکوژی و بەزۆر کۆچپێکردنەی کە ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی دووسالە لەدژی خەلكی بێتاوانی فەلەستین لەغەززە ئەنجامی دەدات. جوڵانەوەیەکی جیهانی کە یەخەی حاکمانی دەولەتانی ڕۆژئاوای لایەنگر لە تاوانەکانی ئیسرائیل گرتوەو هەڵوێستە بێئابڕویی و دژە ئینسانیەکانی ئەوانی کە لەژێر پەردەی “داکۆکیکردن لە پێکهێنانی دەولەتی سەربەخۆی فەلەستین” بۆ فاسیلەگرتن لەئەمریکا دەشاردەوە، لەقاوداوە. هاوکات دەستی دەولەتانێکی عەرەبی دەرخستوە کە تادوێنی لەموسابەقەی “ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان” لەگەڵ ئیسرائیلدا بوون و ئەمڕۆ بەهەڵرشتنی فرمێسکی تیمساحیەوە کەوتونەتە شوین پڕۆژەکەی ترامپەوە. لەلایەکیتریشەوە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر، بەپاساوی ئامادەگی “وەفدی دانوسانکاری حەماس”، درزێکی خستە نیوان نزیکترین دۆست و هاوپەیمانەکانی ترامپەوە.. ئەمانە وایکرد کە ترامپ هەمان پرۆژەکانی پێشوتری لەچەکمەجەکەی دەرکێشێ و لەژێر ناوی “ئاشتی لەغەززە” ڕیزی هەموو ئەو دەولەتانەی کەبەم یان بەوئاستە شەریکن لەتاوانەکانی ئیسرائیلدا، یەکخات و ئەمریکا وەک لایەنی یەکەم وسەرەکی بەرامبەر بەهێزە نەیارە جیهانی و ناوچەیەکانی دابنێ و لەژێرناوی “ئاشتی لەغەززە” دا ئاوێک بە ئابڕویاندا بکاو لەژێر رکێفی خۆیدا کۆیانبکاتەوە.
تا ئەو جێگەیەشی بە ئامانجەکانی ئەمریکا لەم پڕۆژەیە دەگەڕیتەوە، بەگشتی چاندنی تۆوی خۆشخەیاڵی و بەلاڕیدابردن و پاشەکشەپێکردنە بەو جوڵانەوە جیهانیەی کە بەدژی ئیسرائیل وهەموو ئەو دەولەتانەی پشتیوان و لایەنگری لێدەکەن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ فراوانتر وبەهێزتر پیدەنێتە ناوەندی شارە گەورەکانەوە، ئەمەش لەژێر ناوی ئەوەی کەگوایە پڕۆژەکە بۆ ئاشتی و کۆتاییهێنانە بەجەنگ و گەیاندنی هاوکاریەکان بە خەڵکی غەززە! کە لەڕاستیدا خواستی فەوری ئەم بزوتنەوە جیهانیەیە. ئامانجێکی تری ترامپ لەم پڕۆژەیەی، هەوڵدانیەتی بۆ دەرکێشانی نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی لەو شکست و بنبەستە ستراتیژیە و ئەو رسوایی و لاکەوتەبونەی کە تێێدا چەقیوە و گۆڕینیەتی بەسەرکەوتن، تابتوانێت لەو قەیرانە سیاسی وکۆمەلایەتیە و لەو نارەزایەتی وتوڕییە ناوخۆیی و جیهانیەی ڕووبەڕوی بۆتەوە، ڕزگار بکات و لێرەشەوە ڕێگە خۆش بکات بۆ جێخستنی هەژمونی یەکلایەنەی ئەمریکا لەسازدانەوەی “ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی نوێ” و بەگەڕخستنەوەی “پەیمانی ئیبراهام” و ئەو سیستمە ئەمنیەی کە ئیسرائیل تێدا میحورە، بێگومان هەموو ئەمانەش لەسەرحسابی سڕینەوەی یەکجاری پرسی دەوڵەتی فەلەستین..
ئۆکتۆبەر: بەڵام ترامپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانجی پڕۆژەکەی ئاشتی و رێگرتنە لەخوێنڕێژی زیاتر؟ ئەم قسەیە چەندە ڕاستی تێدایە؟ بەدیوێکی تردا ئایا ئەم پڕۆژەیە دەبێتە مایەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو جەنگ و کاولکاریەی کەدوو سالە بەسەرخەڵکی غەزەدا سەپێنراوە؟
خەسرەو سایە: هەموو ئەو پروپاگەندەیەی کەترامپ لەژێرناوی “ئاشتی لەغەززە” و ڕاگرتنی جەنگ و ئەو کاولکاری وکۆمەڵکوژیەی ئیسرائیل دەستی داوەتێ، جگە لە درۆ و ریاکاریەکی سیاسی شتێکیتر نیە. ترامپ کەخۆی شەریکەبەشی ئەو هەموو تاوانانەیە کە لەدژی خەلكی فەلەستین بەڕیوەبراوە و بەهەموو توانایەکی سەربازی، دارایی ولۆجستیەوە لەپشت نەتانیاهۆ وکارنامە ئینسانکوژیەکەی راوەستاوە، پێموانیە ئەم جۆرە لەپروپاگەندەکردن بۆ ئاشتی وکۆتاییهێنان بەو دۆخە مەینەتبارەی سەپاوە بەسەر خەڵکی غەززەدا، سادەترین ئینسان قانع بکات. تەنانەت ئەو پڕۆژەیەی ڕایگەیاندووە، ناچێتە خانەی بابەتێکەوە بۆ دانوسان لەسەر ئاشتی و کۆتاییهێنان بەکۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە، چونکە تەسریحاتە ئاگرین و هەڕەشەئامێزەکانی ترامپ بۆ سەر حەماس، بەوەی کە ئەگەر لەماوەیەکی دیاریکراودا ڕازی نەبێت بەمەرجەکانی ئەمریکا، ئەوا “لەجەهەنمدا دەیسوتێنێت”. ئایا دەکرێ ئەوە ناو بنرێت “دانوسان لەپێناو ئاشتیدا”، یان سەپاندن وملهورێ!! کەچی لەولاشەوە ئەوە ئیسرائیلە بەهەموو توانای خۆیەوە کاولکاری دەکات، تیرۆرو بۆردومان دەکاو هەر سەعاتەو هەر ڕۆژە بەدەیان هاولاتی دەکوژی وئاوارەو دەربەدەر دەکات، بەلام کەسیش پێی نالێت پشتی چاوت برۆیە؟ئایا ئەمە دانوسانە یان سەپاندن!
بێگومان لەوەها دۆخێکدا و لەباشترین حاڵەتەدا، ئەگەر ناتانیاهۆ ڕازی بێت لەکۆبونەوەوەکانی “شەرمشێخ” و فشارەکانی میسرو قەتەر وولاتانی نیوەندگیردا بۆسەر حەماس، بەئەنجامێک بگات ئەوا ڕەنگە ئەم پڕۆژەیە بە ئاگربەستێکی کاتی لەغەززە بگات، دیارە ئەمەش بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و خۆ تەسلیمکردنی یەکجاری حەماسە. ئەمەش گەیشتنە بەهەردوو ئامانجە ستراتیژیەکەی ئیسرائیل کە دووساڵە شەڕی بۆ دەکات، تا ئەوەی بەمانای کۆتاییهێنان بێت بەو جەنگ و کاولکاری و کۆمەڵکوژیەی لەغەززەدا هەیە.
لەلایەکیتریشەوە مادام پڕۆژەکە مانەوەی ئیسرائیل و هێزە داگیرکەرەکەی بەهەمو تۆپ وتانک و جبەخانە سەربازیەکەیەوە لەغەزەدا بۆ ماوەیەکی درێژ، بەئەسڵ وەرگرتووە و ئەو هەقەشی پێداوە کە “ڤیتۆ” لەسەر هەر هەنگاوێکی پڕۆژەکە بکات کەپێی رازی نەبێت!!. لەڕاستیدا ئەمە ڕەسمیەتدانە بەپێگەی داگیرکاری ئیسرائیل و حکومەتەکەی ناتانیاهۆ و هەموو ئەو تاوانەی کە تائێستاش دەرهەق بەخەڵکی غەززە دەستی بۆدەبات. ئەمە سەپاندنی میلیاتیزم و هەژمونی ئەمریکایە بەسەر ڕۆژهەلاتی ناوەراست و یەکخستنی دەولەتانی هاوپەیمانیەتی لەدەوری پڕۆژەیەکی کۆنەپەرستانە، کەڕاستەوخۆ لەدژی ئیرادەو مافەکانی خەلكی فەلەستینە. ئەم پڕۆژەیە کە لە سەر بنەمای “ئەمنیەتی ئیسرائیل”، نەک ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی فەلەستین داڕێژراوە، جگەلەوەی کە لەژێڕ چەتری هەژمونی یەک تەرەفەی ئەمریکا لەناوچەکەدا ڕۆلی ملهوری و فاشیتانەی ئیسرائیل وەک لایەنێکی داگیرکەر بۆ دەیان ساڵیتر دەهێڵیتەوە و سنورەکانی داگیرکاری و مەودای دەستبەسەرداگرتنی خاکی فەلەستینیەکان بەرین و فراوانتر دەکاتەوە، بە چاوخشاندنێکی خێرا بەچەند خاڵێکی سەرەکی پڕۆژەکەدا زیاتر راستی ئەم لێکدانەوەیە دەسەلمێنێ:
یەکەم: ئەوەی کە لەلایەک دەبێ غەززە بەیەکجاری لەچەک و هەر هێزێکی “مقاوەمەت” (مقاوەمەت بەمانای ئەوەی دژی سیاسەت و کارنامەی ئیسرائیل و ئەمریکابێت) پاک بکرێتەوە و ئەمنەیەتی ئیسرائیل زامن بکرێ و لەلایەکیتریشەوە ئیسرائیل لەپرۆسەیەکی چەند ساڵەدا “هێڵەکانی زەردو شینو سور” بۆ کشانەوەی هێزەکانی تێپەڕینێ و هێزەکانی لەسنورێکدا جێگیر دەکات کەخۆی دایناوە، ئەمە ئیتر بەمانای گەمارۆدانی تەواوی غەزەو دابڕاندنیەتی لە کەرتی ڕۆژئاوا و لەئەستۆگرتنی ئەمنەیەتی غەززەو ناوچەکەیە. بەجۆرێک کە هەرکات بەپیویستی بزانێ و بیەوێت دەستکراوەیە لە دەستبردن بۆ کردەوە سەربازیەکانی.
دووەم: ئەوەی کە غەززە لەلایەن “لیژنەی ئاشتی”یەوە، کەترامپ خۆی لەسەر سەری راوەستاوە، چاودێری دەکری و حاکم و دەستەیەکیش کە غەززە ئیدارەدەکات، لە”تونی بلەیەر” و کەسانێک کە گوایە تەکنۆکراتی فەلەستینی وعەرەبی و بیانی دەبن، پێکدێت، بەوجۆرەی کە ئیسرائیل ڕەزامەندی لەسەرە، بەکردەوە سەپاندنی “دەسەڵاتێکی دەرەکی”یە، لەسەرو ئیرادەو بڕیاری خەڵکی غەزە خۆیانەوە.
سێهەم: لەپەیوەند بە گەیاندنی هاوکاریەکان و ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا، تەنها ڕێگا دەدرێ بەو ڕێکخراو و کۆمپانیایانەی کە ترامپ و ناتانیاهۆ وتۆنی بلەیەر وەک کاربەدەستی غەززە، بڕیاری لێدەدات.. ئەمەش بەمانای ئەوەدێت کەدەستی کۆمپانیا بازرگانیەکانی هۆڵەندا ودەولەتانی ڕۆژائاوا، قەتەرو سعودیەو میسرو تورکیاو. ئاوەڵابکات و سەرمایەگوزاری بکەن ودەست بۆ تالانی بەرن تائەوەی پرسی فریاگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی غەززە لەخۆ بگرێ.
چوارەم: کردنەوەی “راڕەوێک بۆ کۆچی ئارەزومەندانە”ی رابەرانی حەماس و خەڵکی سڤیلی غەززە.. ئەمەش دیسانەوە بەمانای بەکردەوە دەرهێنانی ئامانجی دەرپەڕاندن وکۆچاندنی خەڵکی غەززەیە کە ئیسرائیل پێداگری لیدەکات. تەنانەت ئیسرائیل بەشوین ئەوەوەیە کە”تونێلەکانی حەماس” و ئەو ناوچانەی پێدا تێپەڕ دەبن بەخاڵی بمێننەوەو لەشوینی نیشتەجیبوونی خەڵک دەرکێشێ و بکەوێتە ژێر دەستی خۆیەوە تا پڕۆژەی “جێگیرکردنی ناوچە یەهودیەکان” لەجوگرافیایەکی فراوانتردا دڕێژبکاتەوە.
پێنجەم: ئەوەی پڕۆژەکە باس لە پەروەردەی مناڵانی غەززە دەکات بە”باوەڕی ئاشتی وپێکەوەیی” و دورکەوتنەوە لە شعوری دژە ئیسرائیلی و توندوتیژی ودەستنەبردن بۆ چەک .. لەکاتێکدا کە ئیسرائیل بە باوەرە فاشیستیە قەومی و دینیەکانیەوە، وەک نوینەری ئایدیۆلۆژیای “سەهیۆنیەت” دەستی باڵای بەسەر غەززەدا دەبێت، بەمانای سڕینەوەی مێژووی فەلەستین و ڕوحیەتی خەباتکارانەیە لەدژی داگیرکاری وزوڵم و ستەمێک کە زیاتر لە٧٠ ساڵە لەئارادایە…
ئەم خاڵانەی سەرەوە بەسە بۆئەوەی بەکورتی بڵێم کە ئەم پڕۆژەیە لەدرێژەی سیاسەتی هەژمونگەرایی ئەمریکاو هەوڵدانی بۆ جێخستنی باڵادەستی یەکلایەنەی خۆی بەسەر فەلەستین و ڕۆژهەلاتی ناوەراستدایە، بەجۆرێک کەدەستی ڕەقیبەکانی لە ولاتانی ڕۆژئاواو چین و ڕوسیا ببڕێت، وەیان وەک لایەنی هاوبەش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بێگومان لە سیاسەتێکی ئاواشدا ئیسرائیل پێگەیەکی میحوەری بەهەموو ئەو داگیرکاری و جەنگخوازی و کاولکاری و کۆمەڵکوژیەوە پێدراوە و ئاکامەکەشی سڕینەوەی تەواوی خواستی پێکهینانی دەولەتی سەربەخۆی فەلەستین ومانەوەی خەڵکی غەزەیە لەو دۆخە کارەساتبارەی ئێستایدا.
ئۆکتۆبەر: هەروەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا کە لە پڕۆژەکەی ترامپدا هێزەکانی ئیسرائیل بەتەواوی غەززە بەجێناهێڵن، وە تا ماوەیەکی نادیار لە ناوچەیەکی غەززە دەمێننەوە. هەروەها ئەنجومەنێك بڕیارە دوای ئاگربەست ئیدارەی غەزە بکات کە ترامپ سەرۆکایەتی دەکات و بڕیارە تۆنی بلێر وەکو حاکمی غەزە دەستبەکار بێت بە بەشداری کەسانێکی تەکنۆکراتی فەلەستینی. تەنانەت هیچ جێگایەك بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی لەبەرچاو نەگیراوە لەو پرۆسەیەدا. ئێوە چۆن لەمە تێدەگەن؟
خەسرەو سایە: هەروەک وتم؛ پڕۆژەیەک کە ترامپ پێشنیاریکردووە جگەلەوەی مەعلوم نیە سەردەگرێ یان نا، بەلام لەبنەرەتدا لەسەر وێرانەی موتڵەقی غەززەو دەستدرێژیە سەربازیەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی ڕۆژائاوا، لەژێرناوی ئەوەی کەئاشتی بۆ ناوچەکە بگێڕیتەوە، بەدەستەوەگیراوە! بەڵام خودی ئەوەی کە لە پرسیارەکەدا هەیە، واتە ئەوەی کە مەعلوم نیە ئیسرائیل کەی دەکشیتەوەو دەست لەجەنگ و داگیرکاری هەڵدەگرێ، هاوکات ئەوەی کە ئیدارەی غەززە بەتۆنی بلەیەر و کەسانێک دەسپێرێت کە پاراستنی ئەمنیەتی ئیسرائیل بە بنەمای کار وەرگیراوە، نەک هەر مەسەلەی کۆتاییهێنان بەداگیرکاری و هێرشە سەربازیەکانی ئیسرائیل بۆسەر خەلكی فەلەستین چ لەغەززەو چ لە کەرتی ڕۆژئاوا ناهێنێ کە دوو ساڵە درێژەی هەیە، بەڵکو بەیەکجاری مافەکانی خەڵکی فەلەستین و کەیسی پێکهینانی دەولەتی سەربەخۆی فەلەستین بەیەکجاری دەبەستێت.
لەلایەکیترەوە، سەپاندنی “ئیدارەی ئاشتی” بەوجۆرەی کە ئامانج وخواستەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل جێبەجیدەکات، دابڕانی غەززەیە لەکەرتی ڕۆژئاواو کردنیەتی بە”کانتۆنێکی گەورە” لەژێر چەپۆکی ئیسرائیل و هێزە سەربازیەکەیدا و لەڕوی جوگرافیەوە دەسەلاتی ئیسرائیل وهەولەکانی بۆ نیشتەجێکردنی “جوەکان” فراوانترو بەرینتر دەکاتەوە. بەدڵنیایەوە ئەنجامێکی ئاوا هەقی بڕیاردانی خەڵکی فەلەستین بەگشتی وغەززە بەتایبەتی لەسەر چارەنوسی خۆیان و سیستەمێكی بەڕیوەبردن بەیەکجاری پایەماڵ دەکات و هاوڵاتیەکانی لە دەربەدەری و ئاوارەیی و بەزۆر کۆچاندندا دەهێڵێتەوە. ئەمەش پێچەوانەی هەموو ئەو بڕیارە نێودەولەتیانەیە کە پەسەندکراوە.
ئۆکتۆبەر: وەک دوا پرسیار هیشتا مەسەلەی دەوڵەتی فەلەستین و ڕیگا چارەی دەربازبوون لەو دۆخەی غەززە تێی کەوتووە پیویستی بە قسەلەسەرکردن هەیە.. ئێوە پێتانوایە پرسی پێکهێنانی دەولەتی سەربەخۆی فەلەستین بەکوێ دەگات؟ هاوکات ڕیگا چارەچیە بۆ دۆخی ئیستای غەززە؟
خەسرەو سایە: هەروەک ئاماژەم پێدا، لەئەگەری جێبەجێبوونی پڕۆژەکەی ترامپدا، پرسی پێکهینانی دەولەتی فەلەستین بەیەکجاری لەدەستوری ئەمریکاو دەولەتانی ڕۆژئاوا کە ڕیاکارانە مەسەلەی فەلەستینیان وەک کارتێکی سیاسی بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەدەستەوەگرتووە، دەباتە دواوە. بەواتایەکیتر دەمەوێت بلێم لەئیستادا ئەو دۆخەی کە غەززە تێیکەوتوەو هەروەها لەژێرسیاسەی ئەو سیاسەتانەی کە ترامپ وناتانیاهۆ بەرامبەر بەغەززەو مەسەلەی فەلەستین گرتویانەتەبەر، پرسی پێکهێنانی دەولەتی فەلەستین لەئەولەویەتدا نییە، بەلكو ئەوەی گرنگ و ئەولەویەتە، ڕزگارردنی خەڵکی غەززەیە لەو تراژیدایەی کە تێیدا راگیراوە. واتە ئەگەر ڕیگاچارەیەک هەبێت، ئەوەیە کە جەنگ و کاولکاری کۆتایی پێبێت و ڕێگابدرێت بەگەیاندنی هاوکاریە ئینسانیەکان بەدەستی خەڵکی غەزەو لانیکەم لەکوشتارو کاولکاری و برسیتی و نەخۆشی و دەربەدەری دەرکێشرێت. کە دیارە ئەمەش بە ناچارکردن و سەپاندنی ئەو خواستانە دەبێت کە بزوتنەوەی جیهانی لەیەکەمین هاتنەمەیدانەکانی خۆیدا بەڕوی ئەمریکاو ئیسرائیل ودەوڵەتانی ڕۆژاوادا بەرزیکردۆتەوە. لەیەک وتەدا دەمەوێت بڵێم کە ڕیگاچارەیەک ئەگەر هەبێت بۆ دۆخی ئیستای غەززە، ڕاگرتنی ڕاستەوخۆ وبێمەرجی جەنگ و کشانەوەی هیزەکانی ئیسرائیلە لە غەززەو کردنەوەی ڕیگایە بۆ گەیاندنی هاوکاریەکان بە خەڵک وڕیگاکردنەوەیە بۆ گەرانەوەی ئازادانەی ئاوارەکان بۆ شوینی نیشتەجێبونی خۆیان و.. کە بێگومان ئەم کارەش هەر بەهیزی ئەو جولانەوە ئینسانی و پێشکەوتوخوازیەی خەلکی کرێکارو زەحمەتکێشی جیهان دەکرێ کەڕۆژانە ناوەندی شارە گەورەکانی گرتوەو دەستەویەخەیە لەگەڵ هەموو ئەو حاکم و دەسەڵاتانەی کە بەم یان بەو ئاستە دەستیان لەتاوانەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلدا هەیە و مەحکومن بە پشتیوانی ئەو دۆخەی ئیستای غەززە.
hkkurdistan.org