ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 22 ی تەمووزی 2026 کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی هەردوو حککع و حککک ئەنجامدرا کە تیایدا سێ بابەت تاوتوێکرا:
یەکەم؛ ڕه وشی سیاسی عێراق و هه رێمی کوردستان و ناوچەکە
دووەم؛ په یوه ندی و کاری هاوبه شی نێوان هه ردوولا
سێیەم؛ سه باره ت به هێرشکردنه سەر ژنان و مافەکانیان له عێراق
پاش تاووتێکردنی هەمەلایەنەی بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان و هەرێم، کۆبوونەوەکە جەختیکردەوە لەسەر سیاسەتی جیاوازی هەردوو حیزب و بەهاوبەشی لەگەڵ حیزبی حیکمەتیست-خەتی ڕەسمیدا لەمبارەیەوە کە پێداگرییە لە پەردەهەڵماڵین لەسەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و جەنگیان لە دژی ئێران و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاکامە وێرانکەر و زیانبارەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەش لەناوچەکە و مەترسییەکانی بەردەوامی و سووربوونی ئەمریکا لەسەر جەنگ. هاوکات جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە هەردوو لایەن لەهەر کاتێکدا پێویست بوو هەڵوێستی هاوبەش وەربگرن و هەرجۆرە هەماهەنگی و کارێکی هاوبەش لەم بوارەدا پێویست بوو بگیرێتەبەر. لەم پەیوەندەوە بەردەوامی کەمپینی سیاسی و تەبلیغی لەسەر ئاستی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەردوولا و بەردەوام بەرزراگرتنی ئاڵای کۆتاییهێنانی بێمەرج بە جەنگ و هاندان بۆ پەرەپێدان و ڕێکخستنی بزووتنەوە جەماوەرییە جیهانییەکان بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی جددی و کاریگەر لەسەر ئاشکراکردنی سیاسەتی جەنگی و کۆتاییهێنانی دەستبەجێی جەنگ.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوولا، کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە پەیوەندییەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەش و رێکخراو لەنێوان ڕابەریی هەردوو حیزبدا زیاتر برەوی پێبدرێ لەپێناو هەماهەنگی و کارکردنی پێکەوەییدا. لەمڕووەشەوە جەختکردایەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سیاسی و ئیداری و پراکتیکی پێویست بۆ خێراکردن و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە. لەلایەکی تریشەوە باس لە گرنگی ڕۆڵی هەردوولا له کاری هاوبه ش له عێراق و هه رێمی کوردستاندا کرا.
سەبارەت بەهێرشی توند و دڕندانە بۆ سەر ژنان و مافەکانیان لە عێراق، دوای ئەوەی هاوڕێیان لە حککع ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلیان پێشکەش کرد لەسەر ئەو بارودۆخە کارەساتبارە کە ژنان پێیدا تێدەپەڕن، لەڕووی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتن و تیرۆر و توندوتیژی دژ بە ژنان بەشێوەیەکی ترسناک و سەپاندنی یاساکانی “مدەونەی جەعفەری” بەدناو، کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت حککع ڕۆڵێکی جدی و گرنگ لەم بوارەدا بگێڕێت. هەوڵبدات بۆ کۆکردنەوەی ئەو هێزانەی پشتیوانی لە ماف و ئازادییەکانی ژنان دەکەن لەسەر ئاستی ڕێکخراو و کەسایەتییە مەدەنییەکان و ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی داکۆکیکار لە ژنان لەپێناو فشارهێنان بۆ سەر دەسەڵات لەپێناو دەستهەڵگرتن لەم سیاسەت و ڕەفتارە تاوانکارانەیە و ڕاگرتنی ئەم هێرشانەدا. لەپاڵ ئەمەشدا، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی میدیایی و تەبلیغی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە گرنگی خۆی هەیە. (حککک)یش پشتیوانی تەواو و چالاکانەی خۆی بۆ کارەکانی حککع و ڕاوەستانی لەپاڵیاندا لەهەموو ئاستەکاندا دەربڕی و ڕایگەیاند لەگەڵ تەواوی ئەو هێز و لایەنانەدا کە بەرەنگاری ئەم هێرشانە دەکەن ڕادەوەستێ و هەوڵ ئەدات بۆ ڕاکێشانی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخراوە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە کوردستان و دەرەوە بۆ خەبات لە دژی ئەم هێرشانە و بەدیهاتنی ئازادی و مافەکانی ژنان لە عێراقدا.
کۆبوونەوەکە بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەردەوامی ئەو کۆبوونەوانە و هەماهەنگی و کارکردن بەیەکەوە لەسەر ئەو پرس و مەسەلانەی ئەکەونە بەرنامە و ئەجێندای هەردوو حیزبەوە، کۆتایی هات.
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی هەردوو
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
24 تەمموزی 2026
hkkurdistan.org