دەشتی جەمال
دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا–ئیسرائیل دژی ئێران و کۆتایی هاتنی بە ئاگربەست، ڕوون بوو کە ئامانجە سیاسییەکانی هێرشبەران نەگەیشتن بە ئەنجام. سەرەڕای کوشتاری سەرانی کۆماری ئیسلامی، وێرانکردنی ژێرخانەکان و کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، سیاسەتی ترەمپ و هاوپەیمانەکانی لە شکاندنی ڕژێمدا سەرکەوتوو نەبوو..درێژبوونەوەی شەڕ هەندێك گۆڕانکاریی گرنگی لە ناوچەکە دروست کرد. یەکێك لەوانە مەترسی داخستنی گەرووی هورموز بوو، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گواستنەوەی وزە و بازرگانیی جیهانی هەبوو. هەروەها، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە، باری ئەمنیی ناوچەکەیان ئاڵۆزتر کرد. لە هەمان کاتدا، جیاوازیی هەڵوێستی ناتۆ و ئەوروپا و زیادبوونی ناڕەزایەتی دژەشەڕ لە ئەمریکا و ئەوروپا، فشاری سیاسی لەسەر واشینگتۆن زیاد کرد. کۆی ئەم فاکتەرانە وایان کرد ترەمپ ناچار بێت ئاگربەست بسەپێنێت.
ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێکردنەوەی دانوستان، بە تایبەتی لە چوارچێوەی یاداشتنامەی چواردە خاڵی نێوان ئێران و ئەمریکا، ناسراو بە «یاداشتنامەی ئیسلامئاباد»، کە بە نیوەندگیری پاکستان و قەتەر ئەنجام درا، دۆخێکی نوێی خوڵقاند.
ئەم ڕێککەوتنە، لەگەڵ ئەوەی دۆخەکە لە نێوان شەڕ و ئاشتیی ناتەواودا هێشتۆتەوە، بەڵام هیوایەکی نوێی خستە ڕوو بۆ ژیانی ملیۆنان کەس لە ئێران و ناوچەکە، کە ماوەیەك لە ژێر سایەی شەڕ و مەترسییەکاندا بوون و ئاسایش و سەقامگیرییان لە مەترسی بوو.
لە ناو یاداشتنامەکەدا چەند خاڵی سەرەکی هاتووە: کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان، ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر نەوت و پترۆکیمیایی بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، ئازادکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرموز، دابینکردنی ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئابووری ئێران، و ڕێگەدان بە ئاژانسی ئەتۆمی بۆ پشکنین و هەروەها هەڵگرتنی سزاکان.
بەم پێیە، ئەمریکا و ئێران ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان پیشان داوە، لە کاتێکدا دۆخەکە هێشتا لە نێوان شەڕ و ئاشتیی ناتەواودا ماوەتەوە، بە هۆی درێژبوونی قەیران و قورسایی ململانێکان.
هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەرفەتێکی گرنگ بۆ کۆماری ئیسلامی دروست کرد. ڕژێم بە ناوی بەرگری لە نیشتمان هەوڵیدا ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەهێز بکات و بەشێك لە کۆمەڵگا لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. هەروەها، بە پڕوپاگەندە هەوڵیدا خۆی وەك پارێزەری ئاسایشی وڵات پیشان بدات. ڕژێم بەهۆی شەڕەکەوە هەوڵیدا کەشێکی میلیتاریستی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بخاتە دواوە و شەپۆلێکی نوێی سەرکوت و فشارە ئەمنییەکان دەستپێ بکات. لە هەمان کاتدا، فشار لەسەر زیندانیانی سیاسی زیاتر بوو، حوکمە قورسەکان، سنووردارکردنی مافی دادوەری و هەڵسوکەوتی توند بەردەوامن. مانگرتن لە خواردن بووەتە یەکێك لە شێوازەکانی ناڕەزایەتی، بەڵام دۆخی تەندروستی زۆربەی زیندانیان بە مەترسییەکی جیددی ڕووبەڕووە. هەروەها، خێزانەکانیان لە ژێر هەڕەشە و فشارن، و حکومەت بە بڕین و سنووردارکردنی ئینتەرنێت و میدیا هەوڵ دەدات دەنگی ناڕەزایەتی و تاوانەکانی بشارێتەوە.
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە دەرکردنی حوکمی قورس و ناڕەوا شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی هەلسوراوانی سیاسی وکەسانێك بەبەهانەی سیخوری بۆ دوژمن لەدەورەی شەرەکەدا لەسێدارەداوە وبەردەوامە لە گرتن و سەرکوتکردنی ئازادیخوازان و نەیارانی سیاسی .ئەمە جگە لەوزەرەرو زیانە زۆرە مرۆی وکاولکاریەیی کە شەرە کەبەسەر کۆمەڵگەی ئیراندا دایسەپاند .
هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران، ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و ناسیۆنالیستی بەدوو بەرەبەشکرد، بەشێك لە ژێر ئاڵای بەرگری لە نیشتمان و بەرەنگاربوون لە هیرشی دوژمن دژی شەڕ بوون، و بەشێکی تر لە ژێر ناوی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەریگەی هێرشی ئەمریکا–ئیسرائیل لە شەڕەکە پاڵپشتیان کرد. لەمنیوەدا، سەڵتەنە تەلەبەکان، هێزە ناسیۆنالیستییە کوردەکان،موجاهیدینی خەلق، گرووپە نەتەوەییەکان وەتەنانەت چەپی غەیرەکرێکاری، بەهەمان شێوە بەشداربوون لەودۆخە ناهەموارە و بە فەرمی رایانگەیاند کە دەبنە هێزی زەمینی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل وەتەنانەت کۆمەڵێك لەهێزە کوردیەکانیلایەنگری شەڕ، ئیمکاناتی مالی خەیاڵیان خرایە بەردەست . ئەم بەرەیە، سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکانی، بەیەکەوە بوون بۆ پڕوپاگەندە، هاندانی ڕاپەڕینی خەڵکی ئیران و شەرعیەتدان بە هێرشکردنە سەر خەڵکی ئیران، بووە هەڕەشەیەکی جیددی لەبەردەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی.
لە بەرامبەردا، بەشێك لە کۆمۆنیستەکان و حیزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان لە ئێران و عێراق، تاکە هێزی سیاسی بوون کە بەشێوەیەکی ڕوون و یەکگرتوو دژی هێرشی سەربازی ئەمریکا–ئیسرائیل و دژی شەڕ وەستان. ئەوان هەروەها دژی کۆماری ئیسلامی و میلیتاریزم ڕاوەستان و بەرگرییان لە خەڵکی ئێران، چینی کرێکار، ژنان و دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە کرد.زیاتر لەوەش، کۆمۆنیستەکان دژی سەپاندنی هەژاری و هەڵمەتەکانی لەسێدارەدانی ڕژێم بە بیانوی شەڕەوە ڕاوەستان. هەروەهاپەردەیان لەسەر سیاسەت و نەخشەکانی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی و ناسیۆنالیستی هەڵدا و بەرگرییان لە ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئێران کرد.
لە هەمان کاتدا، وەك بەشێك لە بەرەی جیهانی دژەشەڕ، هەوڵیان دا یەکێتییە کرێکارییەکان و هێزە کۆمۆنیست و سۆسیالیستییەکان لە بانگەوازی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و ئازادیخوازی ئێران پشتیوانی بکەن.بانگەوازیانکرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، لابردنی دەستبەجێی گەمارۆکان و وەستاندنی ململانێی ئابووری. ئەم سیاسەتانە، کە لە پێناوی هەژمونی ئەمریکادا پێش دەبرێن، ملیۆنان کەسیان ڕووبەڕووی گرانی، هەژاری و نەهامەتی کردووەتەوە، و هەروەها زەمینەیان بۆ هەڵکشانی رەوتە فاشیستی و ڕەگەزپەرستەکان و دابەشبوونی چینی کرێکار لە هەندێک وڵاتی ئەوروپا و بەریتانیا ڕەخساندووە.
ئێستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکی چوونە ناو قۆناغێکی نوێیە. لاوازبوونی هەژمونی ئەمریکا، دروستبوونی هاوپەیمانییە نوێکان و گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزی ئیمپریالیستی و ناوچەیی، دۆخێکی نوێیان خوڵقاندووە. بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە هێشتا هیچ دڵنیاییەك بۆ ئاشتییەکی پایەدار لە ناوچەکە ناهێنن. لەم دۆخەدا، حکومەتی ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی و هێزە جیهانییەکان، هەر یەکەیان بەدوای پاراستن و فراوانکردنی بەرژەوەندی و پێگەی خۆیانن.لە ناوخۆی ئێراندا، لەگەل ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات شکستەکانی پاساو بداتەوە و کەشێکی ئەمنی بەناوی بەرگریکردن لە نیشتمان دروست بکات بۆسەرلەنۆێ هەستانەوەو توندکردنەوەی دەسەڵات. لەگەل ئەوەشدا وەستانی ئەم جەنگە دەرفەتێکە بۆ سەرلەنوێ هەستانەوەی بزووتنەوەی شورشگیرانەی خەڵکی ئیران وچینی کرێکار و خەلکی زەحمەتکیشی ئیران و دریژەدان بەخەباتیان دژ بە هەژاری، بێکاری و ستەمکاری ورووخانی کۆماری ئیسلامی ئیران.
ئەم دۆخە نوێیە ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر شانی کرێکارانی کۆمۆنیست، بۆ هۆشیارکردنی چینی کرێکار و یەکخستنی ڕیزەکانیان لە دەوری ئاسۆیەکی ڕوون. ئامانج ئەوەیە کاریگەریی کۆمۆنیزم فراوانتر بکرێت و چینی کرێکار و خەڵك ونارەزایەتیەکانیان لە دەوری ئاسۆی سۆسیالیستی یەکبخرێن.
لەم ڕوانگەیەوە، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبێت بە هەنگاوی یەکەم بۆ بەهێزکردنی هێزی چینی کرێکار و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێکی سەرکوتکار، کە زیاتر لە چل ساڵە ژیانی خەڵکی ئێران و کۆمەڵگا هاڕیوە.
کۆتایی شەڕ، کۆتایی ململانێ نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی خەباتە. ئەگەر چینی کرێکار و هێزە کۆمۆنیست و سۆسیالیستییەکان بتوانن خۆیان ڕێکبخەن و یەکگرتوو بجوڵێن لە ئاستی جیهاندا بەرامبەر بەسیاسەتی میلیتاریزم شەرخوازانە ڕابوەستن، دەتوانن هاوسەنگی هێز بە قازانجی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان بگۆڕن.
١/٧/٢٠٢٩
hkkurdistan.org