کەمپینی گرتن و زیندانیکردنی ژمارەیەک لەو بەرپرس و ئەندام پەرلەمانانەی عێراق کە لە گەندەڵیەوە تێوەگلاون و دەیان ملیار دۆلاریان لە قوتی خەڵکی کرێکار و ڕەشورووتی عێراق بەتاڵان بردوە، هاوکات دەستگرتن بەسەر ئەو پارە و مومتەلەکاتانەی کە تاڵانیان کردووە، کاردانەوەیەکی فراوانی لەناو خەڵکی کرێکار و بێبەشکراوی کوردستان و عێراقدا دروست کردوە. بەپێی ڕاگەیاندنی وەزیری پێشووتری ناوخۆی عێراق (جبر باقر سۆلاغ) تەنها لە سەردەمی مالکیدا نزیکەی ٣٠٠ ملیار دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت دیارنەماوە. مەزەندە دەکرێ لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە کە ئەمریکا عێراقی داگیرکرد و دەسەڵاتی عێراقی دایە دەستی ئەم گروپە چەتە و تاڵانکارانە، نزیکەی یەك ترلیۆن دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت لەلایەن ئەم بەرپرسانەوە دزرابێت!
ئەوەی جێگای سەرنجە تائێستا زۆربەی ئەوانەی دەستیگرکراون لە گروپی (هاوپەیمانی ئەلعەزم)ن کە رێکخراوێکی سونەیە و هەروەها کەسانێکیشی لەحکومەتەکەی پێشووی سودانی گرتۆتەوە…. هەروەکو سەرانی گەندەڵی پلە یەك لەوانە مالکی و عەمار حەکیم و عەبادی دەستخۆشیان لە عەلی زەیدی کردوە بۆ ئەم هەنگاوەی! سەرەرای ئەوە تائێستا قسە لەسەر بەرپرسانی کوردستان نەکراوە کە شەریکە بەشی تاڵانچیەکانی ناو حکومەتی عێراقن و دەیان ملیار دۆلاریان لە قوتی خەڵكی کوردستان دزیوە و تاڵانکردوە.
بێگومان دەستگیرکردن و سزادانی هەمو ئەوانەی کە پۆستە حکومیەکانیان بەکاردەهێنن بۆ دەوڵەمەندبوون و تاڵانکردنی داهاتی گشتی و بێبەشکردنی هاوڵاتیانی لەهەرجۆرە خزمەتگوزاریەکی گشتی، جێگای خۆشحاڵی خەڵکی ناڕازی و ستەملێکراوی کوردستان و عێراقە، بەڵام لەوە گرنگتر پێویستە ئەم کەمپینە تەنها بەوەوە تەنگەبەرنەبێتەوە کە کۆمەڵێك تاڵانچی و مافیای بچووک بکاتە قوربانی پاراستنی تاڵانچی و مافیاکانی دزینی سامانی کۆمەڵگا و سەرەگەورەکانی گەندەڵی و تاڵانچێتی وەکو بەرزەکی بابان بۆی دەرچن. هاوکاتیش جەماوەری بێبەش نابێ خۆشخەیاڵییەکی وایان هەبێ کە ئیتر ئەم هەنگاوە چەتەیی و تاڵانچێتی دەسەڵات بنبڕدەکات. دەسەڵاتێک کە هەر خۆی پایەکانی لەسەر دزینی بەری ڕەنجی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکیش وەستاوە، بێ تاڵانی و گەندەڵی ناتوانێ تەمەنی درێژبێ. هەروەها پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە دەبێ ئەو پارەو سامانەی دەستی بەسەردا دەگیرێت بۆ مەبەستی دابینکردنی موچەی شایستە و خزمەتگوزاری گشتی و پێداویستیەکانی هاووڵاتیان خەرجبکرێت. بەڵام ئەوەی دەستی پێکردوە لەلایەن عەلی زەیدیەوە وەڵامدانەوە بە خواست و ئارەزوەی خەڵکی ناڕازی و هەژارکراوی عێراق و کوردستان نییە، بەڵکو بۆئەوەیە کە لەم ڕێگایەوە پشتیوانییەکی جەماوەری بۆ حکومەتەکەی بەدەستبهێنێت تابتوانێ سیاسەتە ئابوری و ئەمنیەکانی جێبەجێ بکات، کە بەشێوەیەکی سەرەکی دەبێ وەڵام بە مەرج و خواست و پێدوایستیەکانی ڕۆڵی تازەی ئەمریکا لە عێراقدا بداتەوە. هەربۆیە لە پەیوەند بەم کەمپینەشەوە کە حکومەت دەستی داوەتێ، ئەگەر سیاسەتی مالی و داهات و خەرجی بەشێوەیەکی شەفاف بۆ ڕای گشتی ڕانەگەیەنرێ، هیچ گەرەنتییەک نییە حکومەتێکی دوای ئەو، چەندی تر بەناوی گەندەڵیەوە دەداتە دادگا و بەمجۆرەش چەند ملیاری تر لە داهاتی کۆمەڵگە بە تاڵان دەبرێ.
هەرئەوەی کە بەشێك لە دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە ملیارەها دۆلار لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە دزراوە، ماهیەتی چینایەتی و دژە کرێکاری و دژە خەڵکیی ئەو دەسەڵاتە دەخاتەڕوو. ئەوە بەڕوونی نیشاندەدات کە چۆن لەسەر حسابی برسێتی و هەژاری ئەوان سامانی خەیاڵیان پێکەوەناوە. لە هەرێمی کوردستانیش، یەکێتی و پارتی کە خۆیان لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە کۆنترۆڵی سەرجەم داهاتی کوردستانیان کردوە و تاڵانی دەکەن، لە دوای ٢٠٠٣ شەوە شەریکە بەشی دز و تاڵانچیەکانی عێراقن و سەدان ملیار دۆلاریان لە بەشەبودجەی خەڵکی کوردستان دزیوە و ژیانێکی شاهانەیان بۆ خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان دەستبەر کردووە.
کەواتە ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە و یەکگرتووانە ئەم هەڵمەتی دژە گەندەڵیە بکەنە دەرفەتێک بۆئەوەی سەراپای بەرپرسانی حکومەتی بۆرژوازی عێراق و کوردستان و بەرپرسانی میلیشیایی و حزبە چەکدارەکان کە هەریەکەیان دەستیان بەسەر چەندین چاڵە نەوت و کۆمپانیای بازرگانی و قاچاخچێتیدا گرتوە، بخەنە ژێر مەنگەنەی لێپیچینەوەوە بۆ ئاشکراکردنی سامانەکانیان و دەستگرتن بەسەریدا بەمەبەستی بەکارهێنانی لە خزمەتی خەڵكی عێراق و کوردستان و دابینکردنی بژێوی و خزمەتگوزاریە گشتیەکاندا.
پێویستە جوڵانەوەیەکی سەراسەری جەماوەری بێتە مەیدانەوە کە بتوانێ جگە لە ناساندنی تەواوی سەرانی دز و تاڵانچی لە عێراق و کوردستان، فشارێکی ئەوتۆی جەماوەری پێکبهێنێ لەپێناو سیاسەتێکی شەفافانەدا تا بەمجۆرە بوار بۆ جەردەیی سەرانی بۆرژوازی بەرتەسک بکاتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق
٣ی تەموزی ٢٠٢٦
hkkurdistan.org