موحسین کەریم
میدیاکانی کوردستان باس لەوە دەکەن کە پارتی و یەکێتی بڕیارە بەدەم بانگەوازەکەی سەلاحەدین بەهادینی سەرۆکی یەکگرتووەی ئیسلامیەوە بچن و کۆبونەوەی لوتکە؛ واتە کۆبونەوەی بەرپرسانی پلە یەک و خاوەن بڕیاری یەکلاییکەرەوەی هەردوو حزب، ئەنجام بدەن!
دوای نزیك بە دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە لەسەر دروستکردنی حکومەتێکی هاوبەش پێکبێن. ئەگەرچی لە واقعیەتی سیاسی کوردستانی عێراقدا، هەڵبژاردنی پەرلەمان و پیکهێنانی حکومەتی هاوبەش وەکو ئاکامی هەڵبژاردن، تەنها سیناریۆیەکی سیاسیە بۆ پیشاندانی ئەوەی کە گوایە لەکوردستانیشدا وەکو هەر ووڵاتێکی دیکەی دیموکراتیك، حکومەت لەئاکامی دەنگدانی خەڵکەوە پێکدێت و نوێنەرایەتی دەنگی ئەوان دەکات. بەڵام ئەگەر ئەم مەسەلەیە، واتە هەڵبژاردنی حکومەت لەلایەن خەڵکەوە، لە ووڵاتانی لانکەی دیموکراسی بۆرژوایی رۆژاواشدا، تەنها درۆیەکی سیاسی گەورە بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان تەنها قسەیەکی پووچە کە سەختە هیچ کەسێك هەبێت بڕوای پێبکات!
یەکێتی و پارتی دوو دەسەڵاتی لۆکاڵین لە دوو ناوچەی نفوزدا، کە بەناوچەی سەوزو زەرد دەناسرێت! هەردوکیان دەسەڵاتی سیاسی و ئیدارییان تەنها لە ناوچەی نفوزی خۆیاندا کاردەکات. هەمووانیش دەزانن کە حکومەتی هاوبەش، دامەزراوەیەك نیە عەمەلیبونەوەی دەسەڵاتیان بەرجەستە بکات، چونکە دەسەڵاتی ئەوان پێشتر لەهەر هەڵبژاردن و حکومەتێك، لەدوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ەوە، دابەش و دیاریکراوەو بڕاوەتەوە. بەڵام بۆچی حکومەتی هاوبەشیان پێویستە!؟
١/ لەبەرئەوەی بەرامبەر بە بەغداو حکومەتی ناوەند وەکو یەك پەیکەرەی حکومی و دەسەڵات دەرکەون. یەکێتی و پارتی ناتوانن وەکو دوو ناوچەی نفوز و دەسەڵات لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا مامەڵە بکەن لە پەیوەند بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و پرسە ئابوریەکان و بودجەو شایستە داراییەکان و خزمەتگوزاریەکان و…تاد. ئەوە خۆی لە خۆیدا مانای کۆتاییهاتنی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن:” قەوارەی هەرێم”ە! بێگومان ئەمەش بەجۆرێك قبوڵکردنی کۆتایی دەوری هەریەکە لەو دووحزبەیە وەکو دوو دەسەڵاتی دیفاکتۆی ناوچەکانی نفوزی خۆیان و تەسلیمبوونی سیاسی- ئیداری تەواوەتیە بە بەغدا!
٢/ لەلایەکی دیکەوە، دروستنەبوونی حکومەتی هەرێم و پێکنەهاتنی یەکێتی و پارتی لەسەر حکومەتێکی هاوبەش، کێشەی جدی بۆ پەیوەندی بەغدا و هەرێم دروستکردوە لە پەیوەند بە پرسی گازو نەوت و بودجە و لەئاکامی ئەوەشەوە، کێشەی مووچە بۆ کارمەندانی کەرتی حکومی و خزمەتگوزاریە گشتیەکان و گەشانەوەی ئابوری دروستکردوەو دەیان هەزار هاوڵاتی ئامادەبەکار بێکار و بێ هیچ سەرچاوەیەکی ژیان و گوزەرانن! ئەم دۆخەش هەمیشە پاڵنەرێکی گرنگ بووەو هەیە بۆ ناڕەزایەتی جەماوەری دژ بە دەسەڵاتی هەردوو حزب!
٣/ لە پەیوەند بە دەولەتان و ووڵاتانی دیکەوە، لە پرسە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوریەکان و گریبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنان لەناوچەکانی نفوزی هەردوو حزبدا، یەکێتی و پارتی ناچارن سیمایەکی هاوبەش لەخۆیان نیشان بدەن، چونکە هیچ دەولەت و کۆمپانیایەک ئامادە نیە وەکو دوو دەسەلات مامەڵەیان لەگەڵ بکات و لە ناوچەیەکی نائارام و پڕ ململانێدا وەبەرهێنان بکەن.
٤/ خاڵێکی دیکەی گرنگ سەردانەکەی تۆم باراك نێردەی ترامپ بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆبونەوە لەگەڵ سەرانی پارتی و یەکێتیدا. ئەوەی وایکرد دوای نزیك بە دوو ساڵ لە دوورەپەریزی یەكیتی و پارتی و رێكنەکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لەنیوان خۆیاندا، باسی کۆبونەوەی لوتکە بکەن، پێشنیارو دەستپێشخەریەکەی سەلاحەدین بەهادین نەبوو، بەڵکو فشارەکانی تۆم باراك و ئەمریکا بوو بۆئەوەی لەزوترین کاتدا حکومەتێکی هاوبەش پێکبهێنن و کۆتایی بەو دۆخەی ئێستا بهێنن!
ئەمریکا لەبەر چەند هۆکار پیویستی بەوەیە کە یەك حکومەتی هەرێم هەبێت، دەنا دەزانێ کە دوو حزب دەسەڵاتی دوو ناوچەی نفوزی خۆیان هەیە و هەرخۆشی دەوری هەبوو لەو دابەشکردنەدا دوای رووداوەکانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦!
ئەلف/ ئەمریکا دەیەوێ هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئەمنیەوە جێگیر و ئارام بێت. چونکە نائارامی و فەوزای سیاسی و ئەمنی، دەتوانێ دەستی ووڵاتانی ناوچەکە لە هەرێمی کوردستاندا درێژتر بکات و بیکاتە ناوچەیەکی نائارام بۆ بوونی ئەمریکا لە عێراق و کوردستاندا.
باء/ ئەمریکا دەیەوێ عێراق بەرەو ژێر نفوزو هەژمونی خۆی کێش بکات و بەشێوازی جۆراوجۆر فشار دەهێنێ بۆ حکومەتی ناوەندی لەئێران دووربکەوێتەوە. ئەمریکا بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و ئەمنی گەورەی هەیە لە عێراق وکوردستاندا. بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە هەرێمێکی کوردستانی ئارام و بێکێشە هەیە بۆ کاریگەری دانان لەسەر عێراق و هاوکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێم، تا بتوانێ عێراقێکی ناوەندی بەهێزی دوور لەئێران دروست بکات.
جیم/ جێگای هەرێمی کوردستان و حزبەکانی یەکێتی و پارتی لە کەیسی کوردستانی سوریا و پرسی تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە بە حکومەتی سوریا، بۆ ئەمریکا بایەخێکی گرنگی هەیە. ئەمریکا بەهەر نرخیك بووە دەیەوێ ئەو پرۆسەیە بەسەرەنجام بگەیەنێت. لەراستیدا پرسی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا تەنها پرسێکی ئیداری نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی ئاڵۆزو پێچیدەیە و پەیوەستە بە قبوڵکردنی حکومەتی شەرع بە دەسەڵاتی پەیەدەو هەسەدە بەسەر ئەو ناوچانەدا کە ناوچەی کوردنشین ناسراون لە سوریادا. ئەمریکا پیویستی بەوە هەیە دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا ئارام و بێکێشە بێت. چ بەرژەوەندی خۆی و چ هاوپەیمانە هەرێمیەکانی؛ تورکیا وئیسرائیل ئەوە دەخوازێت. لەم روەشەوە ئەمریکا پیویستی بە یەکێتی و پارتی و بە هاوکاری و لێكنزیکبونەوەی ئەوان لەیەکتر هەیە!
کەواتە کۆبونەوەی لوتکە، وەڵامدانەوە لەبەر خاتری “مامۆستا سەلاحەدین بەهادین” نیە بەڵکو لەسەر بڕیار و فەرمانی “خاوەن شکۆ تۆم باراک”ە!
hkkurdistan.org