تاوانی ١٤ی ٧ی ساڵی ٢٠٠٠

جەمال موحسن

ئۆکتۆبەر بە مەبەستی یادکردنەوەی تاوانی تیرۆری ٥ی کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەلایەن یەکێتی نیشتنمانیەوە، کە ئێوارەی ١٤ی ٧ی ساڵی٢٠٠٠  لەناوجەرگەی شاری سلێمانیدا ئەنجامدرا، پرسیارێکی ئاڕاستەی جەمال موحسین ، لە ڕابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی وکوردستان و برای هاورێ (عبدالباسط موحسین) ناسراو بە شێخ عەبدول،  یەکێك لەو (٥) کادرەی حزب کە لەو کردەوە تیرۆیستیەدا گیانی لەدەستدا، کرد، دەربارەی هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تاوانەی یەکێتی بەرامبەر بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری! فەرموون لەگەڵ وەڵامەکەی هاورێ جەمال موحسین:

سەرەتا درود ئەنێرم بۆ یادی گیانبەختکردنی هاوڕێیانی ڕووداوەکەی ١٤ی تەموزی ٢٠٠٠ و سەری ڕێزم لەبەردەم خەبات و تێکۆشانی کۆمۆنیستی و ڕاوەستاوی و ئازایەتییاندا دائەنەوێنم. وەک ناسۆری لەدەستدانی ئەو ئازیزانە تەواو نابێ و هەمیشە لە یادگەماندا بە زیندووێتی ئەمێنێتەوە، ڕێبازی کۆمۆنیستییان چرای ڕۆشنکەرەوە و بەردەوامی ڕێبازەکەیانە و لە دەستی ئێمەدایە.

سەرکردایەتی ئەوکاتی یەکێتی نیشتمانی بە بڕیارێکی کتوپڕ و لە شەووڕۆژێکدا نەگەیشت بەوەی کە کۆمۆنیستەکان بکوژێت و چالاکی هەڵسوڕانیشیان قەدەغە بکات، ئەم مەسەلەیە پێشینەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە لە کوردستاندا. زۆر بە کورتی، یەکێتی هەر لەوکاتەوە کە تەحەمولی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شورایی، لەسەر دەستی کۆمۆنیستەکاندا، نەکرد و پێی داخستن، لەوەوە بوو کە تێگەیشتبوو کۆمۆنیزم وەک بزووتنەوەیەکی چینی کرێکار لە کوردستاندا پێی ناوەتە مەیدانی سیاسەت و دەخاڵەتگەرییەوە لە کۆمەڵگەدا. درکی “مەترسییەکی” کردبوو کە ئەم بزووتنەوەیە ئەگەر بەهێزتر ببێت و تەواوی چینی کرێکار بهێنێتە پێشەوەی سیاسەتکردن و ململانێی چینەکان لەسەر دەسەڵاتی سیاسی، دەسەڵاتی ئەوان وەلائەنێت. هەر ئەوە بۆخۆی زەنگێکی چینایەتی بوو لە گوێی سەرکردایەتی یەکێتیدا زرنگابۆوە.

لە ڕاستیدا لەو کاتەوە ململانێی نێوان کۆمۆنیزم و کرێکار لەلایەک و یەکێتی، کە هێزێکی سەرەکی بۆرژوازی کورد بوو دەستی پێکرد. ئەم کێشمەکێشمە دواتر لە چەندین سات و بۆنە و جوڵەدا ڕەنگی دایەوە و دەرکەوت. هێرش بۆ سەر ڕێکخراوە جەماوەریە کرێکاریەکان و بەرترسککردنەوەی هەڵسوڕان و چالاکیە جەماوەریەکانیان، هەتا پیلانگێڕی لە دژیان (بە نمونە لە دژی یەکێتی بێکاران)، نمونەکانی هەوڵدانی یەکێتی بوو بۆ سەرکوت و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمۆنیزم. دیارە نمونەی تری زۆر هەن کە هەرکەسێک بە مێژووی بزووتنەوەی ئێمە و مامەڵەی هێزەکانی بۆرژوازی کورددا بچێتەوە، پڕە لە هەڵکوتانە سەر ڕێکخراوەکان و قەدەغەکردنی چالاکی و خۆپیشاندانەکانیان و ڕاوەدوونانی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و جەماوەریی کرێکاری و زیندانیکردنیان، کە نیشاندەری ئەم ڕووبەڕووبوونەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەن.

بەم پێشینەیەوە ئەمەوێ بڵێم کە کێشەی نێوان ئێمە وەک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەو چوارچێوەیەدا بووە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵ و دەخاڵەتگەری ئێمە لە مەسەلە گرێی و کێشەکانی کۆمەڵگە لەپاڵ ڕێکخستنی کرێکاران و خەڵکی بێبەش، بووبووە مایەی هەراسانبوونی ناسیۆنالیزمی کورد و حیزبەکانی، وە یەکێتیش. بەتایبەتی لەو کاتانەدا کە ئێمە وەک هێزێکی خۆبەخاوەنزانی کۆمەڵگە، لەبەرامبەر دوو مەسەلەی زۆر گرنگ و چارەنووسسازدا بەرنامەی ڕۆشن و یاسای بەدیلمان هەبوو، چاومان زۆر لەسەر بوو. یەکەمیان، چەوسانەوەی ژنان و پلەدووییان و یاساکۆنەپەرستانەکانی باری کەسێتیی ڕژێمی بەعس، کە لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامەوە بوو (وە لە کوردستانیشدا کاری پێئەکرا). دووەمیشیان، مەسەلەی چارەسەرکردنی کێشەی میللی خەڵکی کوردستان و پێشنیاری جیابوونەوەی کوردستان لەڕێی ڕاپرسی خەڵکەوە. ئەم دوو مەسەلەیە تەواو یەکێتی قەڵس کردبوو، بەجۆرێک کە نە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و نە ڕژێمی بەعس لێی قبوڵ ئەکردن. داخوازی ئەم دوو دەوڵەتە بۆ سەرکوتکردن و قەدەغەکردنی کۆمۆنیزم و دەنگی ئازادیخوازانەی بزووتنەوەکەمان لەهەر کاتێک زیاتر کەوتبووە سەر مێزی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەم دوو مەسەلەیە تینی بۆ هێنابوون. ئەبووایە لە درێژەی هێرشەکانی پێشوویاندا، پیلانێک دابڕێژن لە دژمان.

ئەوە بوو سەرەتا لەدوای هەڵبژاردنی شارەوانیەکانەوە کەوتنە دەستگیرکردنی ٣ کادری ڕابەریی حیزبمان کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە لە دەست زەبر و مەترسی ڕژێمی بەعس هەڵهاتبوون و لە کوردستان نیشتەجێ بوون. هەروەها لە ڕێگەی دەعوانامە ئابڕوبەرانەکەیانەوە، بەناوی نەزەر عەلی ئەکبەرەوە، درێژەیان پێدا. یەکێک لە خاڵە زۆر سەرەکیەکانی ناو ڕیسوانامەکەیان هەر ئەو دوو مەسەلەیە بوو کە لە سەرووتر ئاماژەم پێدان، واتە یاسای یەکسانی ژن و پیاو وە جیابوونەوەی کوردستان. بەهۆی کار و هەڵسوڕانی سیاسی و جەماوەری ئێمە و هاتنەپشتی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئازادیخواز توانرا پاشەکشەیان پێبکرێ و ڕسوانامەکەشیان هەڵوەشاندەوە. ئەمجارە ئیتر بۆ یەکێتی نەئەکرا لێبگەڕێ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بەهێز ببێ و ڕەگی زیاتر دابکوتێ. بیانووی بوونی بارەگای چەکداریان هێنایەپێشەوە بەبێ ئەوەی فشار بۆ هیچ لایەن و حیزبێکی تر لەسەر ئەو مەسەلەیە بهێنن و خۆشیان تەواوی شاروشارۆچکەکانیان میلیتاریزە کردبوو. بۆیە زوو دەرکەوت بیانوویەکی پووچ بوو.

دوای گەمارۆدانی نوسینگەی ڕابەریی حیزب لە عەلی ناجی و ڕادیۆ لە زەرگەتە و بڕینی ئاووکارەبا و تەلەفون و سەرەڕای ئەوەی شاندێکی ڕابەریمان لەگەڵ خودی نەوشیروان مستەفا دانیشتن و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بارەگاکانمان بەرینە دەرەوەی شار، کەچی ئەوان سەرەتا بە قەناس هاوڕێیەکی حیمایەی ڕابەرییان لەسەر بارەگاکە کوشت. دواتریش هاوڕێیانێک کە بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستی چووبوون و بە ئۆتۆمۆبیلێک لە بازاڕ ئەگەڕانەوە کەوتنە کەمینێکی هێزەکانی ئاسایشەوە لای ئەمنەسوورەکە و ٤ هاوڕێی تریشمان لەوێدا کوژران و کەسێکیشمان بریندار کرا (کە دواتر خۆشبەختانە لە مردن ڕزگاری بوو). ئەو هەموو هێزەی کۆکرابوونەوە و کەمینیان دانابوو هاوکات لەگەڵ تەنینی شار بە هێزی ڕەسمی و ناڕەسمی بەڕۆشنی نیشانی دا کە یەکێتی بەرنامە و نەخشە و پلانی تۆکمەی دانابوو کە ئەبێ لە حیزبی ئێمە بدات و کوشتار بخوڵقێنێ. لە درێژەی جەنگێکی چینایەتیدا کە یەکێتی هەر لە هاتنەسەر دەسەڵاتیەوە دەستی پێکردبوو لەدژی بزووتنەوەکەمان، ئەمە ئیتر ئەو خاڵە بوو کە ئەبووایە بۆی بگاتە ئاکامێک. بەداخەوە جگە لە کوشتنی هاوڕێیان بەڕۆژی ڕوناک و بەبەرچاوی خەڵکەوە، هەڵسوڕانی حیزب و ڕێکخراوە جەماوەریەکانی قەدەغە کرد و دەستی گرت بە سەر بارەگا و هەموو کەلوپەل و مومتەلەکاتەکانی حیزبدا.

بەڵام ئەمە ئەڵقەی کۆتایی نەبوو لەو زنجیرەیە لە هێرش بۆسەر ئازادی هەڵسوڕانی کۆمۆنیستەکان و ڕێکخراوە جەماوەریە کرێکاری و ڕادیکاڵەکان، بگرە ئیتر زەمینە لەبەردەمیدا خۆش بوو بۆ توندکردنەوەی سەرکوتگەری و هێرش بۆ سەر هەر دەنگێکی ئازاد و ناڕازی. لە کاتەوە و تاکو ئێستاشی لەگەڵ بێ، مامەڵە و کردەوەکانی هێزە سەرکوتگەریەکانی سەر بە یەکێتی چەندەها نمونەی لە زیندانیکردنی هەڵسوڕاوانی ناڕازی، تەقەکردن لە خۆپیشاندانەکان، هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕابەرانی ناڕەزایەتیەکان، داخستنی ڕێکخراو و هەڵکوتانە سەر تەلەڤزیۆن و میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان و تا ئاستی کوشتنیان ئەو خەسڵەتە دانەبڕاوەی کردەوە سیاسیەکانی یەکێتیە کە پێی ناسراوەتەوە. هەر دەهۆڵێکیش بۆ هەبوونی ئازادی بیکوتێ، ئەو پێشێلکار و کوشتارانە وەک مێخێک لێی هەڵدەچەقن. ئێمە و خەڵکی بێبەش و ناڕازی بەحەق نازناوی بەعسئاسامان بە یەکێتی و پارتیەوە چەسپاندووە. سەرکوتگەری لەپاڵ تاڵان و بڕۆییەک کە ئەوان ئەنجامی ئەدەن، بۆتە پایەیەکی سەرەکی دەسەڵاتەکەیان.

About wp_kurdistan

Check Also

تیرۆریستی ئیسلامی هاوشێوەی فاشیستەکان، مەترسیە بۆ سەر کۆمەڵگە.

بەیاننامەی کۆمیتەی ئەڵمانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سەبارەت بە کردەوە تیرۆریستیکەی شاری بەرلین. ئێوارەی شەممە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *