ماوەیەکە مەسەلەی پەیوەندیە سۆزداریەکانی سەرۆکی سەلەفییەکان لە کوردستان لەگەڵ قوتابیانی کچی کۆلیژەکەی، کۆلیژی شەریعەتی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی، بووەتە باسی میدیا و ناوەندە ئەکادیمیەکان و کۆمەڵگای کوردستان. دوای ئاشکرابوونی ئابڕووچوونەکەی ناوبراو، زانکۆی سلێمانی بەمەبەستی لێکۆلێنەوە و بڕیاردان لەسەر کەیسەکە لیژنەیەکی پێکهێنا و ئێستا ڕاپۆرتی لیژنەکە لەبەردەم وەزیری خوێندنی باڵادایە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی عەبدوللەتیف وەکو مامۆستای کۆلیژی ناوبراو! هاوکاتی بڵاوبونەوەی هەواڵی پەیوەندیە سۆزداری و سێکسیەکانی سەرۆکی سەلەفیەکان، میدیاکان دۆسیەی چەندین گەندەڵی و ئابڕوچوونی سێکسی دیکەیان لەناو زانکۆکانی کوردستاندا بڵاوکردەوە!
ئاشکراکردنی ئەم ئابڕوچوونەی سەرۆکی سەلەفیەکان، بەئەگەری زۆر پەیوەندی بە ململانێ سیاسیەکانی کوردستانەوە هەیە کە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بەڕێوەدەچێت. هەروەکو چۆن دەستخستنە ژێرباڵی عەبدوللەتیف و گەورەکردنی و دانی ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ و هەڵڕشتنی سەدان هەزار دۆلار بۆی بەناوی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەوە و داخستنی شوێنە گەشتیارەکانی سلێمانی لەسەر داوای سەرۆکی سەلەفیەکان بەناوی “بەدڕەوشتیەوە“، بەبریاری بافڵ تاڵەبانی و هی تر… بەشێك بوو لە ململانێی نێوان ئەو دوو حزبە، بەهەمان شێوەش پیلانی ریسواکردن و شکاندنەشی هەر بەشێكە لەو یاریەی نێوان ئەو دوو لایەنەی کوردستان.
دەسەڵاتی کوردایەتی، لەکاتێکدا ڕێگەی بە فرەژنی داوە و بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی خۆیان و سەرۆکی گروپە ئیسلامیەکان و لەناویاندا خودی عەبدوللەتیف کە (٣) ژنی هەیە و تەنانەت ژنی سێهەمی لە ئابڕوچوونێکی دیکەدا بۆ خۆی داگیر کرد، ئیتر دەرفەت بۆ پیاوانی هەوەسبازی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی دەکرێتەوە کە چەندین ژن وەکو کۆیلەی سێکسی لە ماڵەکانیاندا خزمەتیان بکەن و لە دەرەوەی ئەوانیشدا، لەگەڵ ژنان و کچانێکی دیکەدا پەیوەندی سیکسی دروستبکەن، لەڕێگای خراپ کەڵکوەرگرتن لە پێگەی سیاسی و ئابوری و ئەکادیمی خۆیانەوە. ئەو ژنە کرێکار و کارمەندانە کەم نین کە لەلایەن خاوەن کۆمپانیا و بەڕێوەبەر و خاوەن پۆستە باڵا ئیداریەکانەوە لەڕووی سێکسیەوە هەراسان دەکرێن و بگرە دەستدرێژیان دەکرێتەسەر، یاخود بە بەڵێنی جۆراوجۆر هەڵدەخەڵەتێنرێن و دواتر ناوزڕاو دەکرێن!
ئەو کەیسانەی کە لەپاڵ کەیسەکەی عەبدوللەتیف دا ئاشکرا کران و یاخود لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بڵاوکراونەتەوە، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی کوردایەتی، هەموو ئاسانکاریەکی کردوە بۆئەوەی ژنان وەکو کۆیلەی سێکسی لەلایەن پیاوانی هەوەسبازی خاوەن سامان و کۆمپانیا و پۆستی ئیداری و حکومی و بەرپرسانی حزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانەوە، بەکاربهێنرێن بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە پارێزبەندیەک بۆ ماف و کەرامەتی ژنان ڕەچاوکرابێت! بەڵام ئابڕوچوونە سێکسیەکەی سەرۆکی سەلەفیەکان پەردەیەکی دیکە هەڵدەداتەوە کە هەمیشە ئیسلامیەکان وەکو چەکێکی کاریگەر دژی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و مۆدێرن و دژی ماف و ئازادیەکانی ژنان بەشێوەیەکی گشتی بەکاری دەبەن، ئەویش ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسی بەگشتی و سەلەفیەکان بەشێوەیەکی تایبەتی هەرجۆرە ئازادیەکی ژنان و کچان بە بەدەڕەوشتی دادەنێن و خودی عەبدوللەتیف چەند ساڵ لەوەپێش ڕایدەگەیاند کە هەر کچێك بچێتە زانکۆ بەسەلامەتی لێی دەرناچێت! وەکو هەوڵێك بۆ دوورخستنەوە ژنان و کچان لە خوێندن و کارکردن و چوونەدەرەوە لەچوارچێوەی ماڵ! بەڵام دەرکەوت کە ئەم مەترسیە بۆسەر کچان و ژنان، ئەم جۆرە بوونەوەرە هەوەسبازانەن کە ژنان و کچان وەکو ئامێر و کەرەستەی لەزەتی سێکسی خۆیان تەماشا دەکەن.
ئێمە لە پەیوەند بە کەیسی ئابڕوچوونەکەی سەرۆکی سەلەفیەکانەوە کە سەراپای کۆمەڵگای کوردستانی دژی ئەم بێڕێزیە بە ژنان و بە کەرامەتیان هاتونەتەمەیدان و دەنگیان هەڵبڕیوە، ڕادەگەیەنین کە تەنها ئەوە بەس نییە کە ناوبراو لە زانکۆ دوور بخرێتەوە و بێبەشبکرێت لە هەر پۆستێکی ئەکادیمی، بەڵکو لەڕێگای دادگایەکی شەفاف و بێلایەنەوە لەسەر هەرجۆرە دەستدرێژیەك کە بەرامبەر بە خوێندکارانی خۆی و یان هەر کەسێکی دیکە کردویەتی، دادگایی بکرێت و سزای شایستەی خۆی وەربگرێت! هاوکات جەخت لەوە دەکەینەوە هەرجۆرە هەراسانکردن و دەستدرێژیەکی سێکسی و هەرجۆرە بەکارهێنانی پلەوپایەیەکی ئیداری و وەزیفی … بۆ هەڵخەڵەتاندنی ژنان و کچان لە شوێنی کار و خوێندن دا، هەروەها هەرجۆرە پڕوپاگەندەیەکی سوکایەتی و تەحقیرئامێز و بەکەم ناوهێنانی ژنان و کەمکردنەوە لە کەسایەتی ژنان وەکو تاوان هەژمار بکرێت و ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی ببنەوە. دەبێ لەپاڵ ئەم هەنگاوانەدا، پرسی فرە ژنی لە کوردستاندا بە هەموو شێوەیەك قەدەغە بکرێت و هەر کەسێك ئەو کارە ئەنجام دەدات ڕووبەڕووی سزای یاسایی بێتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٩ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
hkkurdistan.org